https://www.facebook.com/watch/?v=2211902878871058&ref=sharing
پشکۆ ڕەحیم
گرەوی حیزبەکان و شەیتان...
ئەگێڕنەوە لەم مەملەکەتە
ئەحزابی مافیا و گەندەڵ و چەتە
لەگەڵ شەیتانا کردیانە گرەو
کامیان شەیتانن، ئەمان یاخود ئەو !
شەیتان چوو مێژوو گەڕا بە وردی
هێنای دەفتەری ئەحزابی کوردی
کەویستی بەرگی دەفتەر واڵاکات
وەک ئەوەی سەری مەنهۆڵێک لابات
سەری گێژی خوارد بەرچاوی ڕەش بوو
بە پشتا کەوت و لە هۆش خۆشی چوو
هەستا ، دەستکێشی خێرا کردە دەست
کەمامەی لەسەر دەم و لوتی بەست
کە تەماشای کرد تا دوا لا پەڕە
سێ بەشی دزی و فیتنەیی و شەڕە
شەڕێک بە سوکی و شەڕێک بە قورسی
شەڕێک بۆ ناو و شەڕێک بۆ کورسی
تاوێک دەست لە مل تاوێک شەڕە جوێن
بۆ تەپۆلکەیەک ، جۆگەیەک لە خوێن
تا گوڵێکی دی ، سەدان دڕک و داڵ
پەپولەیەک و هەزار قەل وداڵ
حەوشەیەک ڕیقنە و هێلکەیەکی باش
کێبڕکێ لەسەر خۆکردن بەجاش
هەناردەی موڵک و سامانی میللەت
هاوردەی میکرۆب ، ڤایرۆس و عیللەت
لەگەڵ ڕۆژگارا ماسکی جۆراوجۆر
لای مەڕ شینگێڕ و لای گورگ گۆشتخۆر
هێندەی توڕڕەهات بینی حەپەسا
چاوی ئەبڵەق بوو کەلەشی ئاوسا
تاوانبار حاکم ، بێ خەتا کوتراو
بکوژ ئەگریا لە پرسەی کوژراو
ڕوداوی وەهای ئەکەوتە بەرچاو
لە شەرما بو بوو بە قەترەیەک ئاو
حیزب دەوری دا ، لە هەموو لاوە
کلکی شەیتانیان بڕی لەدواوە
بۆ کلکی گەڕا ، ڕیشیان تاشی بۆی
ئاوێنەکەشیان دایە دەستی خۆی
زۆر گریا ، ووتی ئەمانە هەبن
سەیرە ئەو خەڵکە بەرد ئەگرێتە من
گرەوی خۆیان لەمن بردەوە
ڕووی ڕەشی منیان سپی کردەوە
باوەڕم هێنا مامۆستای منن
شایانی بەرد و نەفرەت کردنن
لەم کەین و بەینە بەخۆی نەزانی
دزرا کەمامە و دەستکێشەکانی
ووتی باشترە من ملیان بۆ بەم
وا پێچامەوە هەوار و هۆبەم
لە قوتابخانەی گەندەڵی و فەساد
من حونجە خوێن و ئەمانە ئوستاد
شەیتان دەفتەری خستەوە جێی خۆی
لای نەکردەوە ئەو ڕۆیشتنەی ڕۆی . . .