نەتەوەی مردوو: خیانەتێکی بێدەنگ

 

 

 

 

بەرزان حەمەسوور

 


هاوتەریبییەکی تراژیدی هەیە کە لە هەردوو خێزان و نەتەوە..

کاتێک دایک و باوک منداڵێک دەهێننە جیهان، بەرپرسیارێتییەکی پیرۆز لە ئەستۆ دەگرن بۆپەروەردەکردنی و داڕشتن و ڕێنماییکردنی ژیانی ئەومنداڵە.  ئەوان دەبنە تەلارسازەکانی کارەکتەر و بەهاکانی کەسایەتی منداڵەکە. کاتێک لە بەرامبەر کارە نادروستەکاندا بێدەنگ دەبن، کاتێک بە زەردەخەنەیەکی کوێر و پێکەنین و خۆبەزلزانین وەڵامی هەردوو کردەوەی باش و خراپ دەدەنەوە، نەک وەک گەورەساڵێکی بەرپرسیار، ئەنجامەکەی  منداڵێک گەورە دەکەن کە بەهۆی پشتگوێخستنەکانیانەوە گەندەڵ بووە. ئەو دایک و باوکانەی کە شکست دەهێنن لە لێپرسینەوەوئاگادارکردنەوەی منداڵەکەیان لە خراپە، ئەو خراپەیە دەچێنن بیرو دوان وکرداری منداڵەکەیان، ئەمەش وا دەکات منداڵەکە  لە ژێر چاوی ئەواندا هەربەخراپی گەشە بکات، وە خراپەکارییەکانیشی بە ئاسایی بزانێت.

بە هەمان شێوە پارتە سیاسییە کوردییەکان بوونەتە ڕەنگدانەوەی ئەهریمەنیی ئەم پەروەردەکردنە سەقەتە بێدەنگەی میللەت. لایەنگرانی ئەوان، زۆرن  بەڵام وەک دایک و باوکە خۆبەخشەکان،هیچ کارەن، گۆڕاون بۆ کۆیلەی سەرکردە سیاسییەکانیان- گوێڕایەڵ، ملکەچ و کوێرانە وابەستەو هۆگرن بۆپارتێک وسەرۆکەکەی .. لە بەرامبەر بەڵێنە کۆنەکانی سەرکردایەتی گەندەڵدا ڕێگەیان داوە خۆیان بکەنە سەگ لە بەرقاپی ئاغاکانیاندا، کەرامەت و مرۆڤایەتی خۆیان بکەنە قوربانی سەرۆک وکوڕونەوەکانیان.

ئەوەی تراژیدیترە، تەنیا ناکارامەیی ئەم سەرکردانە نییە- تەنها گەندەڵی و خیانەت و دزی و ئامادەیی ئەوان بۆ فرۆشتنی میللەت بە داگیرکەرانی بیانی نیە ، بەڵکو هاوبەشی بێدەنگی ئێمەیە. ئێمە بووینەتە کەڕو لاڵ ومردوو لەبەرامبەر ئازاری میللەتی خۆمان، شایەتحاڵی بێدەنگین بۆ ئەو سەدان تاوانانەی لەبەردەمماندا ڕۆژانە هەڵدەفڕێن. بە شکستهێنان لە لێپرسینەوە لەم سەرکردانە، بە گوێڕایەڵی و لاڵ مانەوەمان لە بەرامبەر خیانەتەکەیاندا، مۆڵەتمان پێداون بەردەوام بن لە لەڕۆچوونیان.. ئەوە ئێمەی گەلین کە ئەو پارتانەمان دروست کردووە و خراپەکارییەکانیانمان قبوڵکردووەوبەخراپی  پەروەردەمان کردوون.

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە میللەت بارگرانییەکی قورسی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە،بەڵام هیچ کارەیە..! 

کاتێک ئێمە وەک بینەری پاسیڤ بە لێنەزانین وناکارامەیی وخیانەتی 32ساڵیان ڕازی بووین..

تەنها بەسەرلەقاندن بەرامبەر حوکمی  گەندەڵی  و خیانەت لە تەنیشتمان وەستاوین، ئێمە تەنها قوربانی ئەم تاوانانە نین- ئێمە هاوبەشین..!

بێدەنگی ئێمە خیانەتێکە لە نەوەکانی داهاتوو، بە خەونی کوردستانێکی ئازاد و دادپەروەری یەکسانی مافی مرۆڤەکان..

ئێمە بەشدارین لەهەر کردەوەیەکی دزیکردن کە لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە ئەنجام دەدرێن، بۆ هەر نموونەیەکی ووردو درشتی خیانەتێ ، هەرپەلکێشکردنی داگیرکەرێ ،هەر ووتووێژێکی شکستخواردوو،هەردۆڕان وگلانێکی سەرکردەکانمان میللەتێک لە پشتیانەوە بوون ، ئەومیللەتەی کە ڕەتیدەکاتەوە تائەمڕۆش قسە بکات، کە کەڕی وگوێڕایەڵیی هەڵبژاردووە، گشت بەهاکانی یەکپارچەیی و سەروەری وئازادی یەکسانی خۆی لە پێناو دەستکەوتێکی مادی ئاسوودەیی کۆیلەیەیی وملکەچبووندا بۆسەرۆکی پارتێک کردە قوربانی..!

ئەم سەیرکردنە، ئەم بێدەنگییە بەکۆمەڵە، جۆرێکە لە مردن. ئێمە وەک میللەتێک کەوتوینەتە ژێر نەخۆشیی ڕازیبوونەوە، ڕازیبوون بەهەموو کارێک..ڕێگەمان داوە خۆمان بکێشینە ناو چاڵە کۆیلایەتییە سیاسییەکانەوە. سەرکردەکانمان کە سەرخۆشن بە دەسەڵات و تەماح، هیچ ترسێکیان لە ئێمە نییە- چونکە ئێمە هیچمان نیشان نەداوە. لە بێدەنگی خۆماندا فێرمان کردوون کە هیچ لێپرسینەودەرئەنجامێکی توند بۆ کارەکانیان نییە. پارتە سیاسییە کوردییەکان وەک منداڵێکی خراپ پەروەردەکراون، ژەهری دەسەڵاتی بێسنووروبێکۆنتڕۆڵیان پێدراوە، لەسەر ئازارەکانی خەڵک قەڵەو بوون.

ئەگەر هیوایەک بۆ ئەم میللەتە هەبێت، بۆ تەمبێکردنە..ئەوە لەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردنە ،لەپێدانی وانەیەکە بەپارت وسەرۆکە لووتبەرزە،بێمنەت و بێباکەکانیان، لە شکاندنی ئەم بێدەنگییەدایە دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە ئێمە بێدەسەڵات نین؛ ئێمە دروستکەری ئەم پارتانەین، و دەشتوانین پووچەڵکەرەوەیان بین.. ! پێویستە سەرەتا لەم حاڵەتە مەرگاوییە بەئاگا بین و دەنگەکانمان وەربگرینەوە. ئایندەی کوردستان پەیوەستە بە ئازایەتی گەلەکەیەوە بۆ ڕاپەڕین دژی ستەمی ناوەوە. ئەگەر بەردەوام بین لە بێدەنگی، ئێمە تەنیا مردوو نین، ئێمە گۆڕهەڵکەنی نەتەوەی خۆمانین، ئێمە هۆکاری بەمردوولەدایکبوونی نەوەکانی داهاتومانین..

کاتی قوربانیدان تێپەڕی؛ کاتی لێپرسینەوە هاتووە..