لەتیف فاتیح
بەرپرسانی هەرێم بەتوڕەیی ئەوە ڕەتدەکەنەوە کەلەهەرێم مۆنۆپۆڵکردن هەبێت، لەکاتێکا لەسەر جەم بوارەکانی میدیا، سیاسەت، ئابووری و پەیوەندی دەرەکی و هتد مۆنۆپۆڵێکی مەترسیدار هەیەو بەگوێرەی توڕەیی دەسەڵاتدارانیش بێت ئیدی نابێت کەس باسی ئەو بابەتە بکات، یانی ئەوان ئەو مۆنۆپۆڵکردن و قۆرخکاریە بەمافی خۆیان دەزانن و بۆ داکۆکی لەوکارەش سوپای دەمهەراشی خۆیان هەیە، سوپای قەڵەمبەدەستی داکۆکی کار لەخیانەت و خاک و خۆ فرۆشی.
لەبواری میدیادا لەکوێی دنیا بووە کوڕی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی باڵا کەناڵی ئاسمانی و ڕۆژنامەو ماڵپەڕو ڕادیۆو هەموو شتێکی ئەو بوارەیان هەبێت و هەرخۆێشیان بیانەوێت کێ ڕەش بکەن بیکەن و کێ سپی بکەن بیکەن، تەنانەت مۆنۆپۆڵکردنی میدیا گەیشتوەتە ئەو ئاستەی لەدەرەوەش کار لەسەر شێواندنی ڕای گشتی و شاردنەوەی ڕاستیەکان بدرێت دەرهەق بەهەرێمی کوردستان و ڕێگە نەدرێت خەڵک ڕاستیەکان وەک خۆی ببینێت.
ئەم شێوازی مۆنپۆڵکردنی میدیایەکە لەکوردستان هەیە تەنها مەگەر لەوڵاتە زۆر دیکتاتۆریەکان هەبێت، ئەوەش نەک بەمجۆرەی ئێرە، تەنانەت لەسەردەمی سەدام حوسێنیشدا کوڕەکانی بەو ڕادەیە دەستیان ئاوەڵا نەکرابوو، ئەم سیاسەتە جگە لەوەی نادادیەکی گەورەی دروستکردوە، بووە بەهۆکارێکیش تواناکان ، توانا میدیایەکان لەکەناڵ و شوێنەکانی ترەوە لەڕێی پارەی زیاترەوە بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن، هەروەک بونەتە مینبەرێکیش بۆ لێدانی ڕاو بۆچوونە جیاوازەکان و هەوڵی ئەوەیان داوە لەڕێی داکێڵکردنیانەوە لەبینەریان داببڕن.
لەڕاستیدا مۆنۆپۆڵ هەر لەبواری میدیادا نیە لەبوارگەلی دیکەشدا بەو جۆرەیە، ناکرێت ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ میدیای مۆنۆپۆڵکراو خەرج بکرێت لەکاتێکا ئەرکی زۆری ئەو میدیایە لەخشتە بردن و گەمژاندن بێت، ئەوە جگە لە نیشاندانی وێنەیەکی موزەیەفی هەرێمی کوردستان کەتەواو پێچەوانەی وێنە ڕاستیەکەیە.
سەرچاوە : سپی میدیا