شۆخان عه‌بدوڵڵا سه‌مین*
*پارێزه‌ری راوێژكار و چالاكوانی نێوده‌وڵه‌تی
به‌درێژایی مێژوو تا ئه‌م ساته‌ش هه‌وڵه‌كانی مرۆڤایه‌تی له‌ناویاندا دامه‌زراوه و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ژنان هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌ده‌ن له‌پێناو هاوسه‌نگكردنی ژیانی جێنده‌ری له كۆمه‌ڵگه‌دا، لێره‌وه بۆ باشتر روونبوونه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌مان، ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌ین، كه مافی ژنان به‌شێكی جیانه‌بووه‌وه‌یه له مافی مرۆڤ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و پێدراوه و مافه به‌رچاوانه‌ی به پیاوان دراون لێره‌و له‌وێ جیاوازیی كه‌وته ناو دوو ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌كان كه‌وتنه به‌رداشی ناهاوسه‌نگی و سه‌روه‌ربوونی لایه‌ك و بێهێزی لاكه‌ی تر كه ژنانن، به‌م هۆكاره یاسای تایبه‌ت له مافی مرۆڤ جیاكرایه‌وه و ناونرا یاساكانی ژنان، ئه‌مه هه‌م له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌م له ئاستی ناوخۆی وڵاتانیش ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراو و ده‌رچوێنران.
مافه‌كانی ژن، سه‌رجه‌م ئه‌و ماف و شایسته و گره‌نتیانه ده‌گرێته‌وه كه خانمان و ژنان ده‌پارێزێت، دژ به سته‌م و توندوتیژی و ده‌ستدرێژی و ره‌تكردنه‌وه‌یان له كۆمه‌ڵگه و سیستمی حوكمڕانیدا.
له‌پێناو ئه‌وه‌ی كه مافه‌كانی ژنان جێگیر بكرێت و هێزی گۆڕانكارییان هه‌بێت له یاسا و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسا نێوخۆییه‌كانیش داڕێژران و چه‌سپێنران.
بۆیه لێره‌وه مافی ژن له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تی بوون و لۆكاڵی بوونیشی به‌كورتی ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
په‌یماننامه‌ی مافه‌كانی ژنان
ئه‌م په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه و ئامانجیه‌تی له رێگه‌ی به‌نده‌كان و ماده‌كانی ئه‌و جیاوازییانه نه‌هێڵێت كه به‌هۆی جێنده‌ر و سێكسه‌وه دروستبووه له‌نێوان ژن و پیاوان، جگه له‌وه‌ی كه له‌ڕووی یاساوه وڵاتان پابه‌ند ده‌كات كه جیاوازییه‌كان كه‌مبكه‌نه‌وه و نه‌یهێڵن، داوا ده‌كات له كاتی سه‌رپێچی سزای بكه‌ران بدات، له‌وه‌ش زیاتر داوای سڕینه‌وه‌ی ئه‌و مادده یاساییانه ده‌كات كه به‌هۆی كۆكبوونیان له‌گه‌ڵ دین و كولتوور و نه‌ریت دروستبوون، به‌ڵام ناكۆكن له‌گه‌ڵ مافه‌كانی ژنان، ئه‌مه‌ش وایكردووه زۆر له وڵاتان تێبینییان له‌سه‌ر هه‌ندێك له به‌ند و ماده‌كانی هه‌بێت وه‌ك عیراق.
كۆمه‌ڵه‌ی گشتی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دوو كاریگه‌رترین ده‌زگا و ئاژانسی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانن، كه گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تییه.
كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له بڕیاری ژماره 48/104 و له شه‌ش ماده‌دا، جه‌خت له نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره توندوتیژییه‌ك دژ به ژنان ده‌كاته‌وه. دیارترینیان، توندوتیژیی جه‌سته‌یی، سێكسی، یان ده‌روونی له‌نێو خێزاندا، توندوتیژیی په‌یوه‌ندیدار به به‌شوودان و ماره‌یی، خه‌ته‌نه‌كردن و توندوتیژیی كه‌س و كاریش، توندوتیژیی كۆمه‌ڵگه، وه‌ك لاقه‌كردن، سوودوه‌رگرتنی سێكسی، گێچه‌ڵی سێكسی، بازرگانیكردن به ژن و ناچاركردنی به له‌شفرۆشی، هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژانه‌ی تر، كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت خۆیه‌وه ئه‌نجامبدرێت، یان چاوپۆشی لێ بكرێت. ئه‌م بڕیاره توانی رۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌هێز بكات به‌جۆرێك داوای هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییان ده‌كات.
بڕیارێكی تر، بڕیاری ژماره 1325ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه به‌ناوی (ژن، ئاشتی، ئاسایش)ه‌وه له تشرینی یه‌كه‌می 2000دا به مه‌به‌ستی پاراستن و گرنگیدانی زیاتره به ژن، له كاتی جه‌نگ و پێكدادانی سه‌ربازییدا.
هه‌روه‌ها هه‌ر له هه‌مان بڕیاردا هاتووه كه داوا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی ئه‌ندامیش ده‌كات كه پێویسته رێژه‌ی به‌شداریی ژنان له ناوه‌ندی بڕیار و سیاسیی‌دا زیاد بكرێت و رۆڵیان پێ بدرێت، گرنگیی ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه وای له زۆر وڵاتان كرد كه بڕیاره‌كه له یاسا ناوخۆییه‌كان جێبكه‌نه‌وه، عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش یه‌كێكن له‌وانه، كه رێژه‌ی ژنانیان زیاد كرد له رێگه‌ی (كۆتا)ه‌وه كه هه‌رچه‌نده لێره و له‌وێ ره‌خنه‌ی ئاراسته ده‌كرێت، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هه‌نگاوێكی باشه بۆ به‌شداریی باشتری ژنان، لێره‌وه ده‌توانین بڵێین وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا سه‌ره‌ڕای بوونی په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ندین یاسای به‌رگریكار، به‌ڵام توندوتیژی و تاوان به‌رانبه‌ر ژنان درێژه‌ی هه‌یه، دیارترینیان تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی كه رێژه‌كه‌ی ساڵانه ده‌گاته ژماره‌یه‌كی ترسناك، ئه‌مه‌ش به‌هۆی زۆر توندنه‌بوون و جێبه‌جێنه‌كردنی سزاكان و بوونی كێشه‌ی لادانی سێكسی له په‌روه‌رده‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوونی یاسا و هه‌وڵه‌كان كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر پاراستنی ژنان، چونكه هه‌ر نه‌بوونی یاسایه، له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وایكرد كه ژنان بێبه‌ش بكرێن له ساده‌ترین مافیان بۆ نموونه، وڵاتێكی وه‌ك سعودیه كه جگه له‌وه‌ی رێگه به‌وه نادات ژنان به‌شداری سیادیان هه‌بێت، له ئه‌یلولی 2017 رێگه‌یدا كه ژنان شۆفێری بكه‌ن، وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی هێشتا بڕوابوون به مافی مرۆڤ له پله‌یه‌كی لاوازدایه و ده‌سه‌ڵاتیش لای پیاوانێكن كه هۆشیاریان نییه به ژن و پێگه و مافیان، بۆیه بۆته ژینگه‌یه‌كی له‌باری ونكردنی رۆڵی ژنان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان.
دۆخی ژنان لە عیراق و هەرێمدا
سه‌باره‌ت به عیراقیش هه‌رچه‌ند دوای پرۆسه‌ی ئازادیی 2003 گۆڕانكاری روویدا هه‌م له یاسا و هه‌م له به‌شداریی ژن، به‌ڵام عیراق خاڵی لاوازیشی به‌رچاوه له‌ڕووی مافه‌كانی ژنان.
له‌وانه یاسای سزادان ژماره 111 ی 1969 دیارترین ماده، ماده‌ی 398 كه تاوانی لاقه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و نێرینه‌یه ده‌سڕێته‌وه له‌كاتێكدا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ مێینه‌كه بكات.
هه‌روه‌ك له یاسای مه‌ده‌نیش دژ به مافه‌كان ژنان هه‌یه، یاسای باری كه‌سێتیش ژماره 188 ی 1959ش له ماده‌كای پێناسه‌ی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری و ماده‌كانی تایبه‌ت به شوێنه‌واره‌كانی جیابوونه‌وه و دابه‌شكردنی میراتیش پێشێلكردنی مافه‌كانی ژنان به روونی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌رچه‌ند چه‌ندین هه‌وڵ هه‌یه بو گۆڕانكاری ئه‌م یاسایه له عیراقدا، به‌ڵام به‌هۆی جیاوازیی زۆری مه‌زهه‌به‌كان و ترس له لادان له بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام، تا هه‌نووكه هه‌وڵه‌كان بێ ئه‌نجام ماونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسانه‌دا چه‌ند یاسایه‌كی عیراقی له‌وانه، یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان به ره‌گه‌زنامه و باری شارستانی و یاساكانی هه‌ڵبژاردن، جووڵه‌ی تێیدایه به ئاراسته‌ی به‌دیهێنان و چه‌سپاندنی هه‌ندێك له مافه‌كانی ژنان، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كان نه‌گه‌یشتوون به ئه‌نجامێك كه ژیانێكی ئارام له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤایه‌تی مسۆگه‌ر بكات بۆ ژن و پیاویش له كۆمه‌ڵگه.
سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان، ده‌كرێت بڵێین به‌راورد به عیراق، جووڵه‌ی باش و گۆڕانكاریی باشتر له یاساكان دروستبووه، جا به گۆڕینی یاساكان بێت، یان ده‌رچواندنی یاسایی نوێ بێت به‌م جۆره،
گۆڕانكاری له یاسایی سزادانی عیراقی به‌جۆرێك له هه‌رێمی كوردستان، كوشتن به بیانووی شه‌ره‌ف بوونی نییه و له‌كاتی روودانی‌دا هه‌مان ماده‌ی یاسایی تایبه‌ت به كوشتنی به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به‌یاسای باری كه‌سێتی عیراقیش له هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری تیادا كرا به یاسای ژماره 15 ی 2008، كه هه‌نگاوێكی گونجاو و شیاو بوو، هه‌روه‌ها دوو یاسای گرنگ ده‌رچوێنران، یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و یاسایی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێزان له توندوتیژی له هه‌رێمی كوردستان، كه هه‌ر دوو یاساكه له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه به‌رگریكارێكی به‌هێزه له ژنان و پاراستنی مافیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ت و توندوتیژی و كوشتاری و ده‌ستدرێژییه‌كان و رۆڵی هه‌یه له به‌رجه‌سته‌كردنی مافه‌كانی ژنان.
كۆتایی
له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین یاسا و چه‌ندین و زیاتر له ژماره‌ی رێكخراوه‌ی ژنان و بوونی چه‌ندین ژن، له بواره جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه و حوكمڕانی و پێگه سیاسییه‌كان، به‌ڵام ساڵ دوای ساڵ، توندوتیژی و كوشتنی ژنان بوونی هه‌یه، بگره له ناوبردنیان به نامرۆڤانه‌ترین شێوه ده‌بینین و ده‌بیستین، هۆكاری ئه‌مه‌ش چه‌ند خاڵێكه، كێشه‌ی گه‌وره هه‌یه له خودی بیری ژنان، ژن تا ئه‌م ساته‌وه‌خته ئازادی و چه‌سپاندی خۆی و مافی تێكه‌ڵ كردووه، نه‌یتوانیوه ئازادییه‌كان به‌كاربهێنێت بۆ گه‌وره‌كردنی خۆی و به‌هێزی و رۆڵگێڕانی خۆی، به‌ڵكو ئازادی داڕێژراوه‌ته‌وه له جوانكاری و به كاڵاكردن و به‌كارهێنانی به چه‌ندین شێوه.
خاڵێكی تر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێكخراو و چالاكوانانی بواری ژنان، رۆڵیان هه‌بوو له به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ژن، به‌ڵام هه‌ندێك له رێكخراوه‌كانی ژنان كه‌سانی لێهاتوو و شاره‌زا و باوه‌ڕبووی به دۆخی ژنی تێیدا نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه، مووچه‌یه‌ك یان ده‌ركه‌وتن بردوویه‌تی ئه‌و جێگه‌یه و نازانێت كه ئه‌و فكره‌ی ئێستا هه‌یه له هه‌ندێك له رێكخراوه‌كاندا ته‌نها بیری جیاوازی و رقی زیادكردووه.
چاره‌سه‌ر:
پێش هه‌ر هه‌نگاوێك، پێویسته په‌روه‌رده‌ی خێزان و ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كانی رۆڵی خۆی بگێڕێت له سڕینه‌وه‌ی جیاوازی و دروستكردنی مرۆڤی ئازا و لێهاتوو.
حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران، رێگه خوشكه‌ربن بۆ به‌شداریی ژن، به‌ڵام ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی ژن خۆی بێت و به‌س. گۆڕانكاریی بنچینه‌یی بكرێت له‌و ناوه‌نده حكومییانه‌ی كار ده‌كه‌ن بۆ مافی مرۆڤ به‌گشتی .
ناوه‌نده دادگایی و سزاییه‌كان تۆكمه بكرێن له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و له كوێدا پێویست بوو یاسای نوێ ده‌ربچووێنرێت یان گۆڕانكاری بكرێت، رێگه نه‌درێت لێخۆشبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌شایه‌ری و یاسایی بیانگرێته‌وه و مه‌ودای حه‌سانه‌وه بۆ تۆمه‌تبار و تاوانبار نه‌هێڵرێته‌وه تا ده‌رچوونی بڕیاری یاسایی و جێبه‌جێكردنی.
سەرچاوە: کوردستانی نوێ