میرە حەرامزادەکانی موسوڵمانان

 

 

حەمەسەعید حەسەن

 

ئوسامە ئەنوەر عەکاشە (١٩٤١ - ٢٠١٠) کە ناودارترین درامانووسی عەرەبە و دەیان بەرهەمی گرنگی پێشکەش کردووە، لەوانە: شەوانی حیلمییە و هەنگوین و فرمێسک، گوتارێکی هەیە، تێیدا باسی ئەو بیژییانەی کردووە کە بوونەتە میری موسوڵمانان.

لەسەر ئەو گوتارە کە هەرایەکی گەورەی نایەوە، ئەزهەر کافراندی، هەرچەندە هیچی نەکردبوو، لە غەیری ئەوەی پشتئەستوور بە بەڵگەنامەی دروست و جێی باوەڕ، ناوی ئەو میرانەی موسوڵمانانی تۆمار کردبوو کە باوکیان نادیار و دایکیان زیناکار، یان سێکسفرۆش بووە.

لە سەروەختی جاهیلیدا، ماڵێک سێکسفرۆشی تێدا بووبێت، ئاڵای هەبووە، بۆ ئەوەی سێکسکڕ لێی تێک نەچێت و خۆی بە ماڵێکی دیکەدا نەکات. حەمامە کە دایکی ئەبوو سوفیان و نەنکی مەعاویە بووە، لەشفرۆشێکی ئاشکرا بووە لەوانەی ئاڵایان هەبووە! کە دوای فەتحی مەککە، نزیکەی هەموو خێڵەکان دەچنە ڕیزی ئیسلامەوە، خێڵ هەبووە بە لەشفرۆشی ژیاوە، سەرخێڵ لە پەیامبەری پرسیوە: دەتوانین لەسەر کار و کاسبیی خۆمان بەردەوام بین و بێینە ناو ئیسلامیشەوە؟

وەک ئوسامە ئەنوەر عەکاشە نووسیویەتی: (ئامینەی کچی عەلقەمە کە زیناکار بووە، دایکی مەروانی کوڕی حەکەمە کە چوارەم خەلیفەی ئومەوی بووە! کە مەروان لەدایک دەبێت و بۆ پەیامبەری دەبەن، تا بانگ بە گوێیدا بدات، پەیامبەر زانیویەتی بیژییە، فەرموویەتی: ئەو نەفرەتلێکراوەم لێ دوور بخەنەوە! دایکی عەمری کوڕی عاس عەلەمدار بووە، باوکیشی نادیارە، چونکە عاس بەخێوی کردووە، بۆیە ئەو پاشناوەی هەڵگرتووە. 

ئەو عەمری بەناو کوڕی عاسە، سەردەمی خەلیفە عومەر، میسر داگیر دەکات و دەبێتە والیی ئەوێ.)

زیادی سەرلەشکری ئیسلام و والیی فارس، دیار نییە کێ باوکیەتی، بۆیە بە کوڕی باوکی، ناوی دەرکردووە، مەرجانەی دایکی کەنیزەک بووە و لەگەڵ چەندان پیاودا خەوتووە. عوبەیدوڵڵای کوڕی زیاد کە سەردەمی خەلیفە یەزیدی کوڕی مەعاویە، فەرمانڕەوای کووفە دەبێت، ئەوی لە کوشتنی ئیمام حوسەینی کچەزای پەیامبەردا بەشدار دەبێت، دایکی کەنیزەک بووە و چەندان دەستی کردووە، بۆیە باوکی نادیارە! (ئەوەیە ئوممەت! بیژییەک کچەزای پەیامبەرەکەی بکوژێت،) ئەوە قسەی دڵی شیعەیە. (هیند)ی دایکی مەعاویە زیناکار بووە، بێجگە لە ئەبوو سوفیان، لای کەم دەستی لەگەڵ چوار پیاوی دیکەدا تێکەڵ کردووە. 

لە کۆتاییی نووسینەکەیدا ئوسامە ئەنوەر عەکاشە دەڵێت: (ئەو حەرامزادانە دەوڵەتی ئیسلامیان دامەزراند، بۆیە سەیر نییە هەموو ڕووپەلەکانی مێژوومان خوێنیان لێ بچۆڕێت!) ئەوانەی بازرگانی بە ئایینەوە دەکەن، ئاگاداری ئەو دیرۆکەن، بەڵام بەرژەوەندییان وا دەخوازێت، خۆیانی لێ نەبان بکەن.

*
(١) أسامة أنور عکاشە، کیف أصبح أولاد الزنا أمراء للمسلمین؟

(٢) خلیل عبدالکریم، مجتمع یثرب، دار المصر المحروسة. 
(٣) حیلمییە: گەڕەکێکی دێرینە لە خۆرهەڵاتی قاهیرە، ناوەکەی لە عەبباس (حیلمی)یەوە هاتووە کە فەرمانڕەوایەکی میسر بوو.

 

 

سەرچاوە : هاوڵاتی