خەبات عەبدولآ
عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت به‌م سنوور و قه‌واره‌یه‌ی ئێستایەوە، هەمووی سەد ساڵە لە ئارادایە. ئه‌گه‌رچی ناوی عێراق زۆر كۆنه، به‌ڵام پێش سەد ساڵ و به درێژایی مێژوو، ده‌وڵه‌تێك نه‌بووه ناوی عێراق بووبێت. پێش ئیسلام و له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا، نه‌ك قه‌واره‌یه‌ك نه‌بووه ناوی عێراق بووبێت، به‌ڵكو شتێك نه‌بووه ناوی نیشتمانی عه‌ره‌بیش بووبێت. كه ئیسلام سه‌ری هه‌ڵدا، جگه له به‌شێكی نیمچە دوورگەی عه‌ره‌ب، ئیتر ئه‌م وڵاتانه‌ی كه ئێستا به نیشتمانی عه‌ره‌ب ناسراون موڵكی چه‌ند ئیمپراتۆریه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌و كاته‌ی جیهان بوون؛ لە کاتێکدا بێزه‌نتییه‌كان فەرمانڕەوای هه‌موو وڵاتانی شام و میسر و مه‌غریب بوون، ساسانییه‌كان ئه‌و زه‌وییانه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی ئێستای عێراق و خاكی یه‌مه‌ن و هه‌موو كه‌نداویان له ژێرده‌ستدا بوو. ته‌نانه‌ت تا ئه‌وده‌مه‌ش كه عه‌ره‌به‌كان نه‌ببوون به موسڵمان، نیمچه دوورگەی عه‌ره‌ب بۆ خۆی ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی عه‌ره‌به‌كانی پێك نه‌ده‌هێنا. دوای مردنی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه ڕاشدییهكانهوه فتوحانی عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان به‌ره‌و شام و سه‌رزه‌مینه‌كانی ئێستای عێراق ده‌ستی پێكرد. له سه‌رده‌می خه‌لیفه عومه‌ردا سوپای ئیسلام گه‌یشته كوردستان، سه‌ره‌تا مووسڵ‌یان گرت و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و باکوور و خۆرهه‌ڵات تا شاره‌زوور پێشڕه‌وییان كرد.
سه‌رزه‌مینه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی ئێستا به‌راورد بە نیمچه دوورگەی عه‌ره‌ب، یه‌كێك بوو له‌و سه‌رزه‌مینه به‌پیتانه‌ی كه پاش فتوحات به لێشاو عه‌ره‌به كۆچه‌ره‌كانی نیمچه دوورگەی عه‌ره‌ب و موسڵمانه شه‌ڕكه‌ره‌كان تێیدا نیشته‌جێ بوون و جێیان نه‌هێشت. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی جگه له عه‌ره‌ب پێشتر ئه‌قوامی تری غه‌یره عه‌ره‌بیش نیشته‌جێی ئه‌و سه‌رزه‌مینانه بوون، بۆیه مێژوونووسانی عه‌ره‌ب خۆیشیان زاراوه‌ی (عێراقی عه‌ره‌بی) و زاراوه‌ی (عێراقی عه‌جه‌می)یان بۆ ناوچه جیاجیاكانی ئه‌و سه‌رزه‌مینانه به‌كارهێناوه. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ش عێراقی عه‌ره‌بی یا عێراقی عه‌جه‌می هێما نه‌بووە بۆ قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و دیاریكراو یا ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سنوور، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌كو زاراوه‌یه‌كی جوگرافیایی كه سنووری باکووری له شاری تكریت سه‌ری نه‌كردووه، به‌كارهاتووه(١) .
***
ئه‌م هەڵکەوتەیەی ئێستای عێراق وای كرد، دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه ڕاشدییه‌كان و پووكانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌وییه‌كان، عه‌باسییه‌كان به‌غدا بكه‌نه مه‌ڵبه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان. به‌ڵام عه‌باسییه‌كان عێراقیان نه‌كرده ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سنوور، به‌ڵكو عێراقی ئێستا به‌شێكی بچووکی ئه‌و ده‌وڵه‌ته پانۆپۆڕه بوو كه قەڵەمڕۆکەی له سه‌رووی ئه‌فه‌ریقاوه تا هندستان ده‌كشا.
كه مه‌غۆله‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی هۆلاكۆ له‌ساڵی (١٢٥٨ز)دا به‌غدای پێته‌ختی عهباسییهكانیان گرت، به‌شی هه‌ره‌زۆری سه‌رزه‌مینه‌كانی عێراقی ئێستایان كرده ولایهتێك له ولایه‌ته‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی ئێلخانی. به‌ڵام له‌ساڵی (١٣٣٧ز)دا و پاش ململانێی ناوخۆی ئێلخانییهكان، به‌غدا و عێراقی ئێستا و نیمچه دوورگەی عه‌ره‌ب و ئازه‌ربایجان كه‌وتنه ژێرده‌ستی جهلائیرییه به بنه‌چه مهغۆلییهكان. سه‌رۆكی جهلائیرییهكان شێخ حه‌سه‌ن كوڕی حسێن كوڕی ئامتوغانی جه‌لائیری جیابوونه‌وه‌ی خۆی له ئێلخانییهكان ڕاگه‌یاند. له‌ساڵی (١٣٨٣ز)دا به‌غدا كه‌وته ژێر ده‌ستی ته‌یمورله‌نگ و تا ساڵی (١٥٠٨ز) كه شائیسماعیلی سه‌فه‌وی به‌غدای له ده‌ستی مه‌غۆله‌كان سه‌نده‌وه، عێراقی ئێستا هه‌ر له‌ژێر ده‌ستی مه‌غۆله‌كاندا بوو(٢) .له سه‌ده‌ی شازده به‌دواوه، سه‌رزه‌مینه‌كانی عێراقی ئێستا بووه مه‌یدانی ململانێی تووندی نێوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی.
ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی كه تا ده‌مه‌ده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م به‌شی هه‌ره‌زۆری گه‌لی عه‌ره‌ب و به‌شی هه‌ره‌زۆری گه‌لی كوردی لهژێردهسهڵاتدا بوو، كوردستانی به‌سه‌ر چه‌ند ولایهتێكدا دابه‌ش كردبوو، له‌وانه ولایه‌تی شاره‌زوور كه پاشان خرایه سه‌ر ولایه‌تی مووسڵ، هه‌روه‌كو گه‌لی عه‌ره‌بیشی به‌سه‌ر ولایه‌ته‌كانی سوریا و به‌غدا و به‌سره و حیجاز و به‌یروت و میسری خدێوی و هی تردا دابه‌ش كردبوو. بۆیه ئه‌و كاته‌ش و تا دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌میش، عێراقی ئێستا نه‌ك هه‌ر ته‌عبیر نه‌بووه له قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن پێناس، به‌ڵكو سه‌رزه‌مینه‌كانی ئێستای عێراق وه‌كو باقی ڕهعییهتهكانی تری ده‌وڵه‌تی عوسمانی ته‌خشان و په‌خشانی چه‌ند ولایهتێك كرابوون و ته‌نانه‌ت ناوی عێراقیش له ئارادا نه‌بووه و به‌شێكی ئه‌م خاكه‌ی ئێستای عێراق هه‌ر به ناوی کوردستان و میسۆپۆتامیا یا وڵاتی نێوان دوو ڕووبار، ناسرابوو(٣) .
بۆیه عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت، یا سنوورێكی جوگرافیایی دیار و قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو، پێش بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو بوونی نه‌بووه و ده‌رنه‌كه‌وتووه.
***
عێراق و حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانی تا به به‌عس ده‌گات، هه‌میشه كوردیان به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له سه‌ر ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عێراق داناوه. پێ به‌پێی ئه‌و تێڕوانینە ڕژێمه جیاجیاكانی عێراق و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه به‌عس په‌نایان بۆ هه‌موو شێوازه‌كانی تهفروتووناكردنی هێزی مرۆیی کورد بردووە، ئەویش لە ڕێی ڕاگواستن، ته‌عریبكردن و پاشانیش قڕکردنەوە.
سیاسه‌تی ته‌عریب داهێنانێكی به‌عسیانه نییه، ته‌عریب ڕه‌گوڕیشه‌ی كۆنی هه‌یه، ده‌توانین ئاكاره‌كانی سیاسه‌تی ته‌عریب و ڕاگواستن و به‌زۆر نیشته‌جێكردن له كوردستانی باشووردا بۆ سێ قۆناغی سه‌ره‌كی دابه‌ش بكه‌ین. به‌م شێوه‌یه:
یەکەم: قۆناغی پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق.
دووەم: قۆناغی پاش دامه‌رزاندنی ده‌وڵه‌تی عێراق.
سێیەم: قۆناغی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عس.
یەکەم: قۆناغی پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق
پێداچوونه‌وه‌یه‌كی خێرای مێژووی دانیشتوانی سه‌رزه‌مینه‌كانی عێراق، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه له كاتێكدا تا هه‌زار ساڵی پێش زایین هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ نیشته‌جێبوونی عه‌ره‌ب له عێراقدا نییه، كه‌چی هه‌شت هه‌زار ساڵ پێش زایین له ناوچه شاخاوییه‌كانی سه‌روو میسۆپۆتامیادا، ژیان به‌رده‌وام بووە.
ئه‌كه‌دییه‌كان یه‌كه‌م گرووپی سامیی گه‌وره بوون كه له كۆتایی ٤٠٠٠ ساڵی پێش زایین له دوورگەی عه‌ره‌به‌وه به‌ره‌و ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی ئێستا و ئاشورییه‌كانیش به‌ره‌و باکوور هه‌ڵكشاون.
وا پێده‌چێت بۆ یه‌كه‌مجار چه‌ند سه‌د ساڵێك پێش زایین ئاشورییه‌كان ناوی عه‌ره‌ب یان ناوێكی له‌و بابه‌ته‌یان تێدا هه‌ڵكه‌وتبێت(٤).
فتوحاتی ئیسلام یه‌كه‌مین هۆكاری گه‌وره‌ی هاتنی عه‌ره‌ب و نیشته‌جێبوونیانه له دوورگەی عه‌ره‌به‌وه به‌ره‌و عێراقی ئێستا. عەرەبە موسڵمانەکان هه‌ر ناوچه‌یه‌كیان ده‌گرت خێڵه عه‌ره‌به‌كانیان تێدا نیشته‌جێ ده‌كرد. لە هەمان سۆنگەوە فتوحاتی ئیسلام له كوردستانی باشووردا لێشاوی خێڵه عه‌ره‌به‌كانی به دوای خۆیدا هێنا. هه‌موو ئه‌و خێڵه عه‌ره‌بانه‌ی كه له گرتنی شاری مووسڵ و شەنگالدا به‌شدار بوون، پاشان جێیان نه‌هێشت و تێیدا نیشته‌جێ بوون. مووسڵ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی كه زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كورد بوون، له سه‌رده‌می ڕاشدیندا و پاشانیش له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌كاندا، چه‌ندین خێڵی عه‌ره‌ب له به‌سره و كوته‌وه ڕژانه سه‌ری و تا وای لێهات به‌قسه‌ی به‌لازوری بووه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین شاره‌كانی موسڵمانان(٥).
لێشاوی ته‌عریب له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كاندا گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی، حه‌مه‌وی باس له‌وه‌ده‌كات كه زۆربه‌ی دانیشتوانه كورده‌كه‌ی شاری هه‌ولێر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و لێشاوه بهخووڕهدا بوونه عه‌ره‌ب(٦).
دواجار له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا كۆچ و ڕهوێكی گه‌وره‌ی خێڵه‌كی له ناوچه‌ی جزیره‌ی خۆرئاوای فوراته‌وه ڕووی دا. ئه‌و كۆچباره به‌شێكی زۆری خێڵی گه‌وره‌ی شه‌مه‌ری له نه‌جده‌وه ڕژانه سه‌ر عێراق. ئیتر له‌و دهمهوە و به‌ره‌و دوا، پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌زیی دانیشتوانی عێراق به كوردستانی باشووریشه‌وه، به تایبه‌تیش پاش سیاسه‌تی نیشته‌جێكردنی ئه‌و ئێله عه‌ره‌بانه له سه‌ر ده‌ستی والیه عوسمانییه‌كاندا، ئاڵۆگۆڕی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هات و وای لێهات عه‌ره‌ب بوونه زۆرینه‌ی دانیشتوانی عێراق.
دووەم: قۆناغی پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق
ئه‌گه‌رچی هه‌روه‌كو پێشتر باسی لێوه‌كرا، سیاسه‌تی ته‌عریب ڕه‌گوریشه‌ی كۆنی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له چوارچێوه سیستماتیكییهكهیدا بۆ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ده‌وڵه‌تی تازه پێكهاتووی عێراق و ده‌ستنێژی ئینگلیز، هه‌ر زوو ده‌یزانی كه بێ كوردستانی باشوور توانای به‌رده‌وامبوون و ژیانی نابێت. "فه‌یسه‌ڵ له وتارێكدا كه له مووسڵ خوێندرایه‌وه وتی: حكومه‌تی به‌غدا به بێ كوردستانی باشوور و مووسڵ ڕۆژێك ناژی"(٧) عێراق ئه‌وه‌شی ده‌زانی كه كوردستانی باشووری به زۆر و بێ گوێدانه خواستی دانیشتوانه‌كه‌ی به عێراقه‌وه لكاندووه. بۆیه هه‌میشه ترسی جیابوونه‌وه و یاخیبوونی ئه‌و وڵاته به‌زۆر لكێنراوه‌ی له به‌رچاودا بوو، سڵی له هیچ هۆكارێك بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه نه‌كردۆته‌وه.
ئه‌گه‌ر ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پاشایه‌تی به هۆی نه‌بوونی سه‌رژمێریی وردی دانیشتوان و چۆنێتی نیشته‌جێبوونیان واز لێ بهێنین و كۆڵینكاری پاش ئه‌و ماوه‌یه و به‌تایبه‌تیش مێژووی سه‌رژمێریی دانیشتوان له عێراقدا له ساڵی ١٩٥٧دا بكه‌ین، ئه‌وا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه ته‌نیا له ماوه‌ی بیست ساڵی نێوان سه‌رژمێریی دانیشتوان له ساڵی ١٩٥٧دا كه به یه‌كه‌مین سه‌رژمێریی ڕاست و دروست داده‌نرێت و سه‌رژمێری ١٩٧٧دا كه ئیتر ده‌سپێكی ته‌عریبكردنی به‌رنامه بۆ داڕێژراوی به‌عس بوو، كۆچكردنی عه‌ره‌ب بۆ پارێزگاكانی كوردستانی باشوور به‌شێوه‌یه‌ك زیادی كردووه، كه هیچ گومانێك بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پیلانه ناهێڵێته‌وه كه له‌سه‌ر ده‌ستی حكومه‌ته جیاجیا عه‌ره‌بیه‌كانی عێراقدا و به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد و زۆركردنی ژماره‌ی عه‌ره‌ب له كوردستاندا جێبه‌جێ كراوه. ئه‌وه‌تا "له كاتێكدا زیادبوونی ڕێژه‌ی عه‌ره‌ب له‌ماوه‌ی نێوان ١٩٥٧-١٩٧٧دا له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقدا دابه‌زیوه‌ته خوار، هه‌مان ڕێژه له نێو دانیشتوانی پارێزگاكانی كوردستاندا په‌ره‌ی سه‌ندووه (…..)، ئه‌م زیاده‌یه (زیادبوونی ژماره‌ی عه‌ره‌ب) بەڕێژهی ٤٠٠% له پارێزگای سلێمانیدا په‌ره‌ی سه‌ند و زیاتر له ٩٠% له پارێزگای كه‌ركووك و نزیكه‌ی ٦٤% له پارێزگای هه‌ولێر. له پارێزگای مووسڵیش (بهدهۆكهوه) ڕێژه‌ی زیاده‌كه له ٣٠% ڕه‌ت بوو"(٨).
به‌و پێیه "ڕێژه‌ی عه‌ره‌ب له پارێزگای مووسڵ له ماوه‌ی ساڵانی نێوان ١٩٥٧-١٩٧٧دا له ٥٦%ه‌وه بۆته ٧٤%ی سه‌رجه‌می دانیشتوان، ڕێژه‌ی كوردیش له ٣١%ه‌وه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر ٢٥%.. له پارێزگای هه‌ولێریش ڕێژه‌ی دانیشتوانی عه‌ره‌ب له ٧%ه‌وه بۆ ١٠%ی سه‌رجه‌می دانیشتوانی پارێزگا زیادی كردووه و له سلێمانیدا له ١%ه‌وه بۆته ٦% (...)، كه‌چی ڕێژه‌ی دانیشتوانی عه‌ره‌ب له پارێزگای کەرکووک له ٢٨%ه‌وه بۆ ٤٤% زیادی كردووه و به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش هی كورد له ٤٨%ه‌وه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر ٢٨% "(٩).
ئه‌م ڕێژانه ئه‌گه‌ر شتێك بگه‌یه‌نن، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌م پڕۆسێسه له‌خۆڕا نه‌بووه و كارێكی پێشوه‌خت و به‌رنامه‌ڕێژ بووه و كرۆكی سیاسه‌تی حكومه‌ته ناوه‌ندییه جیاجیاكانی عێراق بووه به‌مه‌به‌ستی زۆرتری نیشته‌جێكردنی ئێله عه‌ره‌به خێوهتنشینهكان له ناوچه ئاوه‌دانه‌كانی كوردستاندا و جێپێلێژكردنی دانیشتوانه كورده‌كه‌ی ئه‌و ناوچانه و ته‌نگ پێهه‌ڵچنیان بووە بۆ كۆچكردن.
سێیەم: قۆناغی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عس
به درێژایی مێژوو پێش دامه‌زراندن و پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، هیچ ڕژێمێك هێنده‌ی به‌عس حسابی بۆ "مه‌ترسی كورد" له‌سه‌ر ئاییندەی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نه‌كردووه.
له سۆنگه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی عێراقی به‌عسه‌وه، كورد یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه. بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ش به‌عس پلانی جه‌نگێكی بێبڕانه‌وه‌ی بۆ ته‌فروتوناكردنی هێزی مرۆیی كورد پیاده كردووه.
به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی و قۆناغ به قۆناغ كه‌وته ده‌ستنیشانكردن و لەبۆتەدانی ژماره‌ی كورد، ئه‌ویش به‌سێ ڕێگه‌ی جیاواز؛ یه‌كه‌میان ته‌عریبكردن، دووه‌میان ڕاگواستن و، سێیه‌میشیان قڕكردن بوو.
له ڕوانگەی به‌عسه‌وه، كورد كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستان به‌شێكی خاكی عێراقه، كورد میوانی خاكی عه‌ره‌به و به‌و پێیه‌ش جگه له كۆمه‌ڵێك مافی كلتوری و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، هیچ مافێكی تریان نییه. به‌عس له‌ڕێی ده‌ستكاریكردنی سه‌رژمێرییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد، چه‌ندین خێڵ و ئاین و ئایننرا و ته‌ریقه‌تی له كورد دابڕی و "له‌ساڵی ١٩٧٧دا بڕیارێكیان ده‌ركرد كه به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره چه‌ندین عه‌شیره‌ت و په‌یڕه‌وكه‌رانی ئاینی جیاجیای كوردستان به عه‌ره‌ب له‌قه‌ڵه‌م دران و له ناونووسی گشتی ١٧/١٠/١٩٧٧دا عه‌ره‌ب نوسیان كردن"(١٠)، له‌وانه‌ش یه‌زیدییه‌كان، كیكان، گه‌رگه‌ری، شه‌به‌ك، گێژ، باڵانی، ساڵه‌یی، شێخ بزێنی، دیانه‌كانی كوردستان و شێخ و سه‌یده‌كانی كوردستان )"(١١).
ڕوپێوی خاكی كوردستانی باشوور به زۆرتر له ٨٥٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە داده‌نرێت، له‌و ڕووبه‌ره‌دا مه‌ڵبه‌ندی چوار پارێزگا؛ سلێمانی، کەرکووک، هه‌ولێر و دهۆك، هەروەها سی و حه‌وت قه‌زاو سه‌د و سی ناحیه‌ی تێ ده‌كه‌وێت. ئه‌و ڕووبه‌ره به‌شی هه‌ره‌گه‌وره‌ی چڕی دانیشتوان و سه‌رچاوه بێشوومارهكانی نه‌وت و ئاو و كانزاكانی هه‌موو عێراقی ئێستای تێدایە. به‌پێی ئه‌و سنووره بێت كه له ساڵی ١٩٧٤دا بۆ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دانرا و به‌عس به كوردستانی له‌قه‌ڵه‌م دا، ته‌نیا ٣٦،٣٤٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی له‌و ڕوپێوه هێشته‌وه كه مه‌ڵبه‌نده‌كانی هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و بیست و یه‌ك قه‌زا و حه‌فتا ناحیه‌ی له‌خۆ گرتووه. به‌مه‌ش زۆرتر له ٤٨،٦٥٣ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی له‌خاكی كوردستانی باشوور دابڕی و هه‌موو ناوچه ستراتیجییه‌كانی کەرکووک و مووسڵ و خانه‌قین و ده‌وروبه‌ریانی له سنووری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی ده‌رهێنا و به خاكی عه‌ره‌بی له‌قه‌ڵه‌م دان و به كاوه‌خۆ كه‌وته ته‌عریبكردنیان.
سیاسه‌تی ته‌عریب، ڕاگواستن و نیشته‌جێكردنی زۆره‌ملێیانه و پاشان قڕکردنی کوردی به‌دوای خۆیدا هێنا. هه‌ر له سۆنگه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی عێراقه‌وه، ڕاگواستنی كورد چه‌ند هۆكارێكی بۆ كراوه‌ته بنه‌ما، كه به‌پێی ئه‌و هۆكارانه چه‌ندین ناوچه‌ی جیاجیای سه‌ر به كوردستانی باشوور له خه‌ڵكه‌كه‌ی چۆڵ كران و به هێزی سوپا و دانیشتوانی عه‌ره‌ب پڕكرانه‌وه.
هۆكاره‌كانی ڕاگواستن جیاوازن، گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
1. ڕاگواستن به هۆی ته‌وه‌ره ستراتیجییهكانهوه: كه قه‌زاكانی به‌دره و مه‌نده‌لی و خانه‌قین و شێخان و تلكێف و ته‌له‌عفه‌ر و شەنگال و به‌شێك له قه‌زاكانی دووز و زاخۆی گرتبۆوه.
2. ڕاگواستن به‌هۆی ناوچه نهوتییهكانهوه: قه‌زای کەرکووک و هه‌ر یه‌كه له قه‌زاكانی دووبز و كۆیه‌ی گرتبۆوه.
3. ڕاگواستن به‌هۆی ناوچه سنوورییهكانهوه: قه‌زاكانی هه‌ڵه‌بجه و پێنجوێن و شارباژێڕ و دوكان و پشده‌ر و چۆمان و ڕه‌واندز و زێبار و ئامێدی و زاخۆی گرتبۆوه(١٢).
4. ڕاگواستن به‌هۆی جه‌نگی كوردستانه‌وه: هه‌موو گوند و ئاواییه‌كانی كوردستانی گرتبۆوه كه هێزی سوپا نەیدەتوانی ڕاسته‌وخۆ بیانخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه.
ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته، له‌نێوان ساڵانی ١٩٦٨-١٩٨٢ دا پتر له دوو سەد هەزار كوردی فه‌یلی له شاره‌كانی به‌غدا و قه‌زاكانی به‌دره و مه‌نده‌لی و خانه‌قین ده‌ركران و ڕه‌وانه‌ی ئێران كران. جگە لەوە به‌شی زۆری ناوچه ڕاگوێزراوهكانی سنوور و ناوچه نه‌وتییه‌كانیش به‌ره‌و قوڵایی شار و شارۆچكه‌كانی سه‌ر به ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كۆچیان پێ كرا و له ئۆردووگای زۆره‌ملێدا نیشته‌جێ كران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌نیا له پارێزگای سلێمانیدا، عێراق ٢٩ ئۆردووگا و له پارێزگای هه‌ولێردا ١٦ ئۆردووگا و له پارێزگای دهۆكدا ١٤ ئۆردووگای زۆره‌ملێی دروست كردبوو(١٣).
له ساڵی ١٩٨٥ به‌دواوه سیاسه‌تی سوتماككردنی كوردستان ئاقارێكی مه‌ترسیداری گرته‌به‌ر. پێش تاوانەکانی ئه‌نفال، به‌شێكی زۆری دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی ڕاده‌گوێزران ده‌برانه ئۆردووگاوه، به‌ڵام ئه‌نفال له ده‌ره‌وه‌ی ڕاگواستندا ئامانجه شاراوه‌كه‌ی به‌عسی له پشته‌وه بوو، ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد ئه‌گه‌ر به قڕكردن و قهڵاچۆكردنیش بێت.
له مێژووی نوێی كوردا، هیچ شاڵاوێکی عه‌سكه‌ریی هێنده‌ی تاوانی ئه‌نفال ڕوو له له‌ناوبردنی كورد نه‌بووه. له ده‌ره‌وه‌ی ڕاگواستن و ته‌عریبدا، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد، ئه‌نفال ڕوو له قڕكردن و قه‌ڵاچۆكردنی كورد بوو. ئه‌نفال كاردانه‌وه نه‌بوو، لەبەرئەوەی پێش ده‌سپێكی تاوانەکە ده‌وڵه‌تی عێراق پێشتر پلانی تاوانەکەی داڕشتبوو؛ ناوچه‌كانی قڕكردنی دیاری كردبوو. به‌پێی بڕیارێكی "ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش" له ٣٠/٦/١٩٨٧دا، عێراق هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵیی شار و دێهاته‌كانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و هه‌موو كه‌ره‌سته كشتوكاڵییه‌كانیشی قه‌ده‌غه‌كرد(١٤). سه‌رجه‌م قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و كاره خزمه‌تگوزارییه‌كانی كێشایه‌وه و زۆنێكی ئاسایشی دروستكرد. به‌پێی چه‌ند بڕیارێكی نهێنی تر كه مه‌كته‌بی ته‌نزیمی شیمال ده‌ری كردبوو، داوا كرابوو وه‌كو ناوچه‌یه‌كی عه‌سكه‌ریی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی ناو زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌دا بكرێت و هه‌ر كه‌سێكی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ بهبانهوه ده‌ستگیركرا، پاش وه‌رگرتنی زانیاری لێی، بكوژرێت.
كه هێرشه‌كانی ئه‌نفال ده‌ستیان پێكرد، ئیتر زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه، كه ڕوپێوهكهی ده‌یان هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ی خاك بوو، هه‌زاران گوند و ئاوایی و سه‌دان هه‌زار كه‌سی سیڤیلی تێدا ده‌ژیا، سه‌رله‌به‌ر بووه یه‌ك نیشانی عه‌سكه‌ریی سوپای عێراق.
لە ئەنجامی ئه‌م تاوانەدا كه له مانگی شوباته‌وه تا سه‌ره‌تاكانی ئه‌یلولی ١٩٨٨ درێژه‌ی هه‌بوو، له كۆی ٤٦٥٤ گوندی سه‌ر به هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك، ٤٠٠٦ گوندی له‌گه‌ڵ خاكدا ته‌خت كران و سوتێنران. له كۆی ٢٠٣٥ گوندی ته‌نیا سه‌ر به پارێزگای سلێمانیدا، سه‌رجه‌م ١٩٩٢ گوندی خاپوور كران. له پارێزگای هه‌ولێریشدا له‌كۆی ١٤٩٦ گوند، سه‌رجه‌م ١٢٠٥ گوندی خاپوور كران. دواجار له پارێزگای دهۆك و له كۆی ١١٢٣ گوند، سه‌رجه‌م ٨٠٩ گوندی خاپوور كران. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای كاولكردنی سه‌دان گوند و ده‌یان قه‌زا و ناحیه‌ی سه‌ر به ناوچه كوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی جاران.
ئەنفال کە لە بەشێکی گەورەیدا درێژکراوە و بەرئەنجامی سیاسەتی تەعریب و بەزۆر ڕاگواستنی کوردە، ده‌كرێت دوای هۆڵۆكۆست به گه‌وره‌ترین تاوانی جینۆساید دابنرێت، كه تێیدا ده‌وربه‌ری ١٨٢٠٠٠ كه‌سی سڤیلی کورد دەسبەسەر و بزر و گۆڕغەریب کران.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1. بۆ زۆرتر زانیاری بڕوانه: محمد امین زكی، كورد و كوردستان، جلد ١، به‌غدا، چاپخانه‌ی دارالسلام، ١٩٣١.
2. فه‌تاحی قازی، كورد له ئینسكلۆپیدیای ئیسلامدا، وه‌رگێڕانی حه‌مه‌كه‌ریم عارف، (ده‌ستخه‌ت).
3. الاتحاد الوگنی الكردستانی، أغد دیمقراگی أم حرمان شعب حتی من حق الحلم؟ من منشورات الاتحاد الوگنی الكردستانی، ل٣١.
4. خه‌لیل ئیسماعیل (دكتۆر)، "گۆڤاری سیاسه‌تی ده‌ولی"، ژماره ١١.
5. الامام احمد بن یحیی بن جابر البغدادی البلاژری، کتاب فتوح البلدان، الگبعە الاولی، مگبعە الموسوعات، القاهرە، ١٩٠١، ل٣٣٩.
6. شهاب ا‌لدین ابی عبداللە یاقوت بن عبداللە الحموی الرومی البغدادی، معجم البلدان، المجلد الاول، دار صادر، بیروت، ١٩٧٧، ل١٣٨.
7. چیا، ئه‌منی ستراتیجی عێراق و سێ كوچكه‌ی به‌عسییان: ته‌رحیل، ته‌عریب، ته‌بعیس، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ناوه‌ندی رۆشنبیری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان، ١٩٨٧. ل٩٤.
8. خه‌لیل ئیسماعیل (دكتۆر)، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
9. هه‌مان سه‌رچاوه.
10. چیا، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو. ل٢٧٠.
11. هه‌مان سه‌رچاوه. ل١٣٤.
12. هه‌مان سه‌رچاوه. ل١٣٠.
13. هه‌مان سه‌رچاوه.
14. الوقائع العراقیه، العدد ٣١٥٨، بغداد، ١٩٨٧/٧/١٣.
سەرچاوە : سپی میدیا