عادل قادری
ئه‌گه‌ر چاوێکی خێرا به تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی به تایبه‌ت فه‌یسبووکدا بخشێنین، ڕۆژانه هه‌واڵی کوژران یان لێدانی برایه‌ک لەلایه‌ن برایه‌که‌وه، خوشکێک له‌لایه‌ن برا و باوکیه‌وه، یان ژن له‌لایه‌ن مێرده‌وه و به پێچهوانهیشەوه ده‌بیستین. بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له کوردستان گوتارێکی چالاک هه‌یه فۆکس و پێداگریی له‌سه‌ر پێکه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی دەكات، به‌ڵام ئه‌م ڕووداوانه نیشانه‌ی باش نین له دۆخی گشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.
بێگومان هه‌میشه به‌شێک له کۆمه‌ڵگە هێمنی و ئاسایش و ئاشته‌وایی له سه‌رووی هه‌موو شته‌کانی ترەوه ده‌بینن و له ڕاستیدا ئه‌مه ئه‌و ده‌روازه جێی ئومێده‌یه که ئێمه ده‌توانین چاوه‌ڕوانی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی ژیانێکی سەردەمی و ئازادانه، لانیکه‌م له ڕووه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییهوهکهیهوه، بکه‌ین.
هیچ گوتارێکی سیاسیی به بێ زه‌وینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێز و پشتگیریکراو، سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێت. له پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌بێت تێچوویه‌کی زۆری ئابووریش بۆ جێگیرکردن و پێ قایمکردنی به‌ها و بنه‌ماکانی خۆی بدات، ده‌بێت هاوکات ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گوتار یان گوتارانهیش بێته‌وه که له ژێر سێبه‌ر و چه‌تری گوتاری ئازادی و پێکه‌وه‌ژیاندا خه‌ریکن به شێنه‌یی یان به توندڕه‌ویی له شیرازه‌ی ئه‌م گوتاره ده‌ده‌ن و له بنه‌مادا هه‌ر قبووڵیان نییه.
من ناپه‌رژێمه سه‌ر هۆکار و حاڵه‌ته‌کانی کوشتن و لێدان له کۆمه‌ڵگەی کوردستان به ڕۆژهه‌ڵات و باشوورییه‌وه که هه‌ر کامه‌یان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمه له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و گوتاره بوه‌ستم که ڕه‌وایی به کوشتن و لێدان ده‌دات. ده‌بێ سه‌ره‌تا بپرسین کامانه‌ن ئه‌و گوتارانه یان تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و گوتارانه چین که ڕه‌وایی به کوشتن و لێدان ده‌ده‌ن؟ بۆچی هیچ کێشه‌یه‌کی وجوودی و مه‌عریفییان له‌گه‌ڵ کوشتن و لێدان له مرۆڤدا نییه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه له پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پێناسه‌یه‌ی ئه‌م گوتارانه بۆ مرۆڤ کردوویانه، ڕاستییه‌کی تاڵ و ناکامییه‌کی ئیفلیجکه‌ره بڵێم مرۆڤ له کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا ته‌نیا له ئاستێکی بچووکی جه‌سته‌ییدا پێناسه کراوه، ئینسان وه‌ک چه‌ق و بهرمهبهستێکی مه‌عریفی و وجوودی پێناسه نه‌کراوه. واته له پانتاییە گشتییه‌که‌یدا ئێمه به‌ر وه‌ها دهرکهتهیهک ناکه‌وین، ڕه‌نگه نیوهپاساوێکیش بێت ئەگه‌ر بڵێین کورد له دۆزێکی هێنده ناله‌بار و پڕ ئالنگارییدا بووه که ده‌رفه‌تی په‌رژانه سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی نه‌بووه.
ئه‌مه ڕاستییه و نابێت چاو له کاریگه‌رییه‌کانی کلا بکه‌ین، به‌ڵام به‌م حاڵه‌یشه‌وه ڕووبه‌ری زه‌ینییه‌تی کوردی، به‌ده‌ر نه‌بووه له تێڕامان له ئینسان و پێگه وجوودییه‌که‌ی، ئه‌گه‌رچی له قه‌واره‌ی شیعر و ئه‌ده‌بدا بووبێت، دیاره له پاڵ ئه‌و گوتاره نیوه‌چڵ و له نێوان "خه‌وف و ڕجایه"دا و ته‌نانه‌ت پاش سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری چه‌پ و لیبراڵیش، هێشتا گوتاری کوشتن و لێدان یان گوتاری سه‌له‌فیی له کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا کاریگه‌ره و ڕۆڵ ده‌گێڕێت.
ئه‌وه‌ی که گوتاره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگەی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که بنه‌ما و کۆڵه‌که مه‌عریفی و فیکرییه‌کانیان جیاوازه، به‌ڵام ئاکار و کرده‌ی هاوبه‌شیان تێدا ده‌بینینه‌وه، ئەوەیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو هۆ:
یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی که ئه‌م گوتارانه جێی خۆیان له‌ناو گوتار و گوتارداڕێژاندا نه‌کردووه‌ته‌وه و ته‌نیا به‌کارهێنانی چه‌مکی بریقه‌دار و یاریکردن به زاراوه‌کان یان به شێوه‌ی گشتی به‌کارهێنانی زمان و ده‌سته‌واژه‌کانی ئه‌و گوتاره‌ن.
دووەم، ئه‌وه‌ی که به‌کارهێنه‌رانی ئه‌م گوتاره ناخۆجێیی و ده‌ره‌کییه، که بێگومان وه‌ک زۆر دیارده‌ی دیکه به‌روبووم و ده‌رهاوێشته‌ی ژیاری ڕۆژئاوایی و شۆڕشه یه‌ک له دوای یهکهکانین، له‌گه‌ڵ گوتاری کۆن که ساڵانێکه پێی ده‌ژی، نه‌که‌وتووه‌ته ململانێیه‌کی مه‌عریفی و فه‌لسه‌فی و ده‌روونییه‌وه و هه‌ر به‌م هۆکاره پاڵنه‌ر و درایڤه سه‌ره‌کییه‌کانی گوتاره مردووه‌که‌ی پێشوو، له پشت ئه‌م دهمامکە زماندار و چهمکبێژهوه قسه ده‌کات و ئێمه سه‌رقاڵ و خڵه‌فاو ده‌کات.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه تایبه‌ت نییه به کۆمه‌ڵگەی کوردی، به‌ڵکوو زۆربه‌ی وڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به زۆریی وڵاتانی مسوڵمان له‌ناو ئه‌م بنبه‌ست و جهغزهدان. وڵاتێکی وه‌ک ئێرانی سه‌رده‌می کۆمار تێڕوانینی بۆ چه‌مکه پیرۆزه‌کانی وه‌ک ئاین و ئێران و... هه‌روه‌ک ڕه‌زاشا و حه‌مه‌ڕه‌زای کوڕێتی، به هه‌ندێک جیاوازیی له ڕیچواڵ و سلووکه‌وه. وڵاتێکی وه‌ک تورکیا له ئه‌تاتورکه‌وه بۆ ئه‌ردووغان چ جیاوازییه‌کی به‌خۆوه بینیوه که ببێت به ڕووبه‌رێک تێیدا به یه‌ک ئاست ڕێز له مرۆڤ و بیروڕا و تێڕوانینه‌کانیان بگیرێت؟ نموونه‌ی تریش زۆرن.
تایبه‌تمه‌ندیی نه‌گۆڕ و جه‌وهه‌ریی ئه‌م گوتارانه له هه‌ناویه‌وه دێنه ده‌ره‌وه و هاوکات هه‌م دروستکه‌ر و هه‌میش دروستکراوی یه‌کترن، واته دیالیکتیکێکی سه‌یر له نێوان و گوتاره‌که‌دا هه‌یه. ئێسته ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌که‌م، ده‌بێت بڵێم یه‌که‌مین تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و گوتارانه‌ی کوشتن و لێدان بره‌و پێ ده‌ده‌ن، کهوناراگهرێتی و دژهئهمڕۆبوونیانه که له‌مێژه ئێمه وه‌ک ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌له‌فیه‌ت" یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو، ده‌یانناسین.
سه‌له‌فیه‌ت ته‌نیا ڕوخساری ئاینی نییه، به‌ڵکوو سیما و ده‌مامکی چه‌پ و لیبراڵ و لائیکیشی هه‌یه، له هه‌ناوی کهوناگهرێتییهوه تایبه‌تمه‌ندیی دووه‌م واته پیرۆزکردن، دێته ده‌ره‌وه. پیرۆزکردنی هه‌ر شتێک جگه له ئینسان، پیرۆزکردن به شێوه‌یه‌ک که ئینسان ته‌نیا به‌رکار و ئۆبژه‌یه و بۆی نییه له‌و چوارچێوه ئایدۆلۆجی و ئیمانییه لا بدات که بۆی دیاری کراوه.
له گوتاری ئاینیدا نموونه زۆرن هه‌ر له مه‌نسووری حه‌لاج و شه‌یخی ئیشراقه‌وه که له دڵی ئه‌و گوتارانه‌وه په‌روه‌رده کرابوون، بگره تا توندوتیژی و تیرۆره‌کانی سه‌رده‌می حه‌سه‌ن سه‌باح و قیرمهتیی و ئیسماعیلییه‌کان و... له گوتاری چه‌پیشدا وڵاتانی چیکسلۆڤاکی و یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو و ئه‌و هه‌موو ڕۆمان و فیلمانه‌ی له چه‌شنی ڕۆمانه‌کانی جۆرج ئۆروێل و میلان کۆندێرا نووسییان، نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن و ئه‌م پیرۆزکردن و پیرۆزپهرستییه، گرێپووچکه‌ی خولانه‌وه‌ی كولتووری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه و تا مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان و سه‌لمان ڕوشدییهکان وه‌ک مولحید و بێ ئه‌خلاق و... بناسرێن و فه‌توایان له‌سه‌ر بدرێت، مرۆڤ به مانا وجوودییه‌که‌ی که خاوه‌ن ئیراده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئازاد بۆ ژیان و بیروڕای خۆی بێت، له دایک نابێت!
تایبه‌تمه‌ندیی سێیه‌م قبووڵنه‌کردنی ئهویترە، واته سڕینەوەی ئه‌ویتر، بۆیه ئه‌م گوتاره بۆ سه‌لماندنی ئه‌م پیرۆزییه ئاماده‌یه "ئه‌ویتر" بسڕێته‌وه و له‌ناوی ببات، جگه له‌و حاڵه‌ته‌ی که "ئه‌ویتر"ی ببێت به به‌شیک له‌و، یان له ئه‌ویتر ده‌رچێت و قبووڵی ئه‌و گوتاره بکات که خۆیبوونی ئه‌و ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. ئه‌مه ته‌نیا سێ تایبه‌تمه‌ندیی گشتیی پێکهوهههڵپێکراون، ئه‌گینا ده‌یان تایبه‌تمه‌ندی و فاکته‌ر و پاڵنه‌ری لاوه‌کی و سه‌ره‌کی ده‌توانن به‌شدار بن له چالاکبوونی ئه‌م شێوازه له ئیش‌کردنی گوتاره به ڕواڵه‌ت لێک دژه‌کان.
له ڕووداوه‌که‌ی چه‌مچه‌ماڵدا، "خواناس" وه‌ک گه‌نجێک سه‌ربه کۆمه‌ڵێک به‌های خۆی و له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی جیهانبینییه‌کدا به ته‌مه‌نێکی که‌مه‌وه ده‌کوژرێت. بکوژ ده‌ڵێت، به‌هۆی جیاوازیی بیروباوه‌ڕه‌وه کوشتوومه. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر خواناس وه‌ک ئینسانێک که هه‌وڵی داوه دنیای خۆی بژی (با له هه‌ندێک خاڵیشدا یان هه‌ندێک جومگه‌دا هاوبه‌شی گوتارهکهیش بووبێت) و بێڕێزیی کردووه به سنووری باوه‌ڕ و عه‌قیده‌ی لایه‌نێک، ئایا ئه‌مه بوار و ئیجازه‌ی کوشتن بە ئێمە ده‌دات؟
بێگومان وه‌ڵامی هه‌ر کاممان به‌ڵێ بێت، ئه‌وا کوڕی ڕه‌سه‌نی ئه‌و که‌ونینه‌گه‌رێتی و پیرۆزکردن و ئهویترسڕینهوهین. مه‌لا هه‌ڵۆ یان عیزه‌ت یان هه‌ر بانگخوازێکی دیکه‌ی باشووری کوردستان، به ته‌نیا تاوانبار نین، به‌ڵکوو ئه‌و گوتاره کێشه‌ی قووڵی هه‌یه که ئه‌وان خۆیان له ناویدا ده‌بیننه‌وه و پێناسه‌ی ده‌که‌ن.
مه‌لا هه‌ڵۆ ده‌توانێت به فێڵی زمانی و ده‌ربڕینی پێچوپهنادار، بێته سه‌ر شاشه و بڵێ، من نهمتووه بیکوژن. ڕاستیش ده‌کات و ڤیدیۆکانیشی ده‌بینی نه‌یوتووه بیکوژن. وشه‌ی کوشتنی به‌کار نه‌هێناوه، به‌ڵام به جۆرێک باسی مولحیدی کردووه که هه‌ر که‌سێک خۆی به ئیماندار زانیوه حه‌زی کردووه بڕوات بیکوژێت! ئه‌مه خه‌ڵک خه‌ڵه‌تاندنی گوتاریی ئاینییه و به ڕاستی زوڵم و غه‌درێکی زۆریش له هه‌ر جۆره بیرکردنه‌وه و تێڕامانێک ده‌که‌ن که ده‌یه‌وێت له واقیعی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره تێبگات.
ئه‌مانه ساڵانێکی زۆره ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و سیاسیی ئه‌م کۆمهڵگەیان شێواندووه و زه‌وینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی کرچ‌وکاڵ که پێشتر هه‌یانبوو، ئێسته به‌م تریبۆن و گوتاردان له مزگه‌وت و تۆڕەكانی کۆمه‌ڵایه‌تی، زیاتر بووه و مه‌ترسییه‌کی راستەقینەیە.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له باشوور ده‌توانێت ئاڕاسته‌ی ئه‌م گوتارانه به‌ره‌و زه‌وینه‌یه‌ک بۆ گفتۆگۆ و گه‌شه‌کردن ببات و له‌مه زیاتر مه‌یدان نه‌درێت به ئه‌م بانگخوازه سه‌ره‌ڕۆ و ڕەشۆداماڵراوانه که به ئاسانی حوکمی ئیلحادی ئه‌م و ئه‌و ده‌ربکه‌ن و بوونه‌ته مه‌ترسییه‌کی کوشنده بۆ سه‌ر ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی و شوناسی مرۆیی و سیاسیی ئێمه.
سەرچاوە : سایتی ووشە