عومەر عەلی
ئەو ئەنجامانەی کەلە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەماندا خرانە ڕوو، شۆک ئامێز بوو بۆ زۆرینەی جەماوەری کوردوستان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان،چونکە زۆرینەی هاوڵاتیان کە ئەمجارە هاتنەوە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان ،مەبەستیان بوو کە یەکێتی و پارتی سزا بدەن و بیانکەن بەدوو هێزی لاواز،بۆ ئەوەی لە ئەم بارودۆخە نوێیەدا بتوانن نەخشە ڕێگایەکی نوێ بۆ حوکمڕانی دابنێن و سەرەتای ڕزگاربوون بێت لە ئەو دو حیزبەی کە هەرێمی کوردوستانیان کردوە بە دۆزەخ بۆ زۆرینەو بەهەشتیش بۆ کەمینەیەکی حوکمڕانی دەست ڕۆیشتوو.بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە نێو سندوقەکانەوە هاتە دەرەوە تارماییەکی چاوەڕواننەکراو بوو،چونکە دۆخەکەی بەسەریەکدا قڵپ کردەوەو کەمینە حوکمڕانیە بەهەشتیەکە ،لە جیاتی گریان و قوڕپێوان، دەستیانکرد بە شایی و پێکەنین و هەڵپەڕکێ،بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونەوە لەڕێگەی شاشەکانەوە دەستیان کرد بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ،کە تیایدا سەدان هەزار دەنگ زیادیان کردبوو،وەک ئەوەی خەڵک لە پاداشتی گەندەڵی و نەوت دزی و خیانەتی نیشتمانی و نەبوونی خزمەت گوزاری و کاول کردنی هەموو کایەکان، خەڵک دەست خۆشی لێ کردون و پشتیوانی کردون.لە پاڵیشیاندا ئۆپۆزسیۆنێک هەڵتۆقی کەتەنها کەسێک و تەلەفزیۆنێکە.
لێرەوە ئۆپۆزسیۆن دەکەوێتە بەر بەرپرسیاریەتی نیشتمانی گەورە، کە ئەگەر فریا خۆی نەکەوێت،دۆخێک دێتە پێشەوە کەپێی دەڵێن کۆتایی ئۆپۆزسیۆن ،چونکە ئەم دیزاینە نوێیە زۆر مەترسیدارە،تەنها لە خەمی یەکێتی و پارتیدا نەبوە وەک حوکمڕان ،بەڵکو دیزاینی کایە ئۆپۆزسیۆنە کەشی کردوە،لەم ڕێگەیەوە ئەوان دەبنە زۆرینەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستە قینەکەش دەبنە کەمینەیەکی بێ کاریگەر،لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئۆپۆزسیۆن بۆ تێکدانی ئەو دیزاینە دەبێت چی بکات؟
کۆبوونەوەی ٤ حیزبی ئۆپۆزسیۆن و ڕەت کردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن،هەنگاوێکی ئیجابی باش بوو ،بەڵام دوای ئەوە چی بکرێت؟
لە ئێستادا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان پێویستە بەرەیەکی بەهێز دروست بکەن،پاشان پلانێک دابنێن وەک نەخشەڕێگایەک بۆ قۆناغی داهاتوو،هەنگاوی یەکەمیش لەو پلانەدا هەنگاو نان بێت بۆ دروستکردنی پەرلەمانێکی سێبەر و بەشداری نەکردن لە یەکەم کۆبوونەوەی پەڕلەمان،بەمەش شەرعیەتی جەماوەری لە دەست دەدات و ئەو پەرلەمانە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک ناکات،خۆئەگەر لەم حاڵەتەدا هەر پارتێکی ئۆپۆزسیۆن بەشداری ئەو پەڕلەمان دا بکات لە ڕوانگەی خەڵکەوە دەبێتە پاشکۆی پارتی و یەکێتی.
لە ئێستادا ئەگەر ئەم پارتە ئۆپۆزسیۆنانە بەشداری ئەو پەڕلەمان ی یەکێتی و پارتی بکەن دەبنە کەمینەیەکی بێ کاریگەرو ناتوانن هیچ شتێک بۆ بەرژەوندی خەڵک بکەن،تەنها دەستکەوتێک کە دەستیان بکەوێت موچەو ئیمتیازاتە بۆ ئەندام پەڕلەمانەکانیان،لەبەر ئەوەش کە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕۆین،ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕازی بێت بەو دیزاینە،ئەوکاتە لە دیدی خەڵکەوە هیچ سەنگێکیان نامێنێت و ناتوانن هیچ بەڵێنێک بە خەڵک بدەن و خەڵکیش بەژمارەیەکی زۆر بایکۆت دەکات و دەتوانین ئەو قۆناغەش ناوبنێین بە قۆناغی کۆتایی ئۆپۆزسیۆن.
سەرچاوە : سپی میدیا