هەر شتێك روودەدات رووداوی مێژوویی نییە، رووداوی مێژوویی تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە لە رووداوی رۆژانەیی

 

عیرفان مستەفا

 

تێگەیشتن لە مێژوو دادگادانان نییە بۆ كارێكتەرە مێژووییەكان.

تۆمارە مێژووییەكان و ئەوەی كە مێژوونوسەكان لە رووداوەكانەوە تۆماریان كردووە نابێت بە بەڵگە بۆ دادگاییكردن و مێژوونوسەكانیش شایەتحاڵی رووداوەكان نین.

رووداوە مێژوویەكان ئەگەر بە كامێراش لە كۆمەڵە گۆشە نیگایەكی جیاوازەوە تۆمار بكرێن و پیشانمانبدرێن، بینینی ئەو پارەچە روودانە هیچ شتێكمان لە بارەی رووداوە مێژووییەكانەوە پێناڵێن، مێژوونوسی وەك زانستێكی تەكنیكی كاری تۆماركردنی ئەو رووداوانەیە كە گێڕەرەوەی رووداوەكان لە دەرەوەی رووداوەكانەوە دەیگێڕنەوە، ئەوانیش تەنها ئەوەی لە بەرچاویانە دەیبنین و دەیگێڕنەوە، بەڵام ئەوەی كە بە هەستەكان دەیبینین و هەستی پێدەكین هەرگیز ئەو هۆكارانە نیشان نادەن كە لە پشت رووداوەكانەوە هەن.

رووداوی پارچە پارچە هیچ راستییەك نیشاننادات، بۆ ئەوەی بگەین بە راستی قۆناغێكی مێژوویی یان كاروكردەوەكانی كارێكتەرێكی مێژوویی، دەبێت لە كۆی ئەو رووداوە مێژووییانە رامێنێن كە تۆماركراون و لە رێگەی رووداوەكانەوە ئەو سیتستەمە دیاری بكەین كە لە رووداوە جیاوازەكان و هەڵوێستە جیاوازەكاندا كاروكردەوەكانی ئەو كارێكترانەی ناو ئەو مێژوو دیاریدەكەن، بەبێ هەڵهێنجانی ئەو سیستەمە كە عەقڵی ئەو كارێكتەرانە كاری پێدەكات، ئەو بنەمایەمان دەست ناكەوێت كە رووداوەكانی پێ لێكدەدرێنەوە.

هەر شتێك روودەدات رووداوی مێژوویی نییە. رووداوی مێژوویی تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە لە رووداوی رۆژانەیی. بۆیە مێژوو دەرهێنانی پارچە رووداوێك نییە لەوەی كە مێژوونوسێك دوای دوو سەدە بە بێ ئاماژەكردن بۆ سەرچاوە مێژوویەكانی پێش خۆی گیڕاویەتییەوە، لە كاتێكدا ئەو مێژوونوسانەی كە لە ناو رووداوەكاندابوون و رووداوەكانیان تۆماركردووە، نەیانگیڕاوەتەوە.

ئەم مامەڵكردنە لەگەڵ گێڕانەوە مێژووییەكاندا لە رووی مێژوونوسییەوە هەڵەیەكی گەوەرەیە و ئەو گیڕانەوەیە نەك بۆ لێكدانەوەی مێژوو، بەڵكو بۆ نوسینەوەی مێژووش وەرناگیرێت.

رووداوە تۆماركراوەكانی هەر مێژووێك دەبێت لە لایەن مێژوونوسەكانەوە بە زانستی مێژوونووسی كە كۆمەڵە پێوەرێكی خۆی هەیە شەن و كەو بكرێن و بپاڵێورێن و دوای ئەوە بە شێوەیەكی كرۆنۆلۆجی بنوسرێنەوە و بخرێنە بەردەم مێژووناس، مێژووناسیش بە تێڕامان لە كۆی رووداوەكان دەبێت بگات بەو سیستەمە نادیاری كە كۆی ئەو رووداوە جیاوازانەی لە باروودۆخە جیاوازەكاندا بەرهەمهێناوە، دوای دیاریكردنی ئەو سیستەمە ئینجا رووداوەكان لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت.

تێگەیشتن لە مێژووی كورد و كارێكتەرە مێژووییەكانی بەم شێوەیە دەبێت، بە وەرگرتنی هەڵوێستێكی دادگاییانە لە سەر گێڕانەوەی قسەیەك كە ئەسڵەن بە بێژنگی زانستی مێژوونووسی نەپاڵێوراوە چ جای ئەوەی بە زانستی مێژووناسی لێكدانەوەی بۆ كرابێت.

من كاتێك لە بارەی ئەوەوە دەدوێم كە دەوڵەتی ئەیوبی و دامەزرێنەرەكانی بە پێی سییتستەمی كوردبوون جوڵاونەتەوە، هەر لە خۆمەوە ئەمە ناڵێم، ئەمە بەشێكی گرنگی دكتورانامەكەم بوو لەو زانكۆیەی كە بە ناوی سسەلاحەدینەوەیە، بەڵام ئەوەی من لە بارەی سەلاحەدینەوە وەك بەشێك لە دكتورانامەكەم نوسیبووم، لەگەڵ چەند بەشێكی تر بەناوی ئەوەوە كە مەترسییە لەسەر ئەمنی قەومی كورد لە دووكتوراكەدا بێ هیچ بیانوویەكی زانستی لابرا و نەیانهێشت وەك مەرجەعێكی ئەكادیمی بۆ نوسینەوەی مێژووی كورد بچێتە ناو كتێبخانەی زانكۆی سەلاحەدینەوە.

ئەگەر بهاتبا و زانكۆكانمان كاری خۆیان بكردایە ئەو كاتە ئێمەش قسەی عەرەب و تورك و فارسەكانم لە بارەی سەلاحەدینەوە دووپاتنەدەكردەوە.

هەموو ئەو شتانەی كە لە كۆمێنتەكاندا نوسراوەن شوفینیستێكی وەك یوسف زیدان لە رێگەی دوو سەرچاوەی مێژووییەوە وروژندیەوە، كە دوو سەدە لە دوای سەلاحەدین نوسراون.

لە كاتێكدا لە سەرچاوە مێژووییەكانی سەردەمی خۆیدا لە دیكۆمێنتەكانی كۆشكی خەلیفەی فاتمیدا كە موستەشار و كاتبی خەلیفە خۆی تۆماریكردوون بەو شێوەیە ئەو رووداوانە باسنەكراون و پێچەوانەی ئەوە هەیە.

سەرچاوە : هاوڵاتی