چۆن وەرزش بەمێشكت دەكەیت؟

هەرچەندە مێشك و شێوازی کارکردنی ئاڵۆزە، بەڵام مرۆڤ ناچارە كۆنتڕۆڵی مێشك و بیركردنەوەكانی بكات، ئەویش لە رێگەی گۆرینی بیركردنەوەی نەرێنی بەئەرێنی.
وەك دەزانین مێشك وەك ئەندامەكانی تری جەستە لەگەڵ چوونە تەمەنەوە لاواز دەبێت و باری تەندروستی تێكدەچێت، دەتوانین بڵین بە لەبیرچوونەوەی كات وسات و كەسەكانە، چونكە چیتر ناسینەوەی لا ئاڵۆزترە، هاوكات بیركردنەوەی زیاتری دەوێت تاكو كەسی بەرامبەر و شتەكان بناسێتەوە.

بەڵام ئێستا توێژەران لە توێژینەوەیەكی نوێدا باس لەوە دەكەن كە مرۆڤ چیتر دەتوانێت وەرزش بە مێشكیشی بکات. ئەو وەرزشانە چین كە پێویستە بكرێت؟
پێویستە جوڵەی زۆر بكات، نابێت بۆ ماوەیەكی زۆر لە هەمان شوێن دابنیشیت، چونكە كاریگەری نەرێنی بۆ سەر مێشك دەبێت وا دەكات بێهێز بێت، چالاكی رۆژانە و وەرزش كاریگەریی بۆ سەر مێشك دەبێت و بە تەندروستییەكی باش و چالاك دەیهێڵێتەوە.

پەیوەندی نێوان كۆمەڵایەتی بوون و مێشك چییە؟

بێگومان مرۆڤەكان چەند جۆرێكن، جۆرێكیان پێیانخۆشە بەتەنها بن و جۆرێكیان پێان باشە لەگەڵ خەڵكدا تێكەڵبن، بەڵام لە راستیدا ئەوەی باشە بۆ هەموو مرۆڤەكان كۆمەڵایەتی بوونە، چونكە كۆمەڵایەتی بوون لەگەڵ كەسانی دەوروبەردا وا دەكات مێشكت لە لاوازی بپارێزرێت، لە هەمان كاتدا وا لە مێشكت دەكات هەوڵی بیركردنەوەی زیاتر بێت و گەشە بەمێشكت دەدات، هەر بۆیە كۆمەڵایەتی بوون وا دەكات تەندروستی مێشك چالاكتر و باشتر بێت.

دیانا ئەحمەد

سەرچاوە: knwe