بەشی شێوەکاریی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی پێشانگایەکی شێوەکاریی بۆ 35 هونەرمەندی گەنج کردەوە و تێیدا 40 تابلۆی ڕەنگاوڕەنگ نمایشکرا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەلەریی ئەمنەسوورەکه لە شاری سلێمانی، بەڕێوبەرایەتیی شێوەکاریی سلێمانی پێشانگایەکی بۆ 35 هونەرمەندی گەنجی شێوەکار کردەوە و تێیدا 40 تابلۆی جۆراوجۆر نمایشکرا.
بابەتی تابلۆکانی پێشانگاکە دیاریکراو نەبوو، هەر هونەرمەندێک بە فۆرم و شێوازی خۆی بەشداریکردبوو، لەوانە؛ وێنەی سروشت، کەلتووریی، هارمۆنی و پۆرترەیت.
سەرخێڵ جەمال، بەڕێوبەری بەشی شێوەکاری سلێمانی لەبارەی ئامانجی پێشانگاکەیانەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئامانجمان نیشاندانی تواناکانی گەنجان و پێشخستنی ئاستی ئەندامەکانمانە، لەداهاتوودا کاردەکەین بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەشمان، پەیامی ئێمە ئەوەیە بڵێین هونەرمەندی زۆر باشمان هەیە و پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار هاوکارییان بکات.
سەرچاوە: rojnews