(دره‌و):
راپۆرتی: بی بی سی فارسی
دوای دوو ده‌یه له روخانی سه‌ددام، حكومه‌تی عێراق هێشتا نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی سه‌قامگیری و ئاسایش له وڵات‌دا بچه‌سپێنێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ی له دوو ساڵی رابردوودا عێراق زیاتر له (200 ملیار) دۆلاری له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتدا ده‌ستكه‌وتووه، به‌ڵام هێشتا پرۆژه‌كانی ژێرخان له‌م وڵاته له بواری گه‌یاندن و وزه روبه‌ڕووی ئاڵنگاری زۆر ده‌بنه‌وه.
ده‌روازه‌كانی ترانزێت یه‌كێكه له ئامرازه گرنگه‌كانی دروستكردنی سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌یین، له‌م رووه‌وه حكومه‌تی عێراق له‌دوای ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌دا، له هه‌وڵدایه سود له پرۆژه‌كانی ترانزێت ببینێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غداد له شوێنی ململانێ و گرژییه‌وه ببێت به خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن له ناوچه‌كه‌دا.
ئاڕاسته‌ی ترانزێتی "رێگای گه‌شه"
به‌غداد به‌نیازه له‌ڕێگه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری زۆر بۆ په‌ره‌پێدانی باشوری وڵات، كه به‌ڕێژه‌ی 90% له به‌رهه‌می ناوخۆییدا به‌شداره، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا به‌نده‌ری فاو بكات به جه‌مسه‌رێكی ئابوری- ترانزێت له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
سه‌رمایه‌گوزاری عێراق بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به‌نده‌ری فاو، به‌ستنه‌وه‌ی هێڵی ئاسنی عێراق- توركیا‌و كه‌ناڵی وشك، به‌شێكن له پرۆژه‌ی 17 ملیار دۆلاری رێگه‌ی گه‌شه؛ ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه" ده‌توانێت عێراق بكات به هاوبه‌شێكی وشكانی و ده‌ریایی چین له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی "یه‌ك رێگا‌و یه‌ك پشتێن"دا.
پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه" دوو رێگای وشكانی ئۆتۆمبیل و رێگای ئاسن به درێژیی 1200 كیلۆمه‌تر له‌خۆده‌گرێت، كه باشوری توركیا له خاڵی مه‌رزی فیشخاپوری كوردستانی عێراقه‌وه له‌ڕێگه‌ی به‌سره- به‌نده‌ری فاو، به باشوری ئه‌و وڵاته‌و كه‌نداوی فارس (عه‌ره‌به‌كان پێی ده‌ڵێن كه‌نداوی عه‌ره‌بی) ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه نزیكترین و خێراترین رێگایه كه ئه‌وروپا به كه‌نداوی فارسه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و به‌ناو خاكی توركیا‌و عێراقدا تێده‌په‌ڕێت.
ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی چوار وڵات بۆ پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه"
له سه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیادا بۆ به‌غداد، به‌رپرسانی هه‌ر چوار وڵاتی عێراق، توركیا، ئیمارات و قه‌ته‌ر یاداشتی لێكتێگه‌یشتنیان ئیمزا كرد بۆ دروستكردنی رێگای په‌ڕینه‌وه‌ی "رێگای گه‌شه". به‌وته‌ی عه‌بدولقادر ئۆرالئۆغلۆ وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و ژێرخانی توركیا، ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه، پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل بۆ ماوه‌ی 25 رۆژ كه‌مده‌كاته‌وه.
ئێستا تێپه‌ڕینی كه‌شتییه‌كان له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵی سوێسه‌وه 35 رۆژ ده‌خایه‌نێت، له باشوری ئه‌فریقاشه‌وه زیاتر له 45 رۆژ درێژه ئه‌كێشێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه" ته‌واو ببێت، ئه‌م ماوه زه‌مه‌نییه بۆ 25 رۆژ كه‌مده‌بێته‌وه.
تێڕوانینی ئێران بۆ "رێگای گه‌شه"
به‌ڕواڵه‌ت كه‌ڵكوه‌رگرتن له هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و ژێرخانی گه‌یاندنی ئێران له پرۆژه‌كانی گواستنه‌وه له ناوچه‌كه، یه‌كێك له ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بووه له چوار ده‌یه‌ی رابردوودا. هه‌رچه‌نده به‌كرده‌وه تاران له پرۆژه‌كانی ترانزێتی ناوچه‌كه‌دا ئاستێكی به‌رچاوی نه‌بووه.
ئێران له رێڕه‌وی باكورو باشوردا ئاماده‌یی هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌م پرۆژه‌یه ته‌واو نه‌بووه. ئاڕاسته‌ی ترانزێتی "رێگای گه‌شه" وه‌كو یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ی كه ده‌توانێت ركابه‌ری رێڕه‌وی باكورو باشور بێت، بووه‌ته جێگای باس و خواس، پشتیوانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه كه هۆكاره‌كه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له عێراق و یارمه‌تیدانی ئابوری عێراقه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له گومان و دوودڵییه‌وه ته‌ماشای ئه‌م پرۆژه‌ی ترانزێته بكات و له كه‌ره‌سته‌ی به‌رده‌ست كه‌ڵك وه‌ربگرێت بۆ دروستكردنی كه‌لێن له ته‌واوكردنی پرۆژه‌كه‌دا.
له‌ڕوانگه‌ی ئێرانه‌وه، جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه" به به‌شداری حكومه‌ت و كۆمپانیا توركییه‌كان، ده‌رفه‌تێكی گونجاوه بۆ به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندی ئابوری و سیاسی عێراق و توركیا‌و هه‌رجۆره زیادبوونێكی هه‌ژموونی ئه‌نكه‌ره له عێراقدا، به‌واتای كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له سیاسه‌تی ناوخۆ‌و ده‌ره‌كی عێراق ده‌بێت.
له‌ڕوانگه‌ی ئابوریشه‌وه، پرۆژه‌ی ترانزێتی "رێگای گه‌شه" ده‌توانێت هۆكاری لادانی بازرگانی و گواستنه‌وه بێت له‌سه‌ر ئه‌و رێگایانه‌ی كه له خزمه‌تی بهرژههوهندییهكانی ئێراندان و، به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئابوری ئێران ده‌بێت.
درێژی رێگای پرۆژه‌كه 1200 كیلۆمه‌تره‌و به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ناسكی ئه‌منی عێراق، ئه‌گه‌ری هێرشی گروپه‌كانی هاوشێوه‌ی داعش بۆسه‌ر رێگای ئه‌م پرۆژه‌یه زۆره.
ئاڵنگاری و ده‌رفه‌ته‌كان بۆ ئێران
سه‌رباری بوونی چه‌ندین ئاڵنگاری بۆ ئێران به‌ر له ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه"، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێران بتوانێت له‌گه‌ڵ عێراق و توركیادا له‌م پرۆژه‌یه‌دا هاوكاری هه‌بێت، ئه‌وا له ئه‌گه‌ری به‌ستنه‌وه‌ی ئێران به‌م ده‌روازه ئابورییه نوێیه‌وه، كه‌ڵكێكی زۆری ئابوری بۆ تاران به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
هه‌روه‌ك جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌توانێت په‌یوه‌ندی ناوچه‌یی و یه‌كگرتوویی ئابوری به‌هێز بكات. به‌هێزكردنی هاوكاری ناوچه‌یی له‌توانایدایه ده‌رفه‌تی نوێ بۆ مامه‌ڵه‌ی ئابوری ئێران له‌گه‌ڵ هاوسێكانیدا بدۆزێته‌وه.
ئێران فشار ده‌كات بۆ په‌له‌كردن له دروستكردنی هێڵی ئاسنی شه‌له‌مچه- به‌سره، به‌مه‌به‌ستی زیادكردنی بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق و باشكردنی پێگه‌ی خۆی وه‌كو ناوه‌ندێكی بازرگانی ترانزێت و ده‌روازه‌كانی گهشتیارو گواستنه‌وه‌ی كاڵا له به‌نده‌ره‌كانی وڵاته‌وه، به‌وهۆیه‌وه بۆچونێكی گشتیی هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئێران نایه‌وێت پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی فاو سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێران. جێگای سه‌رسوڕمانه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌مدواییه ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر خێراكردنی هێڵی ئاسنی شه‌لامچه- به‌سره‌و ژماره‌یه‌ك رێنمایی ده‌ركرد بۆ لابردنی هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه ره‌نگه پرۆژه‌كه دوابخه‌ن.
گرنگه ئاماژه به‌و خاڵه بدرێت كه، له‌كاتێكدا به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كانی عێراق لایه‌نگری ئێرانن، به‌ڵام هه‌ندێكیان پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن له‌باره‌ی پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه"و، هه‌ندێكی تر له‌و حزبه سیاسییانه دژی ئه‌م پرۆژه‌یه قسه ده‌كه‌ن و وه‌كو رێگرییه‌ك ناوی ده‌به‌ن له‌به‌رده‌م به‌ستنه‌وه‌ی عێراق به پرۆژه‌ی پشتێنه‌و رێگای چینه‌وه.
رێڕه‌وی باكور- باشور
رێڕه‌وی باكور- باشور، سه‌ره‌تا به‌هۆی ئیراده‌و بڕیاری روسیا‌و ئێران و هینده‌وه له ساڵی 2000دا دامه‌زرا، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی باركردن و گواستنه‌وه، له ساڵانی دواتردا وڵاتانی تریش هاتنه ناو ئه‌م رێگای ترانزێته‌وه.
پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ په‌یوه‌ستبوونی وڵاتانی تر به ئه‌م رێڕه‌وه ئه‌وه‌بوو كه، رێگا به‌كارهاتووه‌كانی تر بۆ ناردنی كاڵا له هینده‌وه بۆ سان پترۆبۆرگی روسیا كه له كه‌ناڵی سوێسه‌وه تێده‌په‌ڕێت، زۆر دورو درێژه‌و نزیكه‌ی 14 هه‌زارو 500 كیلۆمه‌تره. به‌ڵام به به‌كارهێنانی رێڕه‌وی باكور- باشور، رێگایه‌كی كورتتر بۆ ناردنی كاڵا دروست ده‌بێت. سودوه‌رگرتن له رێگا نوێیه‌كه به درێژیی 7 هه‌زارو 200 كیلۆمه‌تر، هۆكاره بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی كاتی ترانزێت به‌رێژه‌ی 40%و كه‌مبوونه‌وه‌ی خه‌رجی گواستنه‌وه به‌رێژه‌ی 30%.
پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت كه ئێران نه‌یتوانیوه پرۆژه‌ی رێگای ئاسنی ئاستارا- ره‌شت بخاته‌كار تاوه‌كو دواین به‌سته‌ری رێڕه‌وی باكور- باشور ته‌واو ببێت.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی تاران و مۆسكۆ، ئه‌م هێڵی ئاسنه به سه‌رمایه‌گوزاری روسه‌كان ده‌خرێته‌كار، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پرۆژه‌یه تائێستا هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی به‌رچاوی به‌خۆوه نه‌بینیوه‌و هه‌واڵی جۆراوجۆریش له‌باره‌ی دوودڵی روسیا سه‌باره‌ت به سه‌رمایه‌گوزاری له‌م پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنه‌دا، بڵاوبوه‌ته‌وه.
جیاوازی وه‌به‌رهێنانی چین له ئێران و عێراقدا
ئاژانسی هه‌واڵی (ته‌سنیم)ی ئێران ده‌ڵێ، ئاماری وه‌به‌رهێنانی بیانی ده‌ریده‌خات، چین تاوه‌كو شوباتی 2023 نزیكه‌ی 220 ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنانی له ئێران‌دا كردووه‌و له شوباتی 2024دا گه‌یشتوه‌ته نزیكه‌ی ملیارێك و 990 ملیۆن دۆلار. ئه‌مه له‌كاتێكدایه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت كابینه‌ی سیانزه‌یه‌می حكومه‌ت له ئێران چوه‌ته ناو قۆناغی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی 25 ساڵه‌ی نێوان ئێران و چینه‌وه، به‌ڵام وه‌به‌رهێنانی چین له‌شێوه‌ی ئه‌م هاوكارییه‌دا هێشتا له‌ئاستی خواستی ئێران‌دا نییه.
تا ساڵی 2023، چین زیاتر له 2.34 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانی له پرۆژه جیاوازه‌كانی عێراقدا كردووه، ئه‌م وه‌به‌رهێنانه 41 پرۆژه‌ی له كه‌رتی وزه‌ی عێراقدا گرتوه‌ته‌وه كه 31 پرۆژه‌یان ته‌نیا له كه‌رتی پیشه‌سازی نه‌وتی عێراقدا بووه.
پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه"ی عێراق بۆ ته‌واوكردنی پێویستی به هاوكاری هاوبه‌شه ناوچه‌ییه‌كان و زلهێزه‌كانی جیهان هه‌یه. له‌دۆخی ئێستا‌و به‌رده‌وامی گهمارۆكاندا، ئێران ناتوانێت رۆڵێكی گرنگی له‌م پرۆژه‌یه‌دا هه‌بێت.
هه‌موو پرۆژه‌كانی ترانزێت روبه‌ڕووی دوو ئاڵنگاری زۆر گرنگ ده‌بنه‌وه، جوگرافیا‌و دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی پێویست. عێراق توانیویه‌تی سه‌رچاوه‌ی دارایی قه‌ته‌رو ئیمارات بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه فه‌راهه‌م بكات، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌م دوو وڵاته بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه به‌س نییه. وڵات و كۆمپانیا‌و دامه‌زراوه داراییه‌كانی خۆرئاوا پێویستن بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی.
له‌ئێستادا رێڕه‌وی باكورو باشور نه‌خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن و، پشكی ئێران له پرۆژه‌ی رێگای ئاوریشمی چین رۆژ له‌دوای رۆژ كه‌مده‌بێته‌وه. هاوكات وه‌به‌رهێنانی چین له وڵانانی دراوسێی ئێران زیاتر ده‌بێت، كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی ئه‌منیی له عێراق له‌پاڵ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی پێویست، ده‌توانن چانسی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه" زیاتر بكه‌ن. به‌ڵام عێراق رێگایه‌كی دورو درێژی له‌به‌رمدایه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، به‌هۆی كێشه جۆراوجۆره‌كانی عێراقه له جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا، رۆڵی ئێران له پرۆژه‌كانی تری ترانزێتدا له ناوچه‌كه به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت و ئه‌مه‌ش به‌واتای كه‌مبوونه‌وه‌ی پێگه‌و به‌شداری ئێران له هاوكێشه ناوچه‌ییه‌كان و له‌ده‌ستچوونی ده‌رفه‌ته‌كان بۆ ئه‌و وڵاته دێت.
سەرچاوە : میدیای درەو