ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای بەپەلە ئازادکردنى شێروان شێروانى و گوهدار زێباری دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “ئەمنستی ئینتەرناشناڵ” داوای ئازادکردنی بەپەلەی شێروان شێروانی و گوھدار زێباری دەکات کە بەھۆی کردنەوەی دۆسیەی دیکەوە ماوەی زیندانیکردنیان درێژکراوەتەوە.

ئاوێنه‌: لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە داواکارییەکی بەپەلەدا کە ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی  کردووە لەژێرناوی “ڕێوشوێنی بەپەلە”، داوادەکات گوھدار زێباری و شێروان شێروانی ئازادبکرێن، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراون.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئازادکردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسەی بادینان، تۆمەت و سکاڵای دیکەیان ئاڕاستەکراوە کە ساختەن و بەھۆیەوە لە زیندان ماونەتەوە.

ئەو داوکارییەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو سزای چوار ساڵی دیکە بەسەر شێروانیدا سەپاند و هەفتەى ڕابردووش سزای گوهدار زێباری کۆتایی هاتبوو بریار بوو ئازاد بکرێن، ئاسایشی پەدەکە ڕێگەی نەدا ئازاد بکرێت و ئێستا پەدەکەو پاراستن لە هەوڵدان دۆسییەکی نوێی بۆ دروست بکەن.

 

سەرچاوە ئاوێنە