مێژووی گردی باجگە، بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە

راپۆرتی: پشتیوان محەمەد

لەبەرئەوەی كوردستان مێژوویەكی دێرینی هەیە، لە زۆربەی ناوچەكانیدا دەیان شوێنەواری دێرین هەن، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستن و بارودۆخە جیاوازەكانەوە وەك پێویست گرنگییان پێنەدراوە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی شوێنەوارە دێرینەكان بەرەو لەناوچوون بچن و سیفەتی شوێنەوارییان لەدەست بدەن، هاوكات نەبۆتە هۆی بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاریی تێیاندا، هەرچەندە لەم دواییانەدا ژمارەیەك گەنج بەشێوەی ئەكادیمی هەوڵیاندا توێژینەوەی زانستی لەسەر ناوچە شوێنەوارییەكان بکەن بەوەش تاڕادەیەك توانرا مێژوویەكی سەرەتایی بەبێ كنە و پشكنین ئاشكرا بكەن ئەوەش لە رێگەی قسڵ و لەتە گۆزە و دیواری شوێنەوارەكانەوە بوو.
هاوکات یەكێك لە شوێنەوارە گرنگ و فراوان و پەراوێزخراوەكانی سنووری چەمچەماڵ گردی باجگەیە لە گوندی كۆزەبۆرەی سەر بەناحیەی ئاغجەلەر.

بەشێکی لەناوچووە
پێشەوا شێخ رەئوف رۆژنامەنووس و هاووڵاتییەكی گوندەكە باسی لەو شوێنەوارە كرد و وتی: ئەم شوێنەوارە دێرینە و دەیان كوپەی جۆراوجۆری تێدا دۆزراوەتەوە، لە ساڵی 1994 دا بەهۆی دروستكردن و چاككردنەوەی رێگەی گوندەكە، شۆفڵ كاری لەو رێگەیە دەكرد و بەشێكی شوێنەوارەكە كەوتە بەر رێگەی گوندەكە، هەڵبەت ئەوكاتە من لە تەمەنێكی منداڵدا بووم، كاتێك شۆفڵەكە گردەكەی دەبڕی جارجارە چەندین گۆزەی گەورە و بچووك بەدەمی شۆفڵەكەوە دەهاتنە دەرەوە و دەشكا و تێكەڵ بە گڵ دەبوو، بەوەش بەشێك لەو شوێنەوارە دێرینە لەناوچوو، كرا بە دووبەشەوە و رێگاكە بە ناوەڕاستی شوێنەوارەكەدا دەڕوات، بۆیە داوادەكەین تیمێكی شوێنەوارناسی بێنە سنوورەكەمان و كنەوپشكنین بۆ ئەو شوێنە بکەن تاوەكو مێژوو و زانیاری دروستی لە بارەوە بزانین، بەپێی سەرچاوەكان و ئەوەی بەچاویش دەبینرێت مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەكان و زووتریش.

بەڕێوەبەری رۆشنبیریی چەمچەماڵ: نەبوونی فەرمانگەی شوێنەوار لە قەزاکە وایکردووە چاودێریکردنی شوێنەوارە دێرینەکان ئاسان نەبێت

رزگار جەواد مەجید شوێنەوارناس لەبارەی ئەو شوێنەوارەوە دەڵێت: گردی باجگە یەكێكە لە شوێنەوارە مێژووییە دێرین و گرنگەكانی كوردستان لە سنووری چەمچەماڵ و كەوتۆتە گوندی كۆزەبۆرە بە دووری 5 كم لە خۆرئاوای ناحیەی ئاغجەلەر، لەڕووی مێژووییەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەم.

هەڵکەوتەی جوگرافی 
شوێنەوارەكە كەوتۆتە نێوان دوو گردەوە و وەكو باج وەرگرتن دەسنیشانكراوە، بەپێی ئەو پارچە گڵێنەسازانەی لە شوێنەوارەكەدا دەبینرێت چەند ماوەیەك لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە حەسونە، كاشی، ئاشوری نوێ و ئاشوری كۆتایی، گڵێنەسازی خووری، شاملوشی تێدایە، ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات مێژووی ئەم شوێنەوارە بەهۆی هەڵگرتنەوەی پارچەی گڵێنەسازییەكان مێژووەكەیمان بەشێوەی نافەرمی باسكردووە تەمەنی شوێنەكەمان دیاریكردووە، بەڵام پێویستە كنەوپشكنینی بۆ بكرێت ئەوكاتە لە مێژووی دروستی شوێنەكە دڵنیا دەبینەوە.
ئەم شوێنەوارە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەڵكەوتەی جوگرافی و سەردەمی رابردووی دەبینین كەوتۆتە نێوان ئارابخا، كەركوكی ئێستا و شاری شمشارە كە شاری ئیتۆمیشی پێدەوترێت لە دەشتی رانیە و نێوان زاموا شارباژێڕی ئێستا.

وەک شوێنەوار تۆمار بکرێت
بەپێی سەرچاوە و كتێبە مێژووییەكانیش بێت نزیكەی دوو هەزار ساڵ پێش زایین شارێكی گەورە لە ناوچەی قەڵا سێوكە هەبووە بە شاری (ئازوخینیا) ناوی هێنراوە، بەپێی وتەی شوێنەوارناسان وای بۆ دەچن گردی باجگە شوێنێكی ستراتیژی و گرنگ بووبێت بۆ ئەو شارە و زۆر بەڵگەش هەیە باسی لەوە كردووە كە ئەم شوێنەوارەی بەگردی باجگە ناسراوە سەنتەری ئەو شارە گەورەیەی ئازوخینیا بووبێت و شوێنی وەرگرتنی باج بووبێت.
پێشتریش بەختیار شەریف بەرێوەبەری رۆشنبیریی چەمچەماڵ باسی لەوە كردبوو، داوایان كردووە فەرمانگەیەكی شوێنەوار لە چەمچەماڵدا بكرێتەوە، بەوەش دەتوانرێت لایەنی كەم شوێنەوارەكان تۆمار بكرێن و بناسرێن، نەبوونی ئەو فەرمانگەیە وایكردووە چاودێریكردنی شوێنەوارەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانییەوە ئاسان نەبێت.

سەرچاوە: کوردستانی نوێ