خەبات عەبدوڵڵا
عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت به‌م سنوور و قهوارهیهى ئێستایەوە، هەمووی سەد ساڵە لە ئارادایە. ئه‌گه‌رچى ناوى عێراق زۆر كۆنه، به‌ڵام پێش سەد ساڵ و به درێژایى مێژوو، ده‌وڵه‌تێك نه‌بووه ناوى عێراق بووبێت. پێش ئیسلام و له كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلامدا، نه‌ك قه‌واره‌یه‌ك نه‌بووه ناوى عێراق بووبێت، به‌ڵكو شتێك نه‌بووه ناوى نیشتمانى عه‌ره‌بیش بووبێت. كه ئیسلام سه‌رى هه‌ڵدا، جگه له به‌شێكى نیمچە دوورگەی عه‌ره‌ب، ئیتر ئه‌م وڵاتانه‌ى كه ئێستا به نیشتمانى عه‌ره‌ب ناسراون موڵكى چه‌ند ئیمپراتۆریهتێكى گه‌وره‌ى ئه‌و كاته‌ى جیهان بوون؛ لە کاتێکدا بێزه‌نتییه‌كان فەرمانڕەوای هه‌موو وڵاتانى شام و میسر و مه‌غریب بوون، ساسانییه‌كان ئه‌و زه‌وییانه‌ى باشوور و ناوه‌ڕاستى ئێستاى عێراق و خاكى یه‌مه‌ن و هه‌موو كه‌نداویان له ژێرده‌ستدا بوو. ته‌نانه‌ت تا ئه‌وده‌مه‌ش كه عه‌ره‌به‌كان نه‌ببوون به موسڵمان، نیمچه دوورگەى عه‌ره‌ب بۆ خۆى ده‌وڵه‌تێكى یه‌كگرتووى عه‌ره‌به‌كانى پێك نه‌ده‌هێنا. دواى مردنى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام و له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه ڕاشدییهكانهوه فتوحانى عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان به‌ره‌و شام و سهرزهمینهكانى ئێستاى عێراق ده‌ستى پێكرد. له سه‌رده‌مى خه‌لیفه عومه‌ردا سوپاى ئیسلام گه‌یشته كوردستان، سه‌ره‌تا مووسڵ‌یان گرت و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و باکوور و خۆرهه‌ڵات تا شاره‌زوور پێشڕه‌وییان كرد.
سهرزهمینهكانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراقى ئێستا به‌راورد بە نیمچه دوورگەى عه‌ره‌ب، یه‌كێك بوو له‌و سه‌رزه‌مینه به‌پیتانه‌ى كه پاش فتوحات به لێشاو عه‌ره‌به كۆچهرهكانى نیمچه دوورگەى عه‌ره‌ب و موسڵمانه شه‌ڕكه‌ره‌كان تێیدا نیشته‌جێ بوون و جێیان نه‌هێشت. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى جگه له عه‌ره‌ب پێشتر ئهقوامى تر‌ى غه‌یره عه‌ره‌بیش نیشته‌جێى ئه‌و سه‌رزه‌مینانه بوون، بۆیه مێژوونووسانى عه‌ره‌ب خۆیشیان زاراوه‌ى (عێراقى عه‌ره‌بى) و زاراوه‌ى (عێراقى عهجهمى)یان بۆ ناوچه جیاجیاكانى ئه‌و سه‌رزه‌مینانه به‌كارهێناوه. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ش عێراقى عه‌ره‌بى یا عێراقى عهجهمى هێما نه‌بووە بۆ قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و دیاریكراو یا ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سنوور، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌كو زاراوه‌یه‌كى جوگرافیایى كه سنوورى باکوورى له شارى تكریت سه‌رى نه‌كردووه، به‌كارهاتووه(١) .
***
ئه‌م هەڵکەوتەیەى ئێستاى عێراق وای كرد، دواى نه‌مانى ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه ڕاشدییه‌كان و پووكانهوهى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مه‌وییه‌كان، عه‌باسییه‌كان به‌غدا بكه‌نه مه‌ڵبه‌ندى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان. به‌ڵام عه‌باسییه‌كان عێراقیان نه‌كرده ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سنوور، به‌ڵكو عێراقى ئێستا به‌شێكى بچووکى ئه‌و ده‌وڵه‌ته پانۆپۆڕه بوو كه قەڵەمڕۆکەی له سه‌رووى ئه‌فه‌ریقاوه تا هندستان ده‌كشا.
كه مه‌غۆله‌كان به‌سه‌ركردایه‌تى هۆلاكۆ له‌ساڵى (١٢٥٨ز)دا به‌غداى پێته‌ختى عهباسییهكانیان گرت، به‌شى هه‌ره‌زۆرى سهرزهمینهكانى عێراقى ئێستایان كرده ولایهتێك له ولایهتهكانى ئیمپراتۆریه‌تى ئێلخانى. به‌ڵام له‌ساڵی (١٣٣٧ز)دا و پاش ململانێی ناوخۆی ئێلخانییهكان، به‌غدا و عێراقى ئێستا و نیمچه دوورگەى عه‌ره‌ب و ئازه‌ربایجان كه‌وتنه ژێرده‌ستى جهلائیرییه به بنه‌چه مهغۆلییهكان. سه‌رۆكى جهلائیرییهكان شێخ حه‌سه‌ن كوڕى حسێن كوڕى ئامتوغانى جهلائیرى جیابوونه‌وه‌ى خۆى له ئێلخانییهكان ڕاگه‌یاند. له‌ساڵى (١٣٨٣ز)دا به‌غدا كه‌وته ژێر ده‌ستى ته‌یمورله‌نگ و تا ساڵى (١٥٠٨ز) كه شائیسماعیلى سه‌فه‌وى به‌غداى له ده‌ستى مه‌غۆله‌كان سه‌نده‌وه، عێراقى ئێستا هه‌ر له‌ژێر ده‌ستى مه‌غۆله‌كاندا بوو(٢) .له سه‌ده‌ى شازده به‌دواوه، سهرزهمینهكانى عێراقى ئێستا بووه مه‌یدانى ململانێى تووندى نێوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریه‌تى سه‌فه‌وی و عوسمانى.
ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى كه تا ده‌مه‌ده‌مى جه‌نگى جیهانیى یه‌كه‌م به‌شى هه‌ره‌زۆرى گه‌لى عه‌ره‌ب و به‌شى هه‌ره‌زۆرى گه‌لى كوردى لهژێردهسهڵاتدا بوو، كوردستانى به‌سه‌ر چه‌ند ولایهتێكدا دابه‌ش كردبوو، له‌وانه ولایه‌تى شاره‌زوور كه پاشان خرایه سه‌ر ولایه‌تى مووسڵ، هه‌روه‌كو گه‌لى عه‌ره‌بیشى به‌سه‌ر ولایهتهكانى سوریا و به‌غدا و به‌سره و حیجاز و به‌یروت و میسرى خدێوی و هى تردا دابه‌ش كردبوو. بۆیه ئه‌و كاته‌ش و تا دواى جه‌نگى جیهانیى یه‌كه‌میش، عێراقى ئێستا نه‌ك هه‌ر ته‌عبیر نه‌بووه له قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى خاوه‌ن پێناس، به‌ڵكو سهرزهمینهكانى ئێستاى عێراق وه‌كو باقى ڕهعییهتهكانى تر‌ى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ته‌خشان و په‌خشانى چه‌ند ولایهتێك كرابوون و ته‌نانه‌ت ناوى عێراقیش له ئارادا نه‌بووه و به‌شێكى ئه‌م خاكه‌ى ئێستاى عێراق هه‌ر به ناوى کوردستان و میسۆپۆتامیا یا وڵاتى نێوان دوو ڕووبار، ناسرابوو(٣) .
بۆیه عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت، یا سنوورێكى جوگرافیایى دیار و قه‌واره‌یه‌كى یه‌كگرتوو، پێش بیسته‌كانى سه‌ده‌ی پێشوو بوونی نه‌بووه و ده‌رنه‌كه‌وتووه.
***
عێراق و حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانى تا به به‌عس ده‌گات، هه‌میشه كوردیان به مه‌ترسییه‌كى گه‌وره له سه‌ر ئاسایشى ده‌وڵه‌تى عێراق داناوه. پێ به‌پێى ئه‌و تێڕوانینە ڕژێمه جیاجیاكانى عێراق و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه به‌عس په‌نایان بۆ هه‌موو شێوازه‌كانى تهفروتووناكردنى هێزى مرۆیى کورد بردووە، ئەویش لە ڕێی ڕاگواستن، ته‌عریبكردن و پاشانیش قڕکردنەوە.
سیاسه‌تى ته‌عریب داهێنانێكى به‌عسیانه نییه، ته‌عریب ڕه‌گوڕیشه‌ى كۆنى هه‌یه، ده‌توانین ئاكاره‌كانى سیاسه‌تى ته‌عریب و ڕاگواستن و به‌زۆر نیشته‌جێكردن له كوردستانى باشووردا بۆ سێ قۆناغى سه‌ره‌كى دابه‌ش بكه‌ین. به‌م شێوه‌یه:
یەکەم: قۆناغى پێش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق.
دووەم: قۆناغى پاش دامه‌رزاندنى ده‌وڵه‌تى عێراق.
سێیەم: قۆناغى ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌عس.
یەکەم: قۆناغى پێش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق
پێداچوونه‌وه‌یه‌كى خێراى مێژووى دانیشتوانى سهرزهمینهكانى عێراق، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه له كاتێكدا تا هه‌زار ساڵى پێش زایین هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ نیشته‌جێبوونى عه‌ره‌ب له عێراقدا نییه، كه‌چى هه‌شت هه‌زار ساڵ پێش زایین له ناوچه شاخاوییه‌كانی سه‌روو میسۆپۆتامیادا، ژیان به‌رده‌وام بووە.
ئه‌كه‌دییه‌كان یه‌كه‌م گرووپى سامیى گه‌وره بوون كه له كۆتایى ٤٠٠٠ ساڵى پێش زایین له دوورگەى عه‌ره‌به‌وه به‌ره‌و ناوچه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراقى ئێستا و ئاشورییه‌كانیش به‌ره‌و باکوور هه‌ڵكشاون.
وا پێده‌چێت بۆ یه‌كه‌مجار چه‌ند سه‌د ساڵێك پێش زایین ئاشورییه‌كان ناوى عه‌ره‌ب یان ناوێكى له‌و بابه‌ته‌یان تێدا هه‌ڵكه‌وتبێت(٤).
فتوحاتى ئیسلام یه‌كه‌مین هۆكارى گه‌وره‌ى هاتنى عه‌ره‌ب و نیشته‌جێبوونیانه له دوورگەى عه‌ره‌به‌وه به‌ره‌و عێراقى ئێستا. عەرەبە موسڵمانەکان هه‌ر ناوچه‌یه‌كیان ده‌گرت خێڵه عه‌ره‌به‌كانیان تێدا نیشته‌جێ ده‌كرد. لە هەمان سۆنگەوە فتوحاتى ئیسلام له كوردستانى باشووردا لێشاوى خێڵه عه‌ره‌به‌كانى به دواى خۆیدا هێنا. هه‌موو ئه‌و خێڵه عه‌ره‌بانه‌ى كه له گرتنى شارى مووسڵ و شەنگالدا به‌شدار بوون، پاشان جێیان نه‌هێشت و تێیدا نیشته‌جێ بوون. مووسڵ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى كه زۆربه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كورد بوون، له سه‌رده‌مى ڕاشدیندا و پاشانیش له سه‌رده‌مى ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌كاندا، چه‌ندین خێڵى عه‌ره‌ب له به‌سره و كوته‌وه ڕژانه سه‌ری و تا واى لێهات به‌قسه‌ى بهلازورى بووه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین شاره‌كانى موسڵمانان(٥).
لێشاوى ته‌عریب له سه‌رده‌مى عه‌باسییه‌كاندا گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕى، حه‌مه‌وی باس له‌وه‌ده‌كات كه زۆربه‌ى دانیشتوانه كورده‌كه‌ى شارى هه‌ولێر له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌و لێشاوه بهخووڕهدا بوونه عه‌ره‌ب(٦).
دواجار له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌دا كۆچ و ڕهوێكى گه‌وره‌ى خێڵه‌كی له ناوچه‌ى جزیره‌ى خۆرئاواى فوراته‌وه ڕووی دا. ئه‌و كۆچباره به‌شێكى زۆرى خێڵى گه‌وره‌ى شه‌مه‌رى له نه‌جده‌وه ڕژانه سه‌ر عێراق. ئیتر له‌و دهمهوە و به‌ره‌و دوا، پێكهاته‌ى ڕه‌گه‌زیی دانیشتوانى عێراق به كوردستانى باشووریشه‌وه، به تایبه‌تیش پاش سیاسه‌تى نیشته‌جێكردنى ئه‌و ئێله عه‌ره‌بانه له سه‌ر ده‌ستى والیه عوسمانییه‌كاندا، ئاڵۆگۆڕى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا هات و واى لێهات عه‌ره‌ب بوونه زۆرینه‌ى دانیشتوانى عێراق.
دووەم: قۆناغى پاش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق
ئه‌گه‌رچى هه‌روه‌كو پێشتر باسی لێوه‌كرا، سیاسه‌تى ته‌عریب ڕهگوریشهى كۆنى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته به‌شێوه‌یه‌كى گشتی و له چوارچێوه سیستماتیكییهكهیدا بۆ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ده‌وڵه‌تى تازه پێكهاتووى عێراق و ده‌ستنێژى ئینگلیز، هه‌ر زوو ده‌یزانى كه بێ كوردستانى باشوور تواناى به‌رده‌وامبوون و ژیانى نابێت. "فه‌یسه‌ڵ له وتارێكدا كه له مووسڵ خوێندرایه‌وه وتى: حكومه‌تى به‌غدا به بێ كوردستانى باشوور و مووسڵ ڕۆژێك ناژى"(٧) عێراق ئه‌وه‌شى ده‌زانى كه كوردستانى باشوورى به زۆر و بێ گوێدانه خواستى دانیشتوانه‌كه‌ى به عێراقه‌وه لكاندووه. بۆیه هه‌میشه ترسى جیابوونه‌وه و یاخیبوونى ئه‌و وڵاته به‌زۆر لكێنراوهى له به‌رچاودا بوو، سڵى له هیچ هۆكارێك بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه نه‌كردۆته‌وه.
ئه‌گه‌ر ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێتى پاشایه‌تى به هۆى نه‌بوونى سه‌رژمێریی وردى دانیشتوان و چۆنێتى نیشته‌جێبوونیان واز لێ بهێنین و كۆڵینكارى پاش ئه‌و ماوه‌یه و به‌تایبه‌تیش مێژووى سه‌رژمێریی دانیشتوان له عێراقدا له ساڵى ١٩٥٧دا بكه‌ین، ئه‌وا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه ته‌نیا له ماوه‌ى بیست ساڵى نێوان سه‌رژمێریى دانیشتوان له ساڵى ١٩٥٧دا كه به یه‌كه‌مین سه‌رژمێریی ڕاست و دروست داده‌نرێت و سه‌رژمێرى ١٩٧٧دا كه ئیتر ده‌سپێكى ته‌عریبكردنى به‌رنامه بۆ داڕێژراوى به‌عس بوو، كۆچكردنى عه‌ره‌ب بۆ پارێزگاكانى كوردستانى باشوور به‌شێوه‌یه‌ك زیادى كردووه، كه هیچ گومانێك بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و پیلانه ناهێڵێته‌وه كه له‌سه‌ر ده‌ستى حكومه‌ته جیاجیا عه‌ره‌بیه‌كانى عێراقدا و به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورد و زۆركردنى ژماره‌ى عه‌ره‌ب له كوردستاندا جێبه‌جێ كراوه. ئه‌وه‌تا "له كاتێكدا زیادبوونى ڕێژه‌ى عه‌ره‌ب له‌ماوه‌ى نێوان ١٩٥٧-١٩٧٧دا له پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقدا دابه‌زیوه‌ته خوار، هه‌مان ڕێژه له نێو دانیشتوانى پارێزگاكانى كوردستاندا په‌ره‌ی سه‌ندووه (…..)، ئه‌م زیاده‌یه (زیادبوونى ژماره‌ى عه‌ره‌ب) بەڕێژهى ٤٠٠% له پارێزگاى سلێمانیدا په‌ره‌ى سه‌ند و زیاتر له ٩٠% له پارێزگاى كه‌ركووك و نزیكه‌ى ٦٤% له پارێزگاى هه‌ولێر. له پارێزگاى مووسڵیش (بهدهۆكهوه) ڕێژه‌ى زیاده‌كه له ٣٠% ڕه‌ت بوو"(٨).
به‌و پێیه "ڕێژه‌ى عه‌ره‌ب له پارێزگاى مووسڵ له ماوه‌ى ساڵانى نێوان ١٩٥٧-١٩٧٧دا له ٥٦%ه‌وه بۆته ٧٤%ى سه‌رجه‌مى دانیشتوان، ڕێژه‌ى كوردیش له ٣١%ه‌وه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر ٢٥%.. له پارێزگاى هه‌ولێریش ڕێژه‌ى دانیشتوانى عه‌ره‌ب له ٧%ه‌وه بۆ ١٠%ى سه‌رجه‌مى دانیشتوانى پارێزگا زیادى كردووه و له سلێمانیدا له ١%ه‌وه بۆته ٦% (...)، كه‌چى ڕێژه‌ى دانیشتوانى عه‌ره‌ب له پارێزگاى کەرکووک له ٢٨%ه‌وه بۆ ٤٤% زیادى كردووه و به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش هى كورد له ٤٨%ه‌وه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر ٢٨% "(٩).
ئه‌م ڕێژانه ئه‌گه‌ر شتێك بگه‌یه‌نن، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌م پڕۆسێسه له‌خۆڕا نه‌بووه و كارێكى پێشوه‌خت و به‌رنامه‌ڕێژ بووه و كرۆكى سیاسه‌تى حكومه‌ته ناوه‌ندییه جیاجیاكانى عێراق بووه به‌مه‌به‌ستى زۆرترى نیشته‌جێكردنى ئێله عه‌ره‌به خێوهتنشینهكان له ناوچه ئاوه‌دانه‌كانى كوردستاندا و جێپێلێژكردنى دانیشتوانه كورده‌كه‌ى ئه‌و ناوچانه و ته‌نگ پێهه‌ڵچنیان بووە بۆ كۆچكردن.
سێیەم: قۆناغى ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌عس
به درێژایى مێژوو پێش دامه‌زراندن و پاش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق، هیچ ڕژێمێك هێنده‌ى به‌عس حسابى بۆ "مه‌ترسى كورد" له‌سه‌ر ئاییندەی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى نه‌كردووه.
له سۆنگه‌ى ئاسایشى ناوخۆیى عێراقی به‌عسه‌وه، كورد یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئاستى ناوه‌وه. بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییه‌ش به‌عس پلانى جه‌نگێكى بێبڕانه‌وه‌ى بۆ ته‌فروتوناكردنى هێزى مرۆیى كورد پیاده كردووه.
به‌عس به‌شێوه‌یه‌كى سیستماتیكى و قۆناغ به قۆناغ كه‌وته ده‌ستنیشانكردن و لەبۆتەدانی ژماره‌ى كورد، ئه‌ویش به‌سێ ڕێگه‌ى جیاواز؛ یه‌كه‌میان ته‌عریبكردن، دووه‌میان ڕاگواستن و، سێیه‌میشیان قڕكردن بوو.
له ڕوانگەی به‌عسه‌وه، كورد كه‌مینه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى و كوردستان به‌شێكى خاكى عێراقه، كورد میوانى خاكى عه‌ره‌به و به‌و پێیه‌ش جگه له كۆمه‌ڵێك مافى كلتورى و پێكه‌وه‌ژیانى هه‌میشه‌یى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، هیچ مافێكى تریان نییه. به‌عس له‌ڕێى ده‌ستكاریكردنى سه‌رژمێرییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانى ڕاسته‌وخۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورد، چه‌ندین خێڵ و ئاین و ئایننرا و ته‌ریقه‌تى له كورد دابڕى و "له‌ساڵى ١٩٧٧دا بڕیارێكیان ده‌ركرد كه به‌گوێره‌ى ئه‌و بڕیاره چه‌ندین عه‌شیره‌ت و پهیڕهوكهرانى ئاینى جیاجیاى كوردستان به عه‌ره‌ب له‌قه‌ڵه‌م دران و له ناونووسى گشتى ١٧/١٠/١٩٧٧دا عه‌ره‌ب نوسیان كردن"(١٠)، له‌وانه‌ش (یه‌زیدییه‌كان، كیكان، گه‌رگه‌رى، شه‌به‌ك، گێژ، باڵانى، ساڵه‌یى، شێخ بزێنى، دیانهكانى كوردستان و شێخ و سهیدهكانى كوردستان )"(١١).
ڕوپێوى خاكى كوردستانى باشوور به زۆرتر له ٨٥٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە داده‌نرێت، له‌و ڕووبه‌ره‌دا مه‌ڵبه‌ندى چوار پارێزگا؛ سلێمانى، کەرکووک، هه‌ولێر و دهۆك، هەروەها سى و حه‌وت قه‌زاو سه‌د و سى ناحیه‌ى تێ ده‌كه‌وێت. ئه‌و ڕووبه‌ره به‌شى هه‌ره‌گه‌وره‌ى چڕى دانیشتوان و سه‌رچاوه بێشوومارهكانى نه‌وت و ئاو و كانزاكانى هه‌موو عێراقی ئێستاى تێدایە. به‌پێى ئه‌و سنووره بێت كه له ساڵى ١٩٧٤دا بۆ ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى دانرا و به‌عس به كوردستانى له‌قه‌ڵه‌م دا، ته‌نیا ٣٦،٣٤٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی له‌و ڕوپێوه هێشته‌وه كه مه‌ڵبه‌نده‌كانى هه‌ر سێ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك و بیست و یه‌ك قه‌زا و حه‌فتا ناحیه‌ى له‌خۆ گرتووه. به‌مه‌ش زۆرتر له ٤٨،٦٥٣ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی لهخاكى كوردستانى باشوور دابڕى و هه‌موو ناوچه ستراتیجییه‌كانى کەرکووک و مووسڵ و خانه‌قین و ده‌وروبه‌ریانى له سنوورى ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى ده‌رهێنا و به خاكى عه‌ره‌بى له‌قه‌ڵه‌م دان و به كاوه‌خۆ كه‌وته ته‌عریبكردنیان.
سیاسه‌تى ته‌عریب، ڕاگواستن و نیشته‌جێكردنى زۆره‌ملێیانه و پاشان قڕکردنی کوردی به‌دواى خۆیدا هێنا. هه‌ر له سۆنگه‌ى ئاسایشى ناوخۆیى عێراقه‌وه، ڕاگواستنى كورد چه‌ند هۆكارێكى بۆ كراوه‌ته بنه‌ما، كه به‌پێى ئه‌و هۆكارانه چه‌ندین ناوچه‌ى جیاجیاى سه‌ر به كوردستانى باشوور له خه‌ڵكه‌كه‌ى چۆڵ كران و به هێزى سوپا و دانیشتوانى عه‌ره‌ب پڕكرانه‌وه.
هۆكاره‌كانى ڕاگواستن جیاوازن، گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
1. ڕاگواستن به هۆى ته‌وه‌ره ستراتیجییهكانهوه: كه قه‌زاكانى به‌دره و مه‌نده‌لى و خانه‌قین و شێخان و تلكێف و ته‌له‌عفه‌ر و شەنگال و به‌شێك له قه‌زاكانى دووز و زاخۆى گرتبۆوه.
2. ڕاگواستن به‌هۆى ناوچه نهوتییهكانهوه: قه‌زاى کەرکووک و هه‌ر یه‌كه له قه‌زاكانى دووبز و كۆیه‌ى گرتبۆوه.
3. ڕاگواستن به‌هۆى ناوچه سنوورییهكانهوه: قه‌زاكانى هه‌ڵه‌بجه و پێنجوێن و شارباژێڕ و دوكان و پشده‌ر و چۆمان و ڕه‌واندز و زێبار و ئامێدى و زاخۆى گرتبۆوه(١٢).
4. ڕاگواستن به‌هۆى جه‌نگى كوردستانه‌وه: هه‌موو گوند و ئاواییه‌كانى كوردستانى گرتبۆوه كه هێزى سوپا نەیدەتوانی ڕاسته‌وخۆ بیانخاته ژێر كۆنترۆڵى خۆیه‌وه.
ئه‌نجامى ئه‌م سیاسه‌ته، له‌نێوان ساڵانى ١٩٦٨-١٩٨٢ دا پتر له دوو سەد هەزار كوردى فه‌یلى له شاره‌كانى به‌غدا و قه‌زاكانى به‌دره و مه‌نده‌لى و خانه‌قین ده‌ركران و ڕه‌وانه‌ى ئێران كران. جگە لەوە به‌شى زۆرى ناوچه ڕاگوێزراوهكانى سنوور و ناوچه نه‌وتییه‌كانیش به‌ره‌و قوڵایى شار و شارۆچكه‌كانى سه‌ر به ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى كۆچیان پێ كرا و له ئۆردووگاى زۆره‌ملێدا نیشته‌جێ كران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌نیا له پارێزگاى سلێمانیدا، عێراق ٢٩ ئۆردووگا و له پارێزگاى هه‌ولێردا ١٦ ئۆردووگا و له پارێزگاى دهۆكدا ١٤ ئۆردووگاى زۆره‌ملێى دروست كردبوو(١٣).
له ساڵى ١٩٨٥ به‌دواوه سیاسه‌تى سوتماككردنى كوردستان ئاقارێكى مه‌ترسیدارى گرته‌به‌ر. پێش تاوانەکانی ئه‌نفال، به‌شێكى زۆرى دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه‌ى ڕاده‌گوێزران ده‌برانه ئۆردووگاوه، به‌ڵام ئه‌نفال له ده‌ره‌وه‌ى ڕاگواستندا ئامانجه شاراوه‌كه‌ى به‌عسی له پشته‌وه بوو، ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورد ئه‌گه‌ر به قڕكردن و قهڵاچۆكردنیش بێت.
له مێژووى نوێى كوردا، هیچ شاڵاوێکی عه‌سكه‌ریى هێنده‌ى تاوانی ئه‌نفال ڕوو له له‌ناوبردنى كورد نه‌بووه. له ده‌ره‌وه‌ى ڕاگواستن و ته‌عریبدا، به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورد، ئه‌نفال ڕوو له قڕكردن و قه‌ڵاچۆكردنى كورد بوو. ئه‌نفال كاردانه‌وه نه‌بوو، لەبەرئەوەی پێش ده‌سپێكى تاوانەکە ده‌وڵه‌تى عێراق پێشتر پلانى تاوانەکەی داڕشتبوو؛ ناوچه‌كانى قڕكردنى دیاری كردبوو. به‌پێى بڕیارێكى "ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕش" له ٣٠/٦/١٩٨٧دا، عێراق هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى كشتوكاڵیى شار و دێهاته‌كانى كوردستانى هه‌ڵوه‌شانده‌وه و هه‌موو كه‌ره‌سته كشتوكاڵییهكانیشى قه‌ده‌غه‌كرد(١٤). سه‌رجه‌م قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و كاره خزمه‌تگوزارییه‌كانى كێشایه‌وه و زۆنێكى ئاسایشى دروستكرد. به‌پێى چه‌ند بڕیارێكى نهێنى تر كه مه‌كته‌بى ته‌نزیمى شیمال ده‌ری كردبوو، داوا كرابوو وه‌كو ناوچه‌یه‌كى عه‌سكه‌ریى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانى ناو زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌دا بكرێت و هه‌ر كه‌سێكى ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ بهبانهوه ده‌ستگیركرا، پاش وه‌رگرتنى زانیارى لێى، بكوژرێت.
كه هێرشه‌كانى ئه‌نفال ده‌ستیان پێكرد، ئیتر زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه، كه ڕوپێوهكهى ده‌یان هه‌زار كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌ى خاك بوو، هه‌زاران گوند و ئاوایى و سه‌دان هه‌زار كه‌سى سیڤیلى تێدا ده‌ژیا، سه‌رله‌به‌ر بووه یه‌ك نیشانى عه‌سكه‌ریى سوپاى عێراق.
لە ئەنجامی ئه‌م تاوانەدا كه له مانگى شوباته‌وه تا سه‌ره‌تاكانى ئه‌یلولى ١٩٨٨ درێژه‌ى هه‌بوو، له كۆى ٤٦٥٤ گوندی سه‌ر به هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك، ٤٠٠٦ گوندى له‌گه‌ڵ خاكدا ته‌خت كران و سوتێنران. له كۆى ٢٠٣٥ گوندى ته‌نیا سه‌ر به پارێزگاى سلێمانیدا، سه‌رجه‌م ١٩٩٢ گوندى خاپوور كران. له پارێزگاى هه‌ولێریشدا له‌كۆى ١٤٩٦ گوند، سه‌رجه‌م ١٢٠٥ گوندى خاپوور كران. دواجار له پارێزگاى دهۆك و له كۆى ١١٢٣ گوند، سه‌رجه‌م ٨٠٩ گوندى خاپوور كران. ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى كاولكردنى سه‌دان گوند و ده‌یان قه‌زا و ناحیه‌ى سه‌ر به ناوچه كوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى جاران.
ئەنفال کە لە بەشێکی گەورەیدا درێژکراوە و بەرئەنجامی سیاسەتی تەعریب و بەزۆر ڕاگواستنی کوردە، ده‌كرێت دواى هۆڵۆكۆست به گه‌وره‌ترین تاوانى جینۆساید دابنرێت، كه تێیدا ده‌وربه‌رى ١٨٢٠٠٠ كه‌سی سڤیل بزر و گۆڕغەریب کران.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1. بۆ زۆرتر زانیارى بڕوانه: محمد امین زكى، كورد و كوردستان، جلد ١، به‌غدا، چاپخانه‌ى دارالسلام، ١٩٣١.
2. فه‌تاحى قازى، كورد له ئینسكلۆپیدیاى ئیسلامدا، وه‌رگێڕانى حه‌مه‌كه‌ریم عارف، (ده‌ستخه‌ت).
3. الاتحاد الوطنی الكردستانی، أغد دیمقراطی أم حرمان شعب حتى من حق الحلم؟ من منشورات الاتحاد الوطنی الكردستانی، ل٣١.
4. خه‌لیل ئیسماعیل (دكتۆر)، "گۆڤارى سیاسه‌تى ده‌ولى"، ژماره ١١.
5. الامام احمد بن یحیی بن جابر البغدادی البلاذری، کتاب فتوح البلدان، الطبعە الاولی، مطبعە الموسوعات، القاهرە، ١٩٠١، ل٣٣٩.
6. شهاب ا‌لدین ابی عبداللە یاقوت بن عبداللە الحموی الرومی البغدادی، معجم البلدان، المجلد الاول، دار صادر، بیروت، ١٩٧٧، ل١٣٨.
7. چیا، ئه‌منى ستراتیجى عێراق و سێ كوچكه‌ى بهعسىیان: ته‌رحیل، ته‌عریب، ته‌بعیس، له‌بڵاوكراوه‌كانى ده‌زگاى ناوه‌ندى رۆشنبیرى كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌رانى كوردستان، ١٩٨٧. ل٩٤.
8. خه‌لیل ئیسماعیل (دكتۆر)، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو.
9. هه‌مان سه‌رچاوه.
10. چیا، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو. ل٢٧٠.
11. هه‌مان سه‌رچاوه. ل١٣٤.
12. هه‌مان سه‌رچاوه. ل١٣٠.
13. هه‌مان سه‌رچاوه.
14. الوقائع العراقیه، العدد ٣١٥٨، بغداد، ١٩٨٧/٧/١٣.
سەرچاوە : ئاوێنە