وتووێژ لەگەڵ ئامیتای ئازیونی

و. ڕێبین هەردی

ڕ. ج: دەمەوێت زۆرتر لەبارەی هوگری ئێوەوە بۆ کۆمەڵناسی بزانم. چ شتێک ئێوەی بۆ کۆمەڵناسی ڕاکێشا؟
ئا. ئا: وەک گووتتان من قوتابی فەیلەسوفێکی بەناوبانگی وەک مارتین پۆپەر بووم. لەو کاتەدا پۆپەر وانەی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی دەگوتەوە، و تاکە مامۆستای لقی کۆمەڵناسی بوو. لەبەرئەوە من وانەکانم لای ئەو دەخوێند و ئەو بوو ڕێنمای کردم بۆ بواری فەلسەفەی کۆمەڵایەتی. لەو کاتەدا هیچ کەس لەبارەی کۆمەڵگەریەوە لێکۆڵینەوەی نەبوو. بەڵام من هەستدەکەم کە دوو لە کتێبەکانی پۆپەر بەناونیشانی (من و تۆ) و (چەند ڕێگەیەک بۆ ێۆتۆپیا) لە ناوەڕۆکدا لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەرین. ساڵێکی تەواو لە وانەکانی پۆپەردا بووم، زۆرشتی لێوە فێربووم، و لەوبارەیەشەوە زۆرم خوێندەوە. ئەمانە کاریگەری گەوەرەیان لە من کرد.

ڕ. ج: بۆچی لەبری فەلسەفە یان زانستەکان، لقی کۆمەڵناسیتان هەڵبژارد؟
ئا. ئا: من وازم لە ئامادەیی هێنا، چونکە ناچاربووم بچم بۆ جەنگ. بە کۆتای هاتنی جەنگی جیهانی دووهەم وەک ڕۆژنامەنووس دەستبەکار بووم. ڕۆژێک سەرنوسەری ڕۆژنامەکە بانگی کردم و گووتی: ( توانای زۆر باشت هەیە، بەس بە خۆرایی دەروات. دەبێت ئامادەی تەواو بکەیت). لەبەرئەوە من ئامادەییم تەواو کرد و بڕیارمدا بچم بۆ زانکۆ. بە خۆمم گووت باشترین لق بۆ بوون بە ڕۆژنامەنووس، لقی کۆمەڵناسیە. من کۆمەڵناسی بە لقێک دەزانم کە قابیلی تێگەیشتنە، و بە گشتی ئەم لقە لە لقەکانی تری وەک یاسا و ئابوری زیاتر قابیلی تێگەیشتنە.

ڕ. چ: باسی مارتن پۆپەرتان کرد، بە بڕوای ئێوە پەیوەندی بیرکردنەوەی مارتین پۆپەر بەژیانی ئەمڕۆوە چیە؟
ئا. ئا: خاڵی سەرەکی لە بیرکردنەوەی پۆپەردا ئەوەیە کە ئەو بڕوای بە گفتوگۆیە. چەمکی گفتوگۆ لای مارتین پۆپەر جیاوازە لە چەمکی (عەقڵانەیەتی پەیوەندی) هابرماس. فەلسەفەی پۆپەر فەلسەفەیەکی عەقڵانیە، لەبەرئەوە تەرکیزی لەسەر تاکەکەس نیە. بەڵکو سەرنج لە مەسەلەی کۆمەڵگا (Community) دەدات. پێشتر گووتم کتێبەکەی (چەند ڕێگەیەک بۆ یۆتۆپیا)، کتێبێکە باسی مەسەلەی کۆمەڵگەری کردووە. پۆپەر فەیلەسوفێکی کۆمەڵگەرە، کە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کۆمەڵناسیدا لێک ئاڵاندووە. خاڵی سەرەکی جیاوازی نێوان پەیوەندیەکانی چەمکەکانی من -ئەو و من- تۆ لە ڕوانینی پۆپەردا، و ئەو جیاکاریەی پۆپەر لەنێوان پەیوەندیە ڕەسەنە نەتەوەییەکان و پەیوەندیە بابەتیەکاندا (objectified) دەیکات، زۆر بۆ بیری کۆمەڵگەری سوودبەخشە.

ڕ. ج: ئێوە پاشان لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٥٠دا هاتن نۆ ئەمریکا. ئایا ئەو کاتە لەژێر کاریگەری بیریارێک یان بیریارنێک دا بوویت؟
ئا. ئا: بەڕاستی نەخێر. من بە نامەی ماستەرەوە لە کۆمەڵناسیدا هاتم بۆ ئەمەریکا، و نامەی دکتۆراکەم لە زانکۆی هارڤاراد وەرگرت، من لەگەڵ خەڵکانێکی سەرنجڕاکێشدا کارم کرد کە ئەوکاتە لە هارڤاراد وانەیان دەگووتەوە. بەڵام هیچیان هێندەی مارتین پۆپەر کاری لەمن نەکرد.

ڕ. ج: ئێوە لەناو و دەرەوەی ئەمەریکا وەک بونیادنەری بیری (کۆمەڵگەری) ناوبانگتان درەکردووە، لەم پێگەیەوە کاریگەری گرنگتان لەسەر سیاسەتە گشتیەکانی ئەمەریکا لە دەیەکانی ١٩٩٠ هەبووە. ئەگەر بتانەوێت کۆمەڵگەری بۆکەسانێک ڕوونبکەنەوە کە تا ئێستا هیچیان لەبارەیەوە نەبیستووە یان نەخوێندۆتەوە، چۆن پێناسی دەکەن؟
ئا. ئا: جەوهەری بیری کۆمەڵگەری ئەوەیە کە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا، ئەم چەمکە پەیوەندی بە بونیادی کۆمەڵگاوە هەیە. ئەم بونیادە تەنیا لەسەر بناغەی پەیوەندی سۆزداریەکان دانەمەزراوە، بەڵکو جەخت لە ڕەندیە (فەزیڵەت) هاوبەشەکانیش دەکات. لێرەوە کۆمەڵگەریی فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتیە، کە گریمانە سەرەکیەکەی بریتیە لە ڕێسا پێویست و هاوبەشە کۆمەڵایەتیەکان لەبارەی خۆشبەختیەوە. ئەم گریمانەیە هەم ئەزموونی و هەم سروشتیە. مەسەلەی کلتووری هاوبەش و ئەخلاقی هاوبەش و هەروەها مەسەلەی عەقڵیش نەک وەک بکەرێکی ئازاد، بەڵکو وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا لەو مەسەلانەیە کە بیری کۆمەڵگەری خەریکیان دەبێت.

ڕ. ج: ئێوە چۆن بیری کۆمەڵگەری خۆتان لە بیری پێشینە ئەڵمانیەکانی ئەم بیرە، وەک فردیناند تونیس جیا دەکەنەوە کە جیاکاری لە نێوان دوو چەمکی گەزەل شافت و گەمین شافتدا دەکات؟
ئا. ئا: ئەوەی ئێوە ڕاستە لەناو کۆمەڵناسانی سەرەتا کە جەوهەری کۆمەڵگەری لەکارەکانیاندا شەپۆل دەدات، ئاماژە بۆ فردیناد تۆنیس دەکەن، بەتایبەتی جیاکاری و بەراورد کردنەکەی لەنێوان کۆمەڵگای خۆماڵی و کۆمەڵگادا. بەڵام دەبێت بڵێم تونیس نوسەرێکی سەخت و ئاڵۆزە کە کتێبەکانی لە کتێب و مەلزەمە زانکۆییەکاندا زۆر خراپ کۆکراونەتەوە و داڕێژراوون. بە کردەوە لەڕوانگەی تونیسەوە گواستنەوە لە کۆمەڵگای خۆماڵیەوە بۆ کۆمەڵگا بەمانای گەشەکردن و پەرەسەندنە بەرەو مۆدێرنە، چونکە تونیس مۆدێرنە وەک ڕێپێوانێکی ناچاریانەی مێژوویی دەبینێت. من بە پێچەوانەی تونیسەوە بڕوام وایە ناتوانین نەریت و مۆدێرنە لەیەک جیا بکەینەوە. لەهەر شوێنێک کۆمەڵگای خۆماڵیمان هەبێت، بەبڕوای من ئەمە خاڵێکی پۆزەتیڤە. ئێمە هەم کۆمەڵگای خۆماڵی نەریتی و هەم کۆمەڵگای خۆماڵی مۆدێرنمان لە ناوچە شارنشینەکانی ئەمڕۆدا هەیە. تۆنیس وەک دۆرکهایم لەژێر کاریگەری بیرەکانی ڕۆشنگەریدا بوو. ئێمە دەتوانین دۆرکهایمیش بە بیریارێکی کۆمەڵگەر بزانین، بەسەرنجدان لە بیروڕاکانی لەبارەی یەکپارچەیی و ئاوێزان بوونی دەوری بەها کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگا. تەنیا تەفسیرێک کە من بۆ ئەم دوو بیریارە هەمە ئەوەیە هەردوکیان وا بیریان دەکردەوە، هەرچیەک دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێرنە باشەو هەرچیەکیش دەگەڕێتەوە بۆ نەریت خراپە. بەڵام ئەم ڕوانینە زۆر بە کۆن و بێکەڵک دەزانم.

ڕ. ج: کەوابوو ئەوەی ئێوە لەم بیریارانە جیادەکاتەوە، ئەوەیە ئێوە دەتانەوێت گفتوگۆ لە نێوان مۆدێرنە و نەریتدا درووست بکەن؟
ئا. ئا: ڕێک وایە. گەر دەتانەوێت دەتوانن ئەم دیدەی من بە جۆرێک رۆمانیسەتی نوێ ناو بنێن.

ڕ. ج: ئایا ئەم ئاراستەیە پەیوەندی بە پێشینە و ڕەگەزی یەهودی ئێوەوە هەیە؟
ئا. ئا: بڕوا ناکەم. بەبڕوای من یەهودیەت و ئیسلام لە بیری وەک کۆمەڵگەری و هاوئاهەنگی و بەرپرسیارێتی لەگەڵ یەکدا هاوبەشن. ڕۆژئاوا زۆرتر لەگەڵ چەمکی (مافەکاندا) مامەڵە دەکات. بەڵام هەموو کلتوورەکان بەتایبەتی پەیوەستن بە چەمکەکانی ژیان و بیرۆکەی (ڕەندی)ەوە. پێویست نەکات ئێوە یەهودی یان مەسیحی یان موسڵمان بن، بۆ ئەوەی ئەمە بزانن.

ڕ. ج: بەڵام دواجار ئێوە چۆن بیردەکەنەوە کە گفتوگۆی نێوان نەریت و مۆدێرنە مومکینە، ئەگەر یەکێک لەمانە دژی ئەوی دی پەنا بۆ زۆر و بەرگری بەرێت.؟
ئا. ئا: گفتوگۆ و زۆرکردن بەیەکەوە نایەن. ئێوە ناتوانن بە زۆرکردن لەگەڵ کەسانێکدا گفتوگۆ بکەن کە دەیانەوێت لەناوت بەرن. نەریت و مۆدێرنە هیجکامیان لەبنەڕەتدا توندوتیژئامێز نین. ئیسلام لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دینێکی زۆر میانڕەو و هاوسەنگ بوو. بەڵام بڕوا ناکەم بەم پێشینەیەوە بتوانن بۆ نموونە گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان بکەن. بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ شێوەکانی تری ئیسلامدا مومکینە. بۆ دینی مەسیحی و یەهودیش هەر بەهەمان شێوەیە.

ڕ. ج: کەوابوو دەتانەوێت بڵێن دەکرێت هەم عەقڵانیەتی مۆدێرن و هەم بیرکردنەوەی نەریتی لەپاڵ یەکدا و لە یەک سیستەمی بیرکردنەوەدا هەبێت؟
ئا. ئا: بەڵێ. گفتوگۆ بەمانای ئەوەیە ئێوە پێویستان بە خەڵکی میانڕەو و هاوسەنگ هەیە. واتە ئێوە ناتوانن بۆ گفتوگۆ یان زۆر توندڕەو بوون یان زۆر بێباک بن. بەبڕوای من مۆدێرنە توندڕەویەکی شەیتانی و زیان پێگەیەنەرە، ئاشفێتز و کۆلاگەکانی لێ دێتە دەرێ. نەریتیش هەروایە، نەریتێک کە خۆی وەک قاڵبێک بۆ نەرتیگەرە توندڕەوەکان پێشکەش بکات، زۆر مەترسیدارە. ئێمە بۆ ئەمە بەڵگەی زۆرمان لە مێژوودا هەیە. لەبەرئەوە گەر دەمانەوێت گفتوگۆی ڕاستەقینەمان لەنێوان نەریت و مۆدێرنەدا هەبێت، ناچارین خۆمان لە توندڕەوی بپارێزین. ئەو کێشەیەی جێگەی سەرنجی بیریارانی وەک مارکس و پۆپەر بووە، ئەوەیە ئامانج و ئامرازەکان هیچکامیان نابێت بگۆڕێن بۆ ئامانجەکانی ئێمە. لەبەرئەوە کاتێک تەماشای لۆژیکی تەکنیک و سەرمایەداری دەکەین، تێدەگەین خەریکە لەلایەن تەکنەلۆژیا و بازرگان پێشەکانەوە ئاراستە دەکرێن. من هەستناکەم چارەسەری ئەم دۆخە سەرکوتکردنی تەکنەلۆژیا یان بازرگانەکان بێت، بەڵام لانیکەم دەبێت بتوانین کار و چالاکیەکانیان بە ئاراستەی ئامانجە کۆمەڵایەتیەکانی خۆمان ئاراستە بکەین. کۆمەڵگای نەتەوەیی ئێمە پێویستی بەوە نیە شوێنکەوتەی ئەوانە بێت، بەڵکو ئەوە ئەوانن کە لافی ئەوە لێدەدەن خزمەتکاری کۆمەڵگان، لەبەرئەوە دەبێت ئەوان خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگادا بگونجێنن. ئاماژەی من لێرەدا بۆ بیری کانتیە کە دەڵێت نابێ ئێوە خەڵک (وەک تەکنیک سالاران و بازرگان پێشەکان دەیبینن) وەک ئامرازی خۆتان ببینن، بەڵکو دەبێت وەک ئامانجی خۆتان لێی بڕوانن. لەبەرئەوە پێموایە لە پەیوەندی نێوان مۆدێرنە و نەریتدا، دەوری مۆدێرنە لەڕاستیدا نوێکردنەوەی بەهاکانە لە کۆمەڵگادا، نەک ئەوەی بە پشتبەستن بە توندوتیژی نەریت لەناوبەرێت.

ڕ. ج: ئێوە باسی مافەکان دەکەن. لە زوربەی بەرهەمەکانی ئێوەدا بەردەوام ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بەدوای دۆزینەوەی هاوسەنگین لەنێوان ماف و بەرپرسیارێتیدا. ناونیشانی دووهەمی بڵاوکراوەکانی ئێوە واتە (کۆمەڵگای بەرپرسیار) ش بە کردوە (مافەکان و بەرپرسیارێتیەکانە). ئایا ئەم دوو چەمکە وەک دوو تای یەک تەرازوون؟
ئا. ئا: بەڵێ. لەبەرئەوەشە بڕوام وایە دەبێت ڕاگەیاندنی گەردوون مافەکانی مرۆڤ بگۆڕین بۆ ڕاگەیاندنی گەردوونی مافەکان و بەرپرسیارێتیەکان. هەستدەکەم لەڕووی کردەییەوە ئەستەمە بتوانین بە بێ بیرۆکەی بەرپرسیارێتی، بیر لە مافەکان بکەینەوە. باسەکەی من ئەوەیە خەڵکی دەبێت کاتێک ستایشی مافە تاکەکەسیەکان دەکەن، لەهەمانکاتدا ڕەچاوی بەختەوەری گشتیش بکەن. ئەمە پێناسێکی کورتکراوەی کۆمەڵگەریە. وەک ئاماژەتان بۆکرد ناوی بڵاوکراوەکەی من (کۆمەڵگای بەرپرسیارە). ووشەی بەرپرسیارێتی لەبەرئەوە هەڵبژێرراوە کە دەریبخات کۆمەڵگەرەکان بیر لە کۆمەڵگایەک دەکەنەوە کە بەشێوەیەکی دروست بناغەکەی داڕێژرا بێت، و لەهەمانکاتدا بەرامبەر بە ئەندامەکانی خۆی هەستیار و چاودێریکەر و بەشێوەیەکی قوڵیش دیموکرات بێت. ئێمە ناچارین بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی بەختیارمان هەبێت، هاوکات ڕووبەڕووی دوو مەترسی ببینەوە. ئێمە ناچارین سەروکارمان لەگەڵ کۆمەڵگایەکدا بێت کە بونیادە کۆمەڵایەتی و ئەتنیەکانی خەریکە دادەڕمێت، و هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگایەکدا کە ئەم بونیادانە لەناویدا بە قۆناغێک گەیشتوون کە ڕێگە لە ئازادیە تاکەکەسیەکان دەگرن. لێرەشدا دیسان ڕوبەڕووی زیادەڕەوی و بەکەم گرتنی دوو سەرە بوینەتەوە. کۆمەڵگەران زیادەڕەوی ناکەن، بەڵکو خەڵکانێکن بیر لە گفتوگۆ دەکەنەوە. ئێمە دەڵێین دەبێت گفتوگۆ هەبێت و لەنێوان ئازادیە تاکەکەسیەکان و مافەکان و بەرپرسیارێتیە کۆمەڵایەتیەکاندا هاوسەنگی هەبێت. دەبێت لەنێوان بەها ئەتنی ونەتەوەیەکان و سنووردارێتیە کۆمەڵایەتیەکانیشدا سنووردارێتی هەبێت. ئەگەر تەماشای نموونەی تەندروستی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی گشتی بکەیت، دەبینیت ئێمە ناتوانین بە دروستی گفتوگۆ لەسەر مافە تاکەکەسیەکان بکەین، مەگەر ئەوەی لەپاڵیدا باسی بەرپرسیاریە کۆمەڵایەتیەکانی هاوڵاتیانیش بکەین. گفتوگۆ لەبارەی مافەکانەوە لەجیهانی مۆدێرندا لە پێشینەیەکی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمە لەوڕوەوەیە لەهەندێک قۆناغی مێژووی ڕۆژئاوادا، پاشایەتی و کەنیسە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بوون و هێزە لیبراڵەکان زیاد لە سنوور جەختیان لە مافە تاکەکەسیەکان دەکردەوە، و پەیوەستبوون و سنوردارێتیە کۆمەڵایەتیەکانیان ڕەچاو نەدەکرد. ئەوەی لیبڕاڵەکان لە کۆمەڵگەرەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە لیبڕاڵەکان تیورەکەی خۆیان لەبەرامبەر ستەمکاری و تۆتالیتاریەتدا بینا و پێناس دەکرد. بەڵام کۆمەڵگەران بە ناچاری بیر لە سەدەی بیست و یەک و بۆشایی مۆدێرن لە جیهانی ئەمرۆدا دەکەنەوە. ئەمڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتەکانەکاندا وەک جەزیرە یان تورکیا لەنێوان بۆشایی مۆدێرن و فەندەمینتالیزمی دینیدا جەنگ هەیە. لێرەشدا ئێوە هەست بە نەبوونی گفتوگۆ دەکەن. وەک پێشتریش گووتم کۆمەڵگەران بڕوایان وایە تەنیا ڕێگەی پتەوەکردنی دیموکراسی، بریتیە لەڕێگەی گفتوگۆ و جەختکردن لەسەر تەوەرەی هاوبەشی بەها هاوبەشەکان. بیریارانی کۆمەڵگەر قوڵتر لە دیموکراسیەکی باو، بڕوایان بە دیموکراسی هەقیقی هەیە، دیموکراسی فرەخوازی نیە. دیموکراسی یاسای مافەکان و بەرپرسیارێتیەکانە.

ڕ. ج: ئێوە بۆچی مافەکان لەبەرامبەر بەرپرسیارێتیدا دادەنێن؟
ئا. ئا: ئەمە مەسەلەیەکی میتۆدۆلۆجیە. چونکە کاتێک ئێمە بەشداریمان لە بزوتنەوەی کۆمەڵگەریدا کرد، زۆرێک لە خەڵکی دەیانگووت ئێمە دژی مافەکان و تەنیا لایەنگری بەرپرسیارێتین. ڕاستە هەندێک کۆمەڵگەری ئاسیایی وا دەڵێن، بەڵام باسی سەرەکی کتێبەکەی من بەناونیشانی (یاسایی ئاڵتونی)ە کە ئازادی و دیسپلینی کۆمەڵایەتی خاوەن بەهای یەکسانن. کۆمەڵگەرانی ئاسیایی کەسانێکن دەڵێن بۆ پاراستنی دیسپلینی کۆمەڵایەتی و هاوئاهەنگی ، مافە تاکەکەسی و ئازادیە سیاسیەکان دەبێت سنووردار بن. هەندێک بڕوایان بە بازووی بەهێز و ئاسنی دەوڵەت هەیە (لەوانە لی خوانێو سەرەک وەزیرانی پێشووی سەنغافور و هەروەها مەهاتیر بن محەمەدی سەرۆکی دەوڵەتی مالیزی)، و هەندێکیش بڕوایان بە تەوەرەی پتەوی کۆمەڵایەتی و مافەکانی خێزان و گروپەکان هەیە (لەوانە ژاپۆن). یەکێک لەو باسانەی لەنێوان کۆمەڵگەرە ئاسیایەکاندا لە ئارادایە، ئەوەیە دیسپلینی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی گرنگە. لەکاتێکدا ئەوەی ڕۆژئاوا بە ئازادی دەزانێت، بە کردەوە بەمانای ئاژاوەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەخلاقیە. دیارە کۆمەڵگەرانی بەرپرسیار، وەک خۆم جەخت لەو خاڵە دەکەنەوە کۆکردنەوەی ئازادی و دیسپلینی کۆمەڵایەتی وەک کۆکردنەوەی سفرەکان نیە، بەڵکو ئەمانە بەشێوەیەکی دوولایەنە یەکتر بەهێز دەکەن.

ڕ. ج: ئایا ئەمە بەمانای ئەوەیە هەوڵدەدەن هاوسەنگی نێوان تاکگەری زیادەڕویانە و دیسپلینی زیادەڕویانە ڕابگرن؟

ئا. ئا: بە ووردی لەمبارەیەوە کتێبێکم بە ناونیشانی (سنوردارێتیەکانی بواری تایبەتی) نووسیووە. باسەکەی من لەم کتێبەدا ئەوەیە لەگەڵ ئەوەشدا کە بواری تایبەتی ئێمە لە زۆر ڕوەوە لەبەردەم مەترسیدایە (بۆ نموونە لەلایەن بازرگانەکانەوە، کە لەڕاستیدا زانیاری و پێدراوەکانی ئێمە بۆ فرۆشتن، پسپۆرانە دەکەن). بواری دی هەیە کەتیایدا بواری تایبەتی بۆ خۆشبەختی گشتی، زۆر سوودبەخشە. یەکەمجار فەمەنیستەکان ئاماژەیەن بۆ ئەو خاڵە کرد کە جیاکاری لەنێوان تایبەتی و گشتیدا زۆر ساوێلکانەیە. ئێمە سەرنج لەوە دەدەین کە لەناو ماڵەکاندا ڕوودەدات. ئەگەر مێردێک لە ژنەکەی خۆی بدات، ئێمە چاودێری دەکەین. ئەوەی کە هەرچیەک لە بواری تایبەتی ماڵدا ڕوودەدات، پەیوەندی بە ئێمە نیە، یەکێکە لەو دروشمانەی هیچ ڕاستیەکی تێدا نیە. ئێمە دەشێت لەسەر ئەوە گفتوگۆ بکەین چاودێری چ شتگلێک بکەین. بەڵام هیچ جیاکاریەکی ڕەها لەنێوان تایبەتی و گشتیدا نیە. لەپشت مەسەلەی ڕاست و ناڕاستەوە، هەندێک سیاسەتی تایبەتی هەیە. بۆ نموونە لەکاتێکدا ئێمە بەشی گەورەی بواری تایبەتی خۆمان لەدەستداوە، هەنوکە تەکنەلۆژیایەکی نوێ هەیە کە دەتوانێت بواری سەرو تایبەتی واتە ئەوەی پێی دەگوترێت نهێنیکردن (encryption) بخاتە بەردەستمان. ئەم بوارە ڕۆژانە لە ئامێرە تەکنەلۆژیەکاندا بەرهەم دەهێنرێت. بۆ نموونە ئێوە دەتوانن لەزۆربەی مۆبایلەکاندا و تەنیا بە پەنجەدانان لەسەر دوگمەیەک قسەکردنەکەتان بەنهێنی بکەن یان کۆدی لەسەر دانێن. ئەم کارە دەتوانن لە ئینتەرنێتیشدا ئەنجامبدەن. بەڵام ئاشکرایە ئەم تەکنەلۆژیایە لەلایەن تیرۆریستەکان و قاچاخچیەکانی مادە بێهۆشکەرەکانیشەوە بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە کاتێک یەکێک لە بکەرەکانی هێرشەکانی سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی دەستگیر کرا، لە کۆپیوتەرەکەیدا بەرنامەیەکیان دۆزیەوە کە دریدەخست کۆدی لەسەر نەخشەی هێرشەکانی دوایی خۆی داناوە. کەوابوو ئێمە دەبێت بتوانین ڕێز لە بواری تایبەتی هەموو پەیامە کۆدکراوەکان بگرین، دەبێت ڕێگەی ئەوەشمان هەبێت کە لەبوونی بەڵگەی بەهێزدا، کۆدەکانی ئەم پەیامە نهێنیانە بکەینەوە. بە بڕوای من ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە دەبێت پیایدا بڕۆین.

ڕ. ج: بواری تایبەتی بەڕاستی چەمکێکی پیرۆزە لە کۆمەڵگای ئەمەریکیدا. بەڵام ئەمە بۆ کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان ڕاست نیە کە خەلک بە ئاسانی لەبارەی ژیانی تایبەتی یەکدیەوە قسە دەکەن؟
ئا. ئا: زۆر ڕاستە کە ئەمەریکیەکان دید و ڕوانینێکی جیاوازیان بۆ بواری تایبەتی هەیە. وابزانم ئەم پرۆسەیە لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠وە دەستی پێکردووە. پێش ئەمە هیچ مافێکی یاسایی بۆ بواری تایبەتی دانەنرابوو. دەستپێشخەری بەناوبانگی دیوانی باڵا کە یاسای قەدەغەکردنی هاوسەرەکان لە بەکارهێنانی شێوازەکانی ڕێگری پوچەڵکردوە، یەکەم مافی بواری تایبەتی بوو کە لە یاسادا جێگیر کرا. بەڵام بڕیارەکەی دیوانی باڵا لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە چ کەسێک دەبێت لەبارەی کردارێکی تایبەتیەوە بڕیار بدات. ئایا دەبێت حکومەت چاودێری پرۆسەی نەزۆکی بکات یان ئایا دەبێت ژنان چاودێری بکرێن؟. ئەمانە پەیوەندیان بە بواری تایبەتیەوە نیە. دیوانی باڵا ئەو یاسایەی لەبەرئەوە دەرکرد کە بواری تایبەتی جۆرێک بایەخ و پێگەی ئەخلاقی هەیە. من بڕوام وایە دەبێت جیاکاری لەنێوان دوو مەسەلەی (بواری تایبەتی) و (هەڵبژاردن)دا بکەین. تایبەتی بە مانای ئەوەیە کە من لە چوار دیواریەکدا یان لە چادرێکدام کە بێ هیچ دڵەڕاوکێ و ترسیێک لە سەیرکردن و چاودێری کەسانی دی، چیم پێخۆشە بیکەم. تایبەتی پەیوەندی بە توانا و ئاستی منەوە بۆ هەڵبژاردن نیە. بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە ئایا دەمەوێت یان نامەوێت ئەوانی دی نامەکانم بخوێننەوە، یان گوێ لە تەلەفونەکانم بگرن. من بەتەواوی لەگەڵ ئەوەدام جیاوازی لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا بکەین. مەسەلەی هەڵبژاردن زۆر گرنگ و جێگەی وتوێژە. بەڵام تایبەتی مەسەلەیەکە لە بەرامبەر چەمکی چاودێری و پشکنین، ئەندازەگیری و سنووردار دەکرێت.

ڕ. ج: ئایا چەمکەکانی هەڵبژاردن و تایبەتی، لەو خاڵانەن کە کۆمەڵگەران لە بیرکردنەوەی لیبڕاڵەکان جیا دەکاتەوە؟
ئا. ئا: ئەگەر بمانەوێت بە ڕوونی قسە بکەین، لەبنەڕەتدا کۆمەڵگەری لەسەر ئەو گریمانە کۆمەڵناسیە دامەزراوە کە کۆمەڵگاکان خاوەن بەها و نیازی فرەن، بەڵام بەتەواوی بەیەکەوە ناگونجێن. گریمانەی سەرەکی لیبڕاڵەکان ئەوەیە ڕاست و ناڕاست دەبێت لەلایەن خودی تاکەکەسەوە دیاری بکرێت. لە دیدی لیبڕاڵەکانەوە چنینە کۆمەڵایەتیەکان و سیاسەتە گشتیەکان نابێت لە بەها هاوبەشەکانەوە بێن، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی دانانی لەناو تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا بەرهەم بهێنرێن، و لەبەرئەوەش دەبێت ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەم تاکانە بێت. بەڵام کۆمەڵگەران بەپێچەوانەی ئەوانەوە، سیاسەت و دەزگا کۆمەڵایەتیەکان لەژێر کاریگەری نەریت و کۆمەڵێک بەهادا دەبینن، کە لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەکەیەکی دی دەگوێزرێتەوە. ئەمانە لەڕێگەی پرۆسەگەلێکی ناعەقڵانیەوە وەک بەشێک لە خودیان لێدێت و بە هۆی پرۆسەی تری وەک هاندان، گفتوگۆت ئەخلاقی و یان بەهۆی رابەڕیەتیەوە گۆڕانیان بەسەر دێت.

ڕ. ج: بە وتەیەکی دی وەک لە وتاری (مافی زۆرتر، بەرپرسیاری زۆرتر) نوسیووتانە، ڕێ وشوێنێکی سادە بۆ درووستکردنی فەزایەکی تازەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بە قازانجی هەڵوێستەکانی دوایی کۆمەڵگەری بوونی نیە؟
ئا. ئا: ئەو وتارەی ناوتان هێنا، دواتر بە کتێبی (یاسایی ئاڵتونی) کامڵ کرا. ئەگەر ئێوە تەماشای دوا فەسڵی ئەم کتێبە بکەن، لەوێ باسی ئەوەم کردووە ئێمە بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵگەریانەمان هەیە کە ئەوەش بە جدی وەرگرتنی قسەی کەسانی دیە کە سەر بە بەهای جیاوازن و ئێمە دەبێت هەوڵبدەین هۆکانیان بزانین. لەهەمانکاتدا ئێمە ئازادین پابەند بین بە پەیمانەکانی خۆمانەوە. لێرەدا ئەوە زیاد دەکەم کۆمەڵگای نەتەوەیی گەرچی بونیادێکی سروشتی بۆ ئەندامەکانی درووست دەکات، و خاڵی دەرچوون و کلتوور و نەریتیان بۆ دەستەبەر دەکات، و هەروەها فەزایەکی وتوێژی ئەخلاقی درووست دەکات، بەڵام دوا بڕیاردەری ئەخلاقی نیە، بەڵکو ئەندامەکانن (کە بڕیاری ئەخلاقی دەدەن)، ئەمەش دوا هۆیە کە پارادایمی کۆمەڵگەری، بۆ دیسپلینی ئەخلاقی (کە لەبنەڕەتدا خۆبەخشانەیە) و بۆ دیسپلینی کۆمەڵایەتی، پابەندبوونێکی قوڵ درووست دەکات.

ڕ. ج: ئایا ئەم گفتوگۆ ئەخلاقیە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی داخراودا دەکرێت؟
ئا. ئا: دیارە گفتوگۆ و مافی گفتوگۆی ئازاد بێ هیچ دوودڵی و ترسێک، لەو ئەگەرانەیە لە کۆمەڵگای ئازاد دا دەیدۆزیتەوە، بەڵام گەر ئێوە درێژە بە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی کۆمەڵگا داخراوەکاندا بدەن، واتە لەگەڵ کەسانێک هیچکات گفتوگۆی کراوە و ئازادیان نەبووە، هەندێک تەوەرەی بەهای هاوبەش درووست دەبێت، کە لەبەر کۆدەنگی (کۆدەنگی چەمکێکی تەواو سیاسیە)، بەڵکو لەبەر هەقیقەتی ئاشنا و نانامۆیە کە هەموو کلتوورە هاوبەشەکان لەگەڵ یەکدا هەیانە. نمونەکەی من، نموونەیەکی ڕۆژانەیە. هیچ کۆمەڵگایەک مناڵانی خۆی فێری ئەوە ناکات درۆکردن باشترە لە ڕاستگۆیی. پرسیاری من ئەوەیە کام کلتوور باشترە؟ ئەوەی ڕاستگۆیی فێری مناڵان دەکات یان درۆزنی؟ بەڵام هیچ کەسێک لەم کلتوورە جیاوازانەدا وەڵامی نەداوەتەوە کە (باشترە فێری درۆیان بکەین). قەبوڵکردنی ئەم ڕاستیە سادەیە، پێویستی بە هەبوونی شیکردنەوەی کانتی نیە. پێویست ناکات ئێوە قەدیس یان فەیلەسوف بن. هەموو کەسێک ئەمە دەزانێت و ئەمە هەمان شتە کە باوکانی بونیادنەری بیروڕا مرۆییەکان ناویان ناوە ڕاستیە بەڵگە نەویستەکان. لەم جیهانەدا هەندێک ڕاستی بەڵگەنەویست هەن. هەروەها کاتێک دەڵێین پێویستمان بە دیسپلینی کۆمەڵایەتی هەیە، لەهەمانکاتدا پێویستمان بە ئازادیە لە هەلومەرجی هاوسەنگی نێوان هەردوو لادا، هەموو کەسێک دەتوانێت لە پێنچ خولەکدا لەم خاڵە بگات. لێرەوە گرنگی گفتوگۆ لەوەدایە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕاستیە بەڵگە نەویستیەکان دەرکەون.

ڕ. ج: ئێوە چۆن ئەم ڕاستیە بەڵگەنەویستانە ڕوون دەکەنەوە؟ لەکوێوە دێن؟ ئایا ئەمانە بەرهەمی زیهنی مۆدێرنی ئێمەن یان بەرهەمی نەریتن؟
ئا. ئا: دەکرێت لە لایەن خوداوەند یان سروشت یان کۆمەڵگاوە بێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە لەناو دەروونی ئێمەدان و ئێمە وەک مرۆڤ بەشێوەیەکی هاوبەش هەمانە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئێمە لەنەریتە جیاوازەکانی وەک ئینگلیزی_ ئەمەریکایی، چینی، هندی، فارسی، عەرەب و یەهودیەوە دێین، بەڵام هەموومان لەم بەها سەرەکی و ئەم ڕاستیە بەڵگە نەویستانەدا هاوبەشین. ئەگەر ئەم مەسەلانە لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و مێژووی کۆمەڵگایەکدا ئامادە نەبێت. لەبەرئەوەیە نەبوونی گفتوگۆ لەو کۆمەڵگایەدا بۆتە هۆی شاردنەوەی ئەم ڕاستیانە، و هەر کە لەناو کۆمەڵگایەکدا یان لەنێوان کۆمەڵگاکاندا گفتوگۆ دەست پێبکرێت، ئەم ڕاستیە بەڵگەنەویستانە ئاشکرا دەبن. ئەمانە وەک ڕەندی (فەزەڵەتی) گەردوونی کارد دەکەن کە هەمووان تیایدا هاوبەشین.

ڕ. ج: کەوابوو هەڵوێستی فەلسەفی ئێوە لەبارەی مۆدێرنەوە، وەرگرتنی مەسەلەی گەردوونی بوونی ئەخلاقیە، لەبەرامبەر تایبەتمەندیە ئەخلاقیەکاندا؟
ئا. ئا: بەڵێ ڕاستە. من لەگەڵ ڕێژەگەری ئەخلاقیدا نیم، چونکە بڕوام بە کۆمەڵێک ڕاستی ئاشنا و نانامۆیە کە لەم کۆمەڵگا بۆ ئەو کۆمەڵگا ناگۆڕێت. باسەکەی من ئەوەیە بەها سەرەکیەکانی وەک سەربەخۆی و دیسپلین، دەتوانن بناغە و پایەی پێویست بۆ هەڵسەنگاندنی بەهاکانی کۆمەڵگایەکی تایبەت، و هەروەها بناغەی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی پێکهاتوو لە چەند کۆمەڵێکی بچوکتر، و هەروەها کۆمەڵەیەکی جیهانی پێکهاتوو لە کۆمەڵە نەتەوەییەکان دەستەبەر دەکات.
دیارە هاوسەنگی نێوان ئازادی و دیسپلینی کۆمەڵایەتی، هەمیشە لەڕووی مێژوویەوە گۆڕانی بەسەردا دێت. بۆ نموونە گەر ئێوە بچن بۆ چین، لەوێ شێوەیەکی تری هاوسەنگی نێوان ئازادی و دیسپلینی کۆمەڵایەتی دەبینن کە لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا یان ئێراندا جیاوازە. بەڵام جەوهەر و ناوەڕۆکی مەسەلەکە یەک شتە. دیسپلینی کۆمەڵایەتی و ئازادی لە ڕاستیە گەردوونیەکانن. ئەمە بۆ چینیەکان، ئەمەریکیەکان و ئیرانێکان قابیلی تێگەیشتنە.

ڕ. ج: مەسەلەیەکی دی کە لە بیری مۆدێرندا جێگەی باسە، هاوسەنگی نێوان یاسا و ئەخلاقە. پێدەچێت بە پیچەوانە تاکخوازە توندڕەوەکانەوە، کۆمەڵگەران هیچ کێشەیەک لە سەپاندنی ئەخلاق لەڕێگەی هێزی یاساوە نەبینن، چونکە بڕوایان بە درووستژکردنی کۆمەڵگا لەڕێگەی ئەخلاقیەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان ڕابەریەتی دەسەڵاتدارانە قەبوڵ ناکەن؟
ئا. ئا: پێش هەموو شتێک یاساکان بەگشتی دەربڕی ئیرادەی ئازادی مرۆڤ نیە. لەبەرئەوە هەموو شێوازەکانی یاسا، بۆ کۆیلەکردن و دیلکردنی خەڵک نیە. ئێمە دەبێت جیاکاری لەنێوان یاسای دەسەڵاتخوازانە و یاسای دیموکراتیدا بکەین. دەستووری دیموکراتی بەهۆی نوێنەرانێکەوە کە بە ئازادانە هەڵبژێراوون، دەنوسرێت. بەڵام ئێمە ناتوانین بێ قسەکردن لە ئەخلاق بە تایبەتی گفتوگۆی ئەخلاقی، باسی یاسا بکەین. تەنیا ئەو کاتەی گفتوگۆی ئەخلاقی لەنێوان هاوڵاتیاندا بەرهەمدار و گەشاوە بێت،دەتوانین باسی یاسا بکەین. من هەستدەکەم یاسا هەمان درێژەی ئەخلاقە بەشێوەیەکی تر. لە ئەمەریکادا ئێمە گفتوگۆیەکمان هەبوو لەبارەی خراپی جگەرە کێشان لە کۆبونەوەی گشتیدا کە ٢٥ ساڵی خایاند بۆ ئەوەی ببێت بە یاسا. ئەمرۆ یاسایەکمان هەیە جگەرە کێشان لە شوێنە گشتیەکاندا قەدەغە دەکات. ئەم یاسایە ئێستا لەلایەن ئەمەریکیەکانەوە دەروونی کراوە، و چیدی ئێوە پێویستان بە هێزی سەربازی نیە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن. دەمەوێت بڵێم ئێوە ناتوانن بێ گفتوگۆی ئەخلاقی ، یاسایەک دابڕێژن یان بسەپێنن. یاسایەک کە بێ گفتوگۆی ئەخلاقی، بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنرێت، لەلایەن هاوڵاتیان ئەو کۆمەڵگایەوە بە یاسایەکی ستەمکار دەزانرێت.

ڕ. ج: ئایا دەکرێت بەهەمان شێوەی ئەخلاق دەروونی دەکەین، یاساش دەروونی بکەین؟
ئا. ئا: نەک هەمیشە. ئێمە ئەو یاسایانە دەروونی دەکەین کە ڕەنگدانەوەی ئەخلاقیاتی ئێمەن.

ڕ. ج: بەڵام یاساگەلێکی زۆر هەن کە ڕەنگدانەوەی ئەخلاقیاتی ئێمە نین. لەگەڵ ئەوەشدا سەرپێچییان لێناکەین؟
ئا. ئا: ڕاستە. بەڵام ئەوانە دەروونی ناکەین. چونکە وەک وەرگێڕ یان دەربری بیرۆکەکانی خۆمان قەبوڵی ناکەین. دەروونی کردنی شتێک بەمانای ئەوەیە شتێکمان قەبوڵە یان ئارەزووی دەکەین. دیارە ڕەنگە لە ترسی گرتن و ئەشکەنجە پەیڕەوی یاسایەکی دەسەڵاتخوازانە بکەم. بەڵام بۆ دەروونی کردنی یاسایەک، پێویستە ئەو یاسایە ببێ بە بەشێک لە هەقیقەتی خۆتان. بە دیدی من کاتێک ئێوە شتێک دەروونی دەکەن، لەڕاستیدا بەشێک لە خۆتان دەروونی دەکەن. لێرەوە گەر کاتێک بە من بڵێین ناچارن ئەمە یان ئەو قەبوڵ بکەن، من ئیتر ئەم یان ئەو دەروونی ناکەم. چونکە دەزانم ئەوان دەیانەوێت شتێک بە زۆر بەسەرمدا بسەپێنن، مرۆڤ هیچ کاتێک شتێک دەروونی ناکات، مەگەر ئەوەی خۆشی بوێت. تەنانەت کاتێک ئێوە لە قاڵبی بیرۆکەیەکدا پاساوی بۆ دەهێننەوە، لەڕاستیدا وا لە خەڵکی دەکەن ئەو هەست و بۆچونەیان هەبێت کە ئەم بیرۆکەیە سەپێنراو نیە و ڕاستە، و سەپێنەرانی لە ئەشکەنجەکردن یان کوشتنی ئەوانی دیدا لەسەر ڕاست نین.

ڕ. ج: ئێوە لە کتێبی (ڕۆحی کۆمەڵایەتی نەتەوەیی) گوتوتانە ئەمەریکیەکان زۆر زیاتر لە ئەوروپیەکان کۆمەڵگەرن. ئایا ئەمە لەبەر ئەو دەورە گرنگەیە کە ئەنجومەنە خۆبەخشەکان لە ئەمەریکادا (وەک دو تۆکڤیل لە کتێبی دیموکراسی لە ئەمەریکادا نوسیوێتی) هەیانبووە؟
ئا. ئا: ڕێک وایە. ئەمە هەمان شتە کە تۆکڤیل بە دروستی گوتویەتی. لە ئەمەریکا ئەنجومەنە خۆبەخشەکان دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە. هەروەها لەناو ئەو گروپە ئەتنیانەی لە ئەمەریکادا دەژین، قابلیەتی زۆری کۆمەڵگەری هەیە. بەڵام ئەمە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە و هۆکاری تازە هەن کە هەنوکە کار لە کۆمەڵگای ئەمەریکی دەکەن، و ڕەهەندی فرە کلتووریش ڕۆژ بە ڕۆژ گرنگی زیاتر دەبێت. من هەستدەکەم هەندێک لە ئەوروپیەکانیش لە مەسەلەی هاوسەنگی نێوان دیسپلینی کۆمەڵایەتی و ئازادی نزیکترن. ئەمەریکا لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ١٩٦٠دا تاکگەر بوو، بەڵام هەنوکە زۆرتر کۆمەڵگەرە.

ڕ. ج: کەواتە کۆمەڵگەرەی پارادایمێکی تایبەتی ئەمەریکی نیە؟
ئا. ئا: بێگومان کە نیە، ئەوەی باسی کۆمەڵگەری وەک پارادیمێک بکەین، تەواو ڕاستە. وەک دەزانن پارادایم نمونەی شتێکە، ئەم ووشەیە هەروەها دەربڕی وێنایەکی زیهنی و نەخشەی بیرکردنەوەیە. تۆماس کۆهن فەیلەسوفی مێژووی زانست و نووسەری کتێبی (بونیادی شۆڕشە زانستیەکان)، یەکەم کەسە سوودی لە پارادیمگەری بۆ لێکۆڵینەوە زانستیەکان وەرگرت. تۆماس کۆهین ئەم ووشەیەی بەماناو مۆدێلێک وەرگرت کە زانایان بۆ بوارێکی تایبەتی ناسین یان زانین بەکاری دێنن. من ئەم مانایە وەک مۆدێلێکی جیهانی وەردەگرم. ئەمە مۆدێلێکە دەکرێت بۆ کۆمەڵگاکانی دیش بەکار بهێنرێت. بۆ نموونە من دەتوانم بچم بۆ سەنغافور لەسەر ئەم مۆدێلە کۆمەڵێک ڕاستیان بۆ باسبکەم کە ئەوان لەرێگەی کۆمەڵگەری کەمیان هەیە.

ڕ. ج: ئایا دەکرێت پارادایمی کۆمەڵگەری بۆ کۆمەڵگایەکی نەریتی بەکار بهێنرێت؟ بۆ نموونە کۆمەڵگاکانی وەک پاکستان، جەزائیر و یا سودان؟
ئا، ئا: بەڵێ، لەم وڵاتانە ئێوە ڕوبەڕووی کۆمەڵێک نەریتی بەهێز دەبنەوە. مانای ئەوەیە لەم وڵاتانەدا بەها سەرەکیەکانی کۆمەڵگەری بوونیان هەیە. بەڵام لەهەمانکاتدا ناچارکردن و زۆرکردن بەفراوانی هەیە، و ئەوەی کە نیە سیستەمێکی یاساییە. دەبێت لەمجۆرە شوێنانە هاوسەنگیەک لەنێوان دیسپلینی کۆمەڵایەتی و مافەکانی تاکەکەس درووست بکرێت.

ڕ. ج: ئایا دەکرێت چاوەڕێی ئەمجۆرە هاوسەنگیە لەڕێگەی گفتوگۆی ئەخلاقی نێوان کلتوورەکان بکرێت؟
ئا. ئا: با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە. ئەگەر ئێوە بچن بۆ چین و لە چینیەکان بپرسن (بۆچی ئێوە نان بە دار دەخۆن و بە چەتاڵ نایخۆن؟)، ناڕەحەت دەبن و گاڵتەتان پێدەکەن. ئەم شێوازە گفتوگۆیە ناتوانێت نموونەی گفتوگۆیەکی ئەخلاقی نێوان کلتووری بێت. بەڵام گەر داوا لە حکومەتی چین بکەن مافی زیاتر بە خەڵکی چین ببەخشێت، و بۆ ئەمەش باسێکی ئەرگۆمێنتدار پێشکەش بکەن، لەم حاڵەتەدا ئێوە گفتوگۆیەکی ئەخلاقی ئەنجام دەدەن. چینیەکان تێدەگەن ئەوان هەندێک شتیان کەمە و داواتان لێدەکەن لەمڕوەوە هاوکاریان بکەن. کۆبونەوەی نێو نەتەوەییەکان تا ئێستا توانیوێتی هەندێک گفتوفۆی ئەخلاقی سودمەند و سەرکەوتوو لەبارەی مەسەلەکانی وەک ئیشکردنی مناڵان (لە هندستان)، سوودوەرگرتنی جنسی لە مناڵان (ژاپۆن) قاچاغی عاج ( ئەفەریقا)، کوشتاری حوتەکان (ژاپۆن) و لەم بابەتە ئەنجام بدات. کەوابوو وەک دەبینن گفوگۆی ئەخلاقی نێوان کلتووری زۆر کارا و کامڵە. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پاراستنی ژینگەش، نموونەیەکی گرنگە لەبواری پەرەسەندنی کۆمەڵگەری و ڕێکەوتنی نێو نەتەوەیی. مافەکانی مرۆڤیش هەنووکە وەک مەسەلەیەکی ڕەوا و پاساودار لەپەیوەندی نێو نەتەوەیی نێوان دەوڵەتەکانی لێهاتووە، بەمشێوەیە دەبینن گفتوگۆ ئەخلاقیەکان تەنها بابەتێک نیە پەیوەندی بە خەڵکی بەرپرسیار و هوشیارەوە هەبێ، بەڵکو پەیوەندی بە خەڵکێکی دیشەوە هەیە کە بە دیدێکی کۆنخوازانەوە بە دوای زەمینەیەکی هاوبەشی سروشتیەوەن.

ڕ. ج: بەڵام کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زۆرجار بۆ ڕێگری لە توندوتیژیە سیاسی یان کلتووریەکان لە جیهانی ئێمەدا زۆر لاوازە؟
ئا. ئا: بەڵێ، لەسەرەتادا ڕەنگە لاواز بێت. بەڵام دواجار هەندێک ڕێسای نێو نەتەوەیی بۆ جیهان بونیاد دەنێن. ئەمە تەنانەت لەبارەی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیەوە ڕاستە، و لێکۆڵینەوەکانیان بە ئاراستەی بەجیهانیبوون بەرەو پێش دەچێت. ئەمڕۆ لە جاران زیاتر لەبارەی مەسەلەی بەجیهانی بوونەوە گفتوگۆ دەکەین. کۆمەڵگەران بە پێچەوانەی رێژەگەرانی کلتووریەوە، دەڵێن دەبێت دەنگی ئەخلاقی بە ئاراستە و ڕەوتی کۆمەڵایەتی بەرز بکەینەوە، و بە دوای دۆزینەوەی شوناس و دیاریکردنی تەوەرەیەک بۆ بەهای هاوبەشی جیهانیەوە بین. بۆ بانگهێشت کردنی خەڵک بۆ ئەمجۆرە بەها سەرەکیانە، پێویست ناکات بە زۆر بڵێین دەبێت هەمووان ئەم ڕەوتی گەشەکردنە ئابووریە ببڕن، یەکجۆر خواردن و یەکجۆر جلوبەرگ لەبەربکەن. مەسەلە بەهای وەک ڕێزگرتنە لە کەرامەتی مرۆڤ. دەنگی ئەخلاقی نێوان کلتووری ناتوانێت بێدەنگ بێت بەرامبەر بە گۆڕانی سیاسەتی ئەو وڵاتانەی ڕێز لە سەربەخۆیی ناگرن یان دەیانەوێت دیسپلینی ئیجباری لەبری زەمینەسازی ئەخلاقی بەرپا بکەن. خواستە ئەخلاقیەکانی نێوان کلتووری لەو ڕوەوە کاریگەرن کە لەگەڵ ئەو بەها هاوبەشانەدا کە هەمانە، بەڵام فەرامۆشمان کردووە، هاودەنگ و تەبان.

ڕ. ج: کەوابوو ئێمە ڕێکەوتنێکی ئەخلاقیمان لە ئاستی جیهانیدا لەبەردەمدا دەبێت؟
ئا. ئا: بەڵێ، بەڵام من ووشەی (کۆدەنگی) بە گونجاو نازانم. حەزدەکەم لەبری ئەو باسی (تێگەیشتنی هاوبەش) بکەین.

ڕ. ج: ئێوە لە وتارێکدا نوسیوتانە (دەرککردنی پێویستی بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ئەخلاقی لە ئاستی جیهانیدا، پاساو نیە بۆ سوکایەتی نێوان کلتووری بە خەڵکی دی).
ئا. ئا: ڕاستە. ئەگەر بچین بۆ وڵاتێک و بەخەڵکی ئەو وڵاتە بڵێین (ئێوە ئەی خەڵکی خراپ! بۆ وا دەکەن؟)، ئەمە ناوی گفتوگۆ نیە، بەڵکو سوکایەتیکردنە بەو وڵاتە. بەڵام گەر بڕۆین بە تاڵیبان بڵێین (لە سێدارەدانی ژنان لە وەرزشگاکادا، پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە)، ئەمە جۆرێک گفتوگۆی ئەخلاقی نێوان کلتووریە. شەپازڵە لێدان لە گوێی کەسێک، گفتوگۆ نیە، بەڵام دانیشتن و گوێگرتن لێی، گفتوگۆیە.

ڕ. ج: بەڵام گەر یەکێک نەیەوێت گفتوگۆتان لەگەل بکات چی؟
ئا. ئا: هەزاران هەلومرج و بارودۆخ هەیە کە لەڕێگەیانەوە دەتوانن پێش ئەوەی بچنە ناو هەلومەرجی جەنگ و توندوتیژیەوە، گفتوگۆی نێوان کلتووری بکەن. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نیە نابێت لەگەڵ ڕژێمە دڕندەکانی وەک ڕژێمی نازیدا نەجەنگن. لەگەڵ ئەو دڕندانەی بڕیار دەدەن مرۆڤەکان بسوتێنن تەنیا لەبەرئەوەی ئەندامی دین یان رەگەزێک نین، دەرفەتی گفتوگۆ نیە. بەڵام ڕەنگە من بمەوێت وەک ئەندامی گروپێک کە ئاشتی و دیموکراسی پەرە پێدەدات، ئاگادار بکرێمەوە. بیردەکەمەوە ئێمە دەبێت ئازایانە وانە لە سنووردارێتی و هەڵەکانی ڕابردووەوە وەربگرین. ئەوەی دەتوانین و دەبێت ئەنجامی بدەین ئەوەیە، پابەند بین بە سوێندەکەی بوقراتەوە، واتە (کەمترین ئازار بە هیچ کەس نەگەیەنین).

ڕ. ج: بەڕێز ئاتزیونی زۆر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتەی پێت بەخشین.

واشنگتن، دسامبر ۲۰۰۱

 

 

 

سەرچاوە: galawej