ناشرینکردنی ئازادییەکانی ژنان

 

 

 سازگار ئەحمەد

ئەگەر لە باشوری کوردستان بڕوانین، لە ئێستادا بەراورد بە رابردوو ئازادییەکی باشتر هەیە بۆ ژنان، بەڵام بەکارهێنانی ئەو ئازادییە بەشێوەیەکە کە ناشیرین کراوە لە کۆمەڵگەدا. زۆر کەس واتێدەگات ئازادیی پۆشینی جلوبەرگی ڕووت و نیمچە ڕووت و چوونە دەرەوەی ژنانە لە ماڵ و ئەنجامدانی هەر کارێکە کە بیانەوێت ئەنجامی بدەن، بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە هەڵەیە، وەک چۆن دەیبینین بەشێک لە ژنان بە هۆی ئەم جۆرە تێڕوانینانەوە بۆ ماناکانی ئازادی، بەکاردەهێنرێن بەناوی ئازادییەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ناشیرینکردنی چەمكی ئازادیی ژنان لە باشووری کوردستان و دروستبوونی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی.

ئازادی بە واتای شکاندنی هەموو سنوورێک و بڵاوکردنەوەی کاری نەشیاو نایەت، بۆیە گرنگە هەر ژنێکی باشووری کوردستان لە واتای ئازادی تێبگات و بزانێت چۆن ئەو ئازادییەی هەیەتی بەکاریبهێنت نەک بەناوی ئازادییەوە لەلایەن دەوروبەرەکەیەوە بەکاربهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی کاری ناشایستە وەک ئێستا دەکرێت و دەبینین ژنان بەکاردەهێنرێن و وەک کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەناوی بوون بە مۆدێل و کاری ریکلامەوە، کە رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیبینین. هەڵبەت هۆکاری ئەمەش سەرباری تێنەگەیشتنی بەشێکی زۆری ژنان و کچانی ئێمە لە ماناکانی ئازادی، بە سەرێکی دیکەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە کە بە پێی پێویست چاودێری کەناڵ و سایت و پەیجەکان ناکات و پێوەرێک دانانێت بۆیان تاوەکو ژنان بۆ زیادکردنی فان و بینەرەکانیان بەکارنەهێنن بەناوی ئازادییەوە.

ئازادیی ژن بە واتای ئەوە دێت ژنان خاوەنی بیروڕاکانی خۆیان بن و ئازدانە بڕیار بدەن لەو کارەی کە دەیانەوێت بیکەن و لە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیاندا سەرپشک بن، بەڵام بە شێوەیەک ئەو ئازادییە ببێتە رێگە خۆشکەرێک بۆ دروستبوونی ئازادیی زیاتر بۆ ژنانی دوای خۆیان لە کۆمەڵگەدا.

گرنگە ئەو ئازادییەی ژن هەیەتی بەکاریبهێنێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی و رێگە نەدات نە زوڵم لە خۆی و نە وشەی ئازادی بکرێت و پارێزگاری لە مافەکانی ژنبوونی خۆی بکات، ئازادانە کاربکات و سەرکەوتنەکانی لە ژیاندا تۆمار بکات، چونکە بەو ژنە دەوترێت ژیر و ئازاد کە بتوانێت ئازادییەکەی خۆی بپارێزت و هەرگیز لە دەستی نەدات و شان بە شانی مومارەسەکردنی ئازادی، هاوکات هەست بە بەرپرسیاریتیش بکات و بزانێت چۆن ڕەفتاری ئازاد دەنوێنێت.

سەرچاوە : هاوڵاتی