▫️لە پێشەکیی وەرگێڕ:
✍ #حیسامەدین_خاکپوور و #کامیل_شەریفپوور
▫️پرسیارێ کە دەکرێت ھەر خوێنەرێکی خۆھۆشیار ڕووبەڕووی ھەر جۆر کتێبێکی بکاتەوە ئەوەیە: ئەم کتێبەی بەردەست چ پەیوەندێکی بە من یان بە ئێمەوە ھەیە؟ بڕیار وایە ئەم کتێبە بپەرژێتە سەر چ کێشەیەکی ئێمە؟ کاتێ کە باسی من یا ئێمە دێتە ئاراوە واتە ئێمە وەکوو مرۆڤێکی کورد لە سەردەمی مۆدێرندا بڕیار وایە چی بخوێنینەوە کە باشتر بتوانێت کێشەکانمان، ئەگەر نەڵێین بۆ چارەسەر بکات، لانیکەم بتوانێت بە دروستی پرۆبڵماتیزەی بکات و ڕوونتری بکاتەوە. مرۆڤی سەردەم لە بەردەم بۆمبارانی زانییاریدا، بە چڕی تووشی سەرلێشێواوی بووە و نازانێت چی بخوێنێتەوە و چ ھەڵوێستێک بگرێت. لێرەدایە کە پێناسەی لە ”خۆ“ی تاکەکەسی و ”خۆ“ی بەکۆمەل وەکوو مرۆڤێکی کورد لە سەردەمی ئاڵۆزییەکانی ژیانی مۆدێرندا زۆر گرینگ دەبێتەوە. بە ڕای ئێمە، مرۆڤی کورد کاتێ دەست دەداتە خوێندنەوەی ھەر کتێبێک، دەبێت پێشتر چەند پرسیاری زۆر گرینگی لە خۆی کردبێت و ئێنجا بڵێت ئەم کتێبە، ئایا دەتوانێت چارەسەری کام دەردی مرۆڤی کورد لەم شوێنکاتەی ئێستادا بکات؟
▫️بە باوەڕی ئێمە، مرۆڤی کورد دەبێت بە بەردەوامی چوار پرسیاری بنەڕەتی لە خۆی بکات: ئێمە کێین؟ ئێمە چین؟ ئێمە چیمان دەوێت ؟ ئێمە لە چ دۆخێکداین؟ ئەم چوار پرسیارە دەتوانێت، تا ئاستێکی زۆر، بەرچاومان ڕۆشن بکاتەوە کە ئێمەی کورد ئاسۆی کاری توێژینەوە و خوێندنەوەمان بەرەو چ ئاقارێ ببەین کە ھەندێک لە گرفتەکەکانمان لانیکەم بە درووستی بۆ پرۆبڵماتیزە بکرێت. پرسیاری ئێمە لە چ دۆخێکداین؟، گرینگیی وەرگێڕان و خوێندنەوەی ئەم کتێبەی بەردەست بە باشی ڕوون دەکاتەوە.
▫️ ئەم کتێبەی بەردەست کە وتووێژگەلێگە لەگەڵ چوار بیرمەندی جیدی بواری نەریتناسی بە گشتی و ئایینناسی بە تایبەتی، دەپەرژێتە سەر زۆریەک لە لایەنە بیرلێنەکراوەکانی ئایین و بەو شێوە وەبەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی دەدات. ھەر چوار بیرمەندەکە لە چوار سوێنگەنیگای جیاوازەوە، ئایین لە ژێر تیشکی دەسکەوتی زانستە مرۆڤایەتییە مۆدێرنەکاندا شیکاری دەکەن و پرسیارگەلێکی زۆر شیاو و باسگەلێکی زۆر تایبەت دەورووژێنن کە دەکرێت وەکوو بڵێسەیەک بۆ ڕزگاری عەقڵی مرۆڤی کورد لە نەریتی چەقبەستووی ئایینی و ھەر وەھا قۆناغی چاکسازی عەقڵی ئایینی چاو لێ بکرێت.
▫️ھەروەھا ئەم بیرمەندانە لایەنگەلێکی بیرلێنەکراوە یان بیرھەڵنەگر لە ئایین دەخەنە ڕوو کە ئەمەیش دەتوانێت بەش بە حاڵی خۆی، خاڵگەلێکی ئەرێنی سەبارەت بە کێشەی کورد بەدەستەوە بدات. بۆ وێنە #محەمەد_ئەرکۆن بە وردی و بە دروستی جیاوازی لە نێوان وەحی و قورئان و پەڕتووک دادەنێت تا بەم شێوە بتوانێت لە نێوان ئەو سێ قۆناغە جیاوازی دابنێت، بۆ وێنە بە ”بە زارەکی زانینی قورئان“ بەر لەوەی ببێت بە پەڕتووکی نوسراو، ھەندێک لە گرێ پووچکەکانی زەینی مرۆڤ لەمەڕ پرسی سەرچاوەی سەرەکی ئایینی ئیسلام واتە قورئان دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی ڕزگاری عەقڵ لە دەقخوازی نەرێنی کە میراتی ئیسلامی بە گشتی تووشی بووە و بووەتە ھۆی داخرانی دەروازەی عەقڵ لە نێو کۆمەڵگای موسوڵماندا و کۆمەڵگای کوردیش وەکوو بەشێکی کۆمەڵگا بە زۆرینە موسوڵمانەکان.
▫️لە ڕوانگەی کەسێکی وەکوو #مەلەکیانیشەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی فیکری خۆیدا واتە ”عەقڵانییەت و ڕۆحانییەت“، پرسگەلێکی زۆر جیدی دەھێنێتە ئاراوە کە دەتوانێت یارمەتیدەری ھەندێک لە کێشەکانی ئێمەیش بێت. مەلەکیان بە باس لە لایەنی ئەخلاقی و ڕۆحی ئایین و ئەخلاقی بوونی جیهان و سەروەری مرۆڤ بە سەر چارەنووسیدا و زۆرێ چەمکیتر، هەم ڕوانگەی مرۆڤ سەبارەت بە ئێلاهییات دەگۆڕێت و هەم مرۆڤی کوردیش بە ڕوانین لەم گۆشەنیگاوە دەتوانێت بە وڵامی زۆریەک لە پرسیارەکانی خۆی لە مەڕ ئێلاهییات بگات و کارتێکەری ئەو چەمکانەیش بە شێوەی تیۆری و کردەیی لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا ببینێت.
▫️لە کۆتاییدا ئەوەیش بە خوێنەر بڵێین کە وەرگێڕانی ئەم کتێبە کە لە چوارچێوەی عەرەبی مۆدێرندا نووسراوە و زمانی تایبەتی خۆی ھەیە، دژواریگەلی تایبەتی خۆی ھەبوو، بە تاییەتی لە داتاشینی ھەندێک وشەدا کە وادەزانین بۆ یەکەم جارە لە کوردیدا کاری پێ دەکرێت. دیارە ھەموو ھەوڵ و تێکۆشانی خۆمان وەگەڕ خستووە کە کارێکی تا ئاستێک ڕێکوپێک بخەینە بەردەستی خوێنەر، بەڵام بە تەواویش ئاگادارین کە دەکرێت لە ھەڵە تێگەیشتن یان ھەڵە وشەڕۆنان بە دوور نەبێت، هەر لەبەر ئەوە، سپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە لە پێشنیار وڕەخنەکانیان ئاگادارمان دەکەنەوە. ھیوادارین بتوانین لە داھاتوودا و لە چوارچێوەی ئەو چوار پرسیارەی لەم پێشەکییەدا ورووژاندوومانە، کاری باشتر و بە نرختر ئاراستەی کتێبخانەی کوردی بکەین. (https://s2.uupload.ir/files/20230116_180137_ygs7.jpg)
🔻درێژەی بابەت...
🌐 http://kurdishbookhouse.com/ku/100-1000
■ببنە ئەندامی "ماڵی کتێبی کوردی":
▪️ @kurdishbookhouse
سەرچاوە : ماڵی کتێب