مەدالیای ئاڵتون بەخشرایە هونەرمەند شوکر خەیات

لەشارۆچکەی کفری، بەئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر، مەدالیای ئاڵتونی بەخشرایە هونەرمەند و مەقامبێژێ ناسراوی کوردستان هونەرمەند و مامۆستای مەقام شوکر خەیات، بڕیاریشە ئەم خەڵاتە،کە پرۆژەی  خۆر ئامادەی دەکات، ساڵانی داهاتوو بدرێتە ئەو هونەرمەندانەی خزمەتیان بەهونەری کوردی کردووە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەهۆڵی ڕۆشنبیری شارۆچکەی کفریی سەر بە ئێدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی و پرۆژەی خۆر،  مەراسیمێکیان بۆ شوکر خەیاتی هونەرمەند ڕێکخست و تێدا مەدالیای ئاڵتونیان پێشکەش بە هونەرمەندە کرد.

لەسەرەتایی مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان چەند چرکەیەک بۆ ڕێزلێنان لەگیانی شەهیدان ڕاوەستان و دواتر وتاری لیژنەی ئامادەکار و قائیمقامی کفری خوێندرایەوە و پاشان لە ڕیگای سینەما فیزژنەوە،کورتەیەک لە ژیانی هونەرمەند پیشانی ئامادەبووان درا.

لەبەشێکی دیکەی مەراسیمەکە، هونەرمەندی لاو دڵنیا مەحمود، چەند سەرەنجێکی لەسەر مەقام لەشارۆچکەی کفری خستەڕوو و پاشان گروپی قەڵای شیروانە، لەگەڵ چەند گۆرانبێژێکی  خەڵکی گەرمیان چەند گۆرانیەکی هونەرمەند شوکر خەیاتیان وتەوە و تەها تەیفوری هاوڕێی منداڵی هونەرمەند، چەند سەرەقەڵمێکی لەسەر ژیانی شوکر خەیات بۆ ئامادەبووان باسکرد.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، مەدالیای ئاڵتونی  لەلایەن مەحمود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە،  کرایە ملی شوکر خەیات و پاشان بەشێک لەهێز و لایەنە سیاسیەکانی و ڕێکخراوەکان و کەسایەتیەکان وفەرمانگە حکومیەکان چەپکە گوڵیان بەخشیە هونەرمەند شوکر خەیات.

فاتیح سەلام، سەرپەرشتیاری مەراسیمی ڕێزلێنان لەهونەرمەند، شوکر خەیات، بۆ ڕۆژنیوز ، وتی :  دەبێت ئێمە ئەو ڕێچکە بشکێنێن، کە هونەرمەند تا لە ژیاندایە ڕێزی لێ بنریت نەک دوایی ئەوەی مرد ڕێزی لێبنرێت، بۆیە بەباشمانزانی ڕێزلەخزمەتی هونەرمەند شوکر خەیات بگرین و خەڵاتی ئاڵتونی  پێشکەش بکەین، کە خەڵاتەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی خۆڕە و دەدرێت بەو هونەرمەندانەی لەسەر ئەرکی خۆیان پەرەیان بەهونەری کوردی داوە.

شوکر محەمەد قادر، ناسراو بەشوکر خەیات، لەساڵی 1940 لەگوندی قەڵغانلوی سەر  بەشارۆچکەی خورماتووی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبووە و ساڵی 1953 چووەتە نێو دونیای هونەرەوە و دەستی بەگۆرانی و بەستە و مەقامی کوردی کردووە و هاوڕێ هونەرمەند عەلی مەردان بووە، لەبەر ئەوەی هونەر بژێوی ژیانی دابین نەکردووە، لە ساڵی 1957 دەستی بەکاری خەیاتی کردووە و چەندین شاروشارۆچکەی کوردستانی گەڕاوە و چوار ساڵ ژیانی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەربردووە و چەندین گەنجی فێری مەقام کردووە وچەندینی دیکە ڕێچکەی ئەویان گرتووە و لە ئێستادا لەشاری هەولێر نشتەجێیە.

 

 

سەرچاوە: rojnews