کوڕە کەچەڵێک پیاوی پیاوێک ئەبێ. شەوێک ئاغا لە ماڵ نابێ، خێزانی ماڵ، ئەبێ بە ئاغاژن و کچی ئاغا و کارەکەرێک. شەوێ کوڕە کەچەڵ ئاگری بەر هەڵیئەگرێ و ناوێرێ دەنگیش بکا. فیکر ئەکاتەوە ئەڵێ بە دەم خەوەوە ئەڵێم ئاغا ژن بێنم؟ ئەگەر تووڕە بوو، ئەڵێم نوستبووم ئاگام لێ نەبووە، ئەگەر خۆ وتیشی وەرە ئەوە هیچ!
خەوی لە خۆی خست و بە دەم خەوەکەوە بە بزڕکاوی وتی: «ئاغا ژن بێم؟» هیچ دەنگ نەبوو. جارێکی تر وتییەوە دیسان دەنگ نەبوو، جاری سێهەم کە وتییەوە ئاغا ژن وتی: «دەک عەمرت نەمێنێ، دەنگت هەیە و ڕەنگت نییە!» کوڕە کەچەڵ گوێی نەدایە، وتی: نەوەک تاقیم کاتەوە پاشان لێم تووڕە بێ. ئاغا ژن، کە زانی کوڕە کەچەڵ هەر دیار نییە ئینجا وتی:
«کوڕە کەچەڵ خاوەن تەڵای دەستە و شار! کەشووشی سووری یاقووتت لە کانیی جوانییدا شاردۆتەوە. ئایا هیچ ئاگات لێیە؟ کە گەنجێکی بێ ڕەنجی دوڕ و مرواری و یاقووت لە هوومەی تەڵایی خوسرەوانیدا چاوەچاویەتی بۆ ئەو شووشە، - کە بێجگە لە گوڵاوی ژیانی گیانان هیچی تری تێدا نییە. بێگومان ئەوانەی بەهرەداری سەرچاوەی ئەقڵ و فامن شووشی سووری یاقووت لە خەزنەی مرواریدا نەبێ لە هیچی ترا هەڵناگرن!». کچە کە گوێی لەم قسەیە بوو وتی: ڕاستە خەزنەی دوڕ و مروارییە بەڵام ئەوانەی سەڕافی گەوهەرشناسن ئایا هیچ ئاگایان لەوە هەیە، کە ئاقڵانی مەیدانی جەواهرفرۆشی دوڕی سادەی بێگەردی مینایی، گوڵی سووری نەژاکاوی باخی تەنیایی ناگۆڕنەوە بە دوڕێک کە دەستی وەستای زەڕەنگەر بە قولاپی قولاپدۆزی شەو کاری تیا کردبێ؟! دوڕێکی یەمانی بەنگینێکی سولەیمانی مەگەر بە سمی ئاهوانی خوتەن و بە میسکی غەزاڵانی خەتایی مۆر کرابێ ئایا شای نەوجوانان و ئاقڵی ڕۆزگاران ئەیدا بە دوڕی، کە کون کرابێ؟!
کارەکەرەکە گوێی لەمانە بوو هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی: ئێمەش خوایەکمان هەیە!