موعتەسەم نەجمەدین
پرۆسەی هەڵبژاردن لە بارودۆخی ئەورۆی کوردستاندا، بە هەموو کێشانە و پێوانەیەک، ململانێیەکی سیاسی نارەوایە لە نێوان بەرەی سیاسەتمەداری گەندەڵ و میدوکراسی لە گەڵ بەرەی پۆپۆلیزمێکی بێ مۆراڵ و کەڵەکچی. لە زەمینەیەکدا قەیران و نەخۆشی تەواوی جەستەی ئەم میللەتەی تەنیوە، ژیانی ڕۆژانەی خەڵک پڕە لە کێشەی گوزوران، هەر لایەنێکی سیاسی چ لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و فاشیل بێت یان ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیستی زەبۆک، کاریان لە سەر دۆزینەوەی فێڵ و درۆی نوێیە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک. هەر لایەنێک لەم دەشتاییە بێ خاوەنەدا ئەسپی خۆی تاودەدا و بارودۆخەکە بە گەزی تایبەتی خۆی دەپێوێت. هەر لایەنێک کار لە سەر ئەوە دەکات، تەرازووی سیاسی بەلای بەرژەوەندی خۆیدا دابلەنگێنێ. لە پڕۆسەی بانگەشەدا بە مەبەستی ختوکەدانی سۆزی جەماوەر و پەلکێشکردنی بۆ ناو سەبەتەی بەرژەوەندیەکانی خۆی، ئەوەی بە دمیاندا بێت دەیڵێن و نایگەرێننەوە، ئەوەی بۆیان بلوێت دەیکەن، هەر دوای هەڵبژاردنیش راستەوخۆ دەکەونە کلکەلەقێ بۆ نزیکبوونەوە لە یەکتر و بەشکردنی کێکەکە، هەموو ئەو شەڕو توانج و یەکتر شکاندن و یەکتر تومەتبارکردنە دەسرنەوەو بە پەتای هەڵبژاردنی تەعریفی دەکەن.
ئەمە لە کەتوارێکدا تۆزی نائومێدی لە سەر باوەری زۆرینەی خەڵک نیشتبێت و داروخان و بەتاڵبوونەوە لە بەها و ئاکار و پرنسیپ، بووبێتە دیاردەیەکی گشتی. داروخانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، کەلتوری، زانست، پەروەردە، تەندروستی، ژینگە، ئەدەب و هونەر، ڕەوشەنبیریی .. تاد، تەواوی شادەمارەکانی ژیانی گشتی تەواو ئیفلیج کردبێت. گەمەکردن و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک ببوێتە لێهاتووی و نیشانەی سەرکەوتنی سیاسی. لە نێو هەموو ئەم لایەنانەدا تروسکایەک بەدی نەکریت بۆ راستگۆی، لایەنیک نەبێت پرۆژە یان بەرنامەیەکی واقعی یان نیمچە واقعی بۆ چاڕەسەری قەیران و دەردەسەریەکانی ئەم میللەتە هەبێت. ئەمە چی کارەسات و غەم و نەهامەتیەکە؟.
لە دۆخێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن دەرچوی زنکۆ و پەیمانگات هەبێت بێکار و بێ دەرامەت لە شقام و بازارەکاندا بسورێنەوە و لە خەیاڵ و خەونی بێبنمادا رۆژ بەرێخەن، ئابووری و بازارت لەو پەری لاوازیدا بێت، ژێرخانی ئابووریت بە زەویەوە نوسابیت. هەموو کار و ئەرکی ئەم دەسەڵاتە پارانەوە بێت لە حکومەتی ناوەندی تا موچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێریت.
لەم زەویە تراجیدیایەدا بانگەشەی هەڵبژاردنەکەت لێوانلێو بێت لە درۆی شاخدار و زەق، تاکی ئاسایتیش لە سەر مەیلی باوەری چەوت ئومێد لە سەر بەرجەستەبوونی گۆڕانکاری و هاتنی ئایندەیەکی گەش مەستی خەون و خەیاڵێکی بەتاڵ بێت.
هەڵسەنگاندن و شەنوکەوکردنی دروشم و درۆکان بە تەرازوی عەقڵ و لۆجیک بنیادەم توشی جۆرێک نائومێدی دەکات، هەموو خەیاڵ و خەونێکی تەندروست بەتاڵدەکاتەوە، ئەگەڕی دەرچون لە دۆزەخ و نەهامەتی داگیرکەران زۆر دووردەخاتەوە.
خۆدانە بەر شەپۆلیی سیناریۆ ستۆک و باوەکانی هەڵبژاردن و دروشمە سواوەکان، تەنیا لە بەرئەوەی کایەی هزر و داهێنان ئیفلیجە لە دۆزینەوەی رێگا و رەوتێکی نوێی سیاسی ئەو بارە دەخوڵقێنێت، تا قالوبەلا ئەم میللەتە دەبێت لە سەر ئەو ئاراستەیە بێت، لە هەموو گۆڕانکاریەکدا تەنیا دەستکەوتی ئەوە بێت دیکتاتۆرێکی گەندەڵ و کاڵفام بگۆرێتەوە بە دیکتاتۆرێکی گەندەڵ و زەبۆکی تر.
خۆدانە دەست قەدری خیاڵ و ئومێدی بێ بنجوبنەوانە دەرئەنجامەکەی زۆر کارەساتبارتر دەبێت لە وەی چاوەروان دەکرێت.
ئاڵچاغە سیاسیەکانی ئەورۆ بە بەیت و بالۆرەی سواوەوە کار لە سەر ختوکەدانی خەیاڵ و سۆزی گشتی لە سەر ئەو بنەمایە دەکەن، کە کورد میللەتێکی بێ زاکیرە و فام نزمە و زۆر بە ئاسانی هەڵدەخەڵەتێد. ستراتیجی سەرەکی پۆپۆلیستەکانی کورد بەبەرنامە کارکردنە لەسەر بەتاڵکردنەوەی رۆڵ و کاریگەریی توێژی روناکبیران و خاوەن هزر و پەراوێزخستنی کەسانی وشیار و تێگەیشتوو لە گەمەکە. ئاڵچاغە سیاسیەکان بۆخۆیان باش دەزانن ئەم بەیت وبالۆرەیەی رۆژانە دەیچرکێنن تەواو سواو و بیکاریگەرە، بەڵام ئەوان گڕەو لە سەر ئاست نزمی و کەم وشیاری مێگەلێک دەکەن، کە بە تەواوی لە عقڵ و لۆجیک دابڕاوە. مێگەلێک تەنیا لە پێناو بەرداوامبوون بە ژیانی کولەمەرگی، ئومێدێکی درۆزنانەی زۆر پێ باشترە لە ڕاستیەکی تاڵ، کە لێی بخوازێت ئەرک بکێشێت و قوربانی بدات لە پێناو رزگارکردنی خۆیدا.
لە مەر ئەم کەتوارە میکیافیلی دەڵێت؛ گرانترین کار و پڕ سەرئێشەترین ئەرک ئەوەیە، کە تۆ کار بۆ رزگارکردنی میللەتێک بکەیت، ئەو خۆی قایل بێت بە کۆیلەبوونی یان لەزەت لە کۆیلەبوونی خۆی وەرگرێت، ئەمە زۆر لە پرۆسەی دەستەمۆکردن و کۆیلەکردنی ئەو میللەتە ئاسانترە. بە واتە لەم بارەدا کۆیلەکردنی جەماوەر لە لایەن سیاسەتمەداران و دەسەڵاتەوە زۆر ئاسانترە لە ئەرکی وشیارکردنەوەی لە لایەن روناکبیرانەوە. هەر لە سەر ئەم هەقیقەتناسیە نیچە دەڵێت؛ هیچ کەسێک ناتونێت میللەتێک تەفرە بدات، ئەگەر ئەو میللەتە بۆخۆی بە دوای کەسانی ئاڵچاغ و زەبۆک دا نەگەرێت و خۆی نەکاتە خۆراکی تەفرەداران.
ئەمە باوترین لۆجیکی سیاسیە، لە هەر زەمینە و دۆخێکدا هێز و خێڵ یەکیان گرت، هاوپەیمانی لە نێوان توێژێک لە سیاسەتمەداری گەندڵ و بێ مۆراڵ و گروپێک لە سەرمایەداری چاوچنۆک و قێزەوەندا دروستبوو، بە مەرجی بوونی میللەتێکی کاڵفام و کەم ئاوەز و نا وشیار، یاسا و رێسا و دادگا و ماف .. تاد، دەبنە گەمەیەکی گاڵتەجاری، میللەت زۆر بە ئاسانی دەکریتە مێگەل، وڵات دەبێتە حەشارگای حەشیشەخۆرەکان و نەخۆشخانەیەکی گەورەی دەرونی.
سەرچاوە : سپی میدیا