کاریگەریى ڕۆڵی ئافرەتان لە هۆشیاریی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا

 

ئاشنا بابان

مامۆستای زانكۆ


کاتێک باس لە كۆمەڵگە دەکەین، دەبێت باس لە کاراکتەرە سەرەکییەکانى ناو كۆمەڵگە بکەین، لە هەمان کات پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی توخمێکی سەرەکی و کاریگەر بۆ هەموو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتى بکەین، ئەویش کاراکتەرى ژنان و ئافرەتانە، چونکە ژن سەرەکیترین و کاریگەرترین ڕۆڵ لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرى گشتى و سیاسی و ئابووریدا دەبینێت. دەزانین ژن لە كۆمەڵگەدا، دایکە و خوشکە وهاوسەرە، هەمیشە پاڵپشتى پیاوەکان بوون، وەک دەڵین (نیوەى كۆمەڵگەیە). هەر لەو ڕوانگەیەوە، گرنگیی ڕۆڵى ژن دەردەکەوێت، ئەوەش واى کردووە، ئەرکێکى قورسى لەسەر شان بێت، بۆیە هەمیشە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ڕینێسانسی كۆمەڵگە کۆن و مۆدێرنەکاندا بینیووە، لە ڕێگەی ئەم ڕۆڵەوە، توانای خۆیان بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی لەو كۆمەڵگەیانەدا سەلماندووە.

ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییەی، کە كۆمەڵگەکان بەدوایدا دەگەڕێن، تاڕادەیەکی زۆر، پەیوەستە بە واقیعی ژنان و تا چەند توانای ئەوەیان هەیە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا ڕاپەڕێنن، لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵگەکان، بۆمان دەردەکەوێت، کە ژنان تەنیا پابەند نەبوون بە ئەرکەکانی خۆیان بەرامبەر بە خێزانەکان و پەروەردەکردنی منداڵ، بە ڵکو لە بوارە جیاجیاکاندا، ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی گەورەیان بینیووە، لە پاش کرانەوەى فکرى وهزرى و شۆڕشە بەردەوامەکانى ریکخراوەکانى ژنان و دەستکەوتنى مافە سەرەکییەکانیان، ئەگەر چى لە ئاستى پیوست نیە، بەڵام دەکرێت بڵێین هەنگاوى باش نراوە، ژنان توانیاویانە سودمەند بن و خۆیانی تیا بدۆزنەوە، ئەوەش لە ڕێگەى خۆفیرکردن و خویندەوارى و بە پشتبەستن بە بڕوانامە زانستی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان، لەگەڵ پیشکەوتنى جیهان و جیهانگیرى و کرانەوەى جیهان و بڵاوبونەوەى هۆشیارییەکى گشتى، کە دەکرێت بڵێن هۆکاریکى باش بو بۆ ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا بچنە پێشەوە تواناسازى خۆیان بەدەربخەن.

ژنان لە كۆمەڵگەدا، هەمان گرنگییان هەیە وەک پیاوان، واتە بڕبڕەی پشتی نەتەوەیەکی پێشکەوتوو، لەڕووی دیمۆگرافیاوە ژنان نیوەی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن و شایستەی هەمان گرنگی و مافن لە كۆمەڵگەدا، هەمیشە ژنان رۆڵێکى گرنگ و بەرچاو دەبینن لە کۆمەڵگە و لە خێزان. جگە لەوەى، لەم سەردەمەدا، ژنان کارى بەرێوەبردن و کار و پیشەیان هەیە، شان بەشانى پیاوان کار دەکەن، کە دەکریت بڵێین ئەرکى دوو هیندەى پیاوەکانە، لە لایەک ئەرکى ماڵ و مناڵ بەخێوکردن، لە لایەکى دی ئەرکى کار ئیشی فەرمانگە میرى و کارگە و کارى تایبەتى خۆیانن و لە كۆمەڵگەدا تواناى خۆیان سەلماندوە، هاوکاریکى باش بون بۆ هاوسەر و خانەوادەکەیان لە روی ئابوریەوە کە هاوکاریەکى باش بوون بۆ ئارامی و سەقامگیرى خیزان ، ئاشکرایە ئابوورى سەربەخۆ هۆکاریکە بۆ هاندانى ژنان کە بڕوایان بەخۆیان هەبێت و زیاتر بتوانن لە کۆمەڵگەدا زیاتر ڕۆڵێکى سەرەکى کاریگەر ببینێت.

کاریگەریى رۆڵی ژنان لە هۆشیارى سیاسی و کۆمەڵایەتدا، ئەوە یەکێکە لە هەرە سەرەکیترین ئەرکەکان، کە لەسەر ژنانە بۆ هۆشیارکردنەوەى تاک و پەروەردەکردنى تاک و ئامادەکردنى بۆ ناو كۆمەڵگە، دەزانین کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنى تاکى كۆمەڵگە، لەسەر دایکە بە شێوەیەکى سەرەکى، بۆیە گرنگە دایک هۆشیار بێت، تاکو بتواێت تاکێکى هۆشیارو تەندروست و بەسود بۆ كۆمەڵگە ئامادە بکات.

بوونی بەرچاوی ئەو لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و پێداگری لەسەر وەستان لە تەنیشت پیاوان و پشتیوانیکردنی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو توخمێکی جەوهەرییە لە هێنانەدی پرۆسەی گۆڕانکاری لە كۆمەڵگەدا، سوکرات دەلیت ((کاتێک پیاوێک پەروەردە دەکەیت، تاکێک پەروەردە دەکەیت، کاتێکیش ژنێک پەروەردە دەکەیت، تەواوی خێزانێک پەروەردە دەکەیت)) مەبەست لەوەیە کە ژنان لە ڕێگەى پەروەردەکردنى مناڵەوە بەشیوەى تەندروست تاکێکى تەندروست وڕۆشنبیر پەروەردە بکات، ئەو یەکەمین و گرنگترین ڕۆڵى ژنانە وەک دایک بۆ كۆمەڵگە.

جگە لەوەى، کە ژنان هەمیشە داینەمۆى چالاکییە نەتەوایەتیەكانن، لەهەمان کات هۆکاریکى سەرەکیین بۆ چاندنى هەستى نەتەوایەتى لەناو ناخ و دەرونى تاکدا بەرامبەر بە خاک ونیشتمان و دڵسۆزى ولات، دەکرێت بڵێین، دایک وەک یەکەم قوتابخانەى نەتەوەىی و ڕۆشنبیریى گشتى و پەروەردەیەکى سیاسی و نەتەوەىی دادە نرێت، بەشداری سیاسی ژنان لە زیادکردنی بنەما و بەهاکانی پەیوەست بە گەیشتن بە دادپەروەری و هاوکاری و نەرمی و هاوسەنگ، لەگەڵ بەها و بنەماکانی پیاوان لە بواری سیاسیدا. پرسە سیاسییەکان و خستنە ڕووی پێشنیار و چارەسەر بۆیان، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندوە کە بەهێزکردنی ژنان لە کردەوەی سیاسیدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دەرکردنی یاسا و سیاسەتی زیاتر هەیە کە ئەولەویەت بە خێزانەکان، ژنان و کەمینە نەتەوەییەکان دەدەن، لە کۆتاییدا ژنان گرنگترین تاکن و هەموو كۆمەڵگە پشتیان پێدەبەستێت، پێویستە لە هەموو بوارەکاندا، مافەکانی ژنان ببەخشین بەتایبەتی لە بواری کاردا، ئەو نیوەی كۆمەڵگەیە، ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی منداڵەکانییەوە ئایندە بنیات دەنێت، بۆیە پێویستە لە هەموو بوارەکاندا مافەکانی ژنان پاریزراو بێت وهاندەر و پالپشتى لێبکرێت لە پێناو بەردەوامی و پێشخستنى توانا هزرى و جەستەیەکانیدا بۆ پەروەردەکردنى نەوەیەکى بەتواناو خۆڕاگرو بەهیز بۆ داهاتوى كۆمەڵگە و بنیاتنانى دەوڵت سازى تەندروست و بە تاکى تەندروست.

 

سەرچاوە : خەبات