هێمن باجەڵانی، دەرهێنەری گەنجی خەڵكی شاری كامیارانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە سەر بنەمای سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” كورتە فیلمێكی سێ خولەكی بە ناوی “ژن، ژیان، ئازادی” بڵاوكردەوە و پێشكەش بە “ژینا ئەمینی” و سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخواز كرد.
ڕۆژی یەكشەممە، 1ى كانوونی دووەمی 2023، هێمن باجەڵانی، دەرهێنەری گەنجی كوردی خەڵكی شاری كامیاران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، كورتە فیلمی “ژن، ژیان ئازدی” بڵاوكردەوە، كە تیایدا ماە مونیر بەیتاری و سپێهر محەمەدی ڕۆڵ دەگێڕن.
ئەو كورتە فیلمە بە ئیلهام و پشت بەستن بە سەرهەڵدان گەلانی ئێران بەرهەمهێنراوە و ماوەكەی سێ خولەك و 23 چركەیە و چیرۆكەكەی باس لە ژنێك دەكات، كە تووشبووی شێرپەنجەیە.
ئەو ژنە، كە سەرجەم قژەكانی بە هۆی چارەسەری كیمیاییەوە لەدەستداوە، دەرمانەكانی كۆدەكاتەوە بە دەرمانخانەكانی دەفرۆشێت و بە پارەكەی قژی دەستكرد (باڕۆكە)یەك دەكڕێت و كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بەرامبەر ئاوێنە دەوەستێت و قژە دەستكردەكان لەسەر دەكات وەك هێمایەك بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ قژە دەستكردەكانی كورت دەكاتەوە و دەیانبڕێت.
سەرچاوە: rojnews