لە هەولێر پەیکەرێکی مەڕمەڕ بۆ تەڵعەت سامان دروستدەکرێت

شوان عەبدولڕەحمان، هونەرمەندی پەیکەرساز، نوێترین کاری دروستکردنی پەیکەرێکە بۆ تەڵعەت سامان، هونەرمەندی شانۆکار و بڕیارە پەیکەرەکە لە هەولێر دابنرێت.
پەیکەرەکە لەلایەن ماڵباتی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە و بەهاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەڕمەڕ دروستکراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە نزیک هۆڵی میدیا لە هەولێر دابنرێت و پەردەی لەسەر لابدرێت.

شوان عەبدولڕەحمان، بە رووداوی راگەیاند، گرنگە پەیکەر بۆ هونەرمەندان و هەموو ئەو کەسایەتییانە دروستبکرێت کە لە هەر بوارێکدا خزمەتیان کردووە، لەوانە هونەرمەند تەڵعەت سامان کە لە بواری شانۆدا خزمەتێکی زۆری کردووە.

تەڵعەت سامان لە 1946 لە هەولێر لە دایکبووە، دەرچووی بەشی شانۆیی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدادە، لە 1962 بە نووسینی سیناریۆی دراما دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە 1969 تیپی قوتابیانی هونەری بەغدادی دامەزراندووە، چەندین دەقی شانۆیی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە.

لە 1970 تیپی لاوانی دیموکراتی کوردستانی، لە 1972 لقی هەولێری کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، لە 1974 تیپی هونەری نوێی و لە 1992 تیپی شانۆیی سامانی دامەزراندووە.

لە 1996 سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە ، سەرۆکی مەڵبەندی گشتیی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی بووە، وەک دەرهێنەر و نووسەر خاوەنی چەندین بەرهەمی شانۆیی و درامایە لە 14-1-2019 بە رووداوی هاتووچۆ کۆچی دواییکرد.

 

سەرچاوە: rudaw