نامیلكه‌یه‌كی ده‌گمه‌نی پیره‌مێردی شاعیر چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌

نامیلكه‌ی "ئاوه‌ ڕه‌شه‌ی ڕووسی سوور" له‌ نووسینی پیره‌مێرد و ئاماده‌ و كۆكردنه‌وه‌ی دكتۆر ئاراس حه‌مه‌ساڵح، له‌ دووتوێی 35 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌. 
دكتۆر ئاراس حه‌مه‌ساڵح به‌ "وشه‌"ی گوت، ئه‌م نامیلكه‌یه‌ له‌ ساڵی 1940 پیره‌مێردی شاعیر له‌ دژی به‌ره‌ی ڕووسی و شیوعییه‌كان نووسیویه‌تی، پیره‌میرد زۆر دژه‌ چه‌پ بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه‌ كورد بێ ئه‌وه‌ی بزانێت كێ پشتگیریی مافه‌ ڕه‌واكانی ده‌كات، كوێرانه‌ لایه‌نگری هیچ به‌ره‌یه‌ك نه‌بێت.

ئه‌و گوتی، له‌و ڕۆژگاره‌دا بیری چه‌پ له‌ بره‌ودا بووه‌، هه‌ركه‌سێك بووه‌ته‌ شیوعی ئیتر بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاست و خوێنده‌وارییه‌كی هه‌بێت، به‌ پێشكه‌وتنخواز ناو براوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك شیوعی نه‌بووبێت، با فه‌یله‌سووفیش بووبێت به‌ دواكه‌وتوو و كۆنه‌په‌رست هه‌ژمار كراوه‌.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ ڕوو، كوردستانیش به‌تایبه‌ت توێژی خوێنده‌واری له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌، بوونه‌ته‌ لایه‌نگری به‌ره‌ی چه‌پ و گۆرانییان بۆ شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر گوتووه‌ و مۆسكۆیان وه‌ك ڕووگه‌ی ئازادی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ سه‌یر كردووه‌، بێ ئه‌وه‌ی ته‌نیا ڕۆژێك سۆڤییه‌ت كه‌مترین هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر كێشه‌ی كورد هه‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆربه‌ی كات سۆڤییه‌ت هاوكاری ڕژێمه‌كانی به‌عس و سووریا و توركیای كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و ڕژێمانه‌ سه‌ربه‌ بلۆكی ڕۆژهه‌ڵاتی سۆڤییه‌تی بوون.

''له‌م نامیله‌كه‌یه‌دا پیره‌مێرد ڕه‌خنه‌ی توند له‌ بیری دیكاتۆری چه‌په‌كان ده‌گرێت و وه‌ك یه‌كێك له‌ هێزه‌ به‌شداره‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی وه‌سفیان ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا باس له‌و سه‌ركوتكردنانه‌ی شیوعییه‌كان ده‌كات وه‌ك تاكڕه‌و و ددانپێدانه‌نانیان به‌ هیچ بیر و هێزیكی تردا، تا ئێسته‌یش چه‌پی شۆڕشگێر خۆی به‌ فریادڕه‌سی مرۆڤایه‌تی ده‌زانێت و هه‌موو بیره‌كانی تر به‌ دژی ئازادی و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ سه‌یر ده‌كات.'' دكتۆر ئاراس وای گوت.

ئه‌و ئاماژه‌ی دا كاتێك له‌ ساڵی 1940 پیره‌مێرد ئه‌م نامیلكه‌یه‌ی نووسیوه‌ و له‌ چاپخانه‌ی ژیان له‌ سلێمانی چاپی كردووه‌ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، زیاتر كه‌تووه‌ته‌ به‌ر ڕقی شیوعییه‌كان و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌موو نوسخه‌كانی كتێبه‌كانیان كۆ كردوه‌ته‌وه‌ و سووتاندوویانه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی باسی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م شاعیره‌ گه‌وره‌یان كردووه‌، باسی ئه‌م كتێبه‌یان نه‌كردووه‌، ته‌نیا دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار نه‌بێت له‌ شاكاره‌كه‌یدا كه‌ بریتییه‌ له‌ ''مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی'' باسی كردووه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ شیوعییه‌كان ئه‌و كتێبه‌یان دێزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ كردووه‌ و سووتاندوویانه‌، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی كوێرانه‌ی ئه‌وكاته‌ی شیوعییه‌كان ده‌گرێت.
دكتور ئاراس ده‌ڵێ، ئه‌م كتێبه‌ نوسخه‌یه‌كی له‌ بنكه‌ی ''ژین'' دۆزرایه‌وه‌، توانیان جارێكی تر بینووسنه‌وه‌ و  چه‌ند پێشه‌كی و په‌ڕاوێزی بۆ زیاد بكه‌ن و له‌ دووتوێی 35 لاپه‌ڕه‌دا، چاپ و بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ و ئێسته‌ له‌به‌ر دیدی خوێنه‌راندایه‌.

جێی باسه‌ دكتۆر ئاراس حه‌مه‌ساڵح، مامۆستای زانكۆی سلێمانییه‌ و شاره‌زای مێژوو و ئه‌ده‌بیاته‌ و چه‌ندان به‌رهه‌می تری هه‌یه‌.

 

سەرچاوە: wishe