پێنجەمین فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ لە بانە کۆتاییهات

 

 

دیمەنی فێستیڤاڵەکە.
دیمەنی فێستیڤاڵەکە.

 

 

 

پێنجەمین فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ لە بانە کۆتاییهات. لە نێو 13 گرووپی سەرکەوتوو بۆ بەشی کێبەرکێ، خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەران بە گرووپەکانی چیکسای خۆراسان، گۆڤەندی ورمێ، 12 سوارەی مەریوان و سیروانی ئیلام بەخشرا. چیای سەقز خەڵاتی باشترین چۆپی کێش و هەتاوی مهابادیش خەڵاتی باشترین گاوانی پێ بەخشرا.

لە فێستیڤاڵی ئەمساڵی هەڵپەڕکێدا، ژمارەیەک گرووپ و چالاکڤان بەشدار نەبوون. بەشدارینەکردنیشیان پەیوەندی بەو تێبینییانەوە هەیە، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو فێستیڤاڵانە هەیانە. ئەوان دەڵێن، لە دوای ناڕەزاییەکانی ساڵی رابردووەوە، دامودەزگا حکومی و ئەمنییەکان هەوڵدەدەن، بەو رێوڕەوسم و فێستیڤاڵانە، دۆخی کوردستان ئاسایی پێشان بدەن. 

ئیجلال قەوامی، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە سنە دەڵێت، ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو فێستیڤاڵانە پێشاندانی وێنەیەکی دڵخۆش و هیوادارە لە کۆمەڵگەی کوردستان. دەشڵێت، بەو فێستیڤاڵانە دەیانهەوێت ئاستی داواکارییە ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک دابەزێنن. ئەو چالاکڤانە دەپرسێت، ئەو هەمووە فێستیڤاڵە ورد و درشتە قازانجی بۆ هەندێک کەس هەبووە، بەڵام دەستکەوتی بۆ کوردستان چ بووە؟

بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکان دەڵێن، ئامانجیان گرنگیدان بە توانا هونەری، ئابووری و گەشتیارییەکانی کوردستانە، بەڵام ئەوەی بەرچاوە، هاونیشتمانییانیش وەکو ساڵانی رابردوو پێشوازی لە بەڕێوەبردنی ئەو فێستیڤاڵانە ناکەن.

رووداو دیجیتاڵ