دوایین کاری وێنەگرتنی فیلمی کوردیی "بەڵێن" یان "سۆز" لە کەمپی ئیسیان لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێت کە لەبارەی چیرۆکی کچێکی رزگاربووی دەستی داعشە. ئەو کچە لە 2014 کەوتە دەست داعش و بۆماوەی سێ ساڵ لە دەستی ئەو رێکخراوەدا بوو، باوکی شەهید کرا و تاوەکو ئێستا خوشكێکی چارەنووسی دیار نییە.
خۆخێ خەڵەف، رزگاربووی دەستی داعش بە رووداوی گوت، "ئەم فیلمە بۆیە دروست دەکەین بۆئەوەی خەڵک بزانێت چیمان بەسەرهاتووە، بەڕاستی هەزار فیلمیش وێنە بگرین و چی بکەین، هێشتا هەر کەمە. دەمانەوێ خەڵک هەموو بزانن کە چ کارەساتێک بەسەر ئێزدییەکان هاتووە. فیلمەکەش ناوی سۆزە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە سۆزم بە باوکم دابوو داواکەی بەجێ بگەیێنم."
فیلمەکە لە دەرهێنانی زەهاوی سنجاوییە و ماوەی چوار ساڵ و مانگێکە کاری وێنەگرتنی بۆدەکرێت. ئەوە سێیەمین فیلمە کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا ئەو دەرهێنەرە لەبارەی کارەساتی ئێزدییەکانەوە کاری لەسەر دەکات.
زەهاوی سنجاوی، دەرهێنەری فیلمەکە بە رووداوی گوت، "ئێمە لەم فیلمەدا دەیبینین کە خۆخە چۆن بەشێوەیەکی زۆر بەهێز دژی داعش دەوەستێتەوە و دەچێتە ناو داعش بۆئەوەی خوشک و برایەکانی رزگار بکات، ئەم فیلمە جیا لە فیلمەکانی دیکە کە باسی لێقەوماویی ئیزدییەکان دەکات، باسی هێز و توانای کەسێکی ئێزدی دەکات کە چۆن بەرەوڕووی داعش دەبێتەوە، بەرەوڕووی چارەنووس دەبێتەوە و هەوڵدەدات کێشەی نێوان خۆی و بنەماڵەکەی ئاسایی بکاتەوە."
دەزگای سینەمای ئەوروپا، دەزگای سینەمای سوێد، کەناڵی ناوەندیی سوێدی و چەند لایەنێکی دیکەیش بە هاوبەشی سپۆنسەری دارایی فیلمەکە دەکەن.
سەرچاوە: rudaw