پارتی سیاسی و هەرەس: بۆ؟

 

 

 

 

لاوک سەلاح

 

ئەمە ئەو پرسیارە کوشندەیەیە کە هەموو پارتێکی سیاسی لە دونیادا بە گشتی و لە دونیای سیاسەتی ئێمەدا بە تایبەتی دەترسێت رووبەرووی بێتەوە، لەو رووبەرووبوونەوەیەدا، راستییە تاڵەکان سەر هەڵدەدەن، ئەو راستییانەی لە ئاوێنەدا دەبنە وەیشوومە و دێوزمە کە حەز ناکەن وەبیریان بێتەوە. هەر بۆیە ماکینەی هەڵمەتی داپۆشینی راستییە مێژوویەکان دەست بە زیندەچاڵکردن دەکات، نەوەک نەوەکانی ئاییندە راستییەکان ببینەوە. هەرەسی پارتی سیاسی، نەوەیەک لەگەڵ خۆی چەواشە دەکات، نەوەیەک لەسەر درۆ رادەهێنێت و گەورە دەکات، بێ ئاگا لەوەی کە هەرەس دەبێتە خەسڵەتی رەفتاری سیاسی و کۆی ژیان بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ و دەبێتە هۆکاری داکوتانی سەنگەرێکی سیاسی پڕ لە وەهمی سیاسی، بەڵام نزیک لە بەرژوەندی مادی ناڕەوا.

لە هەرەسدا، لە تەمتومانی نێو بەفر و رەهێڵەدا، لە بری چارەسەر و گەڕان بەدوای ئیسلاحدا لەسەر بنەمای پرسە جەوهەرییەکان، ئەوە نیشتمانپەروەرەکانی دوێنێن دەبنە چەتەکانی ئەمرۆ، ئەوە کەسایەتییە گیان لەسەر دەستەکانی دوێنن، ئەمرۆ رق ئەپەرژێنن، رق لە خۆیان، لە مێژوویان، لە ژیانیان، خۆیان بە گەوچ لەقەڵەم دەدەن لەبەرئەوەی ئەوێ رۆژێ فیداکاربوون، بەداخەوە کە بە ترس و لەرزەوە تەماشای ئاوێنەکانی خودی خۆیان دەکەن، لە نێوان هاوکێشەی ئەوسا و ئێستادا، لە ناخی خۆیاندا، خۆیان ناشرین دەبینن، کە لە خۆیان ورد دەبنەوە، رەشاییەکی ئەستوور دەبینن، بەدەستیان بێت بە کڵپەی ئاگرێکی پڕ قیینەوە ئەو مێژووە بسڕنەوە.

هەموو گوێبیستی حیکایەتە کۆنەکان بووین، چۆن و بۆ پێشمەرگە دەبووە جاش و هەرەسی بە مێژوویەک لە فیداکاری دەهێنا، دواتر تۆڵەی لە مێژووی خۆی دەکردەوە بە لێدانی نەوەکانی ئاییندە، بەئاگا و بێ ئاگا، هەرەسی خۆی دەرژرانە نێو کۆمەڵگە و تۆڵەی خۆی لە نەوەکانی شۆرش دەکردەوە، کەم نین ئەو کەسانەی کە ئەمرۆ هەرەسەکانی رابردوویان هەراسانایان کردوون، رابردووی هەرەسیان لە یادەوەرییەکی کاڵدا دەگێرنەوە و پاساوای جۆراوجۆر بە ئێمە، لە دەرەوەی شەرعیەتی مێژووی بەرگری لە دیمەنە گەورەکەدا، دەفرۆشنەوە. ئەوان هەرەسی خۆیان، بە هەرەسی کەسانی دیکە و بەرامبەر دەسپێرن. ئەوان ئەگەر هەرەسیشیان کردبێت، وا دەزانن، و وا دێنە گۆ کە هەرەسی فریشتەیە، ئەهریمەن ئەو هەرەسەی پێکردوون، تاوانەکانی ئەوان لە دڵ پاکییەوە بووە، ئەوان، بەداخەوە، نەوەک هەرەسەکانی خۆیان بە چەواشەی دەگرێنەوە، بەڵکو ئاییندەش وێران دەکەن، هەر بۆیە بێدەنگ بوون تەنیا چارەسەرە بۆیان بۆ ئەوەی فەسلێک لە مێژوویەک بسڕیتەوە و کەسی دیکەی پێ ئازار نەدەیت، لەبەرئەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرەسدا بابەتییانە نییە. 

لە هەرەسدا، هەموو هەڵەکان دەهاونە پانتایی بەرامبەرەوە و پانتاییەک بۆ رێزگرتن لە بەهاکانی رابردوو ناهێڵنەوە، لە هەرەسدا، کەس رەحم بەکەس ناکات، کەس خاوەنی هەرەس نییە. لە هەرەسدا، زۆر بە ئاسانی و بە ویژدانێکی مردووەوە، بەرامبەر یەک دەوەستن و یەکتر بە گوناهە مەزنەکان تاوانبار دەکەن، هەروەک ئەوەی یەکێکیان دەستی هەبوو بێت لە ئەنفالدا و  ئەوی دیکە جینۆسایدی بەرامبەر نەتەوەکەی کردبێت. کە قابیل و هابیل وەک چیرۆکە مێژووەیەکە دەگێرێتەوە زۆرنبازی خوێناویی تر بکەن، ئیتر پارتی سیاسی بۆ نەیکات و بۆ رۆڵەکانی خۆی بە پاساوی سیاسی پڕ وەهم قڕ نەکات. بێگومان پارتی سیاسی لەوەندە زیاتر دەکات. 

وەرزەکانی پارتی سیاسی لە وڵاتی مندا، پڕ رەهێڵە و باوبۆران بووە، هیچ پارتێکی سیاسی نەبووە خۆی لە هەرس بپارێزێت، ئەمەش، بە گشتی، لەبەر یەک هۆکاری سەرەتای؛ یەک پارتی سیاسی نییە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا توانیبێتی قەڵایەکی دروست و رەوا دامەزرێنێت بۆ پاراستنی خۆی لە لافاوە دەرەکییەکان و موئامەرە ناوخۆییەکان. هیچ پارتێکی سیاسی نییە نەخشەرێگایەکی بۆ رۆژی رەش هەبوو بێت. بەعس نموونەی زیندووە، کە هاتە سەر حوکم هەڵای نەهێشتنی نەخوێنەدەواری و بەخۆماڵیکردنی نەوت و بە سۆشیالیزمکردنی کۆمەڵگەی نایەوە، بەڵام لە تاریکیدا، وەک گورگێکی دڕندە بە پاساوی رەهای ماف لەگەڵ مندایە، ئەندامەکانی خۆی قڕ کرد، ئەمە بەرلەوەی بکەوێتە گیانی نەیارەکانی و ئەوانەی لە "بەرەی نیشتمانی ئازادیخوازدا" بە موبارەکەی وڵاتێکی زلهێز، لە تەنکانەدا لەگەڵی بوون! 

ئازیزان، هەرەس ئەو کاتە لە پارتی سیاسیدا دەست پێدەکات کە ئیتر کەس ناتوانێت لەگەل کەس بژێت، ئەوە تەڵاقێکی رۆحییە و هیچ پەیمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جێی ناگرێتەوە. کە پارتی سیاسی هەرەس دێنێت، تێدەگەیەن هەڵەیەکی کوشندە لە پەیکەری کۆمەڵگەکەدا هەیە. هەموو هەرەسەکان، لە هەموو بەرەکان، بە جیاوازی ئایدیۆلۆژیانەوە، لە راست و چەپدا، هەر لە کۆمیونیستەکانەوە تا دەگاتە ناسیونالیستەکان و ئیسلامییەکان، هەر یەک هەرەسن، هەرەسی مرۆڤدۆستی و نەبوونی توانایە بۆ رێخستن و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە ئاستێکی دیاریکراودا. ئاخر ناکرێت نەتوانیین لەگەڵ یەکتر بژین، ناکرێت تۆمەتی "پێڵاو" ببەخشینە کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەک نەتوانێت لێبوردەیی سەرتاسەری بۆ خۆی بەرهەم بێنێت، دەبێت بگەرێتەوە سەر پرسیارکردن و راڤەکردنی هەموو ئەو کۆڵەکانەی لەسەری بەندە، دەبێت گومانێکی داهێنەرانە لە خۆی بکات.

من پێشنیار دەکەم، ئەو ناوەندە نوێیانە کە دروست بوون لێرە و لەوێ، بە جورئەتەوە و بابەتیانە و دوور لە تۆمەت و تەشهیر باس لە هەرەسی پارتی سیاسی بکەن. بپرسن بۆ هەموو رێگاکان دەچنەوە سەر هەرەس؟ بۆ تارمای هەرەس لە هەموو شوێنێکدایە؟ چۆن خۆمان لە هەرەسی سیاسی بپارێزین؟ بۆ  هەمیشە هەست دەکەین لە کەناری هەرەسداین؟ ئایا پێویستمان بەوە نییە دونیابینینمان بگۆڕین تاوەکو هەرەس بکەینە بەشێک لە یادەوەری و عیبەرتی مێژوو و بەشێک لە مۆزەخانەی سیاسی.  

پوختەی قسە: هەمیشە دەڵێین پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی رابردوو هەیە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کێ ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و چۆن ببێتە بەشێک لە پرۆسەی بڕیاری سیاسی. ئەگەر لەگەڵ هەرەسی سیاسیدا نەدوێین تا چارەسەر دەبێت، هەمیشە تارمایی هەرەس گەمارۆمان دەدات و ئامادەیە دووبارە و سێ بارە ببێتەوە. لە راستیدا، بەر لەوەی دیسپلینی حزبیمان هەبێت، بەر لەوەی ببینە ئەندام لە پارتی سیاسیدا، دەبێت بپرسین ئەو پارتە سیاسییە چۆن دەڕوانێتە دونیا بەگشتی و پرسەکانی خۆمان بە تایبەتی. دەبێت بپرسین دیدی لەسەر مرۆڤدۆستی و رێزگرتن پێگەی ئافرەت تاقی بۆتەوە و ساغ بۆتەوە؟ ئایا میکانیزمی پەروەردەکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری هەیە؟  ئایا ماناکانی توندوتیژی سیاسی باش درک پێ دەکات؟ تاوەکو دونیا تەڵخ و بۆگەن نەبێت، بەداخەوە ئەمانە، دروشمی سیاسی و قسەی زلن، لەم رۆژانەدا هەموو دەیڵێینەوە، بەڵام کەسی کردە و حکومەتێکی تەکنۆکرات و پێگە فراوانی پێویستە بۆ ئەوەی بیکاتە پرۆگرامی سیاسی و سەرکردەی سیاسی لە خۆبوردە دەخوازێت بەرنامەکان بنەخشێنێت. پێداچوونەوە بە چەمکەکانی یەکسانی و دادپەروەری و پەرەسەندنی ئابووری یەکسان و نەهێشتنی برسێتی و پاراستنی مافی تایبەتی کەسەکان و  ئافرەتان و خۆپاراستن لەوەی پارتی سیاسی ببێتە "مەزنومەیەکی ئەمنی" و خوڵقاندنی نەوەیەکی نوێ بۆ سەرکردایەتیکردنی سیاسی میانرەو و هەروەها دابەشکردنی یەکسانی دارایی و ئاشکراکردنی سەرچاوە سروشتییەکان تاوەکو ببێتە موڵکی هەمووان، هەندێ لەو مەرجانەن کە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە دەداتەوە و ناهێڵێت پارتی سیاسی هەرەس بهێنێت.