کەرکوکیانە: شاری پێكەوەژیانە

 

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

 

كەركوك پێویستی بە پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و یەكتر قبووڵكردنە، نەك تێكدانی پەیوەندی و شاتە شاتی ناقۆڵا، هەموو ئاوەزمەندێك دەزانێت كەركوك كوردستانییە و بەشێكە لە كوردستانی باشوور و لەوێشەوە كوردستانی گەورە، چارەنووسی كوردستان لە سەدان ساڵی بەرێوە تائێستا ئەوە بووە كە لەبەردەم رەشەبای ستەم و هەلاهەلابووندا بێت، كورد خۆیشی بەشی ئەو هەلاهەلاكردنەی بەردەكەوێت، ئاوەزی كوردی هێشتا ئاوەزی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە بەو مانایەی نیشتمان لە تخوبی خێڵ و بنەماڵە بە گەورەتر و پیرۆزتر بزانێت، كەسێتی كورد كەسێتییەكی نێو خێڵە بە مانا ئەرێنێكەی نا، ئێمە دەزانین خێڵ و بنەماڵە و هۆز لایەنی ئەرێنیان هەیە لەڕووی داب و نەریتی تایبەت و مۆركی كوردەواریانە و شێوازی هێشتنەوەی زمان و كورد بوون لەنێو ئەو هەموو ستەمكارییەدا، لێ‌ لایەنی نەرێنیشی بریتییە لە گشت بە قوربانكردنی پارچە و ناكۆكی و پێكەوە نەبوون و سوود بینینی دوژمن لێی.
كەركوك بە درێژای مێژووی هەزاران ساڵە كورد  لە ناویدا ژیاوە و پاراستوێتی و  نەیهێشتووە ئاوەدانی لێببڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە وەك سروشتی كوردەوارییانە دەرگای واز كردووە بەخۆشی بێت یان لە پەنا هێرش و پەلاماری دڕندانەوە، تەنانەت بكوژ و جەلادەكانیش تێیدا بژین، ئەمە وێڕای كێماسییەكەی، لایەنێكی جوانیشی هەیە، بە مانای ئەوەی شار شوێنی بیركردنەوە و هزر و پێكەوەژیان و بەرژەوەندیی هاوبەشە.
خەڵكی كەركوك چیتر بێزار بوون لە هەراو زەنای هەڵوەشانەوەی  پەیوەندی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە دەبێت ئەوانەی بە زۆرەملێ‌ كراونەتە بار بەسەر شارەكەوە هەر لەسەر دڵی بن. كەركوك پێویستی بە ساڕێژكردنەوەی برینە، یەكێك لە خاڵەكانی ساڕێژكردنیش ئەوەیە ئاسایی بكرێتەوە، ئاساییكردنەوە بۆ گێڕانەوەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و یەكتر قبووڵكردن.
كەركوك عیراقێكی بچوك نییە، وەك ئەوەی هەندێك بەو جۆرەی وێنا دەكەن، هەروەها بەرمیلە باروتیش نییە وەك ئەوەی كاتی خۆی جێمس بیكەر و لی هاملتۆن و هاوكارەكانیان وایان ناوبرد، ئەم ناوانە ئاكامی بەكارنەهێنانی ئاوەز و ژیرییە، واتە كە ئاوەز و ژیری نەبوو، دەكرێت ئاوای بەسەر بێت و ئاوا ناوبنرێت.
كەركوك شاری ئاشتكردنەوە و پێكەوەهەڵكردن و گێڕانەوی مەوجەكانە بۆی، ئەوەی كە كاتی خۆی بەو كەركوكییانە دەوترا كە چوار زمان یان سیانیان دەزانی و پێیان دەگوتن بابە ئێوە چوار مەوج یان سێ‌ مەوجن، نیشانەی دەوڵەمەندی و شاری بوونە، لەبەرئەوەی لە چوارچێوەی تخوبی خێڵدا نە فرە زمانی بەو جۆرە و نەفرە كەلتوری هەیە، ناژیران و بێ ئاوەزان ئەوانەن كە پێیانوایە مادام دەوڵەت ئەوانی بەسەر خاوەن مافەكاندا  سەپاندووە، ئەوە هەرچی بكەن هەقی خۆیانە و كەس ناتوانێ‌ پێیان بڵێت پشتی چاوتان برۆیە.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ