شەوناز فاتح
زەڵم گوندێکە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناحیەی خورماڵ سەر بە قەزاو و پارێزگای هەڵەبجە لە باشووری کوردستان.
جوگرافیاکەی:
گوندی زەڵم لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی دزڵی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی ئەحمەدئاوا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەی مەڕ، وە لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ گوندی ناوباخان.
ناوی گوندەکە:
چەند بۆچوونێک هەیە سەبارەت بە ناوی گوندەکە، بەڵام پەسەندترینیان لای خەڵکەکەی ئەوەیە، کە ناوەکەی لە زێ وە هاتووە واتە ئاو یاخود جێیەک کە خاوەنی ئاوێکی زۆربێت.
ژمارەی خانووەکان:
گوندەکە 25 خانووی نەڕووخاوی تێدایە، بەڵام 18 خانوو خێزانی تێدا دەژیێت، وە 7 خانووی بێ خێزانی تێدایە واتە چۆڵن.
دانیشتوانەکەی:
دانیشتوانی گشتی 540 خێزانن کە لە دەرەوەی گوندەکە دەژین، بەڵام ناسنامەیان گوندی زەڵمە و دانیشتوانی ئێستای گوندەکە بەپێی ئاماری کانوونی دووەمی 2022 گوندەکە 18 خێزانی تێدایە کە ژمارەیان 58 کەسە، ژمارەی ڕەگەزی نێر 33 یە، وە ژمارەی ڕەگەزی مێ 24 دەبێت.
نەتەوە و زمان و ئاین:
دانیشتوانی گوندەکە لە نەتەوەیی کوردن، زمانیان جیاوازە زۆربەیان بە شێوەزاری هەورامی قسەدەکەن و هەندێکیشیان بە شێوەزاری سۆرانی، سەبارەت بە ئاینیش پەیڕەوی ئاینی ئیسلام و مەزهەبی سوونی شافعی دەکەن.
پیشەی دانیشتوانەکەی:
دانیشتوانی گوندەکە خاوەنی دەست ڕەنگینیەکی زۆرن بە تایبەت لە بواری تەلارسازی، وە بە پیشەی بازرگانی و ئاژەڵداری و باخداری خەریک بوون، بەڵام لەپێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دانیشتوانی گوندەکە زۆرتر بە پیشەی بازرگانی خەریک بوونە بە تایبەت لەگەڵ گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کاری بازرگانی لە گوندەکەدا بوونی نەما و کاری ئاڵوگۆڕکاری شمەک بە شمەک لەگەڵ ناوچەی شارەزوور و دەورووبەری دەستی پێ کرد و دوای ماوەیەک بوونی نەما.
شوێنی ئەسترۆنۆمی گوندەکە:
گوندەکە دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی 35.20 بۆ 35.25 لە باکووری گۆی زەوی ، وە لە نێوان 46
بۆ 46.7 هێڵی درێژی.
وە ڕێژەی % 4-5 ی ناحیەی خورماڵ پێکدێنێت
لە کۆی 42 گوند.
شوێنە مێژووییەکانی:
قەڵای زەڵمی لێیە کە لە لایەن خان ئەحمەدخان میری میرنشینی ئەردەڵانەوە بنیادنراوە، گۆپە خڵەیشی لێیە کە گۆڕی پاشاکانی مادەکانە.
خوێندن و قوتابخانە:
بۆ یەکەم جار لە مانگی 5 ی 1955 قوتابخانە لە گوندی زەڵم بنیادنراوە لە لایەن شێخ سدیق سەرگەتی و لەو کاتەدا 28 قوتابی هەبووە، پاشان چەند جارێک قوتابخانە داخراوە و کراوەتەوە تا لە کۆتای دا لە ساڵی 2015 قوتابخانە لە گوندە کەدا بوونی نەما.
کاریگەری دیاردە سروشتی و مرۆییەکان لەسەر قەبارە و شێوازی دابەشبوونی
نشینگەکان:
١-هۆکارە سروشتییەکان: گوندی زەڵم 835م کە دەکاتە دوو هەزار و 740 پێ لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزە، وە ئاو و هەواکەی لەجۆری ئاوو هەوای دەریای ناوەڕاستە، جۆری
خاکەکەی بەردەڵانییە، سەبارەت بەسەچاوە ئاوییەکانی پشت بە ئاوی سەر زەوی و دابارین دەبەستن نموونەش وەک سەرچاوەی زەڵم.
زەڵم ئاوێکی زۆر و چیای زۆری هەیە کاریگەری هەیە لەسەر گوندنشینی لەگوندەکەدا
چونکە وەک وتراوە ئاو ئاوەدانییە لەهەر جێیەک کەهەبێت، ئەمەش وایکردووە کە گوندەکە تا ئێستا ئاوەدان بێت و خەڵکی تێدا بژیێت و سەرقاڵ بن بە ئاژەڵداری و باخدارییەوە، وێڕای نەبوونی خزمەتگوزاری هێشتا گوندەکە ژیانی تێدا دەکرێت وئاوەدانە.
٢-هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: سروشتی خەڵکەکەی بەو جۆرەیە کە لەئێستادا دەژین و بیر لە ڕابردوو ناکەنەوە و بە ڕادەیەکی زۆر میوان دۆستن و ئەوەی بۆ خۆیان پێیان خۆشە بۆ میوانەکانیشیان پێیان خۆشە، وە خاوەنی جۆرە قسەکردنێکی تایبەتن بەهۆی بوونی دەنگی ئاوی سەرچاوەی زەڵم دەنگێکی بەرزتریان هەیە کەسانی دیکە.
لەگوندەکەدا 17 بنەماڵە هەن، لەئێستادا هەندێکیان لەوێ دەژین نموونەی ئەو بنەماڵانەش سۆفی، حاجیان.
٣-هۆکارە رامیارییەکان : خەڵکی گوندەکە لەساڵی 1972 راگوێزراون بۆ خورماڵ وە لەکاتی
ئەنفال لەساڵی 1988 ڕوویان کردۆتە ئێران، وە لەساڵی 1988 هەندێک لە دانیشتوانی
گوندی زەڵم لەناوچەی شانەدەری لەقەزای سەیدسادق زیندەبەچاڵکراون.
مۆرفۆلۆجی گوندی زەڵم:
لەناوچەی سەخت هەڵکەوتەی ناوشاخ و لەناو دۆڵێکی درێژکراوەدایە و زەوی تەختی کەمە.
پلانی گوند:
لەرۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکورەوە گوندەکە گەشە دەکات بۆ ئاژەڵداری و بەتایبەت بۆ دانیشتوان وە بەڕووی ئاسۆیی کشاوە.
شێوازی تەلارسازی گوند:
زیاتر کەرەستەکانی وەک دار-بەرد -قوڕ بەکارهێندراوە کە زیاتر کەرەستەیسروشتین
وایکردووە هاوسەنگی بپارێزێت.
بەکارهێنانی زەوی:
وەک ئاماژەمان پێدا جۆری خاکەکەی بەردەاڵنییە کە سەختە بۆ نیشتەجێبوون و باخداری و ئاژەڵداری بەڵام تائێستاش دانیشتووانەکەی توانیویانە زەوییەکان بەباشی بەکاربهێنن.
ئەو کەرەستانەی کە بۆ بیناسازی لەگوندی زەڵم بەکاردێن:
بەرد – قوڕ- خۆڵ – دیمەک – داری گوێز و چنار و توو جۆرێک لم کە سەربانەکەی پێ خۆڵەبان دەکرێت، وە لە دوای ساڵی 2007 ئیزوگامیش بەکارهێندراوە.
جۆری خانووی گوندەکە
گوندی زەڵم دۆڵێکی گەورەی هەیە، وە خانوەکانی لەسەر یەکن، لەبەرئەوەی ناوچەکە
ناوچەیەکی چیایە.
لوتکەی چیای داڵانی لەپشتیەتی و چیاکانی هەورامانیش بەهەمان جۆر لەژێر کاریگەری ئاووهەوای ئەوجێیەدان.
چیاکانی چەند جۆرێک بەردیان لێ دەردەهێنرێت و بەکاردەهێنرێنەوە بۆ نموونە؛ مەرمەڕ بۆ کاشی دروستکردن و هارە بۆ ئاش دروستکردن و زەقاری بۆدروستکردنی دیوار و دیوار بۆ دروستکردنی لەبخ.
زەوی و دەوروبەری خانووەکە
ڕوبەری خانووەکان بەگشتی لە 80م – 150م یاخوود لە 100م – 150م دەبێت.
بەرزی خانووەکان زیاتر لە 4م دەبێت، وە هەندێک لە خانووەکانی قادرمەیان هەبووە و زۆربەی خانووەکانی لە تەنیشت یەکن و لە خوار (بانجێڵکەوە) واتە بانێکی بچوک – کە دەکاتە سەربانی نهۆمی یەکەم و بەردەم نهۆمی دووەم تەنها 3 – 4م هەبووە بۆ حەوشە.
ئەوجا خاکێکی سپی و زەردباویان لە خانووەکاندا بەکارهێناوە پاشان ئاوی تێکەڵکراوە و کراوە بە قوڕ و ڕووی ناوەوە و دەرەوەی پێ داپۆشراوە، سەقفەکەی داربووە و بووەتە هۆی
بەهێزی خانووکە و پارێزگاریکردنی لە مارو مێروو.
پایەکان بە بەرد لەسەریەک دانراون، نهۆمی یەکەم پایەکانی ئەستوورتربوون چونکە نهۆمی دووەمیشی لەسەر بنیادنراوە.
نهۆمی یەکەم جێگای مانەوەی ئاژەڵ بووە و نهۆمی دووەم بۆنیشتەجێبوون بووە، لە هەیوانی ماڵەکەدا نوستوون و ژووری تایبەتیان نەبووە بۆ نوستن. ئەو قوڕەی بەکارهێنراوە بۆ هاوسەنگی کەش وهەوا بووە.
وە دیمەکیان بەکارهێناوە بریتیە لە داری گەورەی داتاشراو بۆ سەر پەنجەرە وەک جسرو شێی دیوارەکەی هەڵمژیووە. بۆ پاساری خانوو خیزەرەیان بەکارهێناوە کە بریتیە لە داری بچووک.
ئێستا لەجێگای خێزەرە بەردێک بەکاردەهێنرێت 30سم – 40سم دەبێت.
سەرچاوەکان:
١-کتێبی گوندنشینی لە هەرێمی چیایی پارێزگای هەولێر بە نموونە، نوسینی:
پ.د.خەلیل ئیسماعیل محەمەد – زانکۆی جیهان، و د.ئەیوب خەلیل ئیسماعیل –
بەشی جوگرافیا – زانکۆی سەڵاحەدین.
٢-کتێبی خورماڵ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆئەنسرۆپۆلۆژی، نووسینی: ئیبراهیم
حاجی زەڵمی.
٣-کتیبی جوگرافیای دێ نشینی، نووسینی: پ.د.خەلیل ئیسماعیل محەمەد،
د.ئەیوب خەلیل ئیسماعیل.
٤-سوپاسێکی بێ پایان بۆ بەڕێزان ئیبراهیم حاجی – ئەنجومەنی ئێستای گوندی
زەڵم، عەلی حاجی – بەڕێوبەری پێشووی قوتابخانەی زەڵم، ڕایان ئایشێ – ئەنجومەنی پێشووی گوندی زەڵم، عیرفان حاجی زەڵمی – خەڵکی گوندی زەڵم و
مامۆستای عەرەبی، کە زۆر هاوکارم بوون.
٥-ئینتەرنێت:
Kurdistan regional government. KRG.
/http://wikimapia.org
/http://www.krso.net
Wikimapia – Let’s describe the whole world!
سەرچاوە : سایتی خەبات