هێرشێکی سەرسامکەر، بەڵام کۆتاییەکی پڕ شکست

 

بارزان شێخ عوسمان

لە شەشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣ دا ،هێزی هەوایی و زەمینیی میسر و سوریا کتوپڕ و لە ناکاو دایان بەسەر هێزەکانی ئیسراییلدا لە نیمچە دورگەی سینا و بەرزاییەکانی جۆلان . میسر هێڵی بارنیفی شکاند و چەند شوێنێکی لە سینا گرت ،بەڵام سوریا  نەیتوانی لە جۆلان بمێنێتەوە .هاوزەمان لەگەڵ ئەو  روداوەی نیو سەدە لەمەوبەر ،  ئیسراییل روبەروی پەلامارێکی  موشەکیی و زەمینیی و دەریایی بوەوە .بەیانیەکی زوی رۆژی شەمە حەوتی ئۆکتۆبەر چەکدارانی حەماسی تێرۆریست لە کەرتی غەزەوە کتوپڕ و لەناکاو   پەلاماری هێزەکانی ئیسراییل و خەڵکی مەدەنیی ناوچەکانی ئەشکیلۆن و ئاشکۆل و هەنگیف یان دا .

ئەو ناوچانە بە بەرگی غەزە یا دیواری غەزە بە ناوبانگن ،ئیسراییل لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ ەوە  تەلبەند و قایمی کردون .بەڵام تێرۆریستانی حەماس  کە ژمارەیان زیاتر لە دوهەزار تێرۆریست بوە ،بە پیلانێکی پاڵپشتکراوی لایەنی تر شکاندیان و چونە ناو ئەو ناوچە ستراتیژ و حەساسە ئەمنیی و سەربازییەی ئیسراییلەوە . هۆکارەکانی سەرگرتنی پیلانە  هەمە لایەنەکەی  حەماس و نەیارانی ئیسراییل زۆرن ،لە ریزی پێشەوەیان شپرزەیی و لاوازیی دەزگای موساد و هەوڵگریی سەربازیی ئیسراییل بو .لە کاتێکدا موساد تۆوی لە نێو هەمو چەکدارە تێرۆریستەکانی  وەك حەماس و جیهادی ئیسلامیی دا چاندوە ،کەچی ئەو پیلانەی تێرۆری نێودەوڵەتیی بە نهێنیەکی زۆر توند بەسەر ئیسراییلدا تێپەڕ بو .چاودێرانی سیاسیی و ئەمنیی و موخابەراتیی ئیسرایلیش توشی شۆك بون ،بۆیە پێش بینی دەکرێت لێکۆڵینەوەیەکی چڕو پڕ لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئیسراییل بێتە ئاراوە کە چەندین ساڵ بخایەنێت .دەستدرێژیی و دەست وەشاندەکەی تێرۆریستانی حماس زۆر کاریگەر بو ،دەوڵەتانی خاوەن بڕیاری وەك ئەمریکاشی سەرسام کرد (ئەگەر بەراستیان بێت و   پلان و بەرنامەیەکی گەورەتر لەپشت ئەو چاو نوقانەوە نەبێت لە ئاست ئەو دەستدرێژییە خوێناویەی حەماسی تێرۆریست).
 

بەڵێ دەستوەشانەکە دژی ئیسراییل سەرسامکەر بو ،بەڵام  ئیسراییلی وەك پڵنگێکی بریندار دەستکراوە کرد کە وەڵامێکی زۆر توندی هەبێت و دەست نەپارێزێت و سڵ نەکاتەوە لە هەر شێواێکی پەرچەکرداری سەربازیی  دژی  چەکدارانی حەماس و تێرۆریستەکانی هاوبیچمیان .
 

ئەوەتا لە رۆژی شەممەوە کەرتی غەزە وێران بو  ژمارەی کوژراو و بریندارانی فەڵەستینی بە  تێرۆریست و خەڵکی بێدیفاعی بێ چەك و مەدەنیش هەر رو لە زیاد بونە ،ژێرخانی ئابوریی لە غەزە بە تەواوەتی لەبن هەڵتەکیوە . زیاتر لە شەشسەد  مۆڵگا و کونە حەشارگەی حەماس و جیهادی ئیسلامیی تێرۆریست  بۆردمان کراون .ئەگەر ئیسراییل دەستێکیش بپارێزێت لەبەر هیچ نییە تەنیا  بۆ پاراستنی ئەو چەند سەد هاوڵاتیی و سەربازانەیە کە بەبارمتە گیراون .
 

مەرامی سەرەکیی ئەو دەستدرێژییە  ،لەلایەك دەستوەشاندن و تێکدانی  بەرنامەی نزیکبونەوە و ئاشتبونەوەیەی ئیسراییل و عەرەبستانی سعودیی بو ،کە نەیارانی ئیسراییل بە ئاشکرا دژی وەستان ،لە لایەکی تریش ئیرەیی بردنی تاقمە چەکدارەکانی وەك حەماس و جیهادی ئیسلامیی تێرۆرتست بو بەوەی ئیتر ئیسراییل فەڵەستینییە رادیکاڵەکان پەراوێز دەخات و نرخیان بۆ دانانێت و راستەوخۆ کێشەکانی لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییە خەلیجییەکان و ئیسلامییەکانی وەك سعودیی یەکلایی دەکاتەوە  کە ئەوان هەژمونی خۆیان  زاڵ دەکەن و تاقمێکی وەك حەماس بێ دەستکەوت دەمێننەوە (بەو پێیەی ئەو تاقمانە ئەڵقە لەگوێی قەتەڕ و ئیمارات و …..هتد)ن.
 

سەرەنجام وەك چۆن بەرهەمی  سەرکەوتنی سەربازیی کاتیی شەشی ئۆکتۆبەری١٩٧٣ ، قەیرانی ئابوریی و  نەهامەتیی بەدوادا هات ،سەرەنجام جیهانی عەرەب  و ئیسلام ناچاری رێککەوتنامەی کامپ دیڤید و ئۆسلۆ و ئەوانیتری بون  ،ئەم هێرشە سەرسامکەرەش وێڕای زیانە  گیانیی و ئابورییەکان بە کەرتی غەزە و ژێرخان و پارەدارەکردنی تێرۆریستەکانی حەماس ،زیانێکی گەورەش لە رەوایی چارەسەرکردنی  مەسەلەی گەلی فەڵەستین بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی  و شاد بونی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ  دەگەیەنێت .بۆیە ئەو شادیی و دڵخۆشیی و شیرینی بەخشینەوەو لە خۆبایی بونەی هەندێك دەوڵەت و هێزی سیاسیی موزایەدەچی دەبێتە قوڕ پێوان و پەنجە گەستنی پەشیمانیی .لەوانە هەندێك هێزی عێراقیی و تاقمە ئیسلامچییەکانی کوردستانیش کە میدیاکانیان  و سەرانی حزبەکان لە تێرۆریستانی حەماس زیاتر شاگەشکە ببون  بەو دیمانانەی کە تێرۆریستەکان لاشەی کوژراوەکانیان رادەکێشا و ناوڕانی خوێناوی ژن و کچە ئیسراییلەکانیان پیشان دەدا.

سەرچاوە  : سپی میدیا