تاڤگە سابیر
لە چلەکانی سەدەی بیستەمەوە تاکو نەوەدەکانی ئەو سەدەیە جەماوەر یان کۆمەڵگای کوردی تەنیا توانیویەتی یەك هێزی ' سیاسی " دروسبکات بە دوو باڵی لێکجیابووەوە ، دوو گروپ یان دوو باڵ ، بەڵام یەك هێز یەك جەوهەر یەك زەین سەربەیەك زلەهێز، یەك ستراکچەری عەقڵی ، هەموو هەوڵێك بۆ ناونانی یەکێکیان بەمۆدێرن (یەکێتی) و ئەویدەکەیان بەکۆنەپەرست (پارتی) هەوڵێکە زیاتر لەپڕوپاگەندە دەچێت نەك خوێندنەوەی جدیی لێپرسراوانە ..
یەکێتی پارتیەو پارتی یەکێتیە دیارە لە جەوهەردا ، هەردووك لە جەوهەردا یەك هێز پێکدەهێنن یەك تایپی هێزن کەزادەی کۆمەڵگای کوردیە ، ئەوەی دەمێنێتەوە کە گوایا جیاوازییە لە نێوانیاندا ، لە ڕاستیدا هەندێ وردەکارییە کەلەخودی جەوهەرەکە یان ماهیەتی هێزەکە ناگۆڕێت . ناسینەوەو پۆلێنکردنی هێزەکان خۆی زانستەو شارەزایی پێویستەو هەرگیز بابەتی ''را'' ی من و ''را''ی تۆ نییە بەڵام ئێمە ئاگاییەکمان لەم زانستە نییە.
لە دوای نەوەدەکانەوە " هێز " ێکی دیکە سەرهەڵدەدات ، بەپلەی یەك زادەی کۆمەڵگای کوردیەو لەمێژبوو دەست وپەنجەی لەگەڵ ئیسلامگەراکانا نەرمدەکردو لەمۆخی گروپە تەنها بەناو جیاوازەکانی "انصار واخوان وسلفی " دواجارلەتورکیاو لەدورەوە و لە ژێر کاریگەری دیاردەیەکی جیهانیدا ، ئەویش ئەو "هێزە" ی پێیدەڵێن "داعش " یان و گروپە ئیسلامییەکانی کوردستان. باهەر لەسەرەتاوە ئەوە ئاشکرابێت کە بەپێی تایپۆلۆجی هێزەکان ، ئەو هێزە ئیسلامییانە وەک کۆنەکان لەژێر هەر ناوێکدابن یەك هێز پێکدەهێنن ، واتە بزووتنەوەو کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی وبەناوەناوەنوێکان و داعش هەر هەموو یەك تام ویەک هێزن بەڕەنگی جیاواز، واتە ئەو پۆلینکردنەی ، کە ئێمە ڕۆژێك کردوومانە گوایا هەندێکیان توندڕەون یان ئەوانی دیکە میانەڕەون، پۆلێنکردنێک بووە لەسەرئاستی شکڵی و لە جەوهەردا هەر هەموو یەك تایپی هێزن و دەبێت ئاوهاش مامەڵەیان لەتەکدابکردرێت وەك یەك" هێز".
لەسەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە یان ئەم هێزە " داعش" ە بەپلەی یەك لێپرسراوێتییەکە دەکەوێتە سەرشانی خودی ئەو کۆمەڵگەیە ، کۆمەڵگەی کوردی، وەك چۆن لەبەرهەمێکمدا وتومە کە " جیهانی " ئیسلام " لە مێژبوو خەونی بەلە دایکبوونی پرۆژەیەکەوە دەبینی، هێزێك کە بتوانێت ڕێنسانسێك سەر ڕێبخات کەچی ئەوەی کە لە دایکبوو بنەڕەتخوازی ئیسلام بوو ، کە منداڵێکی ئیفلیج و پەککەوتە، ئەوەی لەدایکبوو هێزێکی ترسناك ، ترسناك لە ئەجێنداو بەرنامەکانی و لە بێئگاگاییە سەرسورهێنەرەکەیدا لەمەدەنیەت و عەقڵانیەت و ترسناك لە دژایەتییکردنیدا بۆ هەموو بیرکردنەوەیەکی ڕەسەن و عەقڵانی ، بەهەمانشێوە کۆمەڵگای کوردی پێویستی بەهێزێکی چالاك و نوێ ، خاوەن پرۆژەی ڕێنسانسێك هەبوو ، کە چی ئەو کۆمەڵگایە ژانگرتی و ئەم "هێزە" ئیفلیجەی لێکەوتەخوارەوە کا ناوی " هێزی ئیسلامییە" هێزێکی دژە چالاك دژە عەقڵ، دژە سیاسەت دژە مرۆڤ " هێز"ی ئیسلامی یان گروپە ئیسلامیەکان لە جەوهەردا هەر هەموو یەك کەڵتی ئاینی پێکدەهێنن ، کە ڵتێك کەلەسەر هەندێ وێناو جەغتکردن و ڕەمزو خوێندنەوەی هەرە ڕووکەشانەی نەك تێکستە ئاینی و فیکرییەکانی .. بەڵکو خوێندنەوەی هەرە ڕووکەشانەی واقیع و هەندێ ڕیچواڵ ( سرووت) ی ڕووتی بێمەغزاو ناوەرۆك و لە کارکەوتوو دەژی.
من لە بۆنەیەکی دیکەدا لە سەر ئەم دیاردەیە قسە دەکەم ، بەڵام دەرهەق یێستا دەبێت بڵێین ، کە ئەم هێزە " داعشییە" کەزادەی هەمان هەلومەرجی عەقڵی و سیاسی باوی کوردستانە لە جەوهەردا لەگەڵ " هێزە" کەی دیکە ، پارتی و یەکێتی ، جیاوازی جەوهەری نییە، من خۆم ئەو دیدەی ، کە پارتی و یەکێتی بەسێکۆلاری کۆمەڵ و یەکگرتوو و داعش بەگروپی ترادسیۆنی دەزانێت بە دیدێکی تەنك و سادە و خاڵی لەهەر بیرکردنەوەیەکی جدی دەزانم هەموو ئەو هێزانە لێرەو لەوێ لە ڕووکەشدا ، لە هەندێ ڕەهەندی پراکتیکی و لەناو سەرمایە ڕەمزییەکانیانداو لەبۆچوونیاندا بۆ ئەم یان ئەو دیاردە یاکێشە جیاوازی سادە لە نێوانیاندا هەیە ، بەڵام لەجەوهەردا یەك شتن لە ستراکچەری زەین و عەقڵ و دەروونیدا یەك ماهیەت پێکدەهێنن و لە یەك چاوگەوە سەرچاوەیانگرتووە ، ئەویش زەینی شێواوو ئیفلیجی مرۆڤی داگیرکراوی کوردە ، لەو کۆمەڵە خەڵکەوە ، کە لە قۆزاغەو لە ماڵە سەرداپۆشراوەکەی خۆیداو لەزەینە بەرتەسك و حاڵەتە و جودیە پڕ لەخەلە لە میتافیزیقییەکەی خۆیدا گیری خواردووەو کڕکەوتووە..!
هاتنی " هێزی داعش " خۆی زیادکردنی قەیرانێکی گەورەتربوو بۆ سەر خوانی قەیرانەکانی کورد قەیرانی کورتکردنەوەی ڕەهەندی ئاینی و ڕۆحی بۆ هەندێك ڕیچواڵی بەتاڵ و حەتاڵ ، وازهێنان لەبیرکردنەوە بۆ هێنانەکایەوەی خوێندنەوەی قۆوڵی تێکستە ئاینی و فیکرییەکان ، لەجیاتی ئەمە گیرسانەوە بەخوێندنەوەیەکی سادە لەئاست چەند " فەرموودەیەك " و چەند ئایەتێك ، قەیرانی کورتکردنەوەی دنیا بۆ " بێباوەڕەکان " و " باوەڕدارەکان " کورتکردنەوەی ژیان و بەتایبەتی ئاین بۆ هەندێ دیاردەی ڕووکەشی ، کورتکردنەوەی ئەخلاق بۆ جلوبەرگ و هەندێ مەسەلەی زۆرسادە ، کەڕاداری ئەخلاق هەرگیز نایانخوێنێتەوە..
قەیرانی دژایەتیکردنی هەرە ئازادیە سەرەتاییەکانی تاکەکان ، لەمانە بەکارەساتتر وزیادکردنی ئەم قەیرانەیە ، قەیرانی شێواندنی شارستانێتی و ترادسێونی ئسلامی، ئەم " هێزە" چونکی پاشگری " ئسلامی" بەخۆوە لکاندووە وزادەی هێزێکی چالاکبووەو بەشێکبووە لە کەلتووری ئیسلامی.
هەڵەیەکی فیکری و مەنهەجیە ، کە " کۆمەڵ یان " یەکگرتوو" یان " داعش" یان هەر گروۆێکی دیکە ئیسلامی پەیوەست بکەین بەترادسیۆن و شارستانێتی ئیسلامیەوە، ترادسیۆنێك ، کە لە ڕابوردوودا زادەی هێزێکی چالاکبووەو بەشێکبووە لە کەلتووری باڵا مرۆڤایەتی ئەم " هێزە" ئیسلامیەش زادەی کەلتوور یان " ئیسلامی شەۆبی یان میللی" یە نەك کەلتووری باڵا، ئەم هێزە ئسلامیە" دژ بە کەلتووری باڵای مرۆڤایەتی نییە بەتەنیا ، بەڵکو دژ بەو کەلتووری بالایەشە . کە ئیسلام ڕۆژگارێك خوڵقاندوویەتی لەوانە دژ بەعیرفان و فەلسەفەوە ئەدەب و مۆسیقا و هونەرەکانە.
ئەم هێزە ئیسلامیە (لەبیرمان بێت هەر هەموو گروپەکان ، توندڕەوو میانەڕەو کۆن نوێ ) لە سەروبنیدا لەقولایی و لە تەنکییەکەدا مانیڤیستی ئیسلامێکی شعوبی دەکات ئیسلامی میللی واتە ئەو ئیسلامەی کەزادەی خەیاڵ وبەڵێن وخەوە( ڕاکردن لە بیرکردنەوە) و خورافاتی کۆمەڵانی خەڵکە ، واتە بەجەماوەریکردنی ئاین ، واتە ئەوکاتەی کە ئاین ڕەهەندە قووڵە فیکری و ڕۆحییەکانی لە دەستدەدات لە خوڵقێنەری کەلتووری باڵاوە خۆی دەبێتە کەلتوورێکی میللی یان جەماوەری و ئینجا جەماوەر دەبێتە خوڵقێنەری ئەو ئاینە ، کە پڕیەتی لەشتی سەیروسەمەرەو خوڕافات و بێ مانایی و وڕێنەی سەیر ، ئیسلامی میللی زادەی چەندین سەدەی داڕزان و دواکەوتن و سەرەولێژنەبوونەوەی ئیسلامە " هێزی ئیسلامی " لە کوردستاندا زادەی ئەم ئیسلامی میللییەیەو زادەی شێواوی کوردە ، زەینێکی سادەوساوێلکە داماڵراو لەهەر ڕەهەندێکی قووڵ.
بەڵێ ئەمە دوا بەرهەمی کۆمەڵگەی کوردیە ئەوە ناحاڵییە ، دیماگۆگە وابزانێت کە سعوودیە یان میسر هێزی ئیسلامی لە کوردستاندا دروستکردووە هێزی ئیسلامی لە کوردستاندا زادەی شکستی ئێمەیە، زادەی زەینە خواروخێچ و شێواوو داگیرکراوەکەی ئێمەیە بە پلەی یەك دواجار شکستی ئیسلام.
شوێنی خۆیەتی بڵێنن ، کە ئەو" هێزە ئیسلامییە" بەشدارییەکی تەواوی ئەو فەسادو ستەمکاریە دەکات ، کە لە کوردستاندا بەرکەماڵەو لێپرسراویەکەمە لەوەی لەم دەڤەرەدا ڕوودەدات لێرەوە هەر هەوڵێکی ئەو کەڵتە ئاینییە لەوەی کە گوایا ئۆپۆزیسیۆنە.. جگەلەوەی کە کۆمیدیایەکی گوماناوی خوێناویە بۆشتنەوەی مێشک و ڕژانی خوێنی سەدان لاوی ئەم ووڵاتە زیاتر هیچی دیکە نییە..!
هەروەك چۆن سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی چەندین ساڵە سەرقاڵی کوشتنی سیاسەتن ئاوهاش ئەم ' هێزە ئیسلامی" دەیان ساڵە سەرقاڵی ترۆرکردنی سیاسەت لەوەدا کەگشت کێشە سیاسییەکان و مەدەنییەکان و کۆمەڵایەتییەکان لە فەزای گشتیەوە دەگوێزێتەوە بۆ دانیشتنە تایبەتییەکانیان لە سەری ڕەش یا قەڵاچوالان ، دوو شوێنی نا سیاسی و بە دوور لە شەفافیەتی مەدەنی و سیاسی واتە هەوڵی بە عەشایەرکردنەوەی سیاسەت سەرقاڵی ترۆرکردنی سیاسەتن لەوەی کە پێشوەخت و بێسازدانی گفتوگۆیەکی عەقڵی و بێ دیبەیتێکی مەدەنییانە لەسەر کێشەکان ، ئەوان بڕیاریانداوە کە بۆچوونی کام فەقێ ئیسلام چارەسەری کێشەکانی ئێمە دەکات..