ڕووماڵی میدیای کوردی لە نێوان لەشکرکێشی تورکیا و شاجوانی پشیلەدا

 

 

 

هۆشیار جەمال

 

 

لە باشوری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ میدیای نوێ  دەست پەخش و وەشاندن دەکات، و لە ئێستادا خۆی دەبینێتەوە لە دەیان کەناڵی ئاسمانی و سەدان کەناڵی لۆکاڵی و سەدان ڕادیۆ و چەندین ڕۆژنامەی حیزبی و ھەزاران پەیجی سۆشیال میدیا، کە بەشێک لە سۆشیال میدیاکان ھی ئەو دامەزراوە میدیایانەن کە ئاماژەم پێکرد و بەشەکانی تریش خۆیان ھەر دەزگای تایبەتین تەنھا لە سۆشیال میدیادا پەخشیان ھەیە، کە زۆرینەی ڕەھای ئەم دەزگا میدیایانە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی پاڵپشتیان دەکەن، فراوانبوونی میدیا ئاماژەیە بۆ بوونی ئازادی زیاتر و دیموکراسی بەڵام پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا میدیا کوردییەکان لەباشوری کوردستان کە سیستەمێکی سەرمایەداری دەیبات بەڕێوە چی ڕووماڵ دەکات؟ و چی لا گرنگە بیکات بە پرسی ڕۆژ و کاریگەری لەسەر ھاوڵاتیان دروستبکات؟

ماوەی ھەفتەیەکە سوپای داگیرکەری تورکیا لە باشوری کوردستان و بە دیاریکراوی لە سنوری پارێزگای دھۆک ھاوشێوەی ھێرش و داگیرکاریەکانی ساڵانی ڕابردووی لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەرچاوی دەسەڵاتداری باشوری کوردستان و حکومەتی عێراق و وڵاتانی ھەرێمی و جیھانەوە لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنی بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان دەستپێکردۆتەوە و ھەمووان لە ئاستیدا بێدەنگن و لەم نێوەندەشدا ڕۆڵی میدیا  وەک ئامڕازێکی کاریگەر لە دروستکردنی ڕای گشتی بۆ دژایەتی کردنی ئەم داگیرکاریە وونە،  کە ئەم بێ کاریگەریەی میدیا لە کاتێدایە ھەمووان دەزانین تورکیا ھەر ناوچەیەکی کوردستان داگیربکات دواتر بەجێی ناھێڵێت و سەرەتا ژینگەی وێران و دواتر بەتورککردن و بەعەرەبکردن لێی دەستپێدەکات وەک ئەوەی کە چەند ساڵێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەدیاریکراوی لە شاری عەفرینی داگیرکراو دەیکات.

میدیای کوردی و  بەدیاریکراوی میدیای باشوری کوردستان لە جیاتی ئەوەی ڕووماڵی ئازارەکانی نەتەوەکەی بکات و دژی داگیرکاری و لەشکرکێشیەکان بۆ سەرخاکی باشوری کوردستان بێت، ژیان و دۆخی پشیلەی لا گرنگترە سەرقاڵی ڕووماڵکردنی چالاکی ھەڵبژاردنی شاجوانی پشیلەیە لە شاری سلێمانی، بەڵێ ئەمەیە کاری میدیای کوردی لە سیستەمەی سەرمایەداریدا کە خوێنی پشیلە لە خوێنی تاکی کورد بە بەھاترە، تەندروستی پشیلەی لە تەندروستی ھاوڵاتیان و ژینگەی کوردستان و داگیرکردنی خاکەکەی لە لایەن داگیرکەرانەوە لا گرنگترە، کە  ڕوماڵی ھەواڵی ھەڵبژاردنی شاجوانی پشیلەی لا گرنگترە لە ڕووماڵی داگیرکردنی وڵاتەکەی ئەرێ بەڕاست ئەگەر "مقداد مەدحەت بەدرخان" دامەزرێنەری یەکەم ڕۆژنامەی کوردی  لە گۆڕ ھەستێتەوە چاوێکی لە شێوازی کارکردنی میدیای کوردی بێت لە باشوری کوردستان  بۆچوونی چی دەبێت؟

سەرچاوە : ئاوێنە