ڕۆژنامەنووسێک: لەم کابینەیەدا زۆرترین سەرکوتکاری لە دژی ڕۆژنامەنووسان کراوە

 

باران گەرمیانی

هەوار محەمەد، ژنە ڕۆژنامەنووس، باس لە دۆخی ئێستای ئازادی ڕادەربڕین، ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی ئاژانسەکەمان و هەڵوێستی دەزگا میدیاییەکان و لایەنەکان دەکات و دەڵێت: لەم کابینەیەدا پەدەکە لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە زۆرترین پێشێلکاریی و سەرکوتکردنی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کردووە، دەشڵێت: دەبێت لایەنەکانی دیکە، دەزگا ڕاگەیاندنییەکان و هاوڵاتییانیش بێ دەنگ نەبن.

هەوار محەمەد
هەوار محەمەد

تا دێت پێشێلکارییەکانی پەدەکە لە دژی ڕۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد ڕوو لە زیادبوون دەکەن، دەیان دەستگیرکردن، سزادان، ڕفاندن و تیرۆرکردنی بە درێژایی ماوەکانی ڕابردوو ئەنجامداوە، لە کۆتا پێشێلکارییشدا، لە ٢٥ی تشرینی یەکەم سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە دەروازەی فیشخابوور دەڕفێنێت و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت.

لەو بارەیەوە هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس لە کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە دەستپێکی حکومڕانی کوردییەوە فشارێکی زۆر بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان هەیە، چەندین نموونە هەیە لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، لەم کابینەیەداش زۆرترین پێشێلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەڕبرین هەیە، پەدەکەش وەک دەسەڵاتی یەکەمی حکومەتی هەرێم و خاوەن زۆرترین کورسی پەرلەمانیش، لە ڕێگەی دەزگای پاراستنییەوە ڕۆژنامەنووسان سەرکووت دەکات و بە شێوازێکی ناشرین دەیانڕفێنێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئیدانەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدی کرد و وتی: نیگەرانین لەو سیاسەتەی پەدەکە، کە لە باشووری کورستاندا پەیڕەوی دەکات، ڕۆژنامەنووس دەنگی ئازاد و خەڵکە، بەرەو ڕووی گەندەڵکاریی و داگیرکاریی دەوەستێتەوە و ڕاستییەکان بۆ کۆمەڵگە ئاشکرا دەکات.

وتیشی:

ئەو مەترسییەی لە باشووردا هەیە، دەبێت هەر تاکێک بە مەترسی لەسەر خۆی بیبینێت، پەدەکە چۆن بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەبێ گوێدان بە ڕای گشتی و یاساکان، پێشێلکاریی دەکات، بەرامبەر هاوڵاتییانیش ئەنجامی دەدات، بۆیە خەڵک لە بەرامبەر ئەمەدا دەبێت بە هەڵوێست بن.

 

 

سەرچاوە : ڕۆژنیوز

 

 

هاوار محەمەد، سەرنجی خستە سەر دەزگا ڕاگەیاندن و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی باشووری کوردستان و وتی: دەبێت ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکانی دیکەش بە جددی لەسەر ئەمە هەڵوێستیان هەبێت و کاری لەسەر بکەن و خاوەنداری لێ بکەن، ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد درێژکراوەی ئەو سیاسەتەیە، کە پەدەکە لە دژی گیراوانی بادینانیش ئەنجامی دا، ئەمەش دەرەنجامی بێدەنگی ڕێکخراو و لایەنەکانی دیکەیە، چونکە زۆرترین سەرکوتکاریی لەلایەن پەدەکەوە دەکرێت.

وتیشی: ئەو لایەنانە نابێت بێدەنگ بمێنن، یەکدەنگ نەبوونی لایەنەکان لە بەرامبەر نادادی، پێشێلکردنی ئازادیی و یاساکان و بەکارهێنانی دادگاکان لەلایەن پارتێکی سیاسییەوە، وایکردووە کە دۆخی ڕۆژنامەنووسان، کۆمەڵگە و ژنان خراپتربێت و بەم دۆخەی ئێستا بگات.