چ سزایەكی هەیە؟ ناپاكیی گەورە (الخيانة العظمى) چییە؟

 

لەلایەن / شیروان شەریف

31/08/2023

یەكێك لەو تاوانانەی لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا كاریگەری و مەترسییەكەی زیاتر دەردەكەوێت خیانەت (ناپاكیی گەورەیە) وڵاتان سزای جۆراوجۆریان بۆ داناوە و كورد و گەلانی دنیاش بەدەستیانەوە چەشتوییانە و دیارترینیشی لە مێژووی نوێدا 31ی ئابە.

ناپاكیی گەورە ئەو تۆمەتەیە كە ئاراستەی ئەو كەس یان لایەنە دەكرێت كە پەیوەندی بە وڵات یان هێزێكی دەرەكییەوە دەكات بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكەی خۆیدا، هاوشانی ئەو دژ بە وڵاتەكەی خۆی شەڕدەكات.

كەمترین سزای ئەم ناپاكییە لەسێدارەدان یاخود زیندانی هەتاهەتاییە. كەس و هێزی تۆمەتباركراو بە “ناپاكیی گەورە” بە ناپاك ناودەبرێت.

لەو ناپاكانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لە ئینگلتەرا لە كۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا، ولیەم جویس-ە كە لە لۆرد هاو هاو ناسراوە. لەگەڵ ئەوەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەدایكبووە، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە بەریتانی-یە و هەڵگری پاسپۆڕتی بەریتانیا بووە و لەكاتی جەنگدا پەخشی رادیۆیی لە ئەڵمانیاوە ئەنجامداوە و، لەڕێیەوە ئامانجی بووە مۆڕالی گەلی بەریتانی داببەزێنێت. بۆیە لە ساڵی 1945دا دەستگیركرا و بە “ناپاكیی گەورە” تۆمەتباركرا و دواتر لەسێدارەدرا.

هەرچەند ناپاكی لە چەمکی زمانەوانیدا بە مانای خیانەت و نادڵسۆزی دێت، بەڵام چەمکەکەی -وەک زاراوەیەک- بەپێی پەرەسەندنی چەمکی دەوڵەت و پەرەسەندنی سیستمە سیاسییەکان، بە ناڕوونی ماوەتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەڕووی سیاسییەوە واتا، “زیانگەیاندن بە ئاسایشی دەرەوە و ناوخۆی دەوڵەت، پیلانگێڕی لە دژی خواست و مافە رەواکانی گەل، رادەستکردنی وڵات بە دوژمن، یان دروستکردنی دەوڵەتێکی ئاژاوەگێڕی کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوە لە کاروباری ناوخۆدا”.

31ی ئاب
رادەستكردنی وڵات بە دوژمن
لە 31ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1996، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەهاوكاری‌‌ و پشتیوانیی‌ سوپای‌ رژێمی‌ بەعس هەولێری‌ پایتەخت‌ و ناوچەكانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانی‌ گرتەدەست.

بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە، هێزەكانی گاردی‌ كۆماریی‌ رژێمی‌ بەعس بانگێشتكران و ئەو هێزانەش بە تۆپبارانی‌ دەوروبەری‌ هەولێر و ناوچەی‌ قوشتەپە دەستیانپێكرد، بەر لەوەی سەرەتای‌ هێرشێكی‌ فراوانی‌ پارتی‌‌ و بەعس لە چەند قۆڵێكەوە بۆ سەر هەولێر دەستپێبكات.

هەردوو فەیلەقی‌ یەك‌ و پێنجی‌ گاردی‌ كۆماری‌ لەگەڵ‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عێراقی‌ لە هێرشەكەی‌ 31ی‌ ئابدا بەشداربوون‌ و بەشێك لەو تانكانەی‌ كە بەكارهاتوون لەجۆری‌ (T72) بوون، كە ئەو دەمە پێشكەوتووترین تانكی‌ سوپای‌ عێراق بوون.

هێرشەكان كە لە چوار قۆڵەوە بۆ سەر شارەكە ئەنجامدران بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی قوسەی‌ سەدام حسێن و بە بەشداریی سەرۆكی‌ ئەركانی‌ سوپای‌ عێراق، فەرماندەكانی‌ هەردوو فەیلەقی‌ یەك‌ و پێنج و سەرۆكی‌ گاردی‌ كۆماری.

تانك و زرێپۆشەكانی بەعس بە چاوساغی هێزەكانی پارتی هەولێریان داگیركرد و گەیشتنە ناو بینای پەرلەمانی كوردستان كە سمبولی خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە نیو سەدەی كورد دادەنرا.

پەڵەیەكی رەشی قەترانییە
لەساڵیادی ئەو رووداوەدا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگهێشت و بە چاوساغیی سەركردایەتیی پارتی، هێزەكانی گاردی كۆماریی رژێمی دیكتاتۆری بەعس شاری هەولێری پایتەختی كوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەكانی وڵاتەكەمانیان داگیركرد و زیانێكی كوشندە و جەرگبڕیان لە ماناكانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریدا كە هەرگیزا و هەرگیز لە بیرناچنەوە.

دەشڵێت، “هەمووی 5 ساڵ بوو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەسەر زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕیبوون و بەشێكی خاكی نیشتمانیان لە چنگ دەرهێنابوون، كەچی پارتی بە بیانووی پڕوپووچی تێكچوونی باڵانسی هێزەكان لە شەڕی ناوخۆ، جارێكی تر ئەو سوپای ئەنفال و كیمیابارانەیان هێنایەوە سەر خاكی كوردستان و شاری هەولێر، كە لە ئەنجامدا سەدان پێشمەرگە و تێكۆشەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی شەهید و برینداربوون، سەدانیان بەدیلگیران و بێسەروشوێنكران”.

“هەرچەندە ئەم خیانەتە وەك زۆر ناپاكی تری مێژووی ئەم حزبە لە یادەوەری میللەتەكەماندا پەڵەیەكی رەشی قەترانییە و بەسەدان پاكانەی خیتابی ئیعلامی و كتێبی ناڕاست و گێڕانەوەی چەواشەكاریی رووداوەكان ناسڕدرێتەوە، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزە سیاسییە دەربەستەكانی كوردستان، پاڵپشت بەو ئومێدەی بە ئاییندەی گەلەكەمان و ڕەوایی و مەسەلەی كورد هەیانە، پاڵپشت بەوەی ناكرێت پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەكەمان لە شوێنێكدا چەق ببەستێت و پەكیبخرێت، بۆیە تێكڕا قەدەری باشتری ئاشتی و پێكهاتنەوەیان هەڵبژارد و بەسەر برینی ناپاكی و خیانەتدا بازیان دا و هەوڵیان خستەگەڕ بۆ پاراستنی ئەوی ماوە لە شكۆی ئەزموونی نەتەوەكەمان، لاپەڕەیەكی تازەیان بۆ ئاشتی و تێهەڵچوونەوەی خەباتی دیموكراتی هەڵدایەوە” مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وادەڵێت.

دووپاتیشیدەكاتەوە، دەمانەوێت شوێنەوار و پاشماوە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانی ئەو كارەساتە نەتەوەییە و گشت كارەساتەكان بە یەكجاریی بسڕینەوە و بە پەرۆشەوە پێداگیریی لەوەدەكەین كە ویستی خۆسەپاندن وەلا بنرێن و بژاردەی راستكردنەوەی پڕۆسەی حوكمڕانی و دیموكراسی و دادپەروەری راستەقینە لە كوردستاندا بچەسپێنرێت و بۆ ئەم سیاسەتە نیشتمانییە دروستە بە ئاگاییەوە ئامادەی خەبات و قوربانیدانین، بێئەوەی لە مێژووی رەشی ئابی 1996 و كەموكوڕییەكانی تر غافڵ بین.

 

سەرچاوە : سایتی ئێستا