عەبدوڵا پەشێو
ئازیزانم، نەورۆزی ئێوە و هەموو گەلی کوردستان پیرۆز و نیشتمانمان ئازاد، ئاوەدان، گەشاوە و بەختەوەر بێ.
نەورۆز لە پانتاییەکی هەراوی جیهان یاد دەکرێتەوە، بەڵام لە هەمووان پتر بە جەژنی گەلی کوردستان ناسراوە و بە مۆرک و بەهایەکی سیاسیش نەخشاوە. هەر ئەمەشە داگیرکەرانی تەنگەتاو کردووە. ئەوان چاویان بەرایی نادا لە ساڵێکدا ڕۆژێکی وا هەبێ کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەوروپا و جیهان لە دەوری مەشخەڵێک کۆ بکاتەوە.
ناحەزان دەیانەوێ لە لایەک تایبەتمەندییە کوردستانییەکان لە نەورۆز دابماڵن، لە لایەکی دیکە، باسی دین و دیرۆک بۆ سادەدڵان دەکەن، هەوڵ دەدەن دوای لەکەدارکردنی ئاڵا و سروودی نیشتمانی ئەم جەژنەشمان لەبەر چاو ڕەش بکەن، کە هەزاران ساڵە کۆمان دەکاتەوە و مەلای جزیری گۆتەنی " دڵمان بە چرا "سراج" و ئاگری خۆی مشتوماڵ "صقل" دەکا، وەک بڵێی ئەوان لە حەزرەتی خانی و مەلای جزیری و مەولەوی و مەلای گەورەی کۆیێ و عەللامەی گەورە شێخ عەبدولکەریمی مودەڕیس و پیرەمێرد ئیماندارتر و موسوڵمانتر بن!
نێزیکەی ٤٠٠ ساڵ پێش ئەمڕۆ حەزرەتی شێخ ئەحمەدی خانی باسی نەورۆزی کردووە.
دانایێ موعەممەرێ کوهەن سال
ئەڤ ڕەنگە هە گۆ ژ بۆ مە ئەحوال
گۆ عادەتێ پێشی یێ زەمانان
ئەڤ بوو لە هەموو جێه و مەکانان
یەعنی کو دهاتە برجێ سەرساڵ
قەت کەس نەدما د مەسکەن و ماڵ
بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان
حەتتا دگەهیشتە پیر و کالان
ڕۆژا کو دەبوویە عیدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بۆ مە دەما دلئەفرۆز
لەم چەند دێڕەدا حەزرەتی خانی باسی پیرێکی دنیادیتە "موعەممەرێکی کوهنسال" دەکا، کە گوتوویە لەمێژە بووە بە عادەت خەڵک تێکڕا " بیلجوملە" ، تەنانەت پیر و کالیش، لە "عیدێ" سەری ساڵ لە ماڵ دەردەچوون و ڕوویان لە دەشتودەر دەکرد.
خانی لە "مەم و زین"ە شاکارەکەیدا مانایەکی قووڵ و پڕ لە هێمای بە ڕۆژی نەورۆز بەخشیوە و کردوویە بەو ڕۆژەی، کە عیشقێکی ئاگرینی پەتی کڵپە دەکا، چاکە و جوانی و ڕاستگۆیی لە خراپە و دزێوی و درۆ دێنە دەست و مەیدانیان لێ دەخوازن. لە ڕۆژی نەورۆزدا، لە کاتێکدا گەورە و بچووک، ژن و پیاو ڕژابوونە مێرگ و مێرغوزاران، گۆڤەندیان دەگێڕا و چاویان بە جوانیی سروشتی کوردستان دەڕشت، (مەم) و (تاژدین)ی هاوڕێی چاویان بە (زین) و (ستی) دەکەوێ و دڵبەندیان دەبن.
هەوەنتە نییە شاعیر و زانا و خواناسێکی گەورەی وەک خانی لە سێسەدوشەست و چەند ڕۆژێکی ساڵدا ئەو ڕۆژە هەڵدەبژێرێ بۆ ململانێی پاکی و جوانی و ئەڤین لەگەڵ گەماری و دزێوی و ڕک.
جەژنی نەورۆز لە کوردستان و جیهان پیرۆز بێ.