ڕۆمانی میری کوردان

ڕۆمانی میری کوردان

سلێمان مستەفا

 

پاشماوە لە شەڕ، ئەڤین و مێژوو -کەسایەتیی میر مەمێد،میری کوردان

ئەوین و خەبات لە نێوان چیاکان -هەڵسەنگاندنێکی نوێ لە چیرۆکی کوردان.

ئەوینی میر بۆ کچە قەرجێک بوو یان بۆ شازادەیەکی ئەورووپایی.

ئەڤین، باوەڕ و سوار چاکی، مەردایەتی و ڕاستگۆیی، و تۆمەت، خیانەت و مەرگ و مێژووی شێوێنراو؛

ڕۆمانی میری کوردان ڕۆمانێکی ڕاستەقینەیە
 

میری کوردان؛ ئەوە ناونیشانی چیرۆکێکی درێژە، لە نووسینی کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ، بەڕێز شێروان مەحموود لە ڕووسییەوە وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. کتێبەکە ١٤٨ لاپەرەیە و دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم بڵاوی کردۆتەوە، ساڵی چاپی ٢٠٢٤.

ڕۆمانەکە ساڵی١٨٥٦ بە فەرەنسی و ساڵی ١٨٥٧ لە میلانۆ بە ئیتالی بە چاپ گەیەنراوە، و لێی نووسراوە کۆ بەرهەمی تەواو نوێ. ڕۆمانی مێژوویی و سەردەمەکانی گەلانی جۆڕا وجۆر، هەروەها لە ساڵی ١٨٥٦ لە گۆڤاری ڕووسکی ڤێستنیک بڵاو کراوەتەوە.

وەرگێڕ پێشەکێکی بۆ کتێبەکە نووسیوە، چۆن ڕۆمانەکەی دۆزیوەتەوە، بۆ بەدوای دا گەڕاوە، بۆ وەری گێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، بەڕێزیان لە پێشەکی ڕای خۆی لەسەر کتێبەکە نەخستووەتە ڕوو بەڵکوو هاتووە لە کۆتایی چەند پرسیار و گومانێکی وڕژاندووە.

ڕۆمانی میری کوردان، چیرۆکێکی درێژە، نووسەر لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت ئەو چیرۆکە چیرۆکێکی ڕاستە قینەیە و لەگەڵ کارەکتەرەکانی ژیاوە و هاوسۆزیان بووە، میر مەمێد سەرۆک هۆزێکی کورد پاڵەوانی ڕاستەقینەی ئەو ڕۆمانەیە. هەتا بڵێت چیرۆکەکە باڵکێش و پڕ لە فەنتازیا و ئەوینە، من لەسەرتادا چەند دەستەواژەیەکم هەڵبژارد کە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەن؛ ئەڤین و باوەڕ و سوار چاکی و مەردیەتی و ڕاستگۆیی شێواندن و تۆمەت و خیانەت و مەرگ و مێژووی نووسراو شێوێنراو؛
 

ئەوەی جێگای داخە ئەو نووسەرە وەک بەشێک لە گەڕیدەکانی بیانی کوردی بە چەتە و ڕێگر و تورک ناوزەد کردووە. میر مەمێدی جوامێر و عاشق و ئەوینداری حەبیبەی کچی قۆنسووڵی سوێد دانیمارک، میر مەمێدی خاوەن حەرەمسەرای گەورە و سەرۆک هۆز بە هەڵگەڕاوە و ڕێگر ناو بردووە، ئەو نووسەرە هەوڵی نەداوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، ئایا گەلانی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەکسان بوون و بژاردی سەربەخۆییان هەبووە، ئایا پرسی ئەو گەلە جۆراو جۆرانە چی بووە، چیرۆکە کانیان چی بوونە، ئەو نا حاڵی بوونەی خانمی نووسەر مایەیی نیگەرانییە، بۆیە هەمیشە ئەو مێژووی نووسراوەتەوە بۆمان کراوە بە مێژووی کوردان.
 

لایەنی تری ڕۆمانەکە پرسە گەلێکی زۆر باڵکێش لە خۆی دەگرێت، لەگەڵ خوێندنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ لای حەمەدۆکی یەشار کەمال، و چیرۆکی خۆشەویستی شێخی سەنعان. بەشێکی تری چیرۆکە ناوەخنی جاسووس و خیانەت و خیانەت کار و ستەم کار بەیان دەکات.

هەرگیز ئەوەشتان بیر نەچێت زۆرینەی گەڕیدەکان لە دیدی بەرژەوەندی و کولتووری ئەوروپایی، هەڵسەنگاندن و تێڕوانینیان دەخەنە روو بۆ  جیهان و مرۆڤایەتی، لە لایەکی ترەوە هاوڕام لەگەڵ کاک شێروان کەدوژمنانی کورد ڕایان وایە؛ هەرگیز بۆ کەس نەلواوە دوژمنی دۆراو بکاتە دۆستێکی دلسۆز و جێمتمانە، دەمێکە لەوە تێگەیشتووین و پێمان دەڵین  دوژمنانی کورد بەوەش لێی ڕازی نابن کە وەک دوژمنێکی دۆراو و شکستخواردوو دانیشێ لە ناویاندا و دەست بە کڵاوی خۆیەوە بگرێت با نەیبات.
 

لەکۆتایی دا پێویستە ئەوە بە بیر خۆمان بێنینەوە،کورد…نەتاوانکاربوو،نەتوند، نە چەتە،بەڵکووبەرگریکاربوو، جەنگاوەری ئازادی بوو،، لە کۆتایی چیرۆکەکە پێمان دەڵێت باوەڕ بە دوژمن مەکەن.
 

لە زۆربەی نووسینو بۆچوونی گەریدە ئەو روپاییەکان ، کورد بە شێوەیەکی ناعادیلانە وەسف کراوە؛ وەک ئەوەی هێزێکی توند و چەتە و دواکەوتوو... ئەم وێنەیە نە نزیکە بە ڕاستی، نە وێنەی ڕاستەقینەی ژیان و بارودۆخی کوردە.
 

ئەو نووسەرانەی هاتوونەتە کوردستان، نزیک بوون بە هێزی باڵا دەست و حوکمڕان، و کەمتر هەستیان بە ئازار و بوونی گەلی بەرگریکارو خاک داگیر کراو کردووە، لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆیان.
 

کورد بەرگریکار بووە، نە هێزێکی تاوانکار. میر مەمێد پارێزگاری لە خۆی کردوە، لە هۆزەکەی کردوە، نەک لە چەتە گەری و داگیر کاری، هەوڵەکانی مێر مەمێد خۆپارێزی بووە. دوو ڕوویی کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ، پشتیوانییەکی بێ چەند وچوونی دەسەڵاتی ستەم بووە.
 

ماوەی ١٠٠ ساڵ زیاترە کورد ئەو وێنە ناشرین و مێژووە هەڵبەستراو و شێوێنراوە و دروستکراوە ڕاست دەکاتەوە، پێویستە وێنەی کورد ڕوون بکرێتەوە: گەلێکی خۆپارێزین، ئاشتی خوازین، مرۆڤ دۆست، ئازایە، خاوەن شارستانیەکی بێ هاوتا بەلام دزراو، ئیمە کوردین ئێمە سۆمەرین، خاون مێژوێکی دزراو و ون و بزر کراوین.
 

هیوادارم کاتتان هەبێت بۆ چەند ساتێک بگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٨٥٠ و بەناو چیاکانی کوردستان و ئەوینێ میر مەمێد پشووێک بدەن و ئارامی ببەخشنە ڕۆحتان.

سەرچاوە : سپی میدیا