پێنج رۆژ بوو كەس هەواڵی نەجمەدین مەلای نەدەزانی.
گۆران لە بەغدادوە هاتبووەوە سەرێك لە خزمان و دۆستان بدات و بۆ نەشترەێكی تر بچێتە مۆسكۆ، ئەوەی پیاوكوژی پارە وەرگر(1) لە بەغداد بۆ نەخۆشییەكەیان كردبوو، هیچ جێی نەگرتبوو، هاتە چاپخانەكە و نەجمەدینی نەبینی.
حەمەبۆر هەر جرت و فرتی بوو، دەیوت جەواڵێك قسەم(2) لایەتی و ناشێت تەواوی نەكردبێت و تەشریفی بردبێتە بەغداد، ئەوە خۆ گۆران خۆی هاتۆتەوە و پێویست ناكات ئەم بچێتە لای، یان خۆی حەز ئەكات بچێتە بەغداد و لە تەك مودەڕیسدا چایەكی خەست بخواتەوە، حەمەبۆر بێ ئوقرە بە پرتە و بۆڵەوە لە ژێرلێوەوە دەیوت شتێكی لە كەشكۆڵەكەم كردبێت نایەڵم چایەكی تر لە ماڵم بخواتەوە.
بلە رۆژنامەی خەباتیان پێداخستبوو، لە ترسی قوتابخانەی دزان(3) لە هەزار كون خۆی دەشاردەوە، تاكو نەكەوێتە دەست پیاوانی میری، بەسەر هەزار ترس و لەرزدا هاتبووە سلێمانی و لە نەجمەدین مەلا دەگەڕا و كەس نەیدەزانی لە كوێیە.
لەبەردەم كەشتی نوحدا، چەند كوڕ و كاڵێك بە دەفتەری بن هەنگڵیانەوە سێڕسكێنیان دەكرد و چاوەڕوانی دەركەوتنی نەجمەدین مەلا بوون، تاكو وانەیەكی نوێیان لە ئەلف و بێ تایبەتەكەی فێر بكات و موحتاجی كارگەی كاربەدەست دروستكردن(4) نەبن.
سێ شەممە عەسرەكەی، بلە كلێتەیەكی كردبووە سەری تاكو نە ناسرێتەوە، حەمەبۆر بن باڵی گۆرانی گرتبوو تا بتوانێت رێبكات، گۆران بە زەحمەت دەیتوانی هەنگاو هەڵبهێنێت، زۆر ماندوو دەبوو، لێ بە مامۆستای وتبوو، كارێكم بە نەجمەدینە و دەمەوێت تۆ و حەمەبۆر ئاگاتان لێی بێت كە پێی دەسپێرم، من نەخۆشی زۆری بۆ هێناوم و دەمەوێت پێش مردنم هەندێك نهێنی و هەندێك كار هەیە تەسلیمی دەستێكی ئەمینی بكەم، بە كورتییەكەی وەسێتەكەم بۆ نەجمەدین دەكەم.
لە سابوونكەرانەوە بە بەردەم حەمامەكەدا هاتنە بەردەم كەشتی نوح و سەلامێكیان لەو كوڕ و كاڵە كرد كە چاوەڕوان بوون وانەیەكی تر لای مامۆستا بخوێنن، لێ دەرگاكە بە قوفڵ لە دەرەوە داخرابوو، كەچی قوتابیەكان دەیانوت دەنگی مامۆستا لە ژوورەوە دێت و بەوەدەچێت لەگەڵ یەكێكدا لە شەڕدا بێت، حەمەبۆر باڵی گۆرانی دایە دەست مامۆستا برایم و بە دیوارەكەدا هەڵگژا تا لە دەلاقەكەوە سەیری ژوورەوە بكات، بێ ویستی خۆی دەنگێكی وەكو كارەسات لە دەمی دەرهات و شیڕاندی: كوڕە ئەوە تۆ چی ئەكەی!
لەو كاتەدا قوتابییەكان سەریان سوڕما لەو سێ ئەفەندییە بەوشێوەیە هاتوونەتە بەردەرگای مامۆستاكەیان و پێی دەڵێن شێتی مەوقەت(5).
حەمەبۆر لە دەلاقەكەوە هاواری لە نەجمەدین كرد ئەو گووەی دەستی فرێبدات و بێت دەرگاكە لە مامۆستا برایم و گۆران بكاتەوە، هۆدەكەی شێوا بوو، كتلیەك لەسەر سۆبایەكی كوژاوە، مۆمەكە بە تەواوی پلیشابووە و فتیلەكەی نەمابوو، كەشكۆڵ و دەستنووسەكان بەو ناوەدا پەرش و بڵاوببوونەوە، هەر پەڕەیە و لە لایەك، پشیلەكان گوڵدانی تاقەكەیان خستبووە خوارەوە و هەڵقەی ملەكەی شكابوو، كتێبەكان لای سەری تەختە خەوەكەوە زۆر بە ناڕێكی لە زەویەكەدا كەوتبوون، نەجمەدین مەلا هەردوو قاچی بەرزكردبووەوە بۆ لای شوێنی سەری تەختە خەوەكە، سەریشی لای جێ قاچەكەوە، كلێتەكەی كەوتبووە خوارەوە و هەڵینەگرتبووەوە، مۆبایلەكەی بە هەردوو دەستی گرتبوو، بە دەنگی بەرز دەیوت مارف ئاگات لە خۆت بێت لەناو قرمیتەكانەوە تەقە دەكەن.
گەر حەمەبۆر نەیوتایە مامۆستا برایم و گۆرانم لەگەڵدایە، ئەستەمبوو نەجمەدین مەلا باری پاڵكەوتنەكەشی بگۆڕێت، لێ چاری نەما، هەر بەدەم سەیركردنی مۆبایلەكەیەوە هەستا دەرگاكەیان لێبكاتەوە، لەو كاتەدا لە تەختەخەوەكە دابەزی و قاچی فڕێدایە خوارەوە بەر قاپێكی بەتاڵ كەوت كە پێدەچوو چەند رۆژ بێت لەو بەرقاچەدا بووبێت.
بۆ خولەكێك چاوی لە یارییەكە بڕی و فەرمووی لە سێ هاوڕێكەی كرد، لەو كاتەدا مۆبایلەكە بە دەستێكییەوە بوو، ئەو دەستنووسانەی لەسەر دوو باوەڵەكە دانرابوون راماڵییە خوارەوە و بە ئاماژە تێیی گەیاندن كە بلە و گۆران هەریەكەیان لەسەر یەكێك لە باوەڵەكان دابنیشن، لە بەرپێشیاندا سەدان پەڕە و كتێب لە ناو ژوورەكەدا پەرشببوونەوە، لەوكاتەدا لە مۆبایلەكەوە یەكێك هاواری دەكرد، مەلا ئاگات لە خۆت بێت.
دەمێ بوو، ئەو دوو دۆستەی نەدیبوو، گۆران لە بەغداد نەشتەرێكیشی بۆكراوە ئەم هەر هەواڵی نەپرسیوە، مامۆستا برایمیش داواكراوە و كەم كەس دەیبینێت، دەشێت شتێكی گرنگیان بووێت وا پێكەوە هاتونەتە لای، كەوتبووەوە ناو یارییەكە و بەسەر خەجاڵەتی دەكێشا و دەیوت یەك تۆزی تر دێمە خزمتتان، بەدەم یاریكردنەوە دەیوت ئەوە لەگەڵ خەزنەدار لە یەك تیمین، ئەو لە لینین گرادە، دوو كچی شۆخی هاوڕێشی هێناوەتە تیمەكە بەس بە رووسی قسە دەكەن لێكتێناگەین، مەلا دەیویست بلە و گۆرانیش لەگەڵ خەزنەدار قسە بكەن، دەیوت دەنگەكەتان لە یارییەكەوە دەڕوات.
لەو كاتەدا نەجمەدین هەموو خەیاڵی لای یارییەكە بوو، گۆران سەرێكی هەڵبڕی و بینی بە پشتی دەرگاكەوە، رەسمێكی مارلین مۆنرۆی هەڵواسیوە، لێ نەجمەدین نەیهێشت كۆمێنتی خۆی لەسەر رەسمەكە بڵێت دایە ناو بیركردنەوەكەیدا و وتی ئەم پەپجییە ئەڵێی عەرەبانەی قیامەتە(6)، هەر كە كەوتیتە ناوی ئیتر هاتنە دەرەوەت نییە.
حەمە بۆر بەدەوری خۆیا ئەخولایەوە تاكو بزانێت تەختەیەك شتێك نییە لەسەری دابنیشێت، لەو كاتەدا چاوی چووە سەر زۆپا كوژاوەكە، وتی ئەرێ مەلا چایەك دەم ناكەی.
بۆ چركەیەك چاوی لە مۆبایلەكە هەڵگرت و یەكێك لە كوڕ و كاڵەكانی بینی ناو دەرگاكەیا دانیشتبوو، تێی خوڕی بە پەلە بڕوات لە ماڵەوە قوتولەیەك نەوت و كەمێك چا و پڕ ژێرپیاڵەیەك شەكر بهێنێت تاكو چایەك بۆ میوانكانی ئامادە بكات، منداڵەكە بە هەڵەداوان ڕۆیشت، مەلا لەو كاتەدا سەری هەڵبڕی جارێكی تر داوای لێبووردن بكات لەوەی یارییەكەی بۆ ناوەستێنرێت، لە بڵندگۆی مۆبایلەكەیەوە دەنگی خەزنەدار دەهات: مەلا ئاگات لە خۆت بێت لە پشتەوە بۆت هاتن، مەلا دووركەوەرەوە، ئەرێ مەلا لە كوێی؟ بێ سوود بوو، دەستڕێژی گوللە لە پشتەوە نەجمەدین مەلای داگرتەوە و دەستبەجێ كەوتە سەرچۆك. لەبەردەم قاچی بلە و گۆراندا تەخت لێی كەوت، حەمەبۆر بەرزە پێ هەستایە سەرپێ، ئەوان وایانزانی شۆخی دەكات، لێ نەجمەدین بەڕاستی لاربووەوە، لەو كاتەدا پشیلەكانی بەرەو سەر سەری خۆیان فڕێدا، لێ كارلەكار ترازا بوو، نەجمەدین مەلا گیانی سپارد.
پەراوێزەكان:
-1 پیاوكوژی پارە وەرگر= دكتۆری ناشی/ بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-2 جەواڵێك قسە= دەفتەر / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-3 قوتابخانەی دزان=بەندیخانە / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-4 كارگەی كاربەدەست دروستكردن= قوتابخانە / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-5 شێتی موقەت= سەرخۆش / بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
-6 عەرەبانەی قیامەت= تابووت/ بەپێی فەرهەنگی نەجمەدین مەلا.
سوارە نەجمەدین
سەرچاوە: galawej