نووسین وەک پیشە و هونەر

هیچ چالاکییەکی هونەری، ئەوەندەی نووسین حەوجەی بە دوورەپەرێزی نییە، نووسەر لە دونیای ڕاستەقینە دەکشێتەوە، بۆ ئەوەی دونیایەک لە خەیاڵ بەرهەم بهێنێت. نووسین شتێک نییە تایبەت بە نووسەر، ئەگەرنا نە کاریگەریی لەسەر کەسانی دیکە دەبێت، نە هیچ بەشدارییەک لە گۆڕانکاریدا دەکات. نووسین پیشەیە، پیشەیەکی بە هونەر زاخدراو، ئەگەر وا نەبوو، لە ڕیزکردنی وشە بەولاوە هیچی دیکە نابێت. ناکرێت خۆت بە نووسەرێکی پیشەگەری لێزان بزانێت و بەشێکی باش لە ئەدەبیاتی کلاسیک و هاوچەرخی دونیات نەخوێندبێتەوە. نووسەر ئینساێکە بۆ نووسین خوڵقاوە.
بوار مەدە نائومێدی دزە بکاتە ڕۆحتەوە و خۆت بە کەسانی دەوروبەرت بەراورد مەکە! ئاخر خۆ نووسین پێشبڕکێ نییە، تا لە کۆتاییدا کەسێک بیباتەوە. هەمیشە بە چڕی بخوێنەوە و پاساو بۆ نواندنی سستی لە خوێندنەوەدا مەهێنەوە! ئەوە بخوێنەوە کە حەزت لێیە بیخوێنیتەوە، لێ مەگەڕێ ئەوانی دیکە لە جێی تۆ بڕیار بدەن، چی بخوێنیتەوە. لە خوێندنەوەی بەرهەمی ئەو نووسەرانەدا نوقوم بە، کە حەز بە خوێندنەوەی نووسینیان دەکەیت، تەنانەت بەرهەمە بەرایییەکانیاشیان بخوێنەوە، هی ئەو وەختەیان کە هێشتا نەبووبوون بە نووسەری گەورە.
بۆ نەوەکەی خۆت بنووسە، بۆ سەردەمەکەی خۆت بنووسە، کەس ناتوانێت بۆ نەوەکانی داهاتوو بنووسێت، ئاخر ئەوە خۆ فریودانە، ئەگەر بڵێیت بۆ ئایندە دەنووسم، وەک چۆن ناتوانیت بۆ ڕابردوو، بۆ سەردەمێک بەجێمان هێشتووە، بنووسیت، نایشتوانیت بۆ داهاتوو بنووسیت. ئەگەر هەستت کرد، لەبەر هەر هۆکارێک ناتوانیت، ئەوەی دەخوازیت، بە ناوی خۆتەوە بینووسیت، بە ناوی خوازراوەوە بینووسە! لە سەرەتاوە پەلەی بڵاوکردنەوەت نەبێت، ئاخر زۆر لە نووسەران، پەشیمانن لەو بەرهەمانەی لە دەستپێکەوە بڵاویان کردوونەتەوە. ئەکتەرێک کە ڕۆڵێکی لە فیلمێکدا وازی کرد، دواتر ناتوانێت هیچ لە ڕۆڵەکەی بگۆڕێت، وەرزشوانیش دوای پێشبڕكێ، ناتوانێت هیچ لە ئەنجامەکە بگؤڕێت، بەڵام بۆ نووسەر وا نییە، ئەگەر بخوازێت دەتوانێت بە نووسینەکانیدا بچێتەوە و جوانکارییان تێدا بکات. 
ڕێگەیە مەگرە بەر، ئەگەر نەتزانی بۆ کوێت دەبات، پەرەگرافی یەکەم مەنووسە، ئەگەر نەتزانی دوا پەرەگرافی نووسینەکەت چی دەبێت. هەمیشە قسەی دڵی خۆت بنووسە! هەرگیز بە ناوی خواوە مەدوێ و هەژموونی خۆت بە کۆمەکی خوا مەسەپێنە، ئاخر ئەو ڕێیە بەرەو فاشیزمت دەبات. بەرهەمی نووسەرە مەزنەکانی وەک فۆکنەر، هەمەنگوای، تۆماس مان و کافکا بخوێنەوە، ئینجا دەست بە نووسین بکە، بۆ ئەوەی فێری هونەری نووسین ببیت، دەبێت بەرهەمی نووسەرە گەورەکان بخوێنیتەوە، ئاخر نووسینیش وەک تێنس وایە، بۆ ئەوەی فێری تێنسێکی باش ببیت، دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا یاری بکەیت کە لە خۆت باشتر یاری دەکەن. هەر ئەوە بەس نییە بەردەوام بخوێنیتەوە، دەبێت بزانیت بۆچی دەخوینیتەوە و ئامانجی خۆت لە خوێندنەوە دیاری بکەیت.
(*) جویس کارول أوتس، الکتابة فن و حرفة، ترجمة: لطفیة الدلیمي.

حەمەسەعید حەسەن

سەرچاوە: galawej