ئارێز عەبدوڵلا
هەرچەندە لە ساڵی (1639)وە هەردوو دەوڵەتی ئێران و عوسمانی بەپێی پەیماننامەی زەهاو لەسەر دابەشکردنی کوردستان ڕێککەوتن و سنوریان نەخشاند، بەڵام تا ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لەناو کوردستانەوە دەستیان لە کاروباری یەکتری هەر وەردەدا و کێشەکانیان نەدەبڕانەوە. لەو ناکۆکی و ململانێیەش تەنیا کورد باجە گەورەکەی دەدا. دوای جەنگی جیهانی یەکەمیش شێوازی دەستێوەردانیان گۆڕاوە و ناڕاستەوخۆ هەر بەردەوام بووە.
لەم ساڵانەی دواییش بە پاساو هێناوە دەستیان بە بەدەستتێوەردان و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەکان و بەزاندنی سەروەریی زەوی و ئاسمانی عێراق کردۆتەوە و کاریانگەیاندۆتە ئەوەی هیچ کونجێکی هەرێمی کوردستان نەمێنێ مەترسی دڕۆن و ڕۆکێتی ئەوانی لەسەر نەبێ.
دەمێکە تورکیا دوژمنایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕۆژ بەڕۆژیش سوپای داگیرکەری زیاتر دێتە ناوەوە. بەوەشەوە نەوەستاوە لەسەر زاری سەرۆک و کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەت، دێ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە سلێمانی و بەتایبەتیش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات!.. لە کاتێکدا باش دەزانن ئەوان چەند مۆڵەتیان بە پەکەکە داوە تا لە دیاربەکر، سێرت، جودی، وان، بۆتان، هەکاری... چاڵاکی بکەن، ئێمەش بۆ بادینان، قەندیل و ئاسۆس هەر هێندە.
ئاشکرایە کێشەی تورکیا لەگەڵ گەلی کوردستانە بەگشتی، بەڵام بەتایبەتی پەکەکە دەکاتە بیانوو، دەنا گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە، سوتاندنی دەغل و دان، تێکشکاندنی پیشەسازی نەوت و بوردمانکردنی نەخۆشخانە و گوندەکانی ڕۆژاوا و بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی عەربەت و سلێمانی چ پەیوەندییەکیان بەهێزی سەربازی (پەکەکە)وە هەیە؟!
بێدەنگ بوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەو دەستدرێژییە بێ بنەمایانەی چەندین ساڵەی تورکیا نەک هەر بوونەتە مایەی درێژەپیدان و فراوانکردن، بەڵکو هانی ئێرانیشی داوە کە بەپاساوی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی ڕاستەوخۆ دەست لەکاروباری هەرێمی کوردستان وەربدا و بوردومانیشی بکات!
بوردومانەکانی ئیران نێگەرانی و ناڕەزایەتیەکی گەورەیان لێکەوتەوە، بەتایبەت کە پارتی هەموو توانای خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو ناڕەزایەتیەی خەڵکی کوردستان پشانبدەن. ئەوە کارێکی باشە، بەڵام ئایا بۆچی چەندین ساڵە ڕێگانادات خەڵکی بادینان و هەولێر لە دژی ئەو هەموو دستدرێژیانەی تورکیان وەرتە لە دەمیانەوە بێت؟
دیارە ئەوەش پاساو نییە، بۆ ئەوەی خەڵکی سلێمانی و یەکێتیش لەبەرامبەر دەستدرێژی هەر دەوڵەتێکی تر بێدەنگ بن، بەڵام ئەوەی ڕوونە و ناشاردرێتەوە خەریکە دەستدرێژی ئەو دوو دەوڵەتە ناکۆکییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان قوڵتر دەکەنەوە. هۆکاری دروستبوونی ئەو بۆشاییەش نەبوونی سیاسەت و ستراتیژیەتێکی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە تا حکومەت هەڵوێستێکی یەکگرتووی نیشتیمانیی نەبێ، ئەو دەستدرێژیانە زیاتر دەبن، بۆیە دەبێ بەئاگاداری و بەرچاوڕوونی هەموو حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان ڕێگای چارەسەر بگرێتەبەر. ڕەنگە بەم شێوەیەی ئێستا نە عێراق و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئامادەنەبن لە جیاتی ئێمە کێشە بۆ خۆیان دروست بکەن.
سەرچاوە : خەندان