گرووپێکی داکۆکیکاری ژینگە لە هەولێر دروست بوو

 

 

facebook sharing button

 

 

 

 

 

گرووپێکی داکۆکیکاری ژینگە لە هەولێر دروست دەبێت و لە یەکەم هەنگاویشدا بەیاننامەیەک بلاودەکەنەوە و دەڵێن"هەموو ئاماژەكان ئەوە نیشان دەدەن كە هەرسێ ڕەگەزە سەرەكییەكەی ژینگەی كوردستان (ئاو، هەوا، خاك) بەرەو پیسبوونێكی مەترسیدار دەڕوات". 
 

لە بەشێکی ڕاگەیەنراوەکەیاندا هاتووە" پیسبوونی ژینگەكەمان،  بووەتە بابەتێكی هەنووكەیی ڕاگەیاندنەكان و  ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمەش چۆتە ئاستێك كە هاووڵاتییەكی سادەش تەنها بە تەماشاكردنی (هەوا، خاك، ئاو)ی كوردستان هەست بە پیسبوونی مەترسیداری ژینگەكەی دەكات".

 هۆشداریش دەدەن لە هەڵکشانی ڕێژەی شێرپەنجە و دەڵێن" ڕاپۆرتی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراق، هەولێر لە تۆماركردنی شێرپەنجە لە ئاستی عێراقدا لە ڕیزبەندی یەكەم ئەژمار دەكات ".

 

هەر لەو پەیوەندییەشدا ڕایدەگەیەنن" شاری هەولێر پیسترین شارە لەسەر ئاستی عێراقدا".
 

لە کۆتایی یاداشتنامەکەشیاندا چەند داواکارییەک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەنەڕو.
 

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر لە مانی ٦ی ساڵی ٢٠٢٤ دەستە داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دروست بوو، هاوکات دەستەی گوێژەپارێزان دروست بوو کە چەندین چالاکی جۆراوجۆریان بۆ پاراستنی ژینگە و موڵکی سلێمانی دروست کرد کە تا ئێستاش لە کارەکانی بەردەوامە.
 

دەقی یادداشتنامەکە 
 

یاداشتنامەیەك لە ( گرووپی داكۆكیكردن لەژینگەی شاری هەولێر)

هەموو ئاماژەكان ئەوە نیشان دەدەن كە هەرسێ ڕەگەزە سەرەكییەكەی ژینگەی كوردستان (ئاو، هەوا، خاك) بەرەو پیسبوونێكی مەترسیدار دەڕوات. 

  پیسبوونی ژینگەكەمان،  بووەتە بابەتێكی هەنووكەیی ڕاگەیاندنەكان و  ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمەش چۆتە ئاستێك كە هاووڵاتییەكی سادەش تەنها بە تەماشاكردنی (هەوا، خاك، ئاو)ی كوردستان هەست بە پیسبوونی مەترسیداری ژینگەكەی دەكات. سەرەڕای هەڵكشانی زیاتری داتاكانی نەخۆشییە مەترسیدارەكانی وەك شێرپەنجە و سییەكان و ئەوانی دیكە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پیسبوونی هەوا و ڕەگەزەكانی تری ژینگە، هەروەك چۆن ڕاپۆرتەكانی دوێنێ باسی ئەوە دەكەن شاری هەولێر پیسترین شارە لەسەر ئاستی عێراقدا، بە هەمان شێوەش، ڕاپۆرتی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراق، هەولێر لە تۆماركردنی شێرپەنجە لە ئاستی عێراقدا لە ڕیزبەندی یەكەم ئەژمار دەكات، بەپێی ئامارەكان تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەكەلیی هەولێر لە ساڵی 2020 بۆ 2023 رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە 35.6% زیادی كردووە.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، پیسبوونی هەوا یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە.

 

ئەوەی وایكردووە بەتایبەتی ڕەگەزی هەوای شاری هەولێر پیسترین هەوا بێت لەسەر ئاستی عێراقیش، بە پێی بەدواداچونە مەیدانییەكانمان بریتییە لە( بوونی سەدان پاڵاوگەی نایاسایی و زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل و هەزاران مۆلیدەی كارەبا و سەدان كاروانی گواستنەوەی نەوت بە تانكەر و سووتاندنی گازی كێڵگەكانی نەوت و سووتاندنی زبڵ و پاشماوەكانی) . 

وەك داواكاری هەنووكەیی ئەم داواكاریانە خوارەوە بۆ لاینە پەیوەندارەكان دەخەینە ڕوو : 
 

1- بەزووترین كات بەلێنی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بچێتە بواری جێبەجێكردن، ئەوانەشی بونەتە هۆی پیس بوونی ژینگە داواكاری گشتی كەیسەكانیان بداتە دادگا. 
 

2- پێویستە پلانێكی ڕاگەینراوهەبێت لەلایەن حكومەتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی پیس بوونی ژینگەی كوردستان  كە خۆی دەبینێتەوە لە زۆری ژمارەی ئوتومبێل و پابەند كردنی كارگەكان بە ژینگەپارێزی و چارەسەركردنی مۆڵیدەی كارەبایی ماڵان و رێگە نەدان بە گواستنەوەی نەوت بە تانكەرو هەروەها نە سوتاندنی پاشماوەی زبڵ و خاشاك  و دانانی كارگەی ریسایكلین .
 

3- پاڵپشتی لە كارەكانی دەستەی ژینگەی كوردستان دەكەین  بۆ چاودێریكردن و پاراستنی ژینگەی كوردستان  پێویستە رۆڵی دەزگا تەندروستی و ژینگەییە پشكینەرەكان بۆ رەچاوكردنی مەرجەژینگەییەكان كارابكرێت و دەسەڵاتی زیاتریان پێ‌ بدرێت لە چاودێری و سزادانی سەرپێچیكەرانی ژینگە .
 

4- دانانی وێستگەی چاودێریی گازی پێویست (gas monitoring station) تاوەكو ماددە پیسكەرە هەواییەكان (گاز و تەنۆچكەكان) پێوانە بكرێت . 

گروپی  داكۆكیكردن لە  ژینگەی هەولێر 

11ی 1ی 2025

 

سەرچاوە : سپی میدیا