هونەرمەندی شێوەكار، حەمە هاشم، لە ئەڵمانیا پیشانگایەكی تایبەتی بە كارە ھونەرییەكانی كردەوە.
پیشانگاكە لە هۆڵی ناوەندی كولتووری پێكەوەژیانی كورد و ئەڵمان لە نۆرمبێرگ كرایەوە كە زیاتر لە 20 تابلۆی لە خۆی گرتبوو.
هونەرمەندی شێوەكار حەمە هاشم، بە "وشە"ی گوت، سەرجەم تابلۆكان لەسەر شێوازی " ئەبستراكتی دەربرینخوازی" بەرھەم ھاتوون، پیشانگاكە لە ژێر ناوی "ماسیەكانی دیجلە" نمایشكراوە.
بەپێی تێڕوانینی ھونەرمەند ناونانی پیشانگا بینەر زیاتر نزیك دەكاتەوە لەو دەربڕینانەی كە مەبەستێتی بینەر خۆی تەفسیری بۆ بكات، لە كاتێكدا ھەر تابلۆیەی چیرۆك و گوزارشتی تایبەت بەخۆی ھەیە، بەڵام تێكڕای بابەتی تابلۆكان گرێدراوون بە رووداو و بەسەرھات و چیرۆكە تاڵەكانی كورد لە ناوچەی میزۆپۆتامیا، بۆیەیش ماسیەكانی دیجلە وەك دەروازەیەك بۆ نزیكبوونەوەی بینەر لە رووداوەكان دەھێنێتە پێشەوە.
هونەرمەند باسی لەوە كرد كە كارە ھونەرییەكان بە بۆیەی "ئەكریلیل" لەسەر "كانڤاس" بەرھەم ھاتوون جگە لە ھەندێ بەرھەمی تر كە بە كەرەستەی جۆراوجۆر لەسەر كۆفێی پێیپەر دروست كراون.
هونەرمەندی شێوەكاری كورد حەمە هاشم جیا لەوەی زیاتر لە 14 پێشەنگای تایبەتی لە كوردستان و وڵاتانی دەرەوە كردووەتەوە هاوكات نووسەری كتێبەكانی "ڤانكوخ و رۆدان و هونەری ئەبستراكت"ە.
حەمە هاشم، توێژەر و هونەرمەندی شێوەكاری كورد لەسەر یەكێك لە كتێبەكانی بەناوی "ڕۆدان" لە ئیتاڵیا مەدالیایەكی زێڕینی پێ بەخشرا كە لەلایەن مۆزەخانەی "ڕۆدان"ـەوە بووە. كتێبەكە لەسەرئۆگست ڕۆدانە كە هونەرمەندێكی پەیكەرتاشی ناوداری فڕەنسییە و لەسەر ئاستی هەموو دنیا ناوبانگەكەی بڵاو بووەتەوە.
سەرچاوە: wishe