چین‌و ئاچیبی (1930-2013) نووسه‌ر و شاعیرێكی نایجیریاییه، یه‌كێكه له نووسه‌ره هه‌ره گه‌وره‌كانی قاره‌ی ئه‌فریقا و وه‌كو دامه‌زرێنه‌ری ئه‌ده‌بی ئه‌فریقایی له زمانی ئینگلیزی‌دا باس ده‌كرێت. یه‌كه‌م رۆمانی به ناونیشانی «شته‌كان له‌به‌ریه‌كهه‌ڵده‌وه‌شێن» كه به‌ئینگلیزی نووسیوێتی، ساڵی 1958 بڵاوبۆته‌وه، بۆ زیاتر له په‌نجا زمان ته‌رجه‌مه‌كراوه له‌وانیش زمانی فارسی و عه‌ره‌بی، ئه‌م رۆمانه زیاتر له په‌نجا ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشراوه. چین‌و ئاچیبی له به‌رهه‌مه‌كانیدا باسی قۆناغی كۆڵۆنیالیزم و گه‌نده‌ڵی ده‌كات له ئه‌فریقا. له‌م دیداره باسی ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و ئاوێته بوونی ئه‌م دوو بواره ده‌كات.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
*له وتارێكی تۆدا كه به ناونیشانی حه‌قیقه‌تی چیرۆك و رۆمان بڵاوبۆته‌وه، باسی ئه‌وه‌ت كردووه جیاوازی هه‌یه له نێوان چیرۆكی عه‌وام و ئه‌وه‌ی تۆ ناوت ناوه چیرۆكی داهێنه‌رانه و به‌سوود. ئه‌وه‌ی من تێیگه‌یشتم چیرۆكی عه‌وام به‌وه ده‌زانیت كه له خورافه وه‌رگیراوه و سه‌رمایه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌ب ته‌نیا به‌وه ده‌زانیت كه پێی ده‌ڵێن چیرۆك یان رۆمانی هونه‌ری. بهحسابكردن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی كه له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت روویانداوه، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كانی تۆن، به‌ڵام پێم سه‌یره كه ده‌ڵێیت بێگومان ده‌بێت ره‌گه‌زێكی سیاسی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆك و رۆمان به‌سوود و داهێنه‌رانه بن، ده‌كرێت كه‌مێك ئه‌مه روون بكه‌یته‌وه؟
-چیرۆك یان رۆمانی به‌سوود ده‌سته‌واژه‌یه‌كه له چیرۆك و رۆماننووسیندا، وه‌كو ره‌گه‌زێكی داهێنه‌رانه له ئه‌زموون و ژیانی مرۆڤدا به‌كاردێت، هه‌ر كاتێك سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ی كه ئه‌ده‌ب خاوه‌نی ئامانج و كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤه، قسه ده‌كرێت هه‌ندێك پاشه‌كشه ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌ڕای من ناتوانین نكۆڵی له‌وه بكه‌ین كه هه‌ندێك له‌و چیرۆك و رۆمانانه‌ی فۆرمی گێڕانه‌وه و ریتمێكی باشیان هه‌یه بۆ چیژبینین، له‌و جۆره پێكهاتوون، به‌ڕای من هه‌موو ئه‌مانه بۆ ئه‌وه‌یه كه بتوانین جیهانێكی باشتر ئه‌زموون بكه‌ین و كاتێك تۆ سه‌باره‌ت به باشتربوونی بابه‌تێك قسه ده‌كه‌یت وه‌كو مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی حسابی بۆ ده‌كرێت.
*باشه، پێناسه‌ی تۆ بۆ سیاسه‌ت چییه؟
-پێناسه‌ی من بۆ سیاسه‌ت هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كه یارمه‌تی رێكخستنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن. هه‌ر كاتێك ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێكی كه‌می كۆمه‌ڵگاش بن، بیانه‌وێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كدا بژین، ئه‌مه پێویستی به رێكخستێك هه‌یه، هه‌ندێك ئارایشی سیاسی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن كه پێیان بڵێت چی بكه‌ن و چی نه‌كه‌ن، یان ته‌نانه‌ت چ شتێك ده‌بێته هۆی رێكخستنی زیاتر و چیش ده‌بێته هۆی پاشاگه‌ردانی.
*پێم سه‌یره، ئه‌و پرسیاره‌ی من له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه لێم كردی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێناسه‌یه‌دا كه تۆ كردت، ته‌واو ناكۆكن. له رۆمانه‌كانی تۆدا سیاسه‌ت رۆڵێكی سنوورداری هه‌یه، به ده‌ستنیشانكراوی تۆ له رۆمانهكانتدا ئاماژه بۆ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌یت، ئایا به‌ڕای تۆ ئه‌و رۆمانانه‌ی تیایاندا سیاسه‌ت به‌شێوه‌ی رێكخستن پێناسه و به‌یان ناكرێت، به‌هایه‌كی كه‌متریان هه‌یه و ئیشی نووسه‌ره‌كه‌یان بێبه‌هایه؟
-نه‌خێر ، من هه‌وڵ ناده‌م بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم چ شتێك كه‌م به‌هایه یان به به‌هاتره، ئامانجی من ئه‌وه‌یه كه بڵێم ئه‌مه‌ش شێوازێكه بۆ ده‌ربڕینی چیرۆك یان رۆمانی ئاڵۆز. چیرۆكی جیهان ئه‌وه‌نده ئاڵۆزه كه نا‌توانیت بیخه‌یته چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه. به هه‌مانشێوه نه جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه نه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به جۆرێك قه‌ناعه‌ت به وه‌رگر بكه‌م كه بێت و پێم بڵێت چیرۆك یان رۆمانه‌كانم سیاسین. هه‌ستی من بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت له‌ناو ده‌قه‌كانمدا ده‌بات و وه‌رگرتنی مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌ت په‌یوه‌سته به هه‌ستی وه‌رگره‌وه له تێگه‌یشتنی ده‌قه‌كانمدا، هه‌مان فاكته‌ر له زۆر له به‌رهه‌مه‌كانی مندا به‌دیده‌كرێ و چه‌ند وێنه‌یه‌كی كاریگه‌ر و به‌هێز و ئاوێته به سیاسه‌ت له هه‌موو رهههندهكانیاندا هه‌یه. هه‌میشه خۆمان به‌وه‌وه سه‌رقاڵ كردووه كه ده‌بێت خۆمان له قسه‌كردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت به‌دوور بگرین و مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌ت له هونه‌ردا قابیلی وه‌سفكردن نییه، به‌ڵام نابێت رێگری له به‌كارهێنانی سیاسه‌ت بكرێت، به‌كارهێنانی سیاسه‌ت له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ته‌نیا بۆ ئه‌و نووسه‌رانه گونجاو نییه كه ناتوانن له ده‌قه‌كانیاندا جوان ئیشی پێبكه‌ن و ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و ئیشه نایه‌ن. بۆیه نابێت جه‌خت له‌وه بكرێته‌وه كه هیچ نووسه‌رێك نابێت له ده‌قه‌كه‌یدا قسه له‌سه‌ر سیاسه‌ت بكات، چونكه هونه‌ر یان نووسین بابه‌تێكی تاكه‌كه‌سییه و زۆر مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌ت و ناوه‌كییه، چیرۆك و رۆمانه خۆرئاواییه‌كان ئێستا رووبه‌ڕووی ئه‌م خه‌وشه بوونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌واو قسه‌ی قۆڕ و پووچه. له كاتێكدا بۆ نموونه رۆمانێك باسی بابه‌تی گه‌وره‌ی وه‌كو توندوتیژی، جه‌نگ و نادادپه‌روه‌ریی ده‌كات كه به‌رۆكی هه‌موو جیهانی گرتووه، ئه‌مه زۆر گرنگ و قورس و ئاڵۆزه، به‌ڵام ئه‌و ئاڵۆزییه نابێته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س خۆی لێ نه‌دات.
*ئایا تۆ باوه‌ڕت به‌وه هه‌یه كه هه‌ر وڵاتێك ده‌بێت ئازادی و سه‌ربۆخۆیی راسته‌قینه‌ی هه‌بێت؟
-ئاسایی هه‌میشه هه‌ندێك وڵات له رووی ئازادی و سه‌ربه‌خۆییه‌وه له باقی وڵاتانی تر باشترن، با باسی رووداوێكی راسته‌قینه‌ت بۆ بكه‌م كه له "هه‌رێمی بیافرا" روویدا. ئێمه به ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ئومێداوار بووین بێ ئه‌وه‌ی بزانین بڕیاره ئه‌و ئازادی و سه‌ربه‌خۆییه چۆن بێت؟ بۆ نموونه بڕیار بوو بۆ ته‌كنه‌لۆجیا و پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌مان ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن پشت به به‌ریتانیا و خۆرئاوا ببه‌ستین یان كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی خۆرئاوا لافی ئه‌وه‌یان لێده‌دا ئێمه هه‌تا پێنج سه‌د ساڵی داهاتوو ناتوانین ته‌كنه‌لۆجیای ئاڵۆزی نه‌وت به‌ده‌ست بهێنین، ئێمه ئێستا بیرده‌كه‌ینه‌وه ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆرئاواییه‌كان سه‌باره‌ت به ئێمه راست نه‌بووه، چونكه ئه‌و توانایه‌مان په‌یداكرد له ماوه‌ی دوو ساڵدا نه‌وتی خۆمان بپاڵێوین، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌مارۆ درابووین ئه‌و توانایه‌مان په‌یداكرد نیشانی بده‌ین ئه‌فریقاییه‌كان خۆیان ده‌توانن فڕۆكه‌وان په‌روه‌رده بكه‌ن و ببنه فڕۆكه‌وانی فڕۆكه‌كانی خۆیان.
ئێمه ئه‌وه‌مان نیشان دا ئه‌گه‌ر ئه‌فریقاییه‌كان ئیراده‌یان هه‌بێت ده‌توانن هه‌موو ئیشێك بكه‌ن و ئه‌وه‌ی موسته‌حیله بیكه‌نه كاریكرده، سه‌روه‌ختێ حیكایه‌تێك هه‌بوو ده‌یگوت ئه‌گه‌ر فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌فریقایی له وڵاتێكی تر بنیشێته‌وه، ته‌نانه‌ت یه‌ك سپیپێستیشی لێ نایه‌ته ده‌ره‌وه، هێشتا ئه‌و مه‌سه‌له ره‌گه‌زپه‌رستیانه هه‌بوون. به‌ڵام ئه‌مڕۆ چیتر ئه‌و بابه‌ته به‌و شێوه‌یه گرنگ نییه ئه‌م وڵاته "مه‌به‌ستی نایجیریایه" ئیتر له فه‌ره‌نسا ده‌چێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئیتر ئه‌و مه‌سه‌لانه به ره‌گه‌زپه‌رستی نازانێت. توانای ئه‌فریقاییه‌كان و فێربوونی باش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه زۆر كاروباری خۆمان به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رین.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به پرسیاره‌كه‌ت ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا به‌ڕاستی وڵاتێك ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆ بێت؟ وه‌ڵامه‌كه‌م نه‌خێره، چونكه مرۆڤه‌كان ده‌توانن سه‌ربه‌خۆ له یه‌كتری بژین، به‌ڵام وڵاتان له جیهانی ئه‌مڕۆدا ده‌بێت بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی تردا له په‌یوه‌ندیدا بن. كه‌سێك ده‌توانێت به‌ته‌نیا بژی به‌ڵام كاتێ ده‌كه‌وێته ناو كۆمه‌ڵگاوه، ئاسایی له‌گه‌ڵ باقی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگادا مامه‌ڵه ده‌كات. به‌م پێیه نه‌ته‌وه‌كانی جیهان له هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تدا دەبێت به‌ته‌نیا وڵات به‌ڕێوه‌ببه‌ن و له مه‌سه‌له‌كانی تریشدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ وڵاته‌كانی جیهاندا له په‌یوه‌ندیدا بن.
*له رۆمانی خۆشه‌ویستی " شته‌كان له‌به‌ریه‌كهه‌ڵده‌وه‌شێن"دا جۆرێك بینین هه‌ست پێده‌كرێت كه له تاریكییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و فه‌زای تاریكی رۆمانه‌كه كه یارمه‌تی زیاتر خۆشه‌ویستبوونی داوە بابه‌تێكه كه‌متر كه‌سێك جورئه‌ت ده‌كات له‌باره‌یه‌وه رای خۆی ده‌ربڕێت، ئه‌مه سه‌باره‌ت به باقی رۆمانهكانیشت راسته، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ئیلهام له تاریكی وه‌رده‌گریت چۆن ده‌توانیت خوێنه‌ره‌كانت له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌زا تاریكه‌دا ئاشت بكه‌یته‌وه؟
-بیه‌ڵه با به‌كورتی هۆكاره‌كانی خۆشه‌ویستیی رۆمانی " شته‌كان له‌به‌ریه‌كهه‌ڵده‌وه‌شێن"ت بۆ باس بكه‌م. خه‌ڵك هه‌میشه خۆیان له‌ناو رووداوه‌كانی رۆمان‌دا ده‌بیننه‌وه، ته‌نانه‌ت ئێمه خۆمان چه‌ندین جار له شوێنی جیاوازی رۆمان‌دا خۆمان بینیوه‌ته‌وه، به‌ڵام تهسهورهكانی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ئێستا هه‌ین جیاوازه. هه‌روه‌كو جۆزیف كۆنراد ده‌یگوت ئێمه چه‌ندین رۆحی نه‌زانین كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌رده‌سه‌ری و نه‌زانی به‌سه‌ر ده‌به‌ین. ئێمه پێمان وایه به ژنهێنان و پێكهێنانی خێزان ژیان له‌سه‌ر ره‌وتی ئاسایی خۆی ده‌ڕوات و به خۆشحاڵی ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا ئه‌فسانه‌یه‌كه، چونكه ده‌ستپێكی ئه‌وه‌یه كه تاریكی باڵمان به‌سه‌ر ده‌كێشێت. هه‌ر ئه‌زموونێك كه له ژیاندا به‌ده‌ستی ده‌هێنین نیشانده‌ری هه‌مان ره‌هه‌ندی تاریكی ژیانه و هه‌مان تاڵییه كه هه‌میشه له‌گه‌ڵماندایه و قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین. ئه‌سڵه‌ن گرنگ نییه كه چه‌نده شانست باشه چونكه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ژیان ئه‌و ره‌هه‌نده تاریكه‌ی خۆیت نیشان ده‌دات. ئه‌مه رێك ئه‌و شوێنه‌یه كه فه‌یله‌سوفان و بیریارانی دینیش نه‌یانتوانیوه له عۆیهی بێن و روونی بكه‌نه‌وه، بۆچی مرۆڤه باشه‌كان ئازار ده‌چێژن؟ ئه‌گه‌ر سیستم و نموونه‌یه‌ك له جیهاندا هه‌بێت نابێت مرۆڤه باشه‌كان ئازار بچێژن، بێگومان ئه‌وه لایه‌نی شه‌ڕه كه ده‌بێت به‌رده‌وام شكست بێنێ. ئه‌مه رێك ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌یه كه هه‌یه و هه‌رچی بكه‌ین ناتوانین نكۆڵی لێ بكه‌ین و ئه‌مه‌ش هه‌مان هۆكاری سه‌ره‌كی تاریكییه.
سەرچاوە: knwe