گوتاری خۆڕادەستكردنی ئاسۆ حاجی چاپ كرا

كتێبی "گوتاری خۆڕادەستكردن، گەڕانەوە بۆ جەلاد"، لە نووسینی نووسەر ئاسۆ حاجی لە دووتوێی 176 لاپەڕە چاپ كرا، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەلایەن ماڵی وەفاییەوە لە هەولێر بڵاو بكرێتەوە.
ئاسۆ حاجی نووسەر لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە بە "وشە"ی گوت، ئەم كتێبە لە سێ بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەم بریتییە مێژووی خۆڕادەستكردنەوە و هێنانەوەی چەند نموونەیەكە، هەروەها مێژووی دیاركەوتنی گوتاری خۆرادەستكردنەوە لە كوردستان، بەشی دووەم بازاڕسازیی بۆ گوتاری خۆڕادەستكردنەوەیە، كە بریتییە لە نموونەی چەند ئەندامێكی كورد لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، چۆن بازاڕسازییان بۆ ئەو گوتارە دەكرد و چۆن دوژمنایەتیی نیشتمان و میللەتی خۆیان دەكرد.

زیاتر گوتی، بەشی سێیەم لە روانگەی گوتاری  شیكارییەوە تیشك خراوەتە سەر گوتاری خۆرادەستكردنەوە، دوو گوتار بە نموونە وەرگیراون و شیكاریان بۆ كراوە، بە چ جۆر و لە چ ئاستێكدا كاریان بۆ گوتاری خۆڕادەستكردن كردووە؟، چۆن زمان و ئامرازەكانی تری پشت وشە و بڕگە بەكارهاتووەكان بۆ ئەو مەبەستە بەكار هێناوە.

وەك نووسەر ئاماژە دەكات، كتێبەكە لە 176 لاپەڕە پێك هاتووە و هەفتەی داهاتوو  لەلایەن ماڵی وەفاییەوە لە هەولێر بڵاو دەكرێتەوە.

ئاسۆ قادر شێخ محەمەد، ناسراو بە "ئاسۆ حاجی"، لەدایكبووی 1973ی هەولێرە، قوتابی ماستەرە لە بواری میدیا و ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانە، چوار كتێبی چاپكراوی تری هەیە بە ناوەكانی "بارزانی پێشمەرگەی سەربەخۆیی" و "نەجەف لە چاوەڕوانی ئیمامدا" و "لە پاریسەوە بۆ تەیراوە" و "گوتاری خۆڕادەستكردنەوە، گەڕانەوە بۆ جەلاد".

 

سەرچاوە: wishe