دوێنێ گرووپێکی سەر بە فیرقەی سوڵتان سلێمان شا “ئەلعەمشات” کە پێکهاتەیەکی «جەیش وەتەنی» سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکە، دەیان درەختیان لە کێوی کفرسەفرە لە گوندەواری عەفرین بڕییەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕینەوەی ناڕەوای درەختەکان، لەگەڵ دەستپێکردنی زستاندا لە ناوچەکە زیادی کردووە.
لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا، ناوچەکە دابەزینی ڕوونی ڕووپۆشی ژینگەیی و بڕینەوەی هەزاران نەمامی بە خۆوە بینیوە، هەروەها میدیا نێودەوڵەتییەکانیش دزینی درەختی زەیتوونیان لە عەفرینەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا بە بەڵگە کردووە.
لەنێو ئەو ڕێژەیەی کە بەشی چاودێری و بە بەڵگە کردنی نۆرس پرێس تۆماری کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێنج هەزار و ٣٠ درەختی زەیتوون و دوو هەزار و ٦٠ درەختی هەنار لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوا بڕدراونەتەوە.
شایەتحاڵانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، پاش نیوەڕۆی دوێنێ گرووپێک لە ١٥ ئەندامی فیرقەی سوڵتان سلێمان شا «ئەلعەمشات» پێک هاتبوون، زیاتر لە ٩٠ درەختیان لە دارستانی کفرسەفرەیان لە نزیک شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین بڕیوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەرپرسی ئەو گرووپەی کە لە ئێستادا بە بڕینەوەی درەختەکان هەڵدەستێت لە دارستانەکانی شارۆچکەی کفرسەفرە و شێخ حەدید، ناوی “مەیسەرە ئەلحەمەوی”یە، کە یەکێکە لە کەسە دیارەکانی نزیک لە سەرۆکی ئەلعەمشات.
سەرچاوە : ڕۆژنیوز