لە ڕۆژانی ٩-١٠ / ٥ / ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی، هەشتەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی پلاتفۆڕمی دابڕان و شەشەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی فێمێنیزمی ڕۆشنگەریی، بەڕێوەچوو. لەسەر بنەمای ئەنجامی سەرجەم توێژینەوەکانی هەردوو کۆنفراسەکە، لە روانگەی ڕووماڵی ڕەخنە و ناوەرۆکی تێکڕای پرسیاری ئامادەبووان گەیشتینە ئەم ڕاسپاردانەی خوارەوە.
یەکەم:
ڕاسپاردەکانی هەشتەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی پلاتفۆرمی دابڕان:
١- هەوڵبدرێت ڕەهەندە ڕۆشنگەرییەکانی فەلسەفە و فۆڕمی ئاینداریی کوردی، بەتایبەتی لە نەزم و نەریتی خوێندنی ئایینی باوەڕداری ئارام، هاوکات فرە ڕەهەندیی ئەو فۆرمە عیرفانی و نەرمونیانەی لە زەمینەی زانستە ئاینییەکاندا، تیۆریزەی ژیانی کۆمەڵایەتی کراوە و تا رادەیەک ڕەنگدانەوەی لە ڕابردووی ڕۆشنگەری کوردەواریدا هەبووە، پێویستە بخزێتە ناو توێژینەوە زانستییەکانەوە و دەرگا لەپێش لۆژیکی ئایندارییەکی ئاشتیخوازانە و ئەخلاقی میانەڕەوی مێژووی ئاینداریی لە کوردستاندا واڵا بکرێت. هاوکات بوار نەدرێت بە کەلتوورە هێنراوەکانی هێزە بناژۆخوازەکان، ئەو دەرگا و دنیابینیە زیانبەخشانە بەسەر بونیادی کۆمەڵایەتی کوردیدا دابخرێن.
٢-خوێندنی باڵا لە بەشەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکاندا، بەتایبەتی لە بەشی خوێندنی ئیسلامیدا، وەزارەتی ئەوقاف لەمیتۆدی خوێندنی فەقێیانی کوردستاندا، دیسانەوە داڕشتنەوە بە میتۆد و ماریفە زانستییەکانیاندا بکەن. بەجۆرێک فیکر و فەلسەفە، وەک توراس و تێڕامانی پێشینانی کورد، چۆن چاپوکانە چەندەها زانای ئایینی گەورەیان گەیاندە کاروانی ڕۆشنگەریی ڕابردوومان، جارێکی دیکە، هەم لە بواری کردەیی و کۆرسبووکی وانەکاندا، هەم لە بواری توێژینەوەدا، بوار لەبەردەم فیکر و لۆژیک و فەلسەفەدا فەراهەم بکرێت.
٣- ڕیفۆرم، ڕوانگەیەکی ڕۆشنگەرانەیە بۆ وزەی هەر مەیدانخوازییەکی گۆڕانکاریی لە ئایندەدا. بۆیە لە هەر پرسێکی کۆمەڵایەتیدا، کە خواستی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە، پشتبەستن بە کلتووری ڕەخنە و ڕوانگەی ئازاد، یان دەستبردن بۆ هەر پرس و گرفتێکی کۆمەڵایەتی، بە بەشداری و بەشێک لە هێنانە پێشەوەی پەیمانی چاکسازیی و چارەسەریی لێکدەدەینەوە. لەم میانەشدا پشتیوانی هەر هەوڵێکین کە ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازانە بەرینتر بکات.
٤-بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، شادەماری هەر داهێنان و دنیابینییەکی سەردەمیانەیە. بۆ ئەوەی میتۆد و پرۆگرام و پەیامی ئەمڕۆیی، لە نەخشەی گوڕانکاریی خوێندنگەکان و خوێندنی باڵادا، شوێنی خۆی بگرێت، دەبێت گیانی گونجاندن لەگەڵ گەوهەرە جوانەکانی کوردەوارییدا بێنینە پێشەوە.
٥- ئەدەب و هونەر، بەتایبەت بوارەکانی سینەما، ستران، مۆسیقا، شیعر و پەخشان، هەر بوارێکی زیندووی ژیانی کۆمەڵایەتی، کە پاڵنەری پێناوێک بێت، تا کەشێکی لەبارتر بۆ ئەندێشەی مرۆڤەکان بڕەخسێنێت، بابەتگەلێکی بونیادیین لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا. بۆیە پێویستە بایەخی زیاتر بەو زەمینەیە بدرێت و وەک ئەرکێکی بەرپرسیارییەتیی مێژوویی بۆ جۆشدانی کۆمەڵایەتی و پەیوەستی نەوەکانی ئایندە، تەماشا بکرێن. لەبەرانبەردا پێویستە کار بکرێت بۆ کاڵکردنەوەی بابەتی ئایدیۆلۆژی، بیری بەرتەسکی حزبایەتی، ململانێیەکی ناهۆشیارانە، هەر هاندانێکی کۆچی لاوان و ئەقڵەکان و هەموو ئەو ڕێگە مەترسیدارانەی کە مەترسی بۆ سەر ئایندەی نەتەوەیی کورد و کوردستان دێننە پێشەوە.
٦-پێکەوەژیان و فرەیی ئیتنی و ئاینی، ئادابێکی کۆمەڵایەتی کوردیین، کوردناسەکان جیاوازییەکانی جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی کوردیان بەرز ڕاگرتووە، بۆیە پێداگری لەسەر لۆژیکی بابەتیانەی ئەو جیاوازیانە ئەرکی دامەزراوە ئەکادیمییەکان، ڕۆشنبیری، خوێندنی باڵا، وەزارەتی ئەوقاف و تێکڕای لایەنە پەیوەندیدارەکانن. بەڵکو میدیا کوردستانیشە.
٧- پاراستنی سەروەت و سامانی وڵات، بەتایبەتی ئاو، ئەرکێکی هەنوکەیی و پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیمانەوە. چونکە لە ئاسایشی نەتەوەییدا، دەمانپەرژێتە سەر سیاسەتێکی کلتووری هۆشیارانە، کەواتە پێویستە گرنگترین ڕێکارەکان بگیرێنە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا، بەتایبەت بە:کۆکردنەوەی ئاو، چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ، ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر پرسە ژینگەییەکان و ئاو، چونکە زۆرینەی سەرچاوەکانی ئاو لەدەرەوە دەڕژێنە هەرێمەوە.
٨-چارەسەرکردنی خاشاک، بە دووبارە بە کارهێنانەوەی، بە کارە تەکنەلۆژییەکان، ئەرکێکی زۆر گرنگە بۆ ژینگە.
٩-بەکار هێنانی تەکنیکێکی ئاودێری نوێ، کە بڕی بەفیڕۆدان کەم دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە کۆچی ژینگەیی بە هۆی گۆڕانی کەشو هەواوە، چونکە بەتەواوەتی ئەم بوارە مەترسیدارترین دیاردەیە لەگەڵ هێزی مرۆیی و کۆمەڵایەتی نوێ کوردستاندا.
10-دروستکردنی پشتێنەی سەوز، کە کارێکی گرنگی هێشتنەوەی هەمەچەشنی زیندەوەران، گلدانەوەی ئاو، کەمکردنەوەی تۆزبارینن، ئەم بوارانە لە ڕەهەندی فەلسەفیدا پاڵنەری کاریگەریی کلتورین لەسەر هاندانی هێزی نەرم و جوانی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانی کورد.
١١- سودبینین لە ئەزموون و سیاسەتی کلتوریی هەموو ئەو وڵاتانەی که هەنگاویان بەرەو کرانەوە بەڕووی پێکەوەژیانی ئاینی و ئیتنی ناوە.
١٢-بەشێکی گەورەی نادادی کۆمەڵایەتی و زەقبوونەوەی زەمینەی جیاوازی چینایەتی و گەندەڵی، وابەستەیە بە نەبوونی هۆشیاری و هەستکردن بە بەرپرسارییەتییەوە، کە ئەو هەستەش تەنهاوتەنها لە پەروەردەی نەتەوەیی و نیشتمانی نێو میتۆدی خوێندنگەکاندا دێتەدی.
دووەم: ڕاسپاردەکانی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری
١-جیهانی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستیان بە ڕوانگە و ڕێکخستنەوەیەک هەیە لە ئاڕاستەکردنێکی پەروەردەیدا، بەتایبەت بۆ ئەو کلتور و فەرهەنگانەی کە هێشتا لە دۆخی خەبات و گەیشتنن بە ماف و ئازادییەکانیانن. چونکە لە ئێستادا زیاد لەوەی وەک پاڵنەرێکی بەدیهێنانی خواستەکان ببینرێن، وەکو لەمپەرێک لەبەردەم ئازادییەکاندا قوت دەکرێنەوە.
٢-لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پرسی ژن پێویستە لە کۆنفڕانسی زانستی و نێودەوڵەتی سەربەخۆدا، بە گرنگیدانی گەورەی حکومەتەوە، زەمینەی بۆ بڕەخسێت و ڕاسپاردەکانی هەر کردەیەکی کومەڵایەتی دەرهەق بە ئازادییەکانی ژن، دەبێت لەسەر بنەمای بابەتی بوون و زانست بێت، نەک وەک ئەوەی هەیە بەشێک بێت لە گرەوی حزبی و گەمەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی. لەم بارەوە هێزە سیاسیەکان کەمتەرخەمن.
٣-پێویستە پێداچوونەوە بە گوتاری باوی کوردناسەکاندا بکرێت، ئەوان لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوودا، بە ئامانج ئاڕاستەی بیری خۆیان لەسەر شوناسی ژنی کورد کردووە، دەبێت پێداچوونەوەی ڕەخنەییانە بە هەر شوناسێکی نامۆدا بکرێت، کە لەدەرەوەی بیرکردنەوەی ژنانی کوردەوە چوارچێوەی بۆ داڕێژراوە.
٤-ڕێگەگرتن لە ڕوخسارە دزێوەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ژنان، ئەویش بە دەستگرتن بە ئەخلاق و ئیرادەیەکی سەربەخۆ و ئازاد، بە سڕینەوەی سیاسەتی نەریت و یاساکانی فرەژنی، بە خەباتێکی ڕەوا و مەدەنی تەواوی چین و توێژەکان بۆ بەرەنگاریی هەر یاسایەک کە لەگەڵ خواستی ئازادانە و سروشت و سیمای ژیانی ژنبووندا یەکنەگرێتەوە.
٥-هەوڵدان بۆ هەر هەنگاوێک کە بەشداری ژنان لە بازنەی بەرژەوەندی حزبی بهێنێتە دەرەوە.
٦-پشتیوانی لە خەباتی مەدەنی و هێمنانەی ژنانی کورد لە هەر شوێنێکی کوردستان و جیهاندا، بەشێک بێت لە ئەگەرەکانی هۆشیاری و گواستنەوەی گیانی مەیدانخوازی و ڕچەشکاندن لەناو ژنانی کورددا.
رۆشنگەرانی کوردستان!
تەواوی ئەو ئەرکانە، لە هەشتەمین کۆنفرانسی دابڕان و شەشەمینی فێمێنیزمی رۆشنگەریدا، هاوبیر و میوانان، بەو ئازادیەوە، بۆچونی خۆیان لەسەر دەردەبڕین و رەخنەیان دەگرت و لە کەشێکی تەواو مەدەنیدا، گوێ لەسەرجەم بۆچونە جیاوازەکان و رەخنەکان دەگیرا. تێکڕا لەو باوەڕەدا بوون کە دیموکراسی لە کوردستان، بەبێ رۆشنگەری و مافی یەکسانی ژن و پیاو، بە چەمکە فراوانەکەی دیموکراسی، هەرگیز نایەتەدی.
ئەم راپۆرت و راسپاردانە، ئاراستەی حکومەت و هەموو لایەن و رێکخراوە دیموکراتیەکان، دەکرێ.
راسپاردەکانی
هەشتەمین کۆنفرانسی دابڕان و
شەشەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگەری
سلێمانی 11/5/2024
سەرچاوە چاودێر