پەندی پێشینان و پەیوەندیەكانی بەئێستای كوردەوە

 

 

 

 

ساڵح ژاژڵه‌یی

 

 

 

سەرەتا با بزانین پەندی پێشینان چییەو لە چیەوە سەرچاوەدەگرن و پەیوەندیان بە چ میللەتێكەوە هەیە : پەندی پێشینان وەكو مامۆستا عەلائەدین سوجادی دەفەرموێ : گوزارشتە لە چەند قسەیكی كورتی كوردی كە پێكەوە نوسێنراون و مانایەكی بەرزیان هەیە . ئەمانە لە زەمانی زۆر[D1]  كۆنەوە كەوتونەتە سەر زاری مرۆڤی كوردو پشتاو پشت گوازراوەتەوە تا وەك ئەوەی ئەمڕۆ گەیشتوە بە گوێی ئێمەش. پەندی پێشینان وێنایەكی ژیان و ڕەوشت و بیرو باوەڕو باری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردەواری لە سەردەمانی پێشودا نیشاندەدا .

گرینگی ئەم پەندانە لەوەدایە هەر یەكەیان سەرەڕای كورتیەكەی مانایەكی گەورەی هەیەو دەشێ شیكردنەوەی قوڵ و دوورو درێژی بۆ بكرێت . وێڕای كۆنی و سەردەمانێكی زۆر بەسەریاندا تێپەڕیوە ،  كەچی هێشتا زۆر بە ڕەوانی لەگەڵ گێرەو كێشەكانی ڕۆژانەو ژیانی شاردا دەگونجێن و مرۆڤ هەست ناكات خاوەنی وتەكە هێندە دور لەم سەردەمەدا ژیابێت . زۆر كەس بۆپاڵپشتی قسەكانیان پەندێكی پێشینان دەهێننەوە . مێژوی دەركەوتنی ئەم پەندانە سەرەتایەكی ڕونی نییەوبێژەرەكانیان دیارنین . لێرەدا وەكو نمونە چەند پەندێكی كوردی دەهێنمەوە كە لە كاتی قسەكردندا  ئاماژەیان بۆ دەكرێت :

1-  بە قسەی خۆش مار لە كون دێتەدەر . 2-بانێكەو دوو هەوا . 3-كوتەك دەزانێت قۆناغ لە كوێیە. 4-بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی نایە بان . 5-شوێنی شێرەو ڕێوی گیرەی تێدا دەكات . 6-قەدری مانگ نازانرێت ،تا شەو نەیەت.7-كە شیرت وەشاند ، دەبێ قەڵغانت پێ بێت . 8-چی بچێنیت ئەوە دەدرویتەوە . 8-كە شێر لە بیشەدا نەبوو ، ڕێوی دەبێتە شێر .  ئەمانە چەند نمونەیەكی زۆر كەمن لە سەدان پەندی پێشینانی بە پێز . گومانی تێدا نییە هەموو میللەتانی  جیهان بێ جیاوازی هەر یەكەیان خاوەنی مێژوو كەلتورو پەندو كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەت بە خۆیانن ، كە زۆر جیاوازن لە میللەتانی تری جیهان ، بەڵام زۆر پەند هەیە كە هاوبەشن لە نێوان هەموو میللەتاندا . ئێمە لێرەدا زیاتر لەسەر پەندی پێشینانی میللەتی كورد قسەدەكەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند سودمان لەو پەندانە وەرگرتوە .  زۆربەمان  لە كاتی قسەكردنماندا لەسەر بابەتێكی مێژوویی یان كۆمەڵایەتی بۆپاڵپشتی قسەكانمان  پەنا دەبەینە بەر پەندێكی پێشینان ، گرنگ نییە ئەو پەندە تایبەت بو بێت بە كوردەوە ، بەڵام دەكرێت ئێمەی كوردیش سود لە پەندی پێشانی گەلانی تر وەرگرین  . بۆ نموە ئێمەی كورد كە باسی مێژوی خۆمان دەكەین بۆمان دەردەكەوێت كە چەند خەباتمان كردوەو چەند خوێنمان ڕشتوە لە پێناوی سەربەخۆییدا .

 لەم ڕێگایەوە ئەوەمان بۆ ڕون بۆتەوە دۆست و دوژمنی خۆمان كێن.  كاتێك بە  ڕابوردوماندا دەچینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی دوژمنەكانمان ، بەدرێژایی مێژوو هەر دوژمن بون و هەرگیز نەبونە جێگەی موتمانە بۆ ئێمە .  ئەگەر لە سەردەمێكدا زۆر دۆستایەتی ئێمەیان كردبێت و لێمان نزیك بوبن ، ئەوە لە بە ئەوە نەبوە ئێمەیان خۆش ویستوە ، هەركاتێك بە مەرامی خۆیان گەیشتبن لە ڕێگای ئێمەوە ، ئەوە بێ سڵەمینەوە لە پشتەوە خەنجەریان لێداوین .  

دەبینی لە ئەنجامی ئەمەدا ئەم پەندە دەست كەوتوە : هەزارساڵ  بكەی بێگانە پەرستی ،دواجارهەردێنی نوشستی  . بۆ زیاتر تێشك خستەنە سەر پەندی پێشینان بە باشم زانی ئەم قسەیەی ئەدۆڵف هیتلەرتان بۆ بنوسم . لێرەدا  مەبەستی من لە باسكردنی لێدوانەكەی هیتلەر بۆ ئەوە نییە ستایشی بكەم چونكە هیتلەر دژی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی دەكرد .

بەڵام مەبەستم ئەوەیە بزانین هیتلەر چۆن سیاسەتی كردوەو چۆن هەوڵی داوە سەركردەی وڵاتانی تر بخەڵەتێنێت و بیانخاتە داوی خۆیەوەو لە ڕیگای ئەوانەوە سنووری داگیركریەكانی فراوانتر بكات .  لە كاتێكدا شەڕی كردووە لە گەڵ زوربەی وڵاتانی جیهان ، لەولاشەوە هەوڵی بێ لایەنكردنی هەندێ وڵاتی داوە لە ڕێگای سەركردەكانیان یان كەسانێكی بەكرێگیراو بۆ ئەوەی هەنگاوی یەكەم دوژمنە سەرەكی و بەهێزەكانی لەناو بەرێت  . لەگەڵ ئەوەی هەندێ وڵات و سەركردەكانیان و بەشێكیش لە میللەتەكە پشتێوانی هیتلەریان كردوەو سیخوڕیان بۆ كردووە، سەیركەن هیتلەر چی بەو میللەت و سەركردانە دەڵێت :

 ( خوێڕیترین مرۆڤگەلێك كە لە ژیانمدا ناسیومن ئەوانە بوون كە لە داگیركردنی وڵاتە كەیاندا یارمەتیان داوم لە كاتێكدا من دوژمنیان بووم ). ئەم لێدوانەی هێتلەر ئێجگار گرنگ و بەنرخەو دەكرێت هەمو سەركردەو میللەتانی جیهان سودی لێ وەرگرن . دەكرێت وەكو پەندێكی پێشینان پێناسەی ئەم لێدوانەی هیتلەر بكرێت ،چونكە هیتلەر دوای چەندین تاقیكردنەوەو پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان و سەركردەكانی ئەو كاتەی شەڕی كردووە ، ئەم قسەیەی كردووە.  ئەگەر سەرنج بدەن و بە وردی بە مێژودا بچنەوە، سەدان وڵات و میللەت بونە قوربانی لە ڕێگای ئەوەی چۆن سەركردەكانیان بونە بەكرێ گیراوی وڵاتانی ترو سیخوڕییان بوكردون و پەلكێشی دوژمنانیان كردووە بۆ ناو وڵاتەكەی خۆیان .

دەتوانێن بڵێین میللەتی كورد وێڕای خەباتی دوورو درێژی چەندین ساڵ تا ئێستا بە مافەكانی خۆی نەگەیشتوە و هۆكاری یەكەم و سەرەكیش ئەوە بووە كە دۆست ودوژمنی  خۆی نەنانسیوە .  لەئەنجامی ئەوەدا نەیتوانیوە بە مافەكانی خۆی بگات چونكە زوربەی جار بە بەڵێن درۆینەكانی  دوژمنەكانی خەڵەتاوەو كەوتۆتە داویانەوەوبۆتە قوربانی  . ئەگەر سەردەمی بابانەكان بە نمونە وەرگرین ، دەبینین پاشاكانی بابانەكان بون بە دوو بەشەوە . بەشێكیان بونە  لایەنگری دەوڵەتی عوسمانی و بەشەكەی تریان بون بە لایەنگری ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی و شەڕیان دژی خۆیان پێ كردون   .

سەركردەكانی كورد هەرگیز سودیان لە ڕابوردوو وەر نەگرتوەو بەردەوام هەڵەكانی ڕابوردویان دوو بارەو سێ بارە كردۆتەوە . سەیركەن كاتی خۆی سمایلخانی شوكاك سەركردەیەكی كوردی ئێران بوو چۆن بەدرۆی ئێرانیەكان خەڵەتاو لە میوانیەكدا كەوتە داویانەوەو شەهیدیان كرد . باوكی شەهید عەبدول ڕەحمان قاسملۆ خۆی ئامۆژگاری  خەڵكی دكرد كە هەرگیز بەقسەی ئێرانیەكان بروامەكەن . بەڵام هەمومان دیمان چون كوڕەكەی كەوتە داویانەوەولە ڤییەننا تەڵەیان بۆ داناوشەهیدیان كرد. دەبێ  دەسەڵاتدارانی ئێران چۆن لە سەركردەكانی كورد بڕوانن لە كاتێكدا ، خەباتگێرەكانی ئێران شەهید دەكەن و بۆ دڵنیایی ئەوەی كە زۆر دڵسۆزن بۆیان ، تەرمەكانیشیان وەك دیاری بۆ دەنێرنەوە . باشترین نمونە : شەهیدكردنی سڵیمانی معینی بە بەڕیاری بنەماڵەی بارزانی و ڕادەست كردنی تەرمەكەی . دەبێ دەسەڵاتدارانی توركیا چۆن لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بڕوانن كە بونە هاوكارو یارمەتیدەری سوپای تركیا بۆ لەناو بردنی كوردە شۆڕشگێڕەكانی توركیاو  سوریا . دەبێ سەركردەی دوژمنەكانمان چۆن لە سەركردەی كورد بڕوانن ، لە كاتێكدا بۆ نمونە توركیا دەیان كیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاكی هەرێمەوەو بەو هۆیەوە زۆرینەی گوندەكانی سەرسنوور كاول بون و هەرچی ڕەزو باخیان هەیە سوتاون و لەناو چون و هەر ڕۆژە هاوڵاتیەك دەبێتە  قوربانی .

بەڵام لە بری ئەوەی ئەم دەسەڵاتدارانە دەنگی ناڕەزایی بەرزبكەنەوەو داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان بكەن كە لەسەر ئەم دەست درێژیانەی توركیا بێنە دەنگ ، پەكەكە تۆمەتبەار دەكەن بەوەی هۆكاری هێرشەكانی توركیایە بۆسەر هەرێم . بۆ داپۆشینی ئابڕوی خۆیان سوتاندنی دوكان و بازاڕی هەوڵێرو كەركوك دەدەنە پاڵ پەكەكە .

پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە بری ئەوەی هەوڵ بدەن و ڕێگایەك بدۆزنەوە بۆ ڕێگری لە دەست درێژیەكانی توركیا بۆسەر هەرێم . لە ڕۆژنامەی خەبات كە زمان حاڵی حیزبەكەیانە بە ئاشكراو زۆر بێ ئابڕوانە ئەوە بڵاو دەكەنەوە كە لە سنووری یەكێتی مەشق و ڕاهێنان بە گریلاكانی پەكەكە دەكەن . باشە با لە خۆمان بپرسین ئەمە جاسوسی نییە بۆ توركیا ؟. ئەوەتا دەبینین ڕۆژانە توركیا بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان سنوورەكانی یەكێتی بۆردومان دەكات و ڕەزوباخی خەڵك دەسوتێنن و خەڵك شەهید دەكەن . بارتی و بنەماڵەی بارزانی و لە سەروی هەمویانەوە  سەرۆكی حكومەت  ناوێرێت یات نایەوێت باسی داگیركاریەكانی تركیا بكات بە تایبەت بۆسەر ناوچەی بادینان و بەرزان بۆ دا پۆشینی ئەوە  ئەم كارانەدەكات :

سەرۆكی حكومەت هەڕەشە  لەو كەسانە دەكات كە سەیارەی  بەرپرسێكی پارتیان لە ناوچەی گەرمیان تەقاندۆتەوە و بە ئاشكرا دەڵێت ئەوە بەسەر كەسەوە  ناچێت و هەر لە جێوەو بە ڕاستەوخۆ پەكەكەیان تۆمەتبار كرد ، گومانیشی تێدا نییە ئەگەر ئەو مەشق و ڕاهێنانەی یەكێتی بە ئەندامانی پەكەكەی دەكات ڕاست بێت وەكو لە ڕۆژنامەی خەباتی پارتیدا ئاماژەی بۆ كراوە ، ئەوە بەناڕاستەو خۆ یەكێتی بەرپرسیاری تەقاندنەوەی سەیارەكەی  بەرپرسەكەی پارتی دەبێت .

ئەو كات  دەبێ یەكێتی چاوەڕوانی كاردانەوەی پارتی بێت یان ئەوەیە كارێكی لەو جۆرە بەرامبەر یەكێتی دەكەن ، یان چەند ئەندامێكیان بە تۆمەتی پەیوەندیان بە پەكەكەوە دەگرن . پارتی دەیەوێت هەواڵی لەشكركێشیەكەی توركیا بۆسەر خاكی هەرێم لە ڕێگای ئەم سیناریۆیانەوە كپ بكاتەوەو ئەوەتا هەر ڕۆژنامە نوسێك لە دەڤەری پارتی باسی لەشكركێشی توركیا بكات ، یەكسەر بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەكەكەوە دەگرن و دەیخەنە زیندانەوە .    

سەیركەن سەركردەكانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ، سەرەڕای ئەم جاسوسیە بەسەر دەڤەری سلێمانیەوە ، سەرۆكی حكومەت سەردانی ئەو ناوە دەكات بۆ ئەوەی خەڵك دەنگ بە حیزبەكەی بدەن .هەر كەسێك لە دەڤەری سلێمانی دەنگ بەپارتی بدات ئەوە خائین كوڕی خائینە ، خۆ ئەگەر پارتیش بێت و ئاگاداری ئەوەش بێت كەچۆن حیزبەكەی بۆتە هۆكاری ئەوەی توركیا بۆردومانی  سنووری سلێمانی بكات و خەڵك شەهید ببێت ، ئەوە بێ بەریە  لە هەستی مرۆڤایەتی و كوردایەتی و خاوەنی زەڕەیەك شەرەف وكەرامەت نییە .  

هەموتان باش دەزانن چۆن مەسعود بارزانی بە دەسیسەی دوژمنان بڕیاری ڕیفراندۆمی دا لە كەركوك بێ ڕەزامەندی هاوڵاتیانی كوردو لە ئەنجامدا نێوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لە دەستدا . كاتێكیش عێراق هێرشی كرد بۆ سەر كەركوك ، ئەوان لە پردێ بەرەو هەولێر  ڕایان دەكرد . كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كرا ، تاكە لایەن پارتی بوو كە ئامادە نەبوو بە لیستێكی كوردی یەك گرتوەوە بەشداری هەڵبژاردن بكرێت . لە ئەنجامدا كورد نەیتوانی زۆرینەی دەنگەكان بە دەست بهێنێت بۆ ئەوەی بێ منەت پۆستی پارێزگاروەرگرێن . پارتی دوو كورسی هێناو یەكێتی پێنج كورسی و لە گەڵ كورسییەكی بابیلۆن كە مەسیحین و لەگەڵ كوردن دەكاتە هەشت كورسی . ئەگەرچی نابینە زۆرینە ، بەڵام هەر پۆستی پارێزگاربۆ كورد دەبوو .

 بەڵام پارتی ئامادە نییە لەگەڵ پارتی و بابیلۆن بێت و ئەوەتا بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە لەگەڵ توركمان و عەرەب و ڕاكان جبوری دەبینە یەك چونكە فەرمانیان پێكراوە لە سەرەوە . بەرپرسێكی پارتی بە ناوی كاوێزمەلا پەروێز  كە ئێستا لەگەڵیان نەماوە دەڵێت : من چەندین جار گوێم لێبوە كە بەرپرسانی پارتی بە ئاشكرا وتویانە ئێمە كەسێكی عەرەبمان پێ باشترە ببێتە پارێزگاری كەركوك نەك كەسێكی سەر بە یەكێتی . ئەوەی پارتی بەرامبەر كەركوك كردویەتی هەر لە خیانەتا كۆتایی نایەت و سنوری خیانەتیشی تێپەڕاندووە . دوای ئەوەی پۆستی پارێزگاری كورد درا بە یەكێتی  ئێستا پارتی لەگەڵ توركمان و بەشێك لە عەرەبەكان  كەوتونە دەركردنی بەیان وشكات كردن لە دادگای فیدڕاڵی و ئەنجامدانی خۆپیشاندان  لە كەركوك دژی ئەوەی كە پۆستی پارێزگار دراوە بە یەكێتی .

 ئەمە لە كاتێكدا یەكێتی پێكهاتەیەكی گرینگی كوردی كەركوك پێك دینێت و زۆرینەی كورسیەكانیشی هەیە . باشە  پارتی شەڕی پۆستی پارێزگار دەكات ، یان بەرژەوەندی كورد ؟. ئەی پارتی هەوڵی ئەوە نادات پۆستی پارێزگار بۆ كورد بێت ؟. ئەی ئەوە نییە پۆستەكە بەركورد كەوتوە  ؟. ئەی باشە ئێستا چی دەوێت ؟. كەواتە لێدوانەكەی هیتلەر ڕێك وەكو كراس و پڕاوپڕ بە لەشی پارتییەو یاخوا پیرۆزیان بێت .

 سەیركەن چۆن ماوەیەكە حكومەتی عێراقی كەوتۆتە بەهانەونەناردنی موچەی هێزەكانی پێششمەرگە و دواخستنی . ئایا دەزانن بۆچی ؟. بەهۆی ئەوەی نزیكەی 6-10 هەزار ئاوارەی سوریان بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە خستۆتە ناو لیستی پێشمەرگەوە ، كە لە بنەڕەتدا ئەمانەیان بۆ ئەوە چەكدار كردووە بیان نێرنەوە  بۆ شەڕكردن لەگەڵ كوردانی  سوریا .

ئەوە بزانن تاوانەكانی پارتی هەر لێرەدا كۆتایی نایەت و ئەگەر نەمرین یەكتری دەبینینەوە هەرچەندە پارتی بەهانەی زۆری هێنایەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت ، بەڵام دواجار نەیتوانی ڕێگا بگرێت و بەناچاری چووە ژێر باری بڕیاری میللەت و نەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانان و مانگی دەی ئەمساڵیان دەست نیشان كرد بۆ هەڵبژاردن .

بەڵام ئەگەر پارتی بزانێت زۆرینەی كورسیەكانی پەڕلەمان ناهێنێت ، كە بەدڵنیاییەوە ئەمجارە نایان هێنێت و دەسەڵات لە دەست دەدات ، ڕازی نابێت دەسەڵات ڕادەست بكات و سیناریۆیەەك ڕیك دەخات و ئامادەیە 31 ئابێكیتر دروست بكات و بۆ ئەو كارەش زەمینە لەبارەو دوێنی سوپای سەدامی بەكار هێنا ، ئێستا سوپای وڵاتێكیترلە خزمەتیاندایە و هەرچی پێیان بڵێن بۆیانی دەكەن لە پێناوی كۆتایی هێنان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان . فەلسەفەی پارتی دیارو ئاشكرایە كە هەمیشە دەلین : ئەگەر ئێمە خۆمان شۆڕش نەكەین ڕێگاش نادەین كەس لە بری ئێمەو جێگای ئێمە شۆڕش بكات . یان دەڵێن : ئەگەر شۆڕشمان پێ نەكرێت ، زۆر بە ئاسانی پێمان تێك دەدرێت بۆ ئەوەش پێشینەمان هەیە و كە مانگ بە ئاسمانەوە دیاربوو پێویست بەوە ناكات پەنجەی بۆ ڕاكێشن چونكە خۆی ڕوناكی دەدات و دەدرەوشێتەوە .

سەرچاوە : ئاوێنە