هونەرمەند محەممەد تەها ئاکرەیی کە بەرهەمی لەبارەی نیشتمان و ئەوینداریەوە هەیە، لە نوێترین بەرهەمیدا گۆرانی بۆ نیشتمان دەڵێت و داوای تێکۆشان بۆ یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە دەکات و بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
'خەونا مە ژیانە' ناوی گۆرانییەکەیە و لە تێکستی گوهدار نهێلییە و لە ئاوازی محەممەد تەها ئاکرەییە و کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن عەبدوڵڵا مەجید کراوە.
محەممەد تەها ئاکرەیی، لەبارەی پەیامی ئەم بەرهەمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نێوەڕۆکی نوێترین بەرهەمی باس لە کاڵبوونەوەی پرسی نەتەوەییە لەلای کورد و لەم قۆناخەدا پرسی یەکگرتن بۆ هەموو تاکێکی کورد زۆر گرنگە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکەی پەیامی یەکگرتنی تێدایە، لە کاتێکدا یەکگرتنی کورد لەو قۆناخەدا سەخت بووە، بەڵام پێویستە لە هەموو بەشەکانی کوردستان یەک دەنگ بن و کار بۆ یەک پارچەیی کوردستان بکرێت، چونکە دوژمنانی کورد هەموو کات کاریان لەسەر ئەوە کردووە، دەنگی کورد لە پارچەکانی کوردستان پەرتەوازە بێت.
روونیشیکردەوە، کوردستان خاوەن خاک، مێژوو، سرووشت و فەرهەنگی خۆیەتی و نابێت لە دەست بدرێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام پارێزگاری لێبکرێت و سوپاسی شاعیر گوهدار نهێلی دەکات کە بەو شیعرەی لە بەرهەمەکەدا بەشداربوو.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە دەرهێنانی عادل ئاکرەییە و لەبارەی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند، گۆرانییەکە لە تورکیا و کوردستان تۆمارکراوە و ڤیدیۆکلیپەکەش لە ئاکرێ وێنەگیراوە و بە سپۆنسەری کۆمپانیای سیگمەنت بەرهەمهاتووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆ 30ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە کەناڵی تایبەتیی هونەرمەند محەممەد تەها ئاکرەیی لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە.
دوایین بەرهەمی محەممەد تەها ئاکرەیی، شیعرێکی ئەمین بۆتانی نووسەر و شاعیر بەناوی 'بەیتا بەلایێ' بوو و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە و لە ئاوازی گۆرانیبێژ خۆیەتی و عەبدوڵڵا مەجید کاری دابەشکردنی میوزیک و کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە و عادل ئاکرەیی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
محەممەد تەها ئاکرەیی، لە ئاکرێی باشووری کوردستان لە دایکبووە، بۆ ماوەیەک لە سوێد ژیاوە و ئێستا لە کوردستان دەژی و خاوەنی چەند ئەلبووم و ڤیدیۆکلیپێکە، لەبەرهەمە بەناوبانگەکانی 'نەورۆز'، 'گەلی بولبولا'، 'کوڕینی'، 'خانا دانا' و 'کەچێ جانێ'.
سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق