ڕاپەڕێن، کێ کردی و کێ خواردی؟

 

 

 

هیوا سه‌ید سه‌لیم



ساڵانە لە دەستپێکی مانگی ئادار یادی ڕاپەڕینی پڕ شکۆی خەڵکی کوردستان دەکرێتەوە، ئەمساڵ 34 ساڵ بەسەر ئەو یادە تێدەپەڕێت، ئەگەر بەووردی خوێندەوە بۆ راپەڕین بکرێت تێدەگەین کە  تەمەنێکە ڕاپەڕین کراوە.
 

 ئاشکرایە کە  قسەکردن سەبارەت بەو یادە ھەمیشە مشتومڕی ئەوی لێدەکەوێتەوە کە ئایا ڕاپەڕین چۆن کرا و  کێ کردی؟ لەوبارەیەوە ھەمووان خۆیان پێ قارەمانە و ڕۆڵی ئەوانی دیکە نادیدە دەگرن.
 

لە راستیدا ڕاپەڕینی 1991 زادەی پێشھات و وەچەرخانێکی سیاسی جیھانی و ئیقلیمی بوو کە دوای داگیرکردنی وڵاتی کوێت لە لایەن عێراقەوە ھاتە پێشەوە، بەڵام دوای ئەو رووداوەش ڕاپەڕین بەدەر نەبوو لە خۆسازدانی ھێزی پێشمەرگە و چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان کە ساڵانێک بوو لەدەست دڕندەترین رژێمی سەرکوتکەر دەیناڵاند.
 

لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ڕاپەڕین ڕووداوێک بوو زۆرینی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە باش و جاشیەوە بە پشتیوانی ئەو ژمارە پێشمەرگەی کە تا ئەو کاتە لەو دیو سنوور خۆیان ڕاگرتبوو ئەنجامدرا . بەڵام پرسیارەکە لێردەدایە ئایا ئەوانەی کە ڕاپەڕینیان کرد ھەموو ئەوانەش لە بەرھەمەکەیان خوارد؟
 

  ڕاستە ڕاپەڕین خەلكی کوردستانی لە ژێر چەپۆکی دڕندە ترین ڕژێم ئازادکرد کە ساڵانێک بوو بە ئاگر و ئاسن حوکمی عێراق و کوردستانی دەکرد، بەڵام زۆری نەبرد خەڵک تاڵاوی دەسەڵاتێکی خرابی کرا بە قورگدا کە بەداخەوە گەیشتە شوێنێک کە "خۆزگە بە کفندز بخوازێت".
 

"شەڕی ناوخۆ، کورد کوژی، گرتن و ڕاوەدونان، دوو ئیدارەی، پەلکێشی دەستی دووژمنان و داگیرکەران، برسیکردنی خەڵک، بەزاندنی ھەموو ئەو ھێڵە پیرۆزانەی کە ڕاپەڕین وەک دەستکەوت بەدەستی ھێنابوو"  بەرھەمی سیاسەتی نادرووستی ساڵانی دوای ڕاپەڕین بوون.  لە پەنای ئەو کارانەش  پڕکردنی گیرفان لەسەر حیسابی داھاتی گشتی لە لایەن توێژێکی دەستڕۆێشتوی ناو دوو حزبە حوکمڕانەکانی کوردستان ھێندەی دیکە باری سەرشانی خەڵکی کوردستانی قورسترکرد.
 

  ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کەس نیە  نەزانێت کێ لە بەرھەمی ڕاپەڕینی کوردستانی خوارد و دەخوات، خواردنێکی ناشەرعی،  بە گەندەڵی و ناڕەوا، بە قۆڕغکاری بازاڕ،  تەنانەت بەدەستبردن بۆ قووتی خەڵک، بەداخەوە ھەر ئەوەشە وایکردووە لە لای کەسانێک باسکردن لە ڕاپەڕین جۆرێک بێت لە نەنگی. تا  دەگاتە ئەو شوێنەی نەتوانرێت شانازی بە ڕۆژێکی گرنگی وا بکرێت!

 لەگەڵ ھەموو ئەو شاشی و نادادیەی لە ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە، بەڵام نابێت خرابیەکانی دەسەڵات وامان  لێبکات بەشکۆوە یادی ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی نەکەینەوە،. بەڵام خەڵک مافی خۆیەتی بەوانە بڵێت کە بە ناڕەوا لە دەستکەوتی ڕاپەڕین  دەخۆن دەزانن ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی بە خوێن و ماندووبوونی خەڵک بەدەستھاتوون لەوە زیاتر ناشیرینیان مەکەن.

سەرچاوە : سپی میدیا