موژدەیەک بۆ خوێنەران و روناکبیرانی کورد

ئەو موژدەیەی رۆماننووس و چیرۆکنووسی کورد سابیر رەشید رایگەیاند دەربارەی دۆزینەوەی کتێبێک بەناوی رابەری عەرووزی کوردی، کە رەوانشاد عەزیز گەردی نووسیوویەتیی کە حەوت بەرگیەو دەزگای FAM بە نیازە چاپی بکات...
ئەو کتێبەی مامۆستا عەزیز گەردی (رابەری کێشی عەرووزی کوردی) ئاواتی بوو کە پێش کۆچی دوایی بە چاپکراوی بیبینێت.
لە ساڵی 2019 رۆژێکیان مامۆستا عەزیز گەردی پێی گوتم: نەخشەسازیی کتێبەکانی تۆ کێ ئەنجامیان دەدات و ناوی چییە؟
منیش گوتم: بەڕێز و خۆشەویست جەوهەر فەتاحە...
ئەویش گوتی: منیش کتێبێکم هەیە هەمووی خشتەیە و کاری نەخشەسازیی زەحمەتە!؟ پێویستە خۆم بەردەوام لەگەڵیدابم.
منیش ئەو کاتە لەگەڵ کاک جەوهەر فەتاح بەیەکەوە لەیەک فەرمانگە کارمان دەکرد، بۆ کتێبەکەی مامۆستا عەزیز گەردی بە کاک جەوهەرم گوت، لەپاشان یەکتریان بینیی و کتێبەکە لە حەوت بەرگ ئامادەکرا...
ساڵی 2020 درایە دەزگای FAM، بە ئاگاداری مامۆستا و کاک جەوهەر و فام کارەکان بەئەنجام گەیشت ...
تاکو ئێستاش ئەو کتێبە لای ئەوان پارێزراوە وەکو سەنگەر زراری (بەڕێوەبەری دەزگای FAM) پێی ڕاگەیاندم کتێبەکەی رەوانشاد د.عەزیز گەردی دەمێکە ئامادەی چاپە، بەڵام لەکاتی دیزاین لەگەڵ مامۆستا جەوهەر فەتاح کە مامۆستا عەزیز گەردی 200 لاپەڕەی دیکەی خستە سەر کتێبەکەی و تا چەند مانگێکیش پێش کۆچی دوایی مامۆستا کتێبەکە کاری تێداکراوە و گفتیی ئەوەشی پێدام کە دەزگای فام هەموو ئەرکێکی تێچووی ئەو کتێبەمان لە رووی دیزاین و تایپەوە لە ئەستۆی خۆمان بووە... خۆشبەختانە ئەوەشی پێڕاگەیاندم کە کتێبەکە ئامادەیە بۆ چاپ و بەم زوانە دەنێردرێتە چاپخانە و بە چاپێکی جوان و نایاب بڵاودەکرێتەوە.
خۆزگە دەزگای فام زوو گیانی رەوانشاد د.عەزیز گەردییان شاد و ئاسودە دەکرد و داوا لە بنەماڵەکەشیان دەکەین مشووری ئەو بەرهەمانەو بەرهەمەکانی دیکەشی بخۆن کە لە دەزگاکانی دیکەن، کە تاکو ئێستا چاپنەکراون.

حەمید بەردخان